ناوهڕۆك
سەرەتا
حەوت خراپترین خۆراک بۆ مێشک (بە ئینگلیزی: The 7 worst foods for your brain، بە عەرەبی: ٧ أسوأ أطعمة لدماغك)، مێشک گرنگترین ئەندامە لە جەستەی مرۆڤدا، کۆنتڕۆڵی هەموو چالاکی و ئەرکەکانی ئەندام و کۆئەندامەکانی لەش دەکات. هەروەک چۆن دەبێت گرنگی بە خواردنی تەندروست بدەیت بۆ بەدەستهێنانی جەستەیەکی ڕێک و جوان، بە هەمان شێوە دەبێت گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراکانە بدرێت کە بۆ مێشک پێویستە و وا دەکات ئەرکەکانی بەباشی ئەنجام بدات. هەندێک خۆراک کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک دروست دەکات، کاردەکاتە سەر بیرەوەری و بارودۆخی دەروونی کەسەکە. مێشک و گەدە پەیوەستن بەیەکەوە، ئەم دوو ئەندامە بەهۆی دەمارەخانەکانەوە پێکەوە پەیوەست کراون، واتە پەیوەندی لەنێوانیاندا هەیە. ئەو خۆراکەی دەخورێت لەلایەن دەمارەکانی گەدەوە هەستی پێ دەکرێت و لە ئەنجامدا ئەم دەمارانە نیشانە بۆ مێشک دەنێرن و ئاگاداری دەکەنەوە، واتە هەر خواردنێک دەخۆیت مێشک لێی ئاگادار دەکرێتەوە. دەکرێت بەردەوامبوون لەسەر سیستمێکی خواردنی ناتەندروست کێشە لە بیرەوەری، پڕۆسەی فێربوون و بیرکردنەوەی کەسەکە دروست بکات. خواردنی ناتەندروست دەبێتە هۆی دەردانی بڕێکی زۆر لەو هۆڕمۆنانەی خانەکانی مایکرۆجلیا (Microglia) و ئەستێرەخانەکان (astrocytes) چالاک دەکەن، ئەم خانانە لە کاتێکی نەگونجاودا چالاک دەبن، ئەمەش وا دەکات پڕۆسەی هەوکردن لە هەندێکی بەشی مێشک وەک هیپەکامپەس (hippocampus) ڕووبدات. تووشبوونی ئەم بەشەی مێشک بە هەوکردن هەندێک کێشەی وەک نەمانی سەرنجدان و لەبیرچوونەوە لە کەسەکەدا دروست دەکات، هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکیش.
حەوت خراپترین خۆراک بۆ مێشک
ئەو خواردنەوانەی شەکریان تێدایە
ئەو خواردنەوانەی شەکری دەستکردیان تێدایە بریتیین لە خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە وزەبەخشەکان و شەربەتە دەستکردەکان. بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە شەکر نەک تەنها ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، بەڵکوو کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک جێ دەهێڵێت. بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە شەکر دەبێتە هۆی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و لە ئەنجامدا کەسەکە ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی لەبیرچونەوە زیاد دەکات. شەکر پێکهاتەی سەرەکییە لەم خواردنەوانەدا، هەردوو جۆری شەکری گلوکۆز (glucose) و فرەکتۆزی (fructose) تێدایە. زیاد بەکارهێنانی فرەکتۆز دەبێتە هۆی قەڵەوی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەوری خوێن، نەخۆشیی شەکرە و لەکارکەوتنی خوێنبەرەکان. لەبەرئەوەی شەکر دەبێتە هۆی چالاککردنی دەمارەخانەکان لە سیستمی پەراوێزیدا (limbic system)، ئەم سیستمە کۆمەڵێک پێکهاتە لە مێشکدا دەگرێتەوە، لە کاتی سێکسدا یان خواردنی خۆراکێکی بەتام و چێژ وەک ئەو خۆراکانەی بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، ئەم سیستمە چالاک دەبێت. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەربڕینی خۆشییەکی زۆر بەڵام کاتی لەلایەن کەسەکەوە. لە سیستمی پەراوێزدا، پێکهاتەیەک هەیە بە بادەمە (amygdala) ناسراوە، زیاد چالاکبوونی ئەم بەشە بە شێوەیەکی نائاسایی دەبێتە هۆی دەربڕینی هەستی لە ڕادەبەدەر وەک ترس و دڵەڕاوکێ.
کاربۆهیدراتی پاڵێوراو
کاربۆهیدراتی پاڵێوراو، شەکر و ئاردی سپی دەگرێتەوە. ئەم جۆری کاربۆهیدراتانە ڕێژەیەکی زۆر گلایسێمیک ئیندێکس (glycemic index) تێدایە، واتە بەخێرایی لەلایەن جەستەوە هەرس دەکرێت و ڕێژەی شەکر و ئەنسۆلین زۆر بەخێرایی بەرز دەکاتەوە. ئەو خواردنانەی (GI) بەرزە کاردەکەنە سەر ئەرکی مێشک، لێکۆڵینەوەیەک سەلماندوویەتی ئەو کەسانەی ڕێژەیەکی زۆر لە چەوری ناتەندروست و شەکر بەکاردەهێنن، بیرەوەریان لاوازە. لێکۆڵینەوەیەکی تر دەریخستووە ئەو کەسە بەتەمەنانەی لە ٥٨٪ خواردنەکانیان کاربۆهیدراتە، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشە دەروونییەکان زیاترە.
ئەو خواردنانەی چەوری ناتەندروستیان تێدایە
چەوری ناتەندروست بریتییە لەو چەورییە ناتێرانەی زیان بە تەندروستی لەش دەگەیەنن وەک چەوری ڕووەکی. لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی کالیفۆڕنیا ئاشکرای کردووە، پیاوانی خوار تەمەن ٤٥ ساڵ کە بە ڕێژەیەکی زۆر چەوری ناتەندروستیان بەکارهێناوە زیاتر دووچاری کەمبوونەوەی بیرەوەری بوون و هەروەها زووتر تووڕە بوون. مێشک بۆ دروستکردن و هێشتنەوەی پەردەی خانە پشت بە چەوری تەندروست دەبەستێت. بەڵام چەوری ناتەندروست دەبێتە هۆی هەوکردن، شیبوونەوەی پەردەی خانەکان و هەروەها کاردەکاتە سەر بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن و بیرەوەری کەسەکە. هەوکردن لە مێشکدا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئۆمێگا ٣ دەوەستێنێت، ئۆمێگا ٣ بۆ مێشک پێویستە. مێشکی مرۆڤ پێویستی بە چەوری تەندروست هەیە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش ئیش بکات. لێکۆڵینەوەیەک سەلماندوویەتی چەوری ناتەندروست، بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی سێرۆتۆنین کەم دەکاتەوە بەمەش کەسەکە دووچاری خەمۆکی و کێشەی بیرەوەری دەبێتەوە.
خواردنی هاتووەبار - Processed food
خواردنی هاتووەبار بە بڕێکی زۆر شەکر، چەوری زیادکراو و خوێی تێدایە، خواردنی هاتووەبار بریتیین لە چپس، شیرینی، گەنمەشامی برژاو، سۆسە دەستکردەکان و خواردنە ئامادەکراوەکان هەروەها کۆمەڵێک خۆراکی تر. ئەم خواردنانە ڕێژەی کالۆرییان زۆرە و پێکهاتەی خۆراکییان کەمە، دەبنە هۆی زیادبوونی کێشی لەش و کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک دروست دەکەن. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ٥٢ کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، سیستمێکی خۆراکی کە بەشێکی زۆری لە پێکهاتەی خۆراکی ناتەندروست پێکهاتبێت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی شانە و خانەکانی مێشک و لە ئەنجامدا ئەگەری هەیە کەسەکە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بکات. دەتوانی لەم خواردنانە دووربکەویتەوە بە زیاتر گرنگیدان بە میوەی نوێ، سەوزە، چەرەسات، پاقلەمەنییەکان، گۆشت و ماسی.
ئەسپاڕتەیم - Aspartame
ئەسپاڕتەیم شیرینکەرێکی دەستکردە، لەو خواردنانەی شەکریان تێدانییە و لەسەریان نووسراوە (sugar free) هەیە. ئەو کەسانەی لە پڕۆسەی کێش دابەزاندنان یان نەخۆشی شەکرەیان هەیە بەکاری دەهێنن. ئەسپاڕتەیم لە ترشەڵۆکی ئەمینۆ (phenylalanine)، میسانۆڵ (methanol) و ترشی ئەسپارتیک (aspartic acid) پێکهاتووە، هەبوونی ئەم پێکهاتانە لە پێکهاتەیدا کار لە بەرهەمهێنانی دەمارەگوێزەرەوەکان دەکات. لێکۆڵینەوەیەک بە مەبەستی دیاریکردنی کاریگەرییەکانی ئەسپاڕتەیم ئەنجامدرا، بەشداربوان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی، لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەم کەسانە دووچاری خەمۆکی بوون و زووتر تووڕە بوون، هەروەها لە تاقیکردنەوەی دەروونیدا ئەنجامێکی خراپیان بەدەستهێناوە. وا باشترە لە بەکارهێنانی ئەم شیرینەکەرە دووربکەویتەوە یان بەشێوەیەکی کەم و گونجاو بەکاریبهێنیت بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک دروست نەکات و نەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی.
کحول
خواردنەوەی کحول بە ڕێژەیەکی زۆر زیان بە مێشک دەگەیەنێت، هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی مێشک و تێکچوونی دەمارەگوێزەرەوەکان، کە مێشک بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی تری جەستە بەکاری دەهێنێت. ئەو کەسانەی کحول دەخۆنەوە کێشەی کەمی ڤیتامین B1 هەیە، لەبەرئەوەی کحول زیان بەو بەشەی ڕیخۆڵە باریکە دەگەیەنێت کە بەرپرسە لە هەڵمژینی خۆراکە ماددەکان، بەمەش کەسەکە دووچاری کەمی ڤیتامین دەبێت بەتایبەتی ڤیتامین B1. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی تری وەک لەبیرکردنی بیرەوەری و سەرلێشێواوی بۆ کەسەکە دروست دەکات. یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی کحول تێکچوونی خەوە، خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە کحول پێش خەوتن دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و خەوێکی نائارام.
ئەو ماسییانەی جیوەی زۆریان تێدایە
کاتێک کەسێک جیوەی ماسی هەرس دەکات، دواتر بە لەشدا بڵاودەبێتەوە، لە ئەندامەکانی وەک مێشک، جگەر و گورچیلە خەستییەکەی زیاد دەکات. لە خانمانی دووگیاندا، لە وێڵاش و لەشی کۆرپەلەکەدا کۆدەبێتەوە. ئەم جیوەیە کاردەکاتە سەر سیستمی ناوەندی دەمارەکان و دەمارەگوێزەرەوەکان. هەروەها کاردەکاتە سەر بنیاتنانی مێشک و شیبوونەوەی پەردەی خانە لە کۆرپەلە و منداڵدا. ئەم جیوەیە پێکهاتەی سەرەکی نییە لە ماسیدا، بەڵکوو ماسی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و هەروەها پێکهاتەی خۆراکی وەک ئۆمێگا ٣ تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو بخورێت تا زیان بە تەندروستی کەسەکە نەگەیەنێت.