ژەهراویبوون بە ئاو

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-26-20:50:00 - کۆدی بابەت: 10018
ژەهراویبوون بە ئاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژەهراویبوون بە ئاو(بە ئینگلیزی: Hyperhydration یان water toxaemia یان water poisoning، بە عەرەبی: تسمم مائي)، حاڵەتێکە لە ئەنجامی خواردنەوەی ئاوی زیاد لە پێویست ڕوودەدات. خانەکانی لەش پێویستیان بە ئاوە تاکوو بە شێوەیەکی باش ئیش بکەن، بەڵام زیادەڕەوی لە خواردنەوەی ئاو دەکرێت کەسەکە تووشی ژەهراویبوون بە ئاو یان حاڵەتی تری مەترسیدار بکات. ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ڕووبدات، بە زۆری لە ئەنجامی زۆر خواردنەوەی ئاو لەدوای پێشبڕکێ وەرزشیەکان و ڕاهێنانە توندەکان ڕوودەدات. بە شێوەیەکی گشتی نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ئاو بریتیین لە سەرلێشێواوی، گێژبوون، هێڵنجدان و ڕشانەوە. لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا ئەگەری هەیە ژەهراویبوون بە ئاو ببێتە هۆی هەڵئاوسانی مێشک و کەسەکە لە مردن نزیک بکاتەوە. 

ژەهراویبوون بە ئاو چییە؟

ژەهراویبوون بە ئاو بریتییە لە تێکچوونی ئەرکی مێشک بەهۆی بڕێکی زۆر لە خواردنەوەی ئاو، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێندا. ئەم ڕێژە بەرزە لە ئاو کاردەکاتە سەر خەستی ئەلکترۆلایتەکان بەتایبەتی سۆدیۆم، کە ڕێژەکەی لە خوێندا کەم دەکات. ئەو حاڵەتەی ڕێژەی سۆدیۆم دادەبەزێت و کەمترە لە بڕی پێویست پێی دەوترێت هایپۆناتریمیا (hyponatremia). سۆدیۆم یارمەتی باڵانسی شلەی ناوەوە و دەرەوەی خانەکان دەدات، کاتێک لە خوێندا بڕی پێویست لە سۆدیۆم نییە بەهۆی خواردنەوەی ئاوی زیاد لە پێویست، لەئەنجامدا شلە لە دەرەوە بۆ ناوەوەی خانەکان دەگوازرێتەوە و خانەکان هەڵدەئاوسێن. کاتێک ئەم پڕۆسەیە لە مێشکدا ڕوودەدات، مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات. 

مەترسییەکانی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو

کاتێک کەسێک بڕێکی زۆر لە ئاو دەخواتەوە و خانەکانی مێشکی هەڵدەئاوسێن، پەستانی ناوەوەی کاسەسەر زیاد دەکات. ئەمە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی ژەهراویبوون بە ئاو، کە بریتیین لە:

لە حاڵەتە سەختەکانی تووشبوون بە ژەهراویبوون بە ئاودا، دەکرێت هەندێک نیشانەی مەترسیدار دەربکەوێت، وەکوو:

  • خەواڵوویی
  • لاوازبوون و ئازاری ماسولکەکان 
  • زیادبوونی پەستانی خوێن
  • جووتەبینین، حاڵەتێکە کەسەکە شتەکان بە دوو دانە دەبینێت لە کاتێکدا ژمارەیان یەک دانەیە 
  • سەرلێشێواوی 
  • کەسەکە لە توانایدا نابێت هەستەکان بناسێتەوە
  • کێشەی هەناسەدان 

نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ئاو ڕوودەدات، کاتێک کەسەکە سێ بۆ چوار لیتر ئاو لە چەند کاتژمێرێکی  کەمدا دەخواتەوە. چەند نیشانەیەکی تری وەک گەشکە و بێهۆشی و زیانگەیاندن بە مێشک ئەگەری هەیە ڕووبدات. 

چی بکەم ئەگەر هەستم بە نیشانەکان کرد؟

ئەگەر تۆ یان هەر کەسێکی نزیکت هەستی بە نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ئاو کرد، بەتایبەتی نیشانەکانی وەک خەواڵوویی و گەشکە، وا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت. کاتێک شلە یان ئاو لە لەشدا کۆدەبێتەوە، هەموو خانەکان بە خانەکانی مێشکیشەوە، دەست بە هەڵئاوسان دەکەن. هەڵئاوسانی مێشک دەبێتە هۆی بێهۆشی و گەشکە، ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی مردنیش. 

هۆکارەکانی ژەهراویبوون بە ئاو

لەگەڵ ئەوەی ئەم حاڵەتە دەگمەنە، بەڵام دەشێت ڕووبدات، چەندین ڕاپۆرتی پزیشکی مردن بەهۆی زیادەڕەوی لە خواردنەوەی ئاو تۆمارکراوە. ژەهراویبوون بە ئاو بەزۆری لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە پێشبڕکێی وەرزشی دەکەن یان بە بەردەوامی و بە سەختی ڕاهێنان دەکەن یان دەکرێت پەیوەندی بە حاڵەتی دەروونی کەسەکەوە هەبێت. 

پێشبڕکێ وەرزشییەکان 

ژەهراویبوون بە ئاو لە وەرزشەواناندا باوە، ئەمە ڕوودەدات کاتێک کەسەکە بەبێ گوێدانە بڕی ئەلکترۆلایتی لەدەستچوو ئاو دەخواتەوە، لە ئەنجامدا تووشی کەمیی سۆدیۆم دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٢، ڕاپۆرتێک لەسەر ٤٨٨ بەشداربوو لە یاری ماراسۆن لە بۆستن ئەنجامدرا، کە لە ١٣% بەشداربووان دووچاری نیشانەکانی کەمیی سۆدیۆم بوونەوە. حاڵەتی ژەهراویبوون بە ئاو لە دوای پێشبڕکێیەکان بووەتە هۆی مردن، لە کەیسێکدا ڕاکەرێک لەدوای یاری ماراسۆن دووچاری مردن بووەتەوە لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی نەگونجاو لەدوای یارییەکە دەستی بە ئاو خواردنەوە کردووە، لە ئەنجامدا ئاستی سۆدیۆم زۆر بەخێرایی دابەزیووە، دواتر ئەمە بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە مێشکدا و بە مردن کۆتایی هاتووە. 

ڕاهێنانە سەربازییەکان 

ڕاپۆرتێک دەریخستووە، ١٧ سەرباز لە کاتی ڕاهێنانکردندا، بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو دووچاری کەمیی ڕێژەی سۆدیۆم بوونەتەوە. ڕاپۆرتێکی تریش مردنی سێ سەرباز بەهۆی کەمیی سۆدیۆم و هەڵئاوسانی مێشک خستوەتەڕوو، ئەم حاڵەتی مردنانە پەیوەندی هەیە بە خواردنەوەی زیاد لە پێنج لیتر ئاو لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا.  

حاڵەتە دەروونییەکان 

دەکرێت ژەهراویبوون بە ئاو پەیوەندی بە لایەنی تەندروستی دەروونی کەسەکەوە هەبێت، ئەم حاڵەتە دەشێت لەو کەسانەدا ڕووبدات کە تووشبوون بە شیزۆفرینیا یان چەند حاڵەتێکی تر.

چەندێک ئاو خواردنەوە زۆرە؟

ژەهراویبوون بە ئاو ڕوودەدات کاتێک، کەسەکە بڕێکی زۆر لە ئاو دەخواتەوە بە ڕادەیەک کە گورچیلەکان ناتوانن لەڕێگەی میزەوە بیکەنە دەرەوەی لەش. بە تەنها بڕی ئاوەکە گرنگ نییە، بەڵکوو ماوەکەشی زۆر گرنگە، واتە ئەو کاتەی بۆ خواردنەوەی ئاوەکە تەرخانی دەکەیت. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣ ئاشکراکراوە، ڕۆژانە گورچیلەکان نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٢ لیتر لە ئاو دەکەنە دەرەوەی لەش، بەڵام لە توانایاندایە بە تەنها ٠٫٨ بۆ یەک لیتر ئاو لە کاتژمێرێکدا بکەنە دەرەوەی لەش. بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە ژەهراویبوون بە ئاو پێویستە پەستان نەخەیتە سەر گورچیلەکان بە زیادەڕەوی کردن لە خواردنەوەی ئاو. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە، نیشانەکان لەدوای خواردنەوەی سێ بۆ چوار لیتر ئاو لەماوەیەکی کورتدا دەردەکەون و لە کاتێکدا هیچ ماوەیەک لەنێوانیاندا نەبێت. چەندین نموونە لەسەر تووشبوون بەم حاڵەتە هەیە، بۆ نموونە سەربازێک لەدوای خواردنەوەی نزیکەی دوو لیتر ئاو لەماوەی کاتژمێرێکدا نیشانەکان تیایدا دەرکەوتووە، یان کچێکی تەمەن نۆ ساڵ، بەهۆی خواردنەوەی نزیکەی چوار لیتر ئاو لەماوەی دوو کاتژمێردا دووچاری ئەم حاڵەتە بووەتەوە. 

چەندێک ئاو پێویستە بۆ لەش؟

بەپێی ناوەندی ڕێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان (CDC)، هیچ ڕێسایەک نییە لەبارەی زانینی ئەوەی ڕۆژانە کەسێک چەند ئاوی پێویستە. بڕی ئاوەکە بەپێی کێش و چالاکی جەستەیی کەسەکە دەگۆڕێت، هەروەها بەپێی ئەوەی کە ئایا کەسەکە شیر دەدات یان نا. لە ساڵی ٢٠٠٤ دا، پێشنیارکرا خانمانی تەمەن ١٩ بۆ ٣٠ ساڵ پێویستیان بە نزیکەی ٢.٧ لیتر ئاو هەیە، پیاوانیش ٣.٧ لیتر ئاویان پێویستە. هەنێک کەس پشتیان بە یاسای هەشت پەرداخ ئاو لە ڕۆژێکدا بەستوە، بەڵام ئەمە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر نییە. یان هەندێکی تر بە تەنها لە کاتی تینوێتیدا ئاو دەخۆنەوە، بە هەمان شێوە لەوانەیە ئەمەش گونجاو نەبێت، چونکە وەرزشەوان و کەسانی بەتەمەن و خانمانی دووگیان لەوانەیە پێویستیان بە بڕێکی زیاتر لە خواردنەوەی ئاو بێت. بۆ هەژمارکردن و زانینی بڕی گونجاو پێویستە بڕی ئەو کالۆرییەی ڕۆژانە پێویستتە بزانیت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ڕۆژێکدا پێویستی بە بڕی دوو هەزار کالۆری بێت، ئەوا دەبێت نزیکەی دوو لیتر لە ئاو بخواتەوە. 

دەکرێت ڕێگری لەم حاڵەتە بکرێت؟

چەند یاسایەکی گشتی هەیە بۆ خۆپارێزی و ڕێگریکردن لە تووشبوون بە ژەهراویبوون بە ئاو بەتایبەتی ئەگەر یەکێک بیت لەو کەسانەی بڕێکی زۆر ئاو لە کاتێکی کەمدا دەخۆنەوە. وا باشە لە کاتی تینووێتیدا، لە سەرەتادا تەنها کەمێک لە ئاوەکە بخۆیتەوە تاکوو تینوێتیەکەت نامێنێت، هەوڵبدە ئاو نەخۆیتەوە تاکوو دووبارە هەست بە تینووێتی دەکەیتەوە. هەروەها ڕەنگی میز دەستنیشانکەرێکی باشە، ئەگەر میزەکەت ڕوون بوو، ئەوا دەشێت نیشانەی ئەوەبێت زیاد لە پێویست ئاو دەخۆیتەوە. هەبوونی میزێکی ڕوون نیشانەیەکی خراپ نییە، بەڵام نیشانەیە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک پێویستت بە خواردنەوەی ئاو نییە. ئەگەر دەتەوێت ڕاهێنانێکی توند ئەنجام بدەیت، ئەوا وا باشترە لەجیاتی ئەوەی ئاوی ئاسایی بخۆیتەوە، گرنگی بەو ئاوانە بدەیت کە ئەلکترۆلایتی وەک سۆدیۆم تێدایە، بەم شێوەیە دووچاری ژەهراویبوون بە ئاو نابیتەوە.


سەرچاوەکان



367 بینین