هەوکردنی جگەر جۆری E

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-11-23:27:00 - کۆدی بابەت: 9366
هەوکردنی جگەر جۆری E

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەوکردنی جگەر جۆری E (بە ئینگلیزی: Hepatitis E) یاخود پێشی دەوترێت هەوکردنی ڕیخۆڵەیی، یەکێکە لە جۆرەکانی هەوکردنی جگەر، کە بەهۆی ڤایرۆسی (HEV) دروست دەبێت و دەگوازرێتەوە و جگەر تووشی هەوکردن دەکات، هاوشێوەی هەوکردنی جگەری جۆری Aـیە. هەوکردنێکی مەترسیدار نییە وەک جۆری B,C.
ئەم جۆرە هەوکردنە لە ژنانی دووگیاندا توندترە و دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ کۆرپەکە. 
بەڵام بەگشتی ئەم هەوکردنە چارەسەری هەیە و مەترسیدار نییە. ئەم جۆرە هەوکردنە لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقادا زۆر بەربڵاوە. دوای گەیشتنی ڤایرۆسەکە بە جەستەی کەسەکە بەگشتی دوو بۆ دە هەفتە دەخایەنێت، یاخود بەشێوەیەکی مامناوەند پێنج بۆ شەش هەفتە.

ڤایرۆسی ‌(HEV)

ئەم ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنی جگەر جۆری E، چوار جۆری سەرەکی هەیه، ئەوانیش: 

  1. بۆماوەبابەتی ١
  2. بۆماوەبابەتی ٢
  3. بۆماوەبابەتی ٣
  4. بۆماوەبابەتی ٤

بۆماوەبابەتی یەک و دوو تەنها لە مرۆڤدا دەدۆزرێتەوە، و بۆماوەبابەتی سێ و چوار لە چەندین ئاژەڵدا دەدۆزرێتەوە وەک، بەراز، بەرازی کێوی، کەڵەکێوی.
ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی ئاو و خۆراکی پیسەوە دەچێتە ناو ڕیخۆڵەی مرۆڤ و تووشی دەکات هەربۆیە پێشی دەوترێت هەوکردنی ڕیخۆڵەیی.

هۆکارەکان

هۆکاری تووشبوون بەم ڤایرۆسە خواردنی خۆراکی پیس و نەپاراستنی پاکوخاوێنییە، هەروەها خواردنەوەی ئاوی ئالوودەبوو بە پیسایی.

نیشانەکان

بەگشتی منداڵان نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرناکەوێت، و دەشێت گەورەکانیش بەهەمان شێوە بن، زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە، یاخود باری تەندروستییان ناجێگیرە، وەک کەسانێک کە تازە چارەسەری شێرپەنجەیان وەرگرتووە، یاخود ئەوانەی کە چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە. بەگشتی نیشانەکان ئەمانەن:

قۆناغی یەکەم  (بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە)

بەگشتی لەم قۆناغەدا نەخۆشەکان بێ نیشانەن، بەڵام ئەگەر پشکنین بکەن دەزانن کە تووشبوون بە هەوکردنی جگەر جۆری E.

قۆناغی دووەم (نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە)

نیشانەکان بریتین لە لەدەستدانی حەزی خواردن، دڵتێکچوون و ڕشانەوە، خوران و بڵقی پێست، ماندوویەتی، گۆڕانکاری لە هەستی بینیندا.

قۆناغی سێیەم (زەردویی)

تۆخبوونی ڕەنگی میز، کەم ڕەنگی یاخود بێڕەنگی پیسایی، ئازاری جومگەکان، زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو.

قۆناغی چوارەم (چاکبوونەوە)

نیشانەکان و زەردویی (icterus) نامێنن و ئەنزیمەکانی جگەر دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.

ڕێگاکانی گواستنەوە

لەبەرئەوەی زۆر هاوشێوەی هەوکردنی جگەری جۆری A بۆیە ڕێگاکانی گواستنەوەشیان وەک یەکە کە ئەمانەن:

  • خواردنی خۆراکی کەسی تووشبوو، و بەکارهێنانی قاپ و کەوچکی کەسەکە
  • خواردنی ئاوی پیس
  • خواردنی گوێچکەماسی خاو بەتایبەت ئەوانەی ناو ئاوی ئالوودە و زێراب
  • هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی
  • بەرکەوتنی زۆر بە کەسی تووشبوو
  • جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو

دەستنیشانکردن

دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، و پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە پزیشک بەدواداچوون دەکات بۆ نیشانە جەستەییەکانی نەخۆش، و پێشینەی خێزانی و ژیانکردنی کەسەکە، لەوانەیە چەند پرسیارێکی لەم جۆرەت لێ بکات:

  1. کۆتا گەشتت
  2. چوونە ناو ناوچەیەکی پیسبوو
  3. خوادنەوەی ئاوی پیس و تێکەڵ بە زێراب
  4. جووتبوون
  5. بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر

کێ زیاتر تووش دەبێت؟

بەگشتی لە کەسانێدا زیاتر ڕوودەدات کە تەمەنیان ١٥ بۆ ٤٤ ساڵدایە.
هەروەها لە ژنانی دووگیانیشدا زیاتر ڕوودەدات و توندتر دەبێت.

چارەسەر

چارەسەری ئەم هەوکردنە زیاتر چاودێریکردن و کەمکردنەوەی نیشانەکانە، هەروەها بەکارهێنانی کۆمەڵێک ڕێگا تاکوو یارمەتی نەخۆشەکە بدەن زووتر چاک ببێتەوە:

  • دوورکەوتنەوە له خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان
  • زۆر خواردنەوەی ئاو بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی جەستە
  • نەخواردنی خۆراکی ناتەندروست
  • زۆر پشوودان
  • شۆردنەوەی میوە و سەوزە بەباشی
  • ئەگەر هاتوو پێویستی کرد دەبێت نەخۆشەکە بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەدا بخەوێنرێت
  • شۆردنی دەستەکان و بەباشی کوڵاندنی هەموو گۆشتێک
  • بەکارنەهێنانی دەرمان بەبێ ڕەچەتەی پزیشک

پێکوتە (ڤاکسین)

تاکوو ئێستا هیچ پێکوتەیەک بۆ هەوکردنی جگەر لە جۆری E دروست نەکراوە.

لێکەوتەکان

لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا ئەم هەوکردنە دەکرێت توندتر ببێت، دەبێتە هۆی هەوکردنی توندی جگەر کە پێی دەوترێت هەوکردنی جگەر وەک کارەبا. لێرەدا نەخۆشەکان مەترسی مردنیان لەسەرە، هەوکردنی جگەری وەک کارەبا لە خانمانی دووگیاندا زۆر باوترە بەتایبەت ئەو خانمانەی لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانییەکەیاندان. مەترسییەکانیش بریتین لە لەبارچوون و مردنی کۆرپەکە، ڕێژەی مردنی لەو ژنانەی کە لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدان لە نێوان ٪٢٠ بۆ ٪٢٥ـە.
یەکێکی تر لە لێکەوتەکان زیانگەیشتنە بە کۆئەندامی بەرگری لەش بەتایبەت لەو کەسانەی چاندنی ئەندامەکانی لەشیان بۆ کراوە.

ڕێگریکردن

  • دوورکەتنەوە لە کەسانی تووشبوو و بەکارنەهێنانی کەرەستەکانی ئەوان.
  • نەبوونی پەیوەندی ناشەرعی.
  • شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەباشی و بەباشی کوڵاندنی گۆشت.
  • نەخواردنەوەی ئاوی پیس.
  • نەخواردنەوەی شیری پاستێر نەکراو.


سەرچاوەکان



267 بینین