ناوهڕۆك
ناساندن
ئیستێتیک، جوانناسی یان جوانیناسی (بە ئینگلیزی: Aesthetics، Esthetics یان Aesthetic، بە عەرەبی: فلسفة الجمال یان الاستطيقا) لقێکی فەلسەفەیە، پەیوەندییەکی نزیکی بە فەلسەفەی هونەرەوە هەیە، مامەڵە لەگەڵ سروشتی جوانی و چێژدا دەکات، ئیستاتیکا هەردوو سەرچاوەی سروشتی و دەستکرد، چۆنییەتی تێڕوانین و بڕیاردان سەبارەت بەو سەرچاوانە دەگرێتەوە.
لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە مێشکماندا چی دەگوزەرێت لە کاتی بینینی شتەکاندا، وەکوو ئەوەی لە کارێکی هونەری دەڕوانیت، گوێگرتن لە مۆسیقا، خوێندنەوەی شیعر، ئەزموونکردنی شانۆگەرییەک، سەیرکردنی نمایشێکی جلوبەرگ، فیلم، وەرزش یان تەنانەت گەڕان بەدوای لایەنە جۆراوجۆرەکانی سروشتدا.
فەلسەفەی هونەر بە تایبەتی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی خەیاڵکردن و دروستکردن و ئەنجامدانی بەرهەمی هونەری هونەرمەندان دەکات، هەروەها چۆن مرۆڤەکان هونەر بەکاردەهێنن و چێژوەردەگرن و ڕەخنەیان لێدەگرن.
جوانیناسی ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە بۆچی مرۆڤەکان حەزیان لە هەندێک کاری هونەرییە و حەزیان لە هەندێکی تر نییە، هەروەها چۆن هونەر دەتوانێت کاریگەری لەسەر باری دەروونی یان تەنانەت بیروباوەڕەکانمان هەبێت.
هەردوو ئیستاتیکا و فەلسەفەی هونەر هەوڵدەدەن وەڵام بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەڕاستی هونەر چییە؟ کارە هونەرییەکان چییە؟ یان چی هونەرێکی باش دروست دەکات؟
زانایانی ئەو بوارە ئیستاتیکایان بە "ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر هونەر و کولتوور و سروشت" پێناسە کردووە.
لە زمانی ئینگلیزی مۆدێرندا، زاراوەی "ئیستاتیکا" دەتوانێت ئاماژە بە کۆمەڵێک بنەماش بکات کە بنەمای بەرهەمەکانی بزووتنەوە یان تیۆرێکی هونەری تایبەتن، بۆ نموونە کاتێک مرۆڤ باس لە ئیستاتیکایەکی ڕێنیسانس دەکات.
مێژوو و وشەوانی ئیستاتیکا
وشەی ئیستاتیکا لە وشەی یۆنانی (Aisthētikos) وەرگیراوە، لەو کاتەدا بە واتای پەیوەندیدار بە تێگەیشتن لەلایەن هەستەکانەوە پێناسە دەکرا. سەرەتای وشەکە تێکەڵەیەک بوو لە وشە یۆنانییەکانی (Aisthēta) بە واتای شتە هەستپێکراوەکان، (Aisthesthai) بە واتای هەستکردن.
بۆ چەندین سەدە پێشتر، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یۆنانی کۆن، ڕەنگدانەوەی فەلسەفی، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی پارچەپارچەش بێت، لەسەر شیعر و نیگارکێشی و مۆسیقا و جوانی هەبووە و ئەم ڕەنگدانەوانە کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر فەلسەفەکردنی دواتر هەبوو.
یەکەم بەکارهێنانی دەستەواژەی ئیستاتیکا بە هاوشێوەی واتا مۆدێرنەکەی بە شێوەیەکی باو بۆ ئەلێکساندەر باومگارتن بۆ ساڵی ١٧٣٥ دەگەڕێتەوە، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر لە سەدەی هەژدەیەم لەلایەن نووسەرانی وەک ئەنتۆنی ئاشلی کوپەر، جۆسیف ئەدیسۆن، ژان باپتیست دو بۆس و فرانسیس هاچسۆن یەکەم لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی ئیستاتیکا بە واتا ئاشناکەی وەک لقێکی جیاوازی فەلسەفە دیاری دەکەن.
ئەو پێناسەیەی ئەمڕۆ دەیزانین لە ئەورووپای سەدەی هەژدەیەمەوە هاتووە، هەر لە سەدەی هەژدەیەمیشدا خراوەتە فەرهەنگی فەلسەفەوە، بەڵام تا سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە زمانی ئینگلیزیدا وەرنەگیرا.
ئیستاتیکا و فەلسەفەی هونەر
هەندێک ئیستاتیکا و فەلسەفەی هونەر جیادەکەنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یەکەمیان لێکۆڵینەوەی جوانی و چێژ و سەلیقەیە، لەکاتێکدا دووەمیان لێکۆڵینەوەی بەرهەمە هونەرییەکانە. بەڵام ئیستاتیکا بە شێوەیەکی گشتی پرسیارەکانی جوانی و هەروەها پرسیارەکانی هونەریش لەبەرچاو دەگرێت. لە بابەتەکانی وەکوو کارە هونەرییەکان، ئەزموونی ئیستاتیکا و بڕیاردانی ئیستاتیکا دەکۆڵێتەوە.
هەندێکیان ئیستاتیکا بە هاوواتای فەلسەفەی هونەر لە دوای هیگڵەوە (فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بوو، یەکێکە لە کەسایەتییە دامەزرێنەرەکانی فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژاوایی، کە لە ساڵانی ١٧٧٠ بۆ ١٨٣١ ژیاوە.) دەزانن، هەندێکی تریش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم بوارانەدا هەیە کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە. مەرج نییە ئەوەی ئیستاتیکا سەرنجی لەسەریەتی کارێکی هونەری بێت، بەڵام فەلسەفەی هونەر سەرنجی لەسەر هونەرە.
ئیستاتیکای فەلسەفی نەک هەر دەبێت قسە لەسەر هونەر و کارە هونەرییەکان بکات، بەڵکوو دەبێت پێناسەی هونەریش بکات. خاڵێکی هاوبەشیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هونەر سەربەخۆیە و هیچ ئامانجێکی ئەخلاقی یان سیاسی هەیە.
جوانی
جوانی یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ئیستاتیکا لەگەڵ هونەر و چێژ و سەلیقە. زۆرێک لە پێناسەکان ئەو بیرۆکەیە لە خۆ دەگرن کە شتێک جوانە ئەگەر ئەو شتە چێژێکی ئیستاتیکای لەگەڵدا بێت.
لە نموونەی شتە جوانەکان دیمەنی سروشتی، خۆرئاوابوون، جوانی مرۆڤ و کاری هونەرییە. جوانی بەهایەکی ئیستاتیکای ئەرێنییە کە دژایەتی لەگەڵ ناشیرینی دەکات.
لەلایەکەوە جوانی وەک تایبەتمەندییەکی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ شتەکان، لە لایەکی ترەوە پێدەچێت پەیوەست بێت بە وەڵامی دەوروبەرەوە و پەیوەندی بە بیرکردنەوەکانی بەرانبەرەوە هەبێت، هەر وەک دەوترێت جوانی لە چاوی تەماشاکەرەوەیە.
چەمکی جۆراوجۆر سەبارەت بە چۆنیەتی پێناسەکردن و تێگەیشتن لە جوانی پێشنیارکراوە. چەمکە کلاسیکییەکان جەخت لەسەر لایەنی بابەتیی جوانی دەکەنەوە بە پێناسەکردنی لە ڕووی پەیوەندی نێوان شتێکی جوان بە گشتی و بەشەکانی، پێویستە بەشەکان بە ڕێژەیەکی گونجاو لەگەڵ یەکتردا بگونجێن و جوان بن، بەم شێوەیە بە کۆی گشتی ئەو شتە جوانە.
لە بەرانبەردا چەمکە چێژبەخشەکان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر لایەنی بابەتیی بە کێشانی پەیوەندییەکی پێویست لە نێوان چێژ و جوانیدا، بۆ نموونە بۆ ئەوەی شتێک جوان بێت، پێویستە کە ببێتە هۆی چێژێک.
چەمکەکانی تر بریتین لە پێناسەکردنی شتە جوانەکان لە ڕووی بەهاکانیانەوە، لە ڕووی هەڵوێستێکی خۆشەویستییەوە بەرانبەریان، یان لە ڕووی ئەو ئەرک و چالاکییەی دەیکەن تا ئەو هەستی جوانییە دروست بکەن.
بڕیاردانەکان لەسەر ئیستاتیکا
ئیستاتیکا وەڵامی هەستەکان بۆ شتێک یان دیاردەیەک دەداتەوە، بڕیاردانەکان لەسەر جوانییەکان پشت بە جیاکاری لە هەستەکاندا دەبەستێت، جیاکاری لە هەستەکان بەندە بە توانای چێژوەرگرتنەوە، بەڵام بڕیاردانەکان لەسەر ئیستاتیکا لە هەستێکی ئاسایی بەرانبەر شتێک تێدەپەڕن، هەستەکان دەبێت چێژێک دروستبکەن، بڕیاردان لەسەر جوانی هەست و سۆز و فیکرییە.
کاتێک کەسێک دەڵێت “ئەم تابلۆیە جوانە”، ئەوە بە شێوەیەکی گشتی بڕیاری تاکەکانی تریشی داوە و پێویستە بڵێت “ئەم تابلۆیە بە لای منەوە جوانە”، چونکە هەموو تاکێک هەستی خۆی هەیە بۆ بینینی شتەکان، هەستەکانی مرۆڤ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
بە بڕوای کانت جوانی زەینی و گشتگیرە، بەم شێوەیە هەندێک شت لای هەموو کەسێک جوانە. هەرچەندە بەشێکی زۆر لە جوانییەکان پەیوەستن بە بیرکردنەوەی تاکەکانەوە، کە مەرج نییە ئەوەی لای کەسێک جوان بێت لای کەسێکی تریش بە هەمان شێوە جوان بێت، بۆیە هەندێک جوانی هەم جوانی زەینی و گشتگیرە و لای هەموو کەسێک جوانە، هەم پەیوەستە بە بیرکردنەوەی تاکێکەوە.
ئیستاتیکا لە ئیسلامدا
هەروەک بەشێکی ئیستاتیکا پەیوەندی بە هونەر و جوانییە دەستکردەکانەوە هەیە، هونەری ئیسلامی لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕەنگ و هاوسەنگی لە نێوان دیزاین و فۆرمدا کاریگەرییەکی بینراوی ڕاستەوخۆ دروست دەکەن. سەرنجڕاکێشیی ئیستاتیکای ئیسلامی مەودای کات، شوێن، هەروەها جیاوازی زمان، کولتوور، بیروباوەڕێکی جیاوازە.
بۆ بینەرێکی ئەمریکی سەردانێک بۆ گەلەرییە ئیسلامییەکانی مۆزەخانەیەک، وەک مۆزەخانەی هونەری لۆس ئەنجلس کاونتی دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ چوونە ناو مێژووی ئایینێک و کولتوورێکی جیاواز، کە زۆرجار تەنها بیستوویانە بەڵام کەمێکی لێ تێ دەگەن.
لە ئیسلامدا ناتوانیت وێنای خوا بکەیت، زۆر لە ئاستێکی باڵاتر لە وێناکردنی مرۆڤ دادەنرێت. بەم شێوەیە ئیستاتیکای ئیسلامی جەختی لەسەر دیکۆراتی هونەری دەکردەوە، یان بیروباوەڕ و ئەرکە ئایینییەکانی تر کە بتوانرێت وێنای بکرێت. وەکوو گرنگیدان بە نەخشی ئەندازەیی، نەخشی گوڵ، ئەرەبێسک (نەخشی عەرەبی: نەخشێکی ئاڵۆز و تێک ئاڵاوە) و نەخشی ئەندێشەیی باو بوون.
هاوکات خۆشنووسی گرنگترین هونەری ئیسلامییە، بەهۆی پەیوەستبوونی ئیسلام بە قورئان، خۆشنووسی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بە بەرزترین و گرنگترین هونەر دادەنرێت.
گرنگیدان بە خۆشنووسی لە قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ هەموو جۆرەکانی هونەر، لەوانەش دەستنووسە عەلمانیەکان، هەروەها ئەو نووسراوانەی کە بۆ کاری کانزا، کۆفە، بەرد، شووشە، دار و قوماش بەکارهێنراون.
ئەم گرنگیدانە لە خۆشنووسیدا، بۆ گەلانی ناعەرەب و لەناو جیهانی ئیسلامیشدا درێژبووەوە، ئەو گەلانەی کە زمانەکانیان وەکوو فارسی، تورکی و ئوردوە.
هەروەها هونەری ئیسلامی بە مەیلی بەکارهێنانی نەخشەکان دەناسرێتەوە کە لە توخمە ئەندازەیی یان ڕووەکییە ئاڵۆزەکان یان نەخشەکانە، وەکوو ئارەبێسک.
لێرەدا دەتوانرێت جیاوازییەک لە نێوان هونەری ڕۆژئاوایی و ئیسلامیدا بکرێت. لە هونەری ڕۆژئاوادا نیگارکێشی و پەیکەرسازی پێشەنگن، بەڵام لە کولتوورە ئیسلامییەکاندا هونەری دیکۆراتی زاڵن. ئەم هونەرە دیکۆراتانە بە کاری بەرد و کانزا، قوماش، فەرش، هونەری دەستنووسی، شووشە، سیرامیک و داری نەخشێنراو دەربڕدراون.
پاڵپشتی شاهانە بۆ زۆرێک لە هونەرە ئیسلامییەکان گرنگ بوو. چونکە فەرمانڕەواکان بەرپرسیار بوون لە دروستکردنی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی تر، هونەرە ئیسلامییەکان لە پێکهاتانە و کەلوپەلەکانیاندا ڕەنگی دابوویەوە.
نموونەی ئیستاتیکا
ئیستاتیکا ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی شتێک، بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ جوانییەکەیدا. زاراوەیەکە کە زیاتر ئاماژەیە بۆ توخمە بینراوەکان و هەروەها دەتوانرێت وەک ناوێک بەکاربهێنرێت بۆ وەسفکردنی ئەو پێوەرانەی کە بەهۆیانەوە بزووتنەوەیەکی هونەری یان هونەرمەندێک پێناسە دەکرێت، وەک ئیستاتیکای پۆستمۆدێرن.
ئایا ئیستاتیکای گشتگیر هەیە؟
ئایا شتێک هەیە لە ئیستاتیکادا لە دەرەوەی بەربەستەکانی کولتوور، داب و نەریتی، نەتەوەیی، پەروەردە و ڕاهێنان، سامانداری و هەژاری، ئایین و جیاوازییە مرۆییەکانی تر، گشتگیر بێت یان بتوانێت گشتگیر بێت؟ پێدەچێت وەڵامەکە بەڵێ بێت.
ئەو جوانییە گشتگیرانەش یان لە دروستکراوەکانی خوایە، یان بەهۆی پرۆسەی پەرەسەندنی سروشتییەوە سەرهەڵدەدەن، پێدەچێت هەندێک تایبەتمەندی گشتگیر لەلایەن هەموو مرۆڤەکانەوە هاوبەش بن.
چەندین دیمەن و نەخش و نیگار، هەندێک نموونە بریتین لە دایکی منداڵ، زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان و سەرکەوتن، لەناوچوونی ستەمکارێک بە نزیکەی گشتگیر و سەرنجڕاکێشن.
ئیستاتیکا لە هەندێک بواری هونەری تایبەتدا
فیلم و ڤیدیۆ و تەلەفزیۆن چەندین لایەنی هەمەچەشن تێکەڵ دەکەن، کە ڕەنگە هەر یەکەیان جوانییەکی تایبەت بە خۆی هەبێت، وەکوو شێوازی وێنەگرتنەکەی، تۆمارکردنی دەنگ، مۆنتاژکردن و بەکارهێنانی نۆتەی مۆسیقا. هەروەها دیزاین، شوێنی وێنەگرتن، شێوازی جلوبەرگ و ئارایشت، هەموو ئەمانە بەیەکەوە گرێ دراون و جوانییەک دەبەخشن.
ڕەچاوکردنی جوانکاری لەناو هونەرە بینراوەکاندا بەزۆری پەیوەستە بە هەستی بینین، وەکوو بینینی تابلۆیەک یان پەیکەرێک.
هاوکات ئیستاتیکا لە نەخشەسازی پەیوەندی بە ئەزموونی بینراوی خوێندنەوەی نەخشەوە هەیە، دەتوانێت دوو شێوە بگرێتەبەر، یەکەمیان وەڵامدانەوە بۆ خودی نەخشەکە وەک شتێکی جوانکاری، بۆ نموونە لە ڕێگەی وردەکاری و ڕەنگ و فۆرمەوە، هەروەها بابەتی نەخشەکە کە هێما کراوە، وەکوو دیمەنی سروشتی، بۆ نموونە، دەربڕینێکی تایبەتی زەوی، بەرز و نزمی جوانییەک پێکدەهێنن.
هەروەها مۆسیقا هەندێک توخمی جوانکاری تایبەت بە خۆی هەیە کە ڕەنگ دەداتەوە لە شێوازی لیریک (دەربڕینی هەست و سۆز)، گونجانی نۆتەکان، دینامیکی دەنگ، دەنگدانەوە و یاریکردن بە دەنگ و چەندانی تر.
هونەرەکانی نواندنیش چەندین جوانکاری لە خۆیان هەڵدەگرن، وەکوو چیرۆکگێڕانەوە، شێوازی گفتوگۆ، جلوبەرگ و ئارایشت و چەندانی تر.
لە شیعر و کورتە چیرۆک و ڕۆماندا نووسەران تەکنیکی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سەرنجمان ڕابکێشن. بەپێی جۆری نووسین نووسەر دەتوانێت شێوازی نووسین، وێناکردن، پێکهاتە، گۆڕینی کات، وێنەسازی، خەیاڵکردن، نوکتە و چەندانی تر بەکاربهێنن و وێنایەکی جوان بنەخشێنن.
هەرچەندە خواردن کاڵایەکی بنەڕەتییە و بەردەوام ئەزموون دەکرێت، بەڵام گرنگیدانێکی ورد بە جوانکارییەکانی خواردن دەکرێت جوانی و چێژێکی تایبەتتر بە خواردنەکە ببەخشێت، وەکوو بەکارهێنانی هەندێک بەهاراتی بۆن خۆش یان ڕازاندنەوەی خواردنەکان.
ستافی بەشی جوانکاری لە پیشەسازییەک یان کۆمپانیایەکدا سەرنجیان لەسەر دیزاین و دەرکەوتن و شێوازی هەستکردنی خەڵک بۆ بەرهەمەکانە، بۆیە گرنگی بە دەرکەوتنی بەرهەمەکە دەدەن.
لە بواری تەلارسازی و دیزاینی ناوەوەدا بنەما باوەکانی جوانکاری بریتین لە ڕازاندنەوە، هێڵکاری لێوارەکان، پێکهاتەی تەلارەکە، نەخشەسازی، ڕەنگ، کارلێکی تیشکی خۆر و سێبەرەکان جوانییەک دەبەخشن. بۆ دیزاینی ناوەوەش ڕەنگ، گونجانی ڕەنگ، کاغەزی دیوار، ڕازاندنەوە، کەلوپەل، قوماش، ڕووناکی و فەرش گرنگن.
لە دیزاینی دیمەنی سروشتیشدا سوود لە هێڵ، شێوەی زەوییەکە، حەوز، نافورە، کاری بەردی، چاندنی ڕووەک، ڕووناکی دەرەوە و چەمی دەستکرد وەردەگیرێت.
دیزاینەرانی جلوبەرگ چەندین تەکنیک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕێگەی جلوبەرگەکانیانەوە خۆیان دەرببڕن. دیزاینەران قوماش، بڕین، ڕەنگ، گونجانی ڕەنگ، دانتێل و ئیکسسوارات و چەندانی تر بەکاردەهێنن تا جوانییەک ببەخشن. هەندێک دیزاین کلاسیکن و ئاماژە بە ڕابردوو دەکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر هەوڵدەدەن شتێکی تەواو نوێ یان جیاواز دابهێنن، هەندێکی تریش گۆڕانکاری بچووکن لە شێوازی دیزاین یان خەیاڵەوە وەرگیراوەکان. ئەم هونەرانە و چەندانی تر مرۆڤ بە تێڕوانینیان جوانییەک بەدی دەکەن کە هەندێکیان جوانییەکی گشتگیرن و هەندێکیان لە تێڕوانینی تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت.