هەڕەمی مازلۆ بۆ پێداویستییەکان

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-20-23:37:00 - کۆدی بابەت: 9464
هەڕەمی مازلۆ بۆ پێداویستییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەڕەمی مازلۆ بۆ پێداویستییەکان یان پلەبەندیی مازلۆ بۆ پێداویستییەکان (بە ئینگلیزی: Maslow's pyramid of needs یان Maslow's hierarchy of needs) بیردۆزێکە باس لە بنەمای پلەبەندیی پێداویستییە مرۆییەکان دەکات، ئەم بیردۆزە ئەوە دەخاتە ڕوو کە کردارەکانی مرۆڤ بەهۆی کۆمەڵێک پاڵنەر و پێویستیی دەروونی و فیزیۆلۆجییەوە هان دەدرێن، ئەم پێویستییانەش لە سادەترین بۆ ئاڵۆزترینیانەوە پلەبەندییان بۆ کراوە. ئەم پلەبەندییە پێی وایە کە خەڵکی هان دەدرێن تاوەکوو پێویستییە سەرەتایی و بنچینەییەکانی ژیانیان دابین بکەن بەر لەوەی بڕۆنە سەر پێویستییە پێشکەوتووەکانی تر. 

بیردۆزی مازلۆ لە ساڵی 1943 لە کتێبێکدا بە ناوی "بیردۆزی هاندان و کەسایەتی" لەلایەن ئەبراهام مازلۆوە ناسێنراوە. لەکاتێکدا کە هەندێک لە قوتابخانەکانی ئەو کاتە وەکوو قوتابخانەی دەروونشیکاری و ڕەفتارگەرایی زیاتر جەختیان لەسەر ڕەفتارە سەربەکێشەکان دەکردەوە، مازلۆ زیاتر ئارەزووی لە دۆزینەوەی ئەوەبوو کە بزانێت چ شتێک خەڵک دڵخوش دەکات و خەڵک چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شتە بەدەست بهێنن.

وەک مرۆڤدۆستێک، مازلۆ پێی وابوو کە خەڵک ئارەزووێکی زگماک و خۆڕسکیان هەیە بۆ خود-بەدیهێنان یان خۆسەلماندن (Self-actualization) واتا ئارەزوو دەکەن ئەوەی دەیانەوێت بەدی بهێنن و بیکەن بە ڕاستی، یاخوود ببەن بە هەموو ئەو شتانەی کە دەتوانن ببن. بۆ بەدەستهێانی ئەم ئامانجە سەرەکییەش پێویستە لە سەرەتادا هەندێک پێویستیی بنچینەیی بەدی بهێنرێن، ئەم پێویستییە سەرەتایی و بنچینەییانەش بریتین لە پێویستی بە خواردن، پارێزراوی، خۆشەویستی و ڕێزگرتن.

بە بڕوای مازلۆ ئەم پێویستییانە هاوشێوەی ڕەمەک یان غەریزەن و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هاندانی ڕەفتارەکانی مرۆڤ. پێنج ئاستی جیاوازی پلەبەندیی پێداویستییەکانی مازلۆ بوونیان هەیە، کە نزمترین ئاستیان ناسراوە بە پێداویستییە فیزیۆلۆجییەکان، وەک خواردن و خەو. ئەم پێنج ئاستەش بۆ سێ کۆمەڵە دابەش دەبن کە بریتین لە:

پێداویستییە بنچینەیییەکان: بریتین لە پێداویستییە فیزیۆلۆجییەکان و پێداویستییە پارێزراوی و ئاساییشییەکان.

پێداویستییە دەروونییەکان: بریتین لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستی بە ڕێزگرتن و شکۆمەندی.

پێداویستیی خودبەدیهێنان: بریتییە لە ئارەزووی خۆسەلماندن یان بەدیهێنانی خود.

پلەبەندیی پێداویستییەکان

پێویستییە فیزیۆلۆجییەکان (Physiological needs)

پێویستییە کارئەندامزانییەکان یان فیزیۆلۆجییەکان وەک ئەوەی لە ناوەکەیەوە دیارە پەیوەندیی بە کارکردنی ڕێکوپێکی جەستەی مرۆڤەوە هەیە واتا ئەو پێویستییانە دەگرێتەوە کە ژێوەرن و مەرجن بۆ مانەوە لە ژیان. نموونەی هەندێک لە پێویستییە فیزیۆلۆجییەکانی مرۆڤ بریتین لە:

  • خواردن
  • ئاو
  • هەناسەدان (هەوا)
  • هاوسەنگی 

سەرباری پێداویستییە بنچینەییەکانی وەک هەوا، خۆراک و ڕێکخستنی پلەی گەرمیی لەش، پێداویستییە فیزیۆلۆجییەکان هەبوونی جلوبەرگ و پەناگە و شوێنی حەوانەوەش دەگرنەوە. مازلۆ سێکس و وەچەخستنەوەشی لەم ئاستەدا هەژمار کردووە چونکە بنچینەی مانەوە لە ژیان و بەردەوامیدانن بە ڕەگەزی مرۆڤ.

پێداویستیی ئاساییش و پارێزراوی (Security & Safety needs)

لە ئاستی دووەمی هەڕەمی مازلۆ پێداویستییەکان تۆزێک ئاڵۆزتر دەبن، لێرەدا پێویستی بە پارێزراوی و هەبوونی ئاساییش و دڵنیایی دەبن بە پێویستییەکی سەرەکیی ژیان.

خەڵک پێویستییان بە کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستن هەیە لە ژیانیاندا، هەندێک لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی پارێزراوی و ئاساییش بریتین لە:

  • ئاساییش و پارێزراویی دارایی و سامان
  • پارێزراویی تەندروستی و باشبوون
  • پارێزراوی لە ڕووداوەکان و زیانەکان
  • پارێزراویی خێزانی

هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کار، دەستەبەرکردنی دڵنیاییی تەندروستی و چاودێریی تەندروستی، کۆکردنەوەی پارە و ژیانکردن لە شوێنێکی پارێزراو نموونەن بۆ ئەو ڕەفتارانەی کە بەهۆی پێویستیی ئاسایش و پارێزراوی هان دراون.

پێویستییە فیزیۆلۆجی و پارێزراوییەکانی هەڕەمی مازلۆ بەیەکەوە پێیان دەوترێت پێویستییە بنچینەییەکان، واتا بە بنچینەییترین پێویستییەکانی ژیانی مرۆڤ دادەنرێن، مرۆڤ دوای هەبوونی ئاو و هەوا و خۆراک، بەدوای شوێنی حەوانە و پارێزگاریکردن لە ژیانی دەگەڕێت کە دوو پێویستیی سەرەکی مانەوەن لە ژیان.

پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان (Social needs)

پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی هەڕەمی مازلۆ بریتین لە خۆشەویستی، پەسندکردن و هەبوونی پەیوەستی واتا بوون بە بەشێک لە کۆمەڵەیەک وەک خزمایەتی. لەم ئاستەدا پێویستی بۆ هەبوونی پەیوەندیی سۆزداری ڕەفتارەکانی مرۆڤ دیاری دەکات. هەندێک لەو ڕەفتارانەی کە ئەم پێویستییە بەدی دەهێنن بریتین لە:

  • هاوڕێیەتی
  • پەیوەندیی ڕۆمانسی
  • پەیوەندیی خێزانی
  • گرووپە کۆمەڵایەتییەکان
  • گرووپە کۆمەڵگەیییەکان
  • دامەزراوە ئایینییەکانی وەکوو مزگەوت یان کڵێسا

بۆ ئەوەی کەسێک دوور بێت لە تەنیایی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زۆر گرنگە هەست بەوە بکات کە کەسانی تر خۆشیان دەوێت و پەسندی دەکەن. پەیوەندییە کەسییەکان لەگەڵ هاوڕێ، خێزان و خۆشەویستدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دروستبوونی ئەم هەستی خۆشویستن و پەسندکردنە. بەهەمانشێوە بەشداریکردن لە گرووپە ئایینییەکان، گرووپە پاڵپشتییەکان، تیپە وەرزشییەکان، یانەی کتێب و هەر جۆرە گرووپێکی تری چالاکییەکان بەشدارن لە بەدیهێنانی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ.

مرۆڤ بە بەدیهێنانی پێویستییە بنچینەییەکانی فیزیۆلۆجی و پارێزراوی دەتوانێت بژیت، بەڵام لەوانەیە تەنیا بە هەبوونی ئەم دوو پێویستییە نەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی بژیت، بۆ ئەوەی دەروونی جێگیر بێت و ژیانێکی ئاساییی هەبێت پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی بدات تاوەکوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بێت و هەست بەوە بکات بوونی بەلای کەسانی ترەوە گرنگە.

پێویستی بە ڕێزگرتن یان بەهاداری (Esteem needs)

شکۆمەندی و ڕێزگرتن چوارەمین ئاستی هەڕەمی مازلۆیە کە بریتییە لە پێویستی بە ڕێزگرتن و پێزانین یان بەرزنرخاندن. کاتێک پێویستییەکانی سێ ئاستەکەی خوارووتر بەدەست هێنران، پێویستی بە ڕێزگرتن و بەهاداری ڕۆڵێکی گرنتر دەگێڕن لە هاندانی ڕەفتارەکانی مرۆڤ. لەم ئاستەدا زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ کە ڕێز و بەرزنرخاندن لەلایەن کەسانی ترەوە بەدەست بهێنێت کە وای لێ دەکات بەبەهێزی و متمانە بەخۆبوونەوە بمێنێتەوە.

مرۆڤ پێویستی بەوەیە کاتێک کارێکی ئەنجام دا هەوڵ و تواناکانی پێ بزانرێت و بەرز بنرخێنرێت. پێویستییەکانی ڕێزگرتن جگە لە بەجێهێنان و شکۆداری، ڕێزگرتن لە خود و خودبەهاییش (Self-esteem) دەگرنەوە، واتا پێویستە مرۆڤ ڕێز لە خۆی بگرێت، تواناکانی خۆی بەرز بنرخێنێت و شکۆ و بەهای خۆی بەرز ڕابگرێت.

خەڵک پێویستیان بەوەیە کە هەست بکەن لەلایەن کەسانی ترەوە بەهادارن و پێویستن بۆ جیهان، بەشداریکردن لە چالاکییە پیشەگەرییەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەکادیمی، بەشداریکردن لە تیپی وەرزشکاری و گرنگیدان بە خولیا کەسییەکان هەموویان ڕۆڵیان هەیە لە دابینکردن و بەدەستهێنانی پێویستیی بەهاداری و ڕێزگرتن.

ئەو کەسانەی کە دەتوانن پێویستیی ڕێزگرتن و بەهاداری بەدەست بهێنن لەڕێی هەبوونی خودبەهایییەکی باش و پێزانینی کەسانی تر، ئەوانەن کە متمانەیەکی زیاتریان بە تواناکانی خۆیان هەیە، هەروەها بە بەدەستهێنانی ئەم پێویستییە کەسەکە دەتوانێت ببێت بە کەسێکی بەرهەمدار. بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی خودبەهایی و ڕێزگرتنیان لە خۆیان کەمە هەروەها ڕێزگرتنیان لەلایەن کەسانی ترەوە کەمە، هەست بە کەموکوڕی و کورتهێنان دەکەن لە تواناکانیان. 

پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستیی بەهاداری و ڕێزگرتن بەیەکەوە پێیان دەوترێت پێویستییە دەروونییەکانی هەڕەمی مازلۆ، واتا دوای پێویستییە بنچینەیەکان، ئەمانە پێویستییە دەروونییەکانی مرۆڤ پێک دەهێنن.

پێویستیی خودبەدیهێنان (Self-actualisation needs)

لە لووتکەی هەڕەمی مازلۆدا پێویستیی خودبەدیهێنان یان خۆسەلماندن هەیە. کەسانی خۆسەلمێنەر کەسانی بەئاگان، ڕاستییەکان قبووڵ دەکەن و زیاتر گرنگی بە گەشەپێدانی خۆیان دەدەن وەک لەوەی گرنگی بە بیروڕای کەسانی تر بدەن، هەروەها ئارەزوویان لە بەدیهێنانی شیان و تواناکانیان هەیە. 

"مرۆڤ پێویستە ببێت بەو شتەی کە دەتوانێت ببێت" ئەمە وتەی مازلۆیە لە ڕوونکردنەوەی ئەو پێویستییەی مرۆڤ کە هەیەتی بۆ پێشاندان و بەدیهێنانی هەموو تواناکانی خۆی وەک بوونەوەرێکی پێشکەوتوو کە مرۆڤە. 

خودبەدیهێنان بەرزترین ئاستی هەڕەمەکەیە و گەورەترین شتە کە مرۆڤ لەڕێی کردارەکانییەوە هەوڵی بۆ بدات، مازلۆ لەبارەی خودبەدیهێنانەوە دەڵێت کە ئەوپەڕی بەگەڕخستنی توانای مرۆڤ و بەهرەکانییەتی بۆ داهێنان و چارەسەری کێشەکان.

بەرەوپێشچوون لە هەڕەمی پێویستییەکان

پلەبەندیی پێویستییەکانی مازلۆ زۆرجار لەشێوەی هەڕەمێک پێشان دەدرێت، نزمترین ئاستەکانی هەڕەمەکە پێکهاتووە لە سەرەتاییترین پێویستییەکان، بەڵام ئاڵۆزترین پێویستییەکان لە لووتکەدان. 

کاتێک پێویستییەکانی ئاستە نزمترەکان بەدی هاتن، مرۆڤ دەتوانێت بەرەو ئاستێکی بەرزتری پێویستییەکان بڕوات، کاتێک خەڵک لە هەڕەمەکەدا بەرەوپێشەوە دەچن، پێویستییەکان زیاتر دەبن بە پێویستیی دەروونی و کۆمەڵایەتی. بۆ کەسێک کە پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی وەکوو خواردن و پەناگە بەدەست نەهێنابێت ناتوانێت هەوڵ بدات بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستی، بەهەمانشێوەش کەسێک کە پێویستییە دەروونییەکانی وەکوو خۆشەویستی یان خودبەهایی بەدەست نەهێنێت ناتوانێت ببێتە کەسێکی داهێنەر و خۆسەلمێنەر. بۆیە مازلۆ هاوسەرگیری بە پێویستییەکی سەرەکی دەزانێت و بە هۆکاری ئاسوودەیی و سەرکەوتنی ژیانی دادەنێت.

لە لووتکەی هەڕەمەکە پێویستیی خودبەهایی و هەستی بەئەنجام گەیاندن دەبن بە پێویستیی سەرەکیی مرۆڤ. هەروەک کاڕل ڕۆجێرس، مازلۆ گرنگیی پێویستیی بەدیهێنانی خود دووپات دەکاتەوە کە پڕۆسەی گەشەکردن و پەرەسەندنی تاکە بۆ بەدەستهێنانی توانا تاکەکەسییەکانی.

جۆری جیاوازی پێویستییەکان

پلەبەندیی پێویستییەکانی مازلۆ دەکرێت بۆ دوو جۆری پێویستی جیابکرێنەوە، ئەوانیش بریتین لە پێویستییە کەمییەکان و پێویستییە گەشەیییەکان. 

پێویستییە کەمییەکان (Deficiency needs): ئەو پێویستییانە دەگرێتەوە کە کەمی یان کەموکوڕی و ناتەواوی دروست دەکەن واتا پێویستیی ناچارین و دەبێت هەبن بۆ ژیان، ئەمانەش چوار پێویستییەکەی فیزیۆلۆجی، پارێزراوی و ئاساییش، کۆمەڵایەتی و بەهاداری و ڕێزگرتن دەگرنەوە. ئەم پێویستییانە بەهۆی هەبوونی کەمییەک یان ناتەواوییەک لە پێداویستییەکانی ژیان سەر هەڵدەدەن، بەدیهێنانی ئەم پێویستییە ئاست نزمانە زۆر پێویست و گرنگن بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستبوونی هەست و دەرەنجامی خراپ و نەخوازراو. 

پێویستییە گەشەیییەکان (Growth needs): مازلۆ پێویستییەکانی لووتکەی هەڕەمەکە بە پێویستیی گەشە ناودەبات. ئەم پێویستییانە بەهۆی کەموکوڕی و ناتەواوییە سەر هەڵنادەن، بەڵکوو بەهۆی ئارەزووی گەشەکردنی زیاترەوە سەر هەڵدەدەن.

لەکاتێکدا کە بیردۆزەکەی مازلۆ وەک پلەبەندییەکی جێگیر خراوەتە ڕوو، بەڵام مازلۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕیزبەندیی بەدەست خستنی ئەم پێویستییانە مەرج نییە هەمیشە پەیڕەوی ئەم بەرەوپێشچوونە نموونەیییە بکات. بۆ نموونە بۆ هەندێک کەسێک پێویستیی خودبەهایی زۆر لە پێویستیی خۆشەویستی گرنگترە. بۆ کەسانێکی تریش پێویستیی بەدیهێنانی داهێنەرانە لەوانەیە لە هەندێک لە پێویستییە سەرەتاییەکانیش گرنگتر بێت.

ڕەخنە لە پلەبەندییەکەی مازلۆ 

پلەبەندییەکەی مازلۆ بەشێوەیەکی بەربڵاو بەناوبانگ بوو، هەم لە بواری دەروونزانی و دەرەوەی دەروونزانیش. بوارەکانی پەروەردە، پیشەیی و بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەم بیردۆزە کاریان تێ کراوە، بەڵام بیرۆکەکەی مازلۆ لەڕەخنە بەدەر نەبووە، لە دیارترین ڕەخنەکانی پلەبەندییەکەی مازلۆ بریتین لە:

پێویستییەکان پەیڕەوی پلەبەندی ناکەن: لەکاتێکدا کە چەندان توێژینەوە پاڵپشتیی بیردۆزەکانی مازلۆیان کردووە، بەڵام زۆرێکیان پشتگیرییان لە بیردۆزی پلەبەندیی پێویستییەکان نەکردووە و پێیان وایە پێویستییەکانی مرۆڤ پەیڕەوی هیچ پلەبەندییەک ناکەن.

تاقیکردنەوەی بیردۆزەکە کارێکی سەختە: هەندێک لە توێژەرەوەکانی تر پێیان وایە کە تاقیکردنەوەی زانستییانەی پێناسەکەی مازلۆ بۆ خودبەدیهێنان کارێکی سەختە، هەروەها دەڵێن توێژینەوەکەی مازلۆ بۆ خودبەدیهێنان پشتی بە چەند نموونەیەکی سنووردار لە تاکەکان بەستووە، کە ئەوانیش بریتین لەو زانا و کەسانەی کە بەناوبانگن و خۆیان بەدی هێناوە یان خۆیان سەلماندووە.

کاریگەریی پلەبەندییەکەی مازلۆ

بەبێ گوێدانە ڕەخنەکان، پلەبەندییەکەی مازلۆ بەشێکی گرنگی پێشخستنی دەروونزانی بووە، لەجێی سەرنج خستنەسەر ڕەفتارە نائاسایییەکان و گەشەسەندن، بیردۆزە دەروونزانییە مرۆڤدۆستییەکەی مازلۆ سەرنجی خستووەتە سەر  پەرەسەندنی تاکی تەندروست. 

لە کۆششێک کە لە ساڵی 2011 بڵاوکراوەتەوە، توێژەرەوەکانی زانکۆی ئیلینۆی ئەم پلەبەندیییەیان خستە بەر تاقیکردنەوە، لە ئەنجامدا ئەوەیان دۆزییەوە کە بەدیهێنانی پێویستییەکان بەتوندی پەیوەست کراون بە دڵخۆشیی مرۆڤەوە، هەروەها خەڵکی لە کولتوورە جیاوازەکانەوە لە هەموو جیهاندا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستیی خودبەدیهێنان زۆر گرنگن تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە پێویستییە بنچینەیییەکانی تریش بەدی نەهاتبن. 

ئەم ئەنجامانەش پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم پێویستییانە پاڵنەرێکی بەهێزی ڕەفتارەکانی مرۆڤن، بەڵام دەکرێت بەدیهێنانیان پەیڕەوی ئەم پلەبەندییە نەکات کە مازلۆ دایناوە.

لەکۆتاییدا بە پەسندکردن و نەکردنی هەڕەمی مازلۆ ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەم بیردۆزە تیشکی خستووەتە سەر ئەو پێویستییانەی کە مرۆڤ هەیەتی و نکۆڵی لێ ناکرێت، هەروەها ئەگەر خەڵک بەگوێرەی ڕیزبەندیی ئەم پلەبەندییەش پێویستییەکانیان بەدی نەهێننن و ڕێکیان نەخەن ئەوا دەتوانن هەمیشە لەبیری خۆیاندا بیانهێڵنەوە تاوەکوو لەکاتی تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەسانی تر و هەوڵدان بۆ بەدەستخستنی ئامانجەکانی ژیان ئەم بیردۆزە یارمەتیدەریان بێت لەوەی ڕەفتار و تێکەڵبوونیان زیاتر بەئاگایانە و ڕێزلێگیراوانە بێت.


سەرچاوەکان



685 بینین