ناوهڕۆك
سەرەتا
تامێسکە یاخود تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Genital herpes، بە عەرەبی: الهربس التناسلي) جۆرە تامیسکەیەکە کە لە کۆئەندامی زاوزێی خانمان و پیاواندا دەردەکەوێت. یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD) واتە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە. بەهۆی ڤایرۆسی HSV کە کورتکراوەی (Herpes simplex virus)ـیە کەسەکە تووش دەکات. دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ و دەرکەوتنی برینی زۆر کە هاوشێوەی چەند زیپکەیەکی بچووکن لە تەنیشت یەکتریدا. ٪٢٠ـی خەڵکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووچاری تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێ بوونەتەوە.
ڤایرۆسی HSV
دوو جۆری ڤایرۆسی HSV هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی تامیسکە، ئەوانیش:
- جۆری یەکەم (HSV1) ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی تووشبوون بە تامیسکە لە ناوچەی دەم و لووتدا.
- جۆری دووەم (HSV2) ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی تامیسکە لە کۆئەندامی زاوزێدا.
نیشانەکان
بەگشتی تامیسکەکان لەسەر ئەندامی زاوزێ و دەوروبەری دروست دەبن. یاخود لە ناوەوەی زێ، لەسەر سمت، کۆم. لە سەرەتای تووشبوون بە ڤایرۆسەکەوە دوو بۆ شەش هەفتە دوای ئەوە نیشانەکان دەردەکەون، کە ئەمانەن:
- ئازار و خوران، سووتانەوە لە کۆئەندامی زاوزێ و دەوروبەریدا
- ئازار لە کاتی میزکردندا
- ئازاری پێ، سمت، ئەندامەکانی زاوزێ
- دەردراوی نائاسایی لە چووکەوە
- دەردراوی نائاسایی زێ
- ئاوسان
- تا
- ماندوویەتی و بێتاقەتی
توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ٥٠٪ـی ئەوانەی تووشبووی تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێن، نیشانەکان بەشێوەی سوڕییە. واتە دوای چاکبوونەوە دووبارە نیشانەکان دەردەکەونەوە، کە دەرکەوتنەوەیان هەشت بۆ دە ڕۆژ دەخایەنێت.
کێن ئەوانەی مەترسی تووشبوونیان زیاترە؟
- هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ چەند کەسێکدا.
- جووتبوون لە تەمەنێکی زۆر کەمدا.
- تووشبوون بە هەر جۆرێکی تر له نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان.
- لاوازی کۆئەندامی بەرگری لەش.
- کۆرپەیەک کە دایکی تووشبوونی نەخۆشییەکە بێت، ئەگەری زۆرە لە کاتی منداڵبووندا بۆی بگوازرێتەوە.
- جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو بەبێ بەکارهێنانی کۆندۆم.
دیاریکردن
تەنها بە سەیرکردن پزیشک دەتوانێت دڵنیاببێتەوە لەوەی کە ئەم برینانە تامیسکەن. هەروەها پشکنینی خوێن دەکرێت بۆ ئەگەری هەبوونی ڤایرۆسی HSV2 لە جەستەی نەخۆشەکەدا. هەروەها پزیشک شلەی ناو تامیسکەکان وەردەگرێت و وەک نموونەیەک دەینێرێت بۆ پشکنینی زیاتر.
لێکەوتەکان
ئەو کەسانەی تاکوو کۆتایی تەمەنیان تووشبووی ئەم ڤایرۆسەن، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەشیان نەبێت هەر لێکەوتەی دەبێت لەسەریان، ئەگەر بێت و کەسێک بۆ تەنها یەکجاریش تووشبووی ئەم ڤایرۆسە بێت ئەوا دوای ئەوە ڤایرۆسەکە چالاکی نامێنێت بەڵام هەندێک هۆکار هەیە وادەکات دووبارە ڤایرۆسەکە چالاک ببێتەوە، وەک:
- دڵەڕاوکێ
- سوڕی مانگانە
- تای بەرز
- تووشبوون بە نەخۆشی تر
- وەستان لە بەردەم خۆردا
- سووتانی پێست بە خۆر
چارەسەر
تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک نییە بۆ تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێ. هەموو ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانە و ڕێگریکردنە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی. هەروەها لەوانەشە ئەم تامیسکانە هەندێک جار بەبێ بەکارهێنانی دەرمان خۆیان لەناوبچن، یاخود بەبەکارهێنانی چارەسەری سروشتی. بۆیە دەکرێت دوو جۆری چارەسەر بەکاربێت، چارەسەری سروشتی و چارەسەری پزیشکی.
چارەسەری سروشتی
- خۆشۆردن بە خوێواو.
- بەکارهێنانی ڤازلین بۆ سەر تامیسکەکان.
- دوورکەوتنەوە لە جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا، تەنانەت بە بەکارهێنانی کۆندۆمیش.
- دانانی شەڵتەی سارد و بەستوو لەسەر تامیسکەکان، بەڵام هەرگیز نابێت ڕاستەوخۆ سەهۆڵەکە بخەیتە سەر تامیسکەکان. بەڵکوو دەبێت شەڵتە بەکاربهێنیت.
چارەسەری پزیشکی
پزیشک چەند دەرمانێک بەکاردەهێنێت. ئەم دەرمانانە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە کەمتر دەکەن، هەروەها نیشانە و بڵاوبوونەوەشی کەمتر دەکەنەوە، زۆرجار دەرمانەکان بەشێوەی حەپ یان کرێمە، لە ئەگەری توندی نەخۆشییەکەدا بەشێوەی دەرزی دەدرێت، دەرمانەکان بریتین لە:
- ئەسایکلۆڤیر (Acyclovir)
- ڤالاسایکلۆڤیر (Valacyclovir)
- فێمسایکلۆڤیر (Famciclovir)
هەروەها چەند کرێمیکی گیایی دژەڤایرۆسی هەیه، کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازارەکەدا:
- میرتۆپلێکس (myrtoplex)
- ئافتۆپلێکس (aphtoplex)
- مێڵیسن (Melisan)
ڕێگریکردن
- دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە پێستی ئەو کەسەی تامیسکەکانی لەسەرە.
- دوورکەوتنەوە لە ماچ، جووتبوون لە ڕێگەی پێش و کۆم و دەمەوە.
- کاتێک دەرمان بۆ کەسێکی تووشبوو بەکاردەهێنیت، نابێت ڕاستەوخۆ دەستت بەر تامیسکەکان بکەوێت. پێویستە دەستکێش لە دەست بکەیت.
- خانمانی تووشبووی دووگیان پێویستە سەردانی پزیشک بکەن، تاکوو دەرمانیان پێ بدات و نەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەیان.
- ئەو شوێنەی کە تامیسکەی لێ هاتووە پێویستە پاک بکرێتەوە، ڕۆژانە جارێک بەو ماددەیەی کە پزیشک دیاری دەکات بشۆردرێت. نابێت سابوون و شامپۆی بۆ بەکاربهێنرێت. دوای شۆردنەکە دەبێت بەباشی وشک بکرێتەوە. چونکە شێداری دەبێتە هۆی هەوکردنی ئەو ناوچەیە.