ناوهڕۆك
سەرەتا
حاڵەتی ئیفلیجی بێڵ (بە ئینگلیزی: Bell's palsy) حاڵەتێکە هۆکاری ڕوودانەکەی زۆر ڕوون نییە. لە هەموو تەمەنێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە، باوەڕ دەکرێت هۆکارەکەی بەهۆی هەڵئاوسان و هەوکردنی ئەو دەمارەوە بێت کە کۆنتڕۆلی ماسولکەکان لەلایەکی دەموچاو دەکات. دەکرێت بەهۆی کاردانەوەوە دوای تووشبوون بە ڤایرۆسێک بێت. نیشانەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەرەو کەمبوونەوە دەچن، چاکبوونەوە بەتەواوی لە ماوەی شەش مانگدا دەبێت. ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی بۆ تەواوی ژیانیان نیشانەکانیان دەمێنێت، بەدەگمەن ئەم حاڵەتە لە کەسێکدا زیاتر لە جارێک ڕوودەدات.
مێژووی دۆزینەوە
چارلس بێڵ لە ساڵانی (١٧٧٤-١٨٨٤٢) لە مێژە بە یەکەم کەس دادەنرێت کە لە سەرەتای سەدەی ١٩ وەسفی ئەم حاڵەتەی کردبێت. هەرچەندە دۆزراوەتەوە کە نیکۆلاس ئانتۆن فریدریچ (١٧٦١-١٨٣٦) و جەیمس دۆگلاس (١٦٧٥-١٧٤٢) لە سەدەی ١٨ باسی ئەم حاڵەتەیان کردووە. لەم دواییانەشدا دۆزراوەتەوە کە لە ساڵی١٦٨٣ لە شاری لاهای لە هۆڵەندا لەلایەن کۆرنیلس ستاپارت ڤان دێر ویڵ باسکراوە. لە کۆتایدا باس لەوە دەکرێت کە کۆرنیلس ستاپارت ڤان دێر ویڵ بەیەکەم کەس دادەنرێت کە وەسفی ئەم حاڵەتەی کردووە.
نیشانەکان
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کە لە ناکاو دروست دەبن بریتین لە:
- خێرا لاوازبوون و دواتر ئیفلیجبوونی لایەکی دەموچاو، لە چەند کاتژمێرێک بۆ چەند ڕۆژێک ڕوودەدات.
- کەسەکە بە قورسی توانای داخستنی چاو یان زەردەخەنەی دەبێت.
- لیکی زۆر
- ئازار لە دەوری شەویلگە یان لەناو یان لە دەوری گوێ لەو لایەی دەموچاو کە تووشی حاڵەتەکە بووە.
- زیاتر هەستیاری بۆ دەنگەکان دەبێت.
- سەرئێشە
- نەمانی توانای تامکردن.
- گۆڕان لە ڕێژەی دروستبوونی لیک و فرمێسک.
- لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە ئیفلیجی بێڵ کاریگەری لەسەر هەردوو بەشی دەموچاو هەبێت، بەڵام ڕوودانی ئەم حاڵەتە دەگمەنە.
ئەو دەمارەی کە ماسولکەکانی دەموچاو کۆنتڕۆڵ دەکات، بە ڕێڕەوێکی تەسکی ئێسکدا تێدەپەڕێت. لە حاڵەتی ئیفلیجی بێڵدا ئەم دەمارە تووشی هەوکردن و هەڵئاوسان دەبێت بەزۆری ئەم هەوکردنەش بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆس دەبێت. جگە لە ماسولکەکانی دەموچاو ئەم دەمارە کاریگەری لەسەر فرمێسک، لیک، تام و ئێسکی بچووک لە ناوەڕاستی گوێدا هەیە.
ئەم حاڵەتە زیاتر لەم کەسانەدا دەردەکەوێت:
- ئافرەتانی دووگیان بەتایبەتی لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا یان هەفتەی یەکەمی دوای منداڵبوون.
- هەوکردن لە بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی هەناسە وەک ئەنفلەوەنزا.
- ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
- بەرزی پەستانی خوێن
- ئەو کەسانەی کێشیان لە کێشی ئاسایی زیاترە.
دووبارە ڕوودانەوەی ئەم حاڵەتە لە کەسێکدا دەگمەنە، بەڵام ئەگەر دووبارە ئەم حاڵەتە لە کەسێکدا دووبارە ببێتەوە زیاتر بەهۆی مێژووی خێزانییەوە دەبێت.
چارەسەر
کاتێک دەستنیشانی هۆکاری ڕوودانی حاڵەتەکە کرا، ئەگەر هۆکارەکە هەوکردن بێت چارەسەری هەوکردنەکە دەکرێت و لە هەندێک کاتیشدا چارەسەری نیشانەکان دەکرێت.
یەکێک لە چارەسەرەکان پارێزگاریکردنی چاوە لە وشکبوونەوە لە شەواندا یان لە کاتی کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر. هەروەها پزیشک بەپێی خراپی حاڵەتەکە پێشنیازی بەکارهێنانی چارەسەری تر دەکات، چارەسەرەکان بریتین لە:
- سترۆید (steroid) بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن.
- دەرمانی دژە ڤایرۆس وەک سایکلۆڤیر (Acyclovir)
- ئازارشکێن
- چارەسەری فیزیایی یان جەستەیی بۆ باشترکردنەوەی دەماری دەموچاو.
هەندێک کەس لە کاتی تووشبوون بەم حاڵەتە ترسێکی زۆریان بۆ دروست دەبێت لەوەی کە هۆکاری خواربوونی دەموچاویان جەڵتەی مێشک بێت. بەڵام ئەم دوو حاڵەتە جیاوازن و دەتوانرێت جیاوازی لەنێوانیان بکرێت، ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن بەزۆری ڕێژەی شەکرە و پەستانی خوێنیشیان بەرز دەبێتەوە، هەروەها حاڵەتی ئیفلیجی بێڵ کاریگەری لەسەر لایەکی دەموچاو دروست دەکات، بەڵام جەڵتە کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری جەستە دەبێت و زۆرجار ئیفلیجبوونی لایەکی جەستە دەگرێتەوە.