ناوهڕۆك
سەرەتا
زەردوویی منداڵ دوای لەدایکبوون (بە ئینگلیزی: infant jaundice after birth، بە عەرەبی: اليرقان عند الرضع بعد الولادة) بریتییە لە زەردبوونی ڕەنگی پێست و چاوی منداڵ دوای لەدایکبوون، زەردوویی منداڵ دوای لەدایکبوون بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە بیلیڕوبین کە لە خوێندا هەیە لە سەرەتای لەدایکبوون دروست دەبێت، بیلیڕوبین ماددەیەکی ڕەنگ زەردە بەهۆی تێکشکاندنی هیمۆگلۆبین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا دروست دەبێت. زەردوویی منداڵ حاڵەتێکی باوە و بەتایبەتی ئەو منداڵانەی پێش تەمەنی ٣٨ هەفتەیی لەدایکدەبن و هەندێک لەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن دووچاری زەردوویی دەبنەوە. زەردوویی بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای لەدایکبووندا ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ئاستێکی بەرزدایە ڕوودەدات، کاتێک خڕۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێن ماددەی بیلیڕوبین بەرهەم دەهێنن، بەڵام جگەری منداڵی تازە لەدایکبوو بەتەواوی پێنەگەیشتووە تاوەکوو بتوانێت لەو بیلیڕوبینە زیادەیە کە لە خوێندا هەیە خۆی ڕزگار بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زەردبوونی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاوی منداڵانی تازە لەدایکبوو.
شیری دایک و کاریگەری لەسەر زەردوویی منداڵ
شیری دایک ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە زەردوویی زیاد دەکات، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە دایکان لە پێدانی شیر بە منداڵەکانیان بوەستن، سوودەکانی شیری دایک بە بەراورد بەوەی کە کاریگەری لەسەر ئەم حاڵەتە هەبێت زیاترە، زەردوویی ئەگەر بە ڕێژەیەکی بەرز نەبێت ئاسایییە و لەماوەی چەند هەفتەیەکدا نیشانەکانی بەرەو نەمان دەچن. هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن زیاتر تووشی زەردوویی دەبن بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام چەند بیردۆزێک هەیە دەڵێن ڕەنگە شیری دایک ماددەیەکی تێدابێت توانای جگەر بۆ لابردنی بیلیڕوبین لە جەستەدا کەم بکاتەوە.
هۆکار
هەندێک کات زەردوویی بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە ڕوودەدات:
- ناچالاکی ڕژێنی سایرۆید (حاڵەتێکە ڕژێنی سایرۆید بڕی پێویست لە هۆڕمۆن بەرهەم ناهێنێت)
- گرووپی خوێن: کاتێک گرووپی خوێنی دایک و منداڵەکەی جیاوازییان هەیە و لە کاتی دووگیانی یان لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەدا خوێنی دایک و کۆرپەکە تێکەڵ دەبن.
- نەخۆشی ڕیسس
- تووشبوونی میکرۆبی کۆئەندامی میز
- گیرانی زراو
- کەموکوڕی بۆماوەیی ئەنزیمی (glucose 6 phosphate dehydrogenase)
نیشانەکان
زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو، نیشانەی سەرەکی زەردوویی دوای دوو بۆ چوار ڕۆژ لەدوای لەدایکبوونی منداڵ دەردەکەوێت. بۆ ئەوەی بزانیت منداڵەکەت تووشی زەردوویی بووە بە هێواشی پەستان لەسەر ناوچاوان و لووتی منداڵەکەت بکە، ئەگەر کاتێک پەستان دەخەیتە سەر پێستی منداڵەکەت ڕەنگی پێستی زەرد دەرکەوت نیشانەیە بۆ ئەوەی منداڵەکەت زەردووییەکی مامناوەندی هەیە، بەڵام ئەگەر منداڵەکە زەردوویی نەبوو لە کاتی پەستان کردندا پێستی بۆ ماوەی خولەکێک لە پێستی ئاسایی خۆی کاڵتر دەردەکەوێت.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
پێویستە لەماوەی سێیەم تاوەکوو حەوتەم ڕۆژی لەدایکبوون پشکنینی زەردوویی بۆ منداڵ ئەنجام بدرێت، لەم ماوەیەدا ڕێژەی بیلیڕوبین لە بەرزترین ئاستدا دەبێت. ئەگەر ئەم نیشانانە لە منداڵەکەدا دەرکەوت ئاماژەیە بە ئاستێکی بەرزی زەردوویی و پێویست بە سەردانیکردنی پزیشک دەکات.
- ڕەنگی پێستی منداڵەکە زۆر زەرد دەبێت
- ڕەنگی سک، قاچەکان و دەستەکان زەرد دەبێت
- منداڵەکە لاوازدەبێت، وا دەردەکەوێت نەخۆشە و بەقورسی لە خەو هەڵدەستێت.
- زیاد نەبوونی کێش و خواردن نەخواردن
- گریانی زۆر
چارەسەر بە ڕووناکی
چارەسەر بە ڕووناکی (phototherapy) ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی زەردوویی لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا، ئەم ڕێگەیە لە تێکشکاندن ولابردنی بیلیڕوبین لە خوێندا یارمەتیدەر دەبێت. چارەسەر بە ڕووناکی لە نەخۆشخانەدا ئەنجام دەدرێت.
ئایا زەردوویی مەترسیدارە؟
زۆربەی منداڵان دووچاری زەردوویییەکی کەم دەبنەوە و مەترسیدار نییە، بەڵام لە حاڵەتێکی دەگمەندا ئاستی بیلیڕوبین زۆر بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئازارگەیاندن بە مێشک. ئەنجامدانی پشکنینی بیلیڕوبین لە چەند ڕۆژی سەرەتای لەدایکبوون زۆر گرنگە تاوەکوو منداڵان دووچاری مەترسی نەبنەوە.