ناوهڕۆك
سەرەتا
قفڵ یان قوفڵ (بە عەرەبی: قفل، بە ئینگلیزی: Luck) بریتییە لە ئامراز یان ئامێرێکی داخستن و پارێزگاری کردن، لە کەرەستەی هەمەجۆری وەک کانزای پتەو، دار، پلاستیک یان ئامێری ئەلیکرۆنی دروست دەکرێت. هەر قفڵێک کلیلی تایبەتی خۆی هەیە و لە هەمان ماددە دروست دەکرێت.
مێژووی داهێنان و بەکارهێنانی قفڵ
كۆنترین قفڵ لە جیهاندا لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دۆزراوەتەوە لە کۆشکی خۆرس ئاباد بووە لە مووسڵ، تەمەنی قفڵەکە کە مەزەندە کراوە لە دار و قوڕ دروستکراوه بە چوار هەزار ساڵ خەمڵێندراوە. هەندێک سەرچاوەی مێژوویی تر ئاماژە بەوە دەدەن کە میسرییە کۆنەکان پێش دوو هەزار ساڵی پێش زایین پێشەنگ بوونە لە داهێنان و دروستکردنی قفڵدا. قفڵە دۆزراوەکانی سەردەمی کۆن لە داری پتەو دروستکراون و دیزاینی سەرەتاییان هەبووە، زۆرجار قەبارەیان گەورە بووە و بەتایبەتی بۆ دەرگای کۆشک و پەرستگاکان بەکارهاتوون.
لە سەردەمی ڕۆمانەکان ئەوان قفڵێکی جیاوازیان دروستکرد ناسراو بوو بە قفڵی دداندار، قفڵێک بوو کردنەوەی بە کلیلێکی قەبارە گەورە بوو. لە نێوان ساڵانی ٨٧٠ بۆ ٩٠٠ قفڵی کانزایی لە ئەورووپاوە دەرکەوت، لەو سەردەمە باو بووە کە کلیلی هەر قفڵێک خاوەنەکەی یان لە ملی کردووە یان لە دەستی کردووە. لە ماوەی سەدەکانی هەژدەوە بۆ نۆزدە تاکوو سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، زۆر جۆر و وەشانی قفڵ دروستکران، بەڵام قفڵی کانزایی زۆترین ڕەواج و بەکارهێنانی هەبوو، ئەمریکا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە گرنگی بە بەرەوپێشبردن و نوێکاریکردن لە دروستکردنی قفڵ دەدا.
قۆناغەکانی دروستکردنی قفڵ
- لە ساڵی ١٧٧٨ لە ئینگلتەرا ڕۆبێرت باروون یەکەم کەس بوو قفڵێکی دروستکرد کە لە ڕێگەی سوڕان و داخستنی قفڵەکە دووجار کلیل دەدرا.
- لە ساڵی ١٨٥٧ جێمس سارجێنت یەکەم کەس بوو قفڵی دەستکردی لکێنەری داهێنا و قفڵەکە بە جۆرێک بوو کە لەسەر هەر شتێک بتویستایە دەتوانی بیبەستی و بیلکێنی و دەبووە بەشێک لەو ئامێرەی کە پێوەی دەکرا و جیانەدەکرایەوە، ئەم جۆرە قفڵە بووە نموونەیەک لە بانکەکانی ئەو سەردەمە بەکاردەهێنرا.
- ساموێڵ سیگال پۆلیسێکی ئەمریکی بوو، یەکەم کەس بوو کە لە ساڵی ١٩١٦ قفڵی پارێزراوی تایبەت بە دەرگا دروست کرد.
- هاری سۆرفت یەکەم کەس بوو لە ساڵی ١٩٢١ کۆمپانیا و کارگەی دروستکردنی قفڵی دروستکرد.
قفڵی زیرەک
دوای بڵاوبوونەوەی قفڵی لە دار دروستکراو و پاشان قفڵی کانزایی، لە نێو بەشێک لە خەڵکی تەنکیکی کردنەوەی قفڵەکان بەبێ کلیل بڵاوبووەوە، بۆیە دوای دامەزراندنی بانکەکان و زیاتربوونی بەکارهێنانی قفڵ لە جیهاندا، زیاتر گرنگی بە دروستکردن و داهێنانی قفڵی بەهێزتر درا. بەتایبەتی دوای شۆڕشی پیشەسازی کە سەردەمی پێشکەوتنەکان بوو لە ئەورووپا و گرنگی درا بە دروستکردنی قفڵی نوێ.
بەکارهێنانی کەرەستەی ئەلیکترۆنی و کارەبایی و تەکنەلۆجی لە دروستکردنی قفڵدا ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر بوو، تا ئەو کاتەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەوە دەستەواژەی قفڵی زیرەک یان قفڵی دیجیتاڵی یاخود قفڵی ئەلیکترۆنی دەرکەوت و بڵاوبووەوە، قفڵی زیرەک بریتییە لە قفڵێکی کارۆمیکانیکی بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە پرۆسەی قفڵکردن و کردنەوەکەی دیجیتاڵییە و بەشێوەیەکی خۆکارانەیە، بەجۆرێک بەرنامەڕێژی بۆ کراوە کە قفڵەکە ڕێنمایی کردنەوە و داخستن لە ڕێگەی سیستمێکی تایبەتی ئەلیکترۆنییەوە وەردەگرێت و کەسی بەکارهێنەر دەتوانێت تەنها خۆی کۆنتڕۆڵی بکات. قفڵی زیرەک جیاواز لە قفڵەکانی تر، کردنەوە و داخستنی ئەلیکترۆنییە و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە بۆیە پارێزراوە و بەکارهێنەری زۆرە، لە سەردەمی ئەمڕۆدا قفڵی زیرەک بە چەندان جۆر و شێوە و قەبارەی جیاواز بەردەستن، لە هەموو ئامێرە ئەلیکترنییەکان بەکاردەهێنرێت.
بۆچی هەموو قفڵە کانزاییەکان کونی بچووکیان هەیە؟
زۆرێک لە قفڵە کانزاییەکان لە بەشی ژێرەوەیان کونێک یان دوو کونی بچووک بوونی هەیە، ئەم کونانە بۆ چەند مەبەستێک دروست دەکرێن، ئەگەر قفڵەکە کێشەی لێکخشانی هەبێت ئەوە لە ڕێگای ئەو کونەوە بە ڕۆنی تایبەتی چەورکردن قفڵەکە چەور دەکرێت، هەروەها ئەگەر لە ژێر ئاودا قفڵەکە بەکارهێنرا ئەوا ئاوی قەتیس خوراو و گیرخواردوو لە نێو قفڵەکە لە کاتی کردنەوە و داخستنی قفڵەکە لەو کونانەوە بە ئاسانی دەکرێتە دەرەوە.