ناوهڕۆك
سەرەتا
چ كاتێك تا مەترسیدارە (بە ئینگلیزی: ?When is fever dangerous، بە عەرەبی: متى تكون الحمى خطيرة؟)، مرۆڤ سیستمێکی ئۆتۆماتیکی ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەی هەیە. ناوەندی ئەم سیستمە دەکەوێتە ناو هایپۆسالەمەس (Hypothalamus)ـی مێشکەوە. هەروەها لە جەستەی ئێمەدا دوو گرووپی وەرگری گەرمی هەن کە پێیان دەوترێت (thermoreceptors) گرووپی یەکەم لە هایپۆسالەمەسدا پێیان دەوترێت وەرگری پلەی گەرمی ناوەندی، گرووپەكەی تریش پێی دەوترێت وەرگری گەرمی لە پێستدا، کە پلەی گەرمی دەوروبەر وەردەگرن. لە ئەنجامی گۆڕینی پلەی گەرمی دەوروبەر، دوو جۆری جیاواز لە كاردانەوە نیشان دەدەین، کە بریتین لە كاردانەوەی خۆویست و كاردانەوەی خۆنەویست.
کاتێک پلەی گەرمی دەوروبەر بەرز دەبێتەوە، جلەکانمان کەم دەکەینەوە و دەچینە سێبەر یان فێنككەرەوە بەكاردێنین. ئەمانە کاردانەوەی خۆویستن، بەڵام لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی پێستمان ئارەق دەکاتەوە بۆ ئەوەی پلەی گەرمی پێستی لەش کەم بکاتەوە بە هەڵمکردنی ئارەقەکە. هەروەها ماسولکە خۆنەویستەكانی خوێنبەرەکانی ڕووکاری پێستمان فراوان دەبن و خوێنی زیاتر دەگوازرێتەوە بۆ ڕووی پێست بەجۆرێک خوێنمان لە نزیک پێستی لەش سارد دەبێتەوە و خوێنی فێنکتر بەناو لەشدا دەڕوات.
لە کەش و هەوای سارددا پێچەوانەی ئەم کردارانە ڕوودەدات. ئێمە پلەی گەرمی جەستەمان بە کۆمەڵێک کاردانەوەی خۆویست و خۆنەویست ڕێکدەخەین. هەموو ئەم کاردانەوانە لە بارودۆخی ئاسایی جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەرمی بەشەکانی ناوەوەی جەستەمان لە مەودای نزیکەی ٣٧ پلەدا بە بەردەوامی بمێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا پلەی گەرمی ناو دەممان لە نێوان ٣٦.٧ بۆ ٣٧.٢ پلەی سیلیزی بە ئاسایی دادەنرێت.
بە چ مەودایەكی پلەی گەرمی لەش دەوترێت تا؟
باوترین هۆکاری تووشبوون بە تا هەوکردنی ئەندامەکانی جەستەیە. کاتێک جەستە تووشی هەوکردن دەبێت، جەستەمان پلەی گەرمی لەش بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی چالاکیی میکرۆبەکان کۆنتڕۆڵ بکات. ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە بەهۆی کاریگەری ماددە نەخۆشخەرەكان لە هایپۆسالەمەس ئەنجام دەدرێت. کاتێک پلەی گەرمی لەش لەم حاڵەتەدا بەرز دەبێتەوە، پێی دەڵێین تا و نیشانەیەکی ڕوونە بۆ کێشەیەک لە جەستەماندا. ئەگەر پلەی گەرمی ناو دەم بەرزتر بوو لە ٣٧.٥ پلە و نزمتر بوو لە ٣٧.٩ پلە، پێی دەوترێت تای سووک.
تای مەترسیدار بۆ گەورە و منداڵان چەندە؟
ئەگەر پلەی گەرمی دەم لە ٣٧.٩ پلەی سیلیزی زیاتر بوو، ئەوا تا ڕوویداوە، لە کەسانی پێگەیشتووشدا ئەگەر پلەی گەرمی لە ٤٠ پلە زیاتر بێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات. چونکە لە پلەی گەرمی سەروو ٤٠ پلەدا کاری پڕۆتین و ئەنزیمەکانی لەش تێکدەچێت. پلەی گەرما لە سەرووی ٤٤ پلە زۆر مەترسیدارە و ئەگەری مردنی کەسەكە زۆر بەرز دەبێتەوە. بۆیە پلەی گەرمی دەم لە سەرووی ٣٩ پلەی سیلیزییەوە جێگەی نیگەرانییە بۆ گەورەکان و بۆ منداڵانیش بەپێی تەمەنیان ئەم پلە گەرمایانەی خوارەوە مەترسیدار دەبن بۆیان:
- تای ٣٨ پلە و سەرووتر لە منداڵانی خوار ٣ مانگ
- تای ٣٨.٢ پلە و سەرووتر لە منداڵانی ٣ بۆ ٦ مانگ
- تای ٣٨.٨ پلە و سەرووتر لە منداڵانی سەروو ٦ مانگ
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هۆکارەکانی
بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی لەش (Hyperthermia)، کاتێک ڕوودەدات کە جەستە نەتوانێت پلەی گەرمی جێگیر بپارێزێت. لەم حاڵەتەدا بەبێ گۆڕینی خاڵی ڕێكخستنی پلەی گەرمی لە هایپۆسالەمەس پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە. هۆکاری جۆراوجۆر دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، هەندێکیان بریتین لە بوون لە ژینگەیەکی گەرمدا، دەرمانی بێهۆشکەر، دەرمانی وەک phenothiazines و neuroleptics، لوو یان برینداربوونی مێشک.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی توند و تایەکی بەرز هەردووکیان دەتوانن مەترسی لەسەر ژیان دروست بکەن. بۆیە کاتێک پلەی گەرمی جەستەی نەخۆشەکە بەرز دەبێتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە لای پزیشک هەوڵبدە پلەی گەرمی لەشی نەخۆشەکە کەمبکەیتەوە.
دەستنیشانکردنی هۆکاری تا و چارەسەرکردنی لەلایەن پزیشکەوە
وەک پێشتر وترا بەرزبوونەوەی تا مەترسیدارە بۆ نەخۆش و پێویستە دەستبەجێ هۆکاری ئەم بەرزە تایە دەستنیشان بکرێت و پلەی گەرمی کەم بکرێتەوە و چارەسەری هۆکاری تاکە بکرێت. بۆیە بە تەنها هەوڵی چارەسەر كردنی نیشانەكە مەدە، چونکە تا نیشانەی کێشەیەکە لە جەستەدا. بە چاککردنی نیشانەکە ناتوانیت هۆکارەکەی نەهێڵیت. ڕەنگە تایەکی سادە ئاماژە بێت بۆ هەوکردنێکی مەترسیدار لە بەشێکی هەستیاری جەستەدا، کە ئەگەر پشتگوێ بخرێت، دەبێتە هۆی لەكاركەوتنی ئەو بەشە گرنگەی جەستە و تەنانەت مردنیشی. بۆیە بۆ دەستنیشان کردنی هۆکاری تا و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست دڵنیابە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بكەیت.
پلەی گەرمی لەش چۆن دەپێورێت؟
بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی لەش پێویستە ئامرازی گونجاوت هەبێت. ناتوانیت پشت بە پێوانی پلەی گەرمی ببەستیت بە دەست لێدان. باشتر وایە گەرمیی پێوەرێکی ئەلیکترۆنی یان جیوە بەكاربێنیت. باشترین ڕێگا بۆ پێوانە کردنی پلەی گەرمی لە کۆرپە و منداڵدا بەکارهێنانی گەرمییپێوی ژێرباڵە. ڕەنگە پلەی گەرمییەكە بە هەڵە بەرز یان نزم بێت، ئەمەش بەندە بەوەوە کە تازە خواردنەوەیەکی گەرم یان ساردت خواردووەتەوە. بەلایەنی کەمەوە دوای ١٠ خولەک دوای خواردنەوە پلەی گەرمی لەش بپێوە. هەروەها هەناسەدان دەم سارد دەکاتەوە.