ناوهڕۆك
سەرەتا
خەستبوونەوەی خوێن (بە ئینگلیزی: Polycythemia یان Erythrocytosis) حاڵەتی زۆربوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە، واتا خڕۆکە سوورەکان ڕێژەیەکی زیاتری خوێن پێکدەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن و کەمبوونەوەی توانای خڕۆکە سوورەکان بۆ جووڵە لەناو لوولەی خوێن و ئەندامەکانی لەشدا، زۆربەی جار ئەم حاڵەتە وا دەکات خوێن لەناو لوولە خوێنەکاندا بمەیێت و کێشەی تەندروستی دروست بکات.
نیشانەکانی خەستبوونەوەی خوێن
مەرج نییە هەموو ئەوانەی خوێنیان خەستە نیشانەیان تێدا دەربکەوێت، بەڵام بەگشتی هەندێک لەو کەسانەی خوێنیان خەستبووەتەوە ئەم نیشانانەیان تێدایە:
- سەرئێشە
- تەڵخبوونی بینین
- مۆربوونەوە یان سووربوونەوەی پێست بەتایبەت دەست و پێ و دەم و چاو
- ئارەقکردنەوەی زۆر
- هەستکردن بە سووتانەوەی پێیەکان
- هیلاکی و شەکەتی
- بەرزی پەستانی خوێن
- خەواڵوویی
- نائاسوودەیی لە سکدا
- سەرلێشێوان
- کێشەی خوێنبەربوون وەک خوێنبەربوونی لووت و پووک و برین
- نەخۆشی شاهانە کە دەبێتە هۆی ئازار و هەڵئاوسان و ڕەقبوونی جومگەکان
- خورانی پێست بەتایبەت دوای گەرماو کردن
- زرنگانەوەی گوێ
- هەستکردن بە تێری لە گەدەدا
هۆکارەکانی خەستبوونەوەی خوێن
دوو جۆر خەستبوونەوە یان زۆربوونی خڕۆکەی سووری خوێن هەیە کە هەر یەکێکیان هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە.
خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی
خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی (بە ئینگلیزی: Polycythaemia vera)، ئەم حاڵەتە نەخۆشییەکی دەگمەنە بەهۆی دروستبوونی گرێ و خانەی شێرپەنجەیی لە مۆخی ئێسک ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئەو خانانەی خوێن کە فرمان و گەشەکردنیان بەشێوەیەکی نائاسایی جێبەجێ دەکەن، ئەو کەسانەی جۆری یەکەمی خەستبوونەوەی خوێنیان هەیە ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن تێیاندا بەرز دەبێتەوە.
هۆکارە مەترسیدارەکانی خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی
هەندێک جۆری خەڵک بەراورد بە هەندێکی تر مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە خەستبوونەوەی خوێن، بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە، هەروەها لە پیاواندا باوترە بەراورد بە ئافرەتان، ئەو کەسانەی کە خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمییان هەیە بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەوە تووش نابن و زۆربەیان هیچ مێژوویەکی خێزانی نەخۆشییەکەیان نییە، بەڵام وابیر دەکرێتەوە بەسترابێتەوە بە گۆڕانکاری نائاسایی لە جینەکان وەک جینەکانی (JAK2, TET2)، هەرچەندە ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی ئاسایی لە باوانەوە ناگوازرێتەوە بۆ منداڵەکان بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەشێت بگوازرێتەوە وەک گۆڕانی جینەکانی توخمەخانەکانی هێلکە و سپێرم.
لێکەوتەکانی خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی
بەبێ چارەسەرکردن تووشبووانی خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی ئەم لێکەوتانە ئەزموون دەکەن:
- گەورەبوونی سپڵ
- خوێن مەیین لە لوولەکانی خوێن
- سنگەکوژێ
- جەڵتەی مێشک
- خوێنبەربوونی گەدە
- نەخۆشییەکانی دڵ
- نەخۆشی شاهانە
- کێشە و نەخۆشییەکانی تر خوێن وەک بەڕیشاڵبوونی مۆخی ئێسک و شێرپەنجەی خوێن
خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی
خەستبوونەوەی خوێنی دووەمی (بە ئینگلیزی: Secondary polycythemia) بەهۆی شێرپەنجەی مۆخی ئێسکەوە ڕوونادات بەڵکوو کۆمەڵە هۆکارێکی تر ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرز دەکەنەوە، ئەم حاڵەتانە دروستیی دەکەن:
- نیشتەجێبوون لەو ناوچانەی لە ئاستی دەریاوە بەرزن
- وەستانی کاتی هەناسەدان لە کاتی خەودا
- هەندێک جۆری دیاریکراوی لوو (گرێ)
- نەخۆشیی دڵ و سییەکان کە دەبنە هۆی دابەزینی ئۆکسجینی جەستە
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
خەستبوونەوەی خوێن دەشێت ببێتە هۆی گیرانی ئەو لوولانەی خوێن کە خوێن لە دڵەوە بۆ سییەکان دەبەن یان خوێنهێنەرە قووڵەکانی قاچ تووشی گیران دەبن بەهۆی خوێنی مەییوەوە، ئەگەر هەر یەک لەم نیشانانە لە کەسێکدا دەرکەوت واتە خوێنی مەییوی هەیە لە شوێنێک لە جەستەیدا پێویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
نیشانەکان
- ئازار و هەڵئاوسان و سووربوونەوە و نەرمبوونی یەکێک لە قاچەکان
- ئازارێکی تووند لەو شوێنەی خوێنی تێدا مەییوە
- گەرمبوونی ئەو شوێنەی خوێن مەیین تێیدا ڕووی داوە
- هەناسەلێبڕان
- ئازاری سنگ و بەشی سەرەوەی پشت
- هێنانەوەی خوێن لە کاتی کۆکیندا
- سەرگێژخواردن و خەواڵوویی
- بوورانەوە
دیاریکردن و پشکنینی خەستبوونەوەی خوێن
ئەگەر پزیشک گومانی کرد نەخۆشەکە خەستبوونەوەی خوێنی هەیە کۆمەڵە پشکنینێک پێشنیار دەکات:
- پشکنینی خوێن: وەک پشکنینی گشتی پێکهاتەکانی خوێن، ئەمەش یارمەتی دیاریکردنی ڕێژەی نائاسایی هەریەک لە خانەکانی خوێن، خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمی پێویستی بە کۆمەڵە پشکنینێکی زیاتری خوێن هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە.
- وەرگرتنی نموونەی شانەیی مۆخی ئێسک: بەشێکی بچووک لە مۆخی ئێسک وەردەگیرێت لە ڕێگەی دەرزییەکەوە هەروەها ئامادەکرێت و لەژێر وردبین سەیر دەکرێت بۆ دیاریکردنی بوونی هەر نەخۆشییەک.
- پشکنینی بۆماوەیی: ئەم پشکنینە بە دەگمەن داوا دەکرێت و لەسەر مۆخی ئێسک ئەنجامدەدرێت بۆ دۆزینەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە جینەکانی کەسی تووشبوو.
چارەسەرکردنی خەستبوونەوەی خوێن
چارەسەرکردن پەیوەستە بەهۆکاری نەخۆشییەکەوە، ئەو کەسانەی خەستبوونەوەی خوێنی یەکەمییان هەیە هیچ چارەسەرێکی ڕاستەوخۆیان بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام کەمکردنەوەی خڕۆکە سوورەکان و نەهێشتنی لێکەوتەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانەوە یارمەتیدەر دەبێت، هەروەها پزیشک پێشنیاری لێدەرهێنانی خوێن دەکات بۆ نزیککردنەوەی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان لە ڕێژەی ئاسایی، ئەو کەسانەی سوود لە چارەسەرەکان وەرناگرن دەرمانی ڕێگریکردن لە ئەنزیمی (JAK2) پێدەدرێت، دەشێت پزیشک پێشنیاری دەرمانی دژەمەیین بکات بۆ ڕێگریکردن لە خوێنی مەییوو وەک دەرمانی ئەسپرین و دژەهیستامین، بۆ ئەو کەسانەی جۆری دووەمی خەستبوونەوەی خوێنیان هەیە چارەسەرکردن ئەنجام دەدرێت لە ڕێگەی نەهێشتنی هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە بە دەرمان وەک چارەسەرکردنی هەناسەنەدانی کاتی یان هەر هۆکارێکی تر کە دەبێتە هۆی خوێن خەستی.
خەستبوونەوەی خوێن و گۆڕینی شێوازی ژیان
گۆڕینی شێوازی ژیان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێگری کردن لە خوێنی مەییو و چارەسەرکردنی هەموو جۆرەکانی خەستبوونەوەی خوێن، کەمکردنەوەی کێش و وەرزشکردن هەروەها نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنی خۆراکی تەندروست و کەمکردنەوەی خوێ کە یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن و ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی خوێنی مەییو و گیرانی لوولە خوێنەکان و هەندێک جۆری جەڵتە.