بۆچی هەندێک منداڵ لەسەر نووکی پەنجەکانیان دەڕۆن؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-22:14:00 - کۆدی بابەت: 10738
بۆچی هەندێک منداڵ لەسەر نووکی پەنجەکانیان دەڕۆن؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی هەندێک منداڵ لەسەر نووکی پەنجەکانیان دەڕۆن (بە ئینگلیزی: why do some children walk on the tip of their fingersڕۆیشتن لەسەر نووکی پەنجە حاڵەتێکە منداڵان لەسەر نووکی پەنجەکانیان دەڕۆن بەبێ ئەوەی پاژنەی پێیان لە زەوییەکە بدرێت، زیاتر لە منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٨ مانگدا دەبینرێت، واتە لەو کاتەدا کە منداڵەکان دەست بە هەوڵدان بۆ ڕۆیشتن دەکەن. ئەم حاڵەتە بەزۆری بە بەشێک لە قۆناغەکانی  گەشەسەندنی ئاسایی منداڵ دادەنرێت، ئەم حاڵەتە لە نزیکەی لە  ٪٥ ی منداڵاندا دەبینرێت. زۆرجار هیچ کێشەیەکی تەندروستی بەهۆی ئەم جۆرە ڕۆیشتنەوە دەستنیشان ناکرێت، بەڵام دایک و باوکان هێشتا لە بارەی ئەم شێوازە ڕۆیشتنەی منداڵەکانیان نیگەران دەبن.

لە هەندێک کاتدا ڕۆیشت لەم جۆرە دەکرێت نیشانەی کێشەی جەستەیی، کێشەی سیستمی دەماری یان کێشەی هەستەوەرەکان بێت وەک:

  • کورتی ژێی پاژنەی پێ (Achilles tendon).
  • ئۆتیزم.
  • پووکانەوەی ماسولکەکان.
  • کێشەی تری دەمار یان ماسولکەکان.

ڕۆیشتن لەسەر نووکی پێ زۆرجار ئاسایییە و جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ڕۆیشتن لەسەر نووکی پێ ئەم حاڵەتانەش لە منداڵەکەتدا بینرا، ڕاوێژ بە پزیشکی منداڵان بکە:

  • ڕەقبوونی ماسولکەکان، بەتایبەتی لە قاچەکان یان پاژنەی پێ.
  • زۆر کەوتن لە کاتی ڕۆیشتندا.
  • لاوازی وەستان لەسەر پاژنەی پێ.
  • کاتێک سەیری چاوی منداڵەکە دەکەیت، ئەو ناتوانێت سەیرت بکات و سەرنجی شوێنێکی تر دەدات.
  • ڕەفتاری دووبارە وەک خولانەوە و جووڵەكردنی زۆر.

هەندێک منداڵ کاتێک داوایان لێ دەکرێت پاژنەی پێیەکانیان لە کاتی ڕۆیشتندا تەخت بکەن، ئەو کارە دەکەن و پاژنەی پێییەکانیان تەخت دەکەن. بەڵام منداڵانی تر بەتایبەتی ئەوانەی لەسەروو تەمەنی پێنج ساڵیدان، ناتوانن پاژنەی پێیەکانیان تەخت بکەن کاتێک داوایان لێ دەکرێت.

چارەسەر

  • وەرزش و ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنی ماسولکەی قاچ و ماسولکەی قەد.
  • دووبارە ڕایبهێنەرەوە بەهێواشی پیاسە بکات و لە کاتی ڕۆیشتن پاژنەی پێیەکانی بە باشی تەخت بکات.
  • لەپێکردنی پێڵاوی گونجاو، تاکوو یارمەتی منداڵەکان بدات شێوازی ڕۆیشتنیان گونجاو بێت، ئەو جۆرە پێڵاوانەی کە بەشی سەرەوەی قاچ دادەپۆشن زیاتر گونجاون بۆ ئەم حاڵەتە.
  • قاڵبی پلاستەر: قاچی منداڵەکان بۆ ماوەی چوار هەفتە دەخرێتە قاڵبی پلاستەرەوە (دوو هەفتە جارێک پلاستەرەکە دەگۆڕدرێت) دەبێتە هۆی ئەوەی ماسولکەکان زۆرتر بکشێن و جووڵەی جومگەی پێش زیاد بکات.
  • ئەگەر چارەسەرەکانی تر شکستیان هێنا، ڕەنگە پزیشک پێشنیازی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ درێژکردنی ماسولکە و ژێیەکان لە بەشی پشتەوەی قاچ بکات.

زیاتر ئەو منداڵانەی کە تووشبووی نەخۆشی ئۆتیزمن لەسەر نووکی پێیەکانیان دەڕۆن. لەم کاتەدا ڕوودانی ئەم حاڵەتە ڕەنگە پەیوەندی بە هەستەوەرەکانەوە هەبێت. سیستمی هەستەوەرەکان بەرپرسە لە کاردانەوە بەرامبەر جووڵە، شوێنەکان.

ڕۆیشتن لەسەر نووکی پێ لە کەسانی پێگەیشتوودا

هەندێک لە خەڵکی لە تەمەنێکی پێگەیشتووشدا هەر لەسەر نووکی پێیەکانیان دەڕۆن، زیاتر لەم تەمەنەدا ئاماژە بە کێشەی تەندروستی وەک سیستمی دەماری دەدات.

کاریگەرییە خراپەکانی

ڕۆیشتن بە بەردەوامی بۆ ماوەیەکی زۆر بەم شێوەیە، دەکرێت ببێتە هۆی توندبوونی ماسولکە و ژێیەکانی پێ بەم جۆرەش سەخت دەبێت بۆ منداڵەکان کە بتوانن دواتر بەشێوەیەکی ئاسایی بڕۆن و لە کاتی ڕۆیشتندا پاژنەی پێیەکانیان تەخت بکەن. هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای جووڵە لە منداڵەکاندا یان ڕەنگە لە پۆشینی پێڵاوی وەرزشی وەک خلیسکێنەی سەر بەفردا کێشە بۆ منداڵەکان دروست بکات. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کێشەی ماسولکەکان و ئازاری پێیەکان لە تەمەنێکی گەورەتردا دەربکەون.


سەرچاوەکان



1899 بینین