چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی خۆپەرست

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-28-16:49:00 - کۆدی بابەت: 9588
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی خۆپەرست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی لەخۆبایی، (بە ئینگلیزی: How to deal with arrogant children، بە عەرەبی: كيفية التعامل مع الاطفال المتغطرسين)، منداڵان بێتاوانترین بوونەوەری سەر زەوین، ئەوە ڕەفتاری دایک و باوکە کە کەسایەتی ئەوان دروست دەکات، دەبێت بزانین هەر کێشەیەک لە ئەوان و ڕەفتاریاندا هەبێت، بەهۆی ڕەفتاری نەشیاوی دایک و باوک یان کەسانی دەوروبەریان بووە، ئەگەر منداڵەکەت لەخۆبایی بووە، دەبێت ڕەفتاری دروستتان لەگەڵی هەبێت، تاکوو بتوانن ئەم تایبەتەمەندییەی لەلا نەهێڵن.

چۆن ڕەفتار لەگەڵ منداڵی خۆپەرست بکەین؟

دایک و باوک دەبێت سەرەتا هۆکاری خۆپەرستی منداڵەکەیان بدۆزنەوە، پاشان هەوڵ بدەن مامەڵەی لەگەڵ بکەن، کاتێک منداڵ گەورە دەبێت، پێویستە زۆر زیاتر گرنگی پێبدەن، هەندێک حاڵەتی وەکوو بێزاری و خۆپەرستی پشتگوێ نەخەن و بەڕێگای دروست چارەسەری بکەن. بەبڕوای زۆرێک لە توێژەران پشکنینی قۆناغەکانی گەشەکردن، لەلایەن دایک و باوکەوە زۆر گرنگە، ئەگەر دایک و باوک بتوانن بە دروستی چاودێری منداڵەکانیان بکەن، ئەم کێشەیە لەلای منداڵەکانیان کەم دەبێتەوە. 

دۆزینەوەی هۆکار

گرنگترین شت کە پێویستە بیکەن ئەوەیە ڕەگی سەرهەڵدانی ئەم ڕەفتارە لە منداڵدا بدۆزنەوە، دەبێت بەسەر هەموو ڕووداوەکانی ئەو ماوەیەدا بچنەوە و هەوڵ بدەن هۆکاری ئەو ڕەفتارە نوێیانەی منداڵەکە بدۆزنەوە، لەبری ئەوەی خۆیان نیگەران بکەن، هۆکارەکەی بدۆزنەوە و ئەگەر بتوانن بەباشی ئەو کارە بکەن، دەتوانن ڕێگای چارەسەرکردنەکەی بدۆزنەوە.

ڕەتکردنەوەی ڕەفتاری خۆپەرستانە

بۆ ئەوەی بتوانن بەباشی مامەڵە لەگەڵ منداڵە خۆپەرستەکەتان بکەن، باشتر وایە کاتێک ڕووبەڕووی ڕەفتارە خۆپەرستییەکانی دەبنەوە، ئاگاداری بکەنەوە کە ئەو ڕەفتارەی هەڵەیە و ناتوانن بەرگەی ئەو ڕەفتارەی بگرن. دەتوانن یاسا لە ماڵەوە دابنێن، کە منداڵ ناچار بێت واز لە خۆپەرستی بهێنێت، پێویستە بەردەوام ئەم ڕەفتارەی ڕەتبکەنەوە و بیری بخەنەوە کە ڕەفتارێکی باش نییە، دەکرێت ئەنجامی خراپی هەبێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی خۆپەرست

ئاماژەکردن بە ڕەفتارە ئاساییەکانی منداڵەکە

هەوڵ بدەن باسی ئەو کاتانە بکەن کە منداڵەکە بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار دەکات، ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی منداڵەکە بزانێت، ئەو کاتانەی بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار دەکات، زیاتر سەرنجی دەدەن و دەتوانێت سوودی زیاتری بۆ کەسانی دەوروبەری و کۆمەڵگاکەی هەبێت. واباشە کاتێک ڕەفتارێکی باش یان کارێکی چاک دەکات، سوپاس و پێزانینتان بۆی هەبێت، تاکوو ئەم ڕەفتارە لە مێشکیدا جێگیر ببێت، ئەگەر ئێوە بەمشێوەیە ڕەفتار بکەن. بێگومان منداڵەکەش تێدەگات خۆپەرستی ڕەفتارێکی باش نییە و وازی لێدەهێنێت.

نموونەیەکی باش بن

زۆربەی ئەو منداڵانەی خۆپەرست دەبن، لە دایک و باوکیانەوە ئەم ڕەفتارە فێر دەبن، چونکە یەکەم نموونە بۆ هەموو منداڵێک دایک و باوکییەتی، پاشان ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵی هەیە. ئەگەر دایک و باوک ڕەفتاری باش نیشان بدەن و بتوانن منداڵەکەیان فێری بەخشندەیی و میهرەبانی بکەن، ئەوا ئەم کێشانەش لە منداڵەکەدا کەم دەبێتەوە.

دیاریکردنی سنوور

لەبیرتان بێت هەرگیز نابێت هەموو ئەو شتانەی منداڵ داوای دەکات، بۆی دابین بکەن، دابینکردنی هەموو ئەو شتانەی کە منداڵ دەیەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خۆپەرست بێت و کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی دەبێت، دەبێت فێری بکەن هەر شتێک کاتی خۆی هەیە و ناتوانن بەخێرایی هەموو داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن، ئەگەر گریا یان قیژاندی و لەم جۆرە ڕەفتارانەی کرد، واباشە پشتگوێی بخەن و خۆڕاگر بن.

پێدانی پاداشت

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ یارمەتیدانی منداڵ تاکوو لە خۆپەرستی دووربکەوێتەوە، ئەوەیە کە پاداشتی ئەو ڕەفتارانەی بکەن کە خۆپەرستانە نییە، هەڵبەت ئەم شێوازەش سنووری خۆی هەیە، ڕێگری بکەن لە مەرجدارکردنی منداڵەکە و هەمیشە لە کاتێکی دیاریکراودا پاداشتی پێ نەدەن.

هۆکارەکانی ڕەفتاری خۆپەرستانە

  1. پێدانی خۆشەویستی زیاد لە پێویست: زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوەی دایک و باوک خۆشەویستی زیاد لە پێویست بە منداڵ بدەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی خۆپەرستی منداڵەکە.
  2. پشتگوێخستن: بەپێچەوانەی حاڵەتی پێشوو، هەندێک دایک و باوک منداڵەکەیان پشتگوێ دەخەن، ئەمەش لەبەر هەر هۆکارێک بێت، منداڵەکەش هەوڵ دەدات ئەم ڕەفتارانە بکات تاکوو سەرنجی دایک و باوکی ڕابکێشێت یان خۆی ئازیز بکات.
  3. گرنگی نەدان بە هەندێک بارودۆخ: کاتێک منداڵەکەتان حاڵی باش نییە، پێویستە گرنگی زۆری پێبدەن، حاڵەتی تایبەتی وەکوو، بێزاری، خەمۆکی و بێتاقەتی منداڵ بەهەند وەربگرن و هەوڵبدەن حاڵی باش بکەن و یارمەتی بدەن، تاکوو تووشی خۆپەرستی نەبێت و وا بیر نەکاتەوە کە تەنیا خۆی دەبێت گرنگی بەخۆی بدات.
  4. ئیرەیی بردن: یەکێک لە سادەترین هۆکارەکانی خۆپەرستی منداڵ، ئیرەیی بردنیەتی بە ڕەفتارەکانی دایک و باوکی لەگەڵ خوشک یان برایەکەی، باشترە جیاوازی لەنێوان منداڵەکاندا نەکەن و لەگەڵ هەموویان یەک ڕەفتارتان هەبێت.
  5. چاولێکردن: ئەگەر ئێوە دایک و باوکێکن کە ڕەفتاری خۆپەرستانەتان لەگەڵ منداڵەکانتان و چواردەورتان هەیە، دەبێت چاوەڕێی ئەوە لە منداڵەکانیشتان بکەن، چونکە منداڵ بە پلەی یەکەم چاو لە دایک و باوک دەکات.
  6. نەبوونی بەها ڕەوشتییەکان: وەکوو دایک و باوک دەبێت بەهای ڕەوشتی باش فێری منداڵەکانتان بکەن، ئەگەر نا ڕەنگە منداڵ خۆپەرست ببێت و ڕەفتاری خۆپەرستانە بکات.


سەرچاوەکان



300 بینین