ناوهڕۆك
پشکنینی کۆلیستڕۆڵ چییە؟
پشکنینی کۆلیستڕۆڵ (بە ئینگلیزی: Cholesterol test) ئاستی کۆلیستڕۆڵ دەپێوێت لە خوێندا کە جۆرێکە لە گەردی چەوری. ئەم پشکنینە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی دڵ بەوپێیەی زۆری کۆلیستڕۆڵ هۆکارێکی مەترسییە بۆ کێشەی دڵەدەمارەکانی وەکوو نەخۆشی دڵ و جەڵتە، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی مەترسی دروستبوونی کەڵەکەبوونی چەوری لە ناو دەمارەکان کە دەکرێت ببێتە هۆی تەسکبوونەوە یان بلۆککردنی دەمارەکان لە سەرانسەری جەستەتدا (atherosclerosis).
جگەر هەموو ئەو کۆلیسترۆڵە دروست دەکات کە جەستەت پێویستییەتی، بەڵام تۆ دەتوانیت کۆلیسترۆل لەو خواردنانەشەوە بەدەست بهێنیت کە دەیخۆیت، بەتایبەتی گۆشت، هێلکە، پەلەوەر و بەروبوومی شیرەمەنی. ئەو خۆراکانەی لە چەوری خۆراکیدا دەوڵەمەندن دەتوانن وا لە جگەرت بکەن کۆلیستڕۆڵی زیاتر بەرهەم بهێنێت.
چەند جۆرێکی کۆلیستڕۆڵ هەیە، زۆرجار بە "باش" و "خراپ" پۆلێن دەکرێن. پشکنینی تێکڕای کۆلیستڕۆڵ کۆی کۆلیستڕۆڵی باش و خراپ پێوانە دەکات. لەکاتێکدا تێکڕای کۆلیستڕۆڵ دەتوانرێت بەجیا پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام زیاتر تێکەڵکێشی پشکنینی تێکڕای چەورییەکان دەکرێت کە ئەویش بەهەمان شێوە ئاستی هەردوو جۆرەکەی کۆلیستڕۆڵ دەردەخات.
بۆچی ئەنجام دەدرێت؟
بەرزی کۆلیستڕۆڵ بەزۆری هیچ نیشانەیەک دروست ناکات. پشکنینی تێکڕای کۆلیستڕۆڵ بۆ زانینی بەرزی کۆلیستڕۆڵ و خەمڵاندنی مەترسی تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ و جۆرەکانی تری نەخۆشی دڵ و نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکان ئەنجام دەدرێت. پشکنینی تێکڕای کۆلیستڕۆڵ ژماردنی چوار جۆری چەوری خوێن لەخۆ دەگرێت:
- تێکڕای کۆلیستڕۆڵ. ئەمە کۆی کۆلیستڕۆڵی خوێنی تۆیە.
- کۆلیستڕۆڵی پڕۆتینی چەوری چڕی-نزم (LDL) ئەمەیان بە کۆلیستڕۆڵی «خراپ» ناو دەبرێت. ڕێژەیەکی زۆر لەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کەڵەکەبوونی چەوری لە خوێنبەرەکانتدا، ئەمەش تێپەڕبوونی خوێن کەم دەکاتەوە. ئەم تەسکبوونەوانە هەندێک جار دەپچڕێن و دەتوانن ببنە هۆی جەڵتەی دڵ یان مێشک.
- کۆلیستڕۆڵی پڕۆتینی چەوری چڕی-بەرز (HDL). ئەمە بە کۆلیستڕۆڵی «باش» ناو دەبرێت چونکە یارمەتی ڕاماڵینی کۆلیستڕۆڵی (LDL) دەدەن، ئەمانە خوێنبەرەکان بە کراوەیی دەهێڵنەوە و خوێنت ئازادانەتر تێدەپەڕێت.
- چەوری سیانی. چەوری سیانی جۆرێکی چەوری خوێنە. کاتێک خواردن دەخۆیت، جەستەت ئەو کالۆرییانەی پێویستی نییە دەگۆڕێت بۆ چەوری سیانی، کە ئەوانیش لە خانەکانی جگەردا خەزن دەکرێن. بەرزی ئاستی چەوری سیانی پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە، لەوانە زۆری کێش، زۆر خواردنی شیرینی یان زۆر خواردنەوەی کحول، جگەرەکێشان، سکپڕی، یان هەبوونی شەکرە لەگەڵ بەرزی ئاستی شەکری خوێن.
چی کاتێک پێویستە پشکنینی کۆلیستڕۆڵ ئەنجام بدەیت؟
لەدوای تەمەنی ٢٠ ساڵییە هەر پێنج ساڵ جارێک پێویستیت بەم پشکنینە دەبێت. لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە زیاتر پێویستت پێی بێت:
- پیاوان لەسەروو ٤٥ ساڵییەوە.
- ژنان لەسەروو ٥٠ ساڵییەوە.
- كۆلیستڕۆڵت لە ٢٠٠ زیاتر بوو.
- ئاستی (HDL) کۆلیستڕۆڵی "باش" ـت کەم بوو، کەمتر لە ٤٠ mg/dl بۆ نێر یان کەمتر لە ٥٠ mg/dl بە مێ.
- هەبوونی مێژووی خێزانی لە بەرزی کۆلیستڕۆڵ یان جەڵتەی دڵ، زۆری کێش، هەبوونی بەرزەپەستانی خوێن، نەبوونی چالاکی جەستەیی، هەبوونی شەکرە، خواردنی خۆراکی ناتەندروست و جگەرەکێشان.
چارەسەری بەرزی کۆلیستڕۆڵ بەکاردەهێنیت.
دەبێت چۆن ئامادەکاری بکەیت؟
لەوانەیە واپێویست بکات لانیکەم ٩ کاتژمێر پێش پشکنینەکە لە خواردن و خواردنەوە (جگە لە ئاو) بوەستیت. هیچ دەرمانێکیش بەکار مەهێنە لەم ماوەیەدا مەگەر پزیشکەکەت پێتی وتبێت. ئەگەر وابکەیت، کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دەبێت. ئەگەر کاتی پشکنینەکەت بخەیتە بەیانییەوە ئەوا زۆربەی ئەو ٩ کاتژمێرە لەخەودایت، بۆیە زۆر برسی نابێت. هەندێک جار پزیشکەکەت پێت دەڵێت کە دەتوانیت لەڕۆژی پشکنینەکەتدا بەشێوەیەکی ئاسایی نان بخۆیت.
چۆن پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت؟
کارمەندی تاقیگە نموونەیەکی خوێن لەڕێگەی دەرزییەکی بچووکەوە لە دەمارێکی قۆڵت وەردەگرێت. دوای ئەوەی دەرزییەکە داخڵ کرا، بڕێکی کەمی خوێن کۆدەکرێتەوە و دەکرێتە تیووبی تایبەتەوە. لەوانەیە هەست بە ئازارێکی کەم بکەیت کاتێک دەرزییەکە داخڵ دەکرێت یان دەردەهێنرێت. ئەم پڕۆسەیە بەگشتی کەمتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت.
ئەنجامەکان چی واتایەکیان هەیە؟
ئاستی کۆلیستڕۆڵی تەندروست بۆ تۆ لەوانەیە پشت بە تەمەن، مێژووی خێزانی، شێوازی ژیانت و هۆکارەکانی تری مەترسی نەخۆشی دڵ ببەستێت، وەک ئاستی بەرزی چەوری سیانی. بۆ لێکدانەوەی تەواوی ئەنجامی پشکنینەکەت ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.
تێکڕای ئاستی کۆلیستڕۆڵ
- خوازراو: کەمتر لە 200 (mg/dl)
- سنووری بەرز: 200-239 (mg/dl)
- بەرز: سەروو 240 (mg/dl)
ئاستی کۆلیستڕۆڵی «خراپ» (LDL):
- باشترین: کەمتر لە 100 (mg/dl)
- باش: 100-129 (mg/dl)
- سنووری بەرز: 130-159 (mg/dl)
- بەرز: 160-189 (mg/dl)
- زۆر بەرز: سەروو 190 (mg/dl)
ئاستی کۆلیستڕۆڵی «باش» (HDL):
- بە پارێزەر لە نەخۆشییەکانی دڵ دادەنرێت: 60 (mg/dl) و بەرزتر
- تا بەرزتر، باشتر: 40-59 (mg/dl)
- فاکتەرێکی سەرەکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ: کەمتر لە 40 (mg/dl)
ئاستی چەوری سیانی:
- خوازراو: کەمتر لە 150 (mg/dl)
- سنووری بەرز: 150-199 (mg/dl)
- بەرز: 200-499 (mg/dl)
- زۆر بەرز: زیاتر لە 500 (mg/dl)
چی کاردەکاتە سەر پشکنینەکە؟
زۆر حاڵەت دەتوانن کار بکەنە سەر ئاستی کۆلیستڕۆڵ و چەوری سیانی، لەوانە:
- دەرمانەکان: وەک میزپێکەرەکان، کۆرتیکۆستیرۆیدەکان (corticosteroids)، هۆرمۆنەکانی ڕەگەزی نێر (ئەندرۆجین)، هێمنکەرەوەکان (tranquillizers)، ئیسترۆجین، حەپی ڕێگری لە دووگیانی، دژەزیندەییەکان (antibiotics) و niacin (ڤیتامین بی 3).
- فشاری جەستەیی، وەکوو هەوکردن، جەڵتەی دڵ، نەشتەرگەری.
- حاڵەتەکانی تر، وەکوو کەمچالاکی ڕژێنی دەرەقی، شەکرە، یان نەخۆشی گورچیلە یان جگەر.
- کێشەی بەکارهێنانی کحول.
- نەخۆشییەکانی جگەر (وەک بەمۆمبوونی جگەر یان هەوکردنی جگەر)، بەدخۆراکی، یان زۆرچالاکی ڕژێنی دەرەقی.
- سکپڕی. ڕێژەکان لە ماوەی سێ مانگی کۆتاییدا دەگەنە بەرزترین ئاست و بەگشتی دوای هاتنە دونیای سکەکە دەگەڕێنەوە بۆ ئاستەکانی پێش سکپڕی.
پزیشکەکەت دەربارەی هەر ئەنجامێکی نائاسایی کە لەوانەیە پەیوەندی بە کێشەکانی تری تەندروستیتەوە هەبێت قسەت لەگەڵ دەکات.