ناوهڕۆك
ناساندن و شوێنی جوگرافی
وڵاتی سۆماڵ یان کۆماری سۆماڵی فیدڕاڵ (بە عەرەبی: الصومال، بە ئینگلیزی: Somalia) وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا، کەنداوی عەدەن لە باکوورەوە و زەریای هیندی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەوری وڵاتەکەیان داوە، وڵاتی جیبووتی دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوایەوە و ئەسیوبیا هاوسنووری ڕۆژئاوایەتی، وڵاتی کینیایش هاوسنووریی باشووریی ڕۆژئاوای سۆماڵە. سۆماڵ خاوەن درێژترین سنووریی دەریایی کیشوەری ئەفریقایە و خاڵی گەیەنەری نێوان هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەورووپایە.
ڕووبەری گشتی وڵات 638 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و مەقدیشۆ پایتەختی وڵاتە و گەورەترین شارە کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس نیشتەجێی شارەکەن. بە گشتی وڵات خاوەن کەشوهەوایەکی بیابانییە، پلەی گەرمی لە بەشی باکوور مامناوەندە و لە بەشی باشووری وڵات زۆر گەرم و وشکە.
ئاڵای سۆماڵ لە ئەستێرەیەکی سپی پێنج گۆشەیی پێکهاتووە کە هێمایە بۆ هەر پێنج بەشە کۆمارییەکەی سۆماڵ، ڕەنگی ئاڵاکەی شینێکی ئاسمانییە کە هێمایە بۆ بەرزیی و ڕەنگی دەریا.
مێژووەکەی
- شوێنەوار و هەڵکۆڵینەکانی ناوچەکانی باکووری سۆماڵ مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردەڵان بە دیاریکراوی بۆ 9000 ساڵ پێش زایین، تەنانەت چەند هێڵکارییەک لە هەندێک ئەشکەوتی شاری "هەرجیسا" بە کۆنترین هێڵکاریی مێژوویی لە ئەفریقا دادەنرێن.
- باکووری سۆماڵ لە گرنگترین ناوەندە شارستانییەکانی سەردەمی دێرین بووە، بە بازرگانی بۆن و بنێشت و بەهارات ناوداربوونە.
- زۆرێک لە مێژوونووسان "شانشینی پونت" کە لە ناوچەکانی یەمەن و چەند ناوچەیەکی ئەفریقی نیشتەجێ بوونە، بنچینەکەیان بۆ وڵاتی سۆماڵ دەگێڕنەوە، هاوکات ئەم شانشینە لەگەڵ میسرییە کۆنەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبووە.
- هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و کۆچی یەکەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە، ئایینەکە گەیشتە ناوچە جیاجیاکانی ئەفریقا، سۆماڵیش لەو وڵاتانە بوو کە هەر لە زووەوە ئایینی ئیسلامی لەڕێگەی بازرگانە موسڵمانەکانەوە پێگەیشت.
- ئیسلام بە ئاشتییانە لە هەموو ناوچەکانی سۆماڵ بڵاوبووەوە، شاری مەقەدیشۆی پایتەخت بە "شاری ئیسلام" ناسێنرا.
- لە سەدەکانی ناوەڕاست ئیمپراتۆرییەکانی سۆماڵ زۆر بەهێز بوون و بە بازرگانیکردن بە زێڕەوە ناودار بوون، هەروەها شێوازی بنیادنان و دروستکردنیان جیاواز بووە، بە شێوازێکی ئەندازەیی ناوازە تەلار و پرد و بەنداویان دروستکردووە.
- لە سەدەی نۆزدەهەم دوای بەستنی کۆنگرەی بەرلینی ساڵی 1884، ئیمپراتۆرییە مەزنەکانی ئەورووپا هێز و سوپایان بە مەبەستی داگیرکردنی ئەفریقیا ڕەوانەی ناوچە ئەفریقییەکان کرد.
- سۆماڵییەکان ڕووبەڕووی هێزی داگیرکاری بەریتانیا بوونەوە و بەرگرییەکی بەهێزیان کرد و لە ناوچەکە ئازایەتی ئەوان دەنگی دایەوە، بەڵام لە ساڵی 1920 دوای چەند جەنگ و شۆڕشێک هێزەکانی بەریتانیا بە تەواوی خاکی سۆماڵیان داگیر کرد.
- لە ساڵی 1927 بۆ ساڵی 1941 بەشێکی زۆری ناوچەکانی سۆماڵ کەوتنەژێر داگیرکاریی ئیتاڵیا.
- لە پاش ساڵی 1941 وڵات دابەشکرا، بەشی باکووری بە تەواوی ژێردەستەی داگیرکارییەکانی بەریتانیا بوو، بەشی باشووریش سەربەخۆیی مەرجداری لەژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکان بەدەستهێنا.
- لە ساڵی 1960 سۆماڵ سەربەخۆیی تەواوی لەژێر داگیرکاریی بەریتانیا بەدەستهێنا و بووە کۆماری سۆماڵی دیموکرات.
- لەنێوان ساڵانی 1988 بۆ 1991 شەڕی ناوخۆی وڵات دەستی پێکرد و تاکوو ئێستاش بەردەوامی هەیە، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیان دروستکردووە، بووە هۆی دروستبوونی چەندین میلیشیا و بەرەی چەکداریی و مافیا و باندی نایاسایی لە وڵات.
- لە دوای ساڵی 1990 هەژاریی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، بەهۆی جەنگی ناوخۆی وڵاتەوە زۆر بواری نموونەی کشتوکاڵ و ئابووری و تەندروستی سست بوونە و لەکارکەوتوون و زیانیان بەرکەوتووە.
دیمۆگرافیای دایشتوان
ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 11,031386 کەسن، بەهۆی بەرزی ڕێژەی کۆچکردن و جێهێشتنی وڵات ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە داتایەکی وردی نییە و ساڵانە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بە ڕێژەی 85% ڕەچەڵەکی دانیشتوانەکەی سۆماڵیی ڕەش پێستن، ڕێژەی 15% کۆمەڵێک ڕەچەڵەکی ئەفریقی دانیشتوان پێکدەهێنن.
زمانی فەرمی وڵات "زمانی سۆماڵییە" کە سەر بە زمانە کووشییەکانە (زمانێکی تایبەت بە گەلانی کیشوەری ئەفریقایە) زمانی سۆماڵی لقێکی لاوەکی سەر زمانی ئەفریقی-ئاسیاییە، هەروەها زمانێکی نزیکە لە گەلانی ئەسیوبیا و جیبووتی و ئیریتیریا. بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، مێژووی ئەم زمانە دەگەڕێتەوە بۆ 1900 ساڵ پێش ئێستا، هاوکات زمانی عەرەبیش بە شێوەزاری خۆیان بەکاردەهێنن.
بەپێی سەرژمێری و داتاکان، تەواوی گەلی سۆماڵ موسڵمانی سوننەن و سەر بە ڕێبازی شافعیین و کار بە ڕێباز و شەریعەتی ئیسلامی دەکەن.