ئەو خووە خراپانەی زیان بە مێشک دەگەیەنن

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-24-13:35:00 - کۆدی بابەت: 10764
ئەو خووە خراپانەی زیان بە مێشک دەگەیەنن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێشک (بە ئینگلیزی: Mind، بە عەرەبی: عقل) بریتییە لە کۆمەڵە توانایەک کە بەرپرسن لە هەموو دیاردە دەروونییەکان. زۆرجار ئەم زاراوەیە لەگەڵ خودی دیاردەکانیشدا دەناسرێتەوە. ئەم توانایانە بریتین لە بیرکردنەوە، خەیاڵ، یادەوەری، ئیرادە و هەست. ئەمانەش بەرپرسن لە دیاردە دەروونییە جۆراوجۆرەکان، وەک هەستکردن، ئازار، باوەڕ، ئارەزوو، نیەت، هەست و سۆز.

ئەو خووە خراپانە چین کە زیان بە مێشک دەگەیەنن؟

مێشک یەکێکە لە بەنرخترین سەرمایەکانی مرۆڤ. کۆنتڕۆڵی هەموو کارێک دەکات کە ئەنجامی دەدەیت، گرنگە بە هەڵبژاردنی خووی تەندروست ئاگاداری بیت. زۆر کەس ئەو خووانە دروست دەکەن کە دەبێتە هۆی ئازاردانی مێشکیان. ئەمانە تەنها چەند خوویەکن کە دەتوانن ئازاری مێشکت بدەن، ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە کە ئاگاداری ئەم خووانە بیت و تا دەتوانیت لێیان دوور بکەوەرەوە. بەشێک لەو خووانە بریتین لە:

نەخەوتنی پێویست: یەکێکە لە خراپترین کارەکان کە دەتوانیت بۆ مێشکتی بکەیت. کاتێک کە بەشی پێویست ناخەویت، مێشکت دەرفەتی پشوودان و چاکبوونەوەی لە ڕۆژەکەدا نییە. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی جدی وەک دابەزینی توانای مێشک، لەدەستدانی بیرەوەری و گۆڕانی باری دەروونی. لە ڕاستیدا هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە کەم خەوی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە زیاد دەکات. ئەگەر کەسێکی پێگەیشتوویت و دەتەوێت مێشکت بپارێزیت، دڵنیابە کە بەردەوام هەموو شەوێک لایەنی کەم حەوت کاتژمێر دەخەویت. هەروەها گرنگە هەر تێکچوونێکی خەو (خووە نامۆکانی کاتی خەو) چارەسەر بکرێت، وەکوو وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا.

جگەرەکێشان: خوویەکی تری ترسناکە. یەکێکە لە خراپترین کارەکان کە دەتوانیت بۆ تەندروستی گشتی خۆتی بکەیت و ئەوەش تەندروستی مێشکت دەگرێتەوە. جگەرەکێشان زیان بە خوێنبەرەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن، ئەمەش دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک و دابەزینی توانای زانین. هەروەها ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە دوو هێندە زیاترە. ئەگەر جگەرە دەکێشیت، وازهێنان باشترین شتە کە دەتوانیت بۆ مێشک و جەستەتی بکەیت.

بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە تەنیا: لە کاتێکدا هەموومان جارجارە ئارەزووی بەسەربردنی کات بە تەنیا دەکەین، بەڵام کۆمەڵایەتی بوون گرنگە بۆ تەندروستی مێشکت. بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە تەنیا دەتوانێت بەقەد نەخەوتنی پێویست بۆ مێشکت خراپ بێت. کاتێک بەردەوام لە دەوری کەسانی تر دەبیت، مێشکت لە کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە هاندەر وەردەگرێت. بەڵام کاتێک بەردەوام بە تەنیا دەبیت، مێشکت هەمان ئەو هاندەرە بەدەست ناهێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تەنانەت نەخۆشی بیرچوونەوە. ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە کە زۆرترین کات لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەت بەسەر دەبەیت.

کەمی جووڵە: خوویەکی تر کە دەتوانێت زیان بە مێشکت بگەیەنێت، نەبوونی جووڵەی پێویستە. ئەگەر شێوازی ژیانی دانیشتووت هەیە و دانیشتنی زۆرە، کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکارییەک بکەیت. زۆر جێگیر بوون و دانیشتنی زۆر دەبێتە هۆی هەموو جۆرە کێشەیەکی تەندروستی، لەوانە قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە. هەموو ئەم کێشە تەندروستییانە دەتوانن زیان بە مێشکت بگەیەنن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە زیاد بکەن. ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە لەوەی کە وەرزشێکی بەردەوام دەکەیت. بە لایەنی کەمەوە هەفتەی سێ جار نیو کاتژمێر بە پێ ڕۆیشتن بکە.

زۆرخۆری: زیادەڕۆیی کردن لە خواردن خوویەکی ترە کە دەتوانێت ئازاری مێشکت بدات، تەنانەت ئەگەر خواردنی تەندروستیش بخۆیت. زیادەڕۆیی لە خواردن پەیوەندی بە کێشەکانی وەک لەدەستدانی بیرەوەری و دابەزینی توانای مێشک لە کەسانی پێگەیشتوودا هەیە. ئەگەر دەتەوێت مێشکت بپارێزیت، دڵنیابە کە خۆراکی تەندروست دەخۆیت و کۆنتڕۆڵی بڕی خۆراک دەکەیت.

زۆر خواردنی خۆراکی ناتەندروست: هەروەک چۆن زیادەڕۆیی لە خواردن بەگشتی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە مێشکت، زۆر خواردنی خۆراکی ناتەندروستیش دەتوانێت زیانبەخش بێت. خواردنی ناتەندروست بۆ تەندروستی خراپە و ئەوەش مێشکت دەگرێتەوە. ئەو کەسانەی کە بڕێکی زیاتر لە خواردنی سوورکراوە، چپس، بەرگر و خواردنەوە گازییەکان دەخۆن، زیانێکی زیاتر بە مێشکیان دەگات. هەروەها خواردنە ناتەندروستەکان پڕن لە شەکر و کالۆری، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە. ئەگەر دەتەوێت مێشکت بپارێزیت، دڵنیابە کە خۆراکی تەندروست دەخۆیت و کەمترین خواردنی ناتەندروستت هەبێت.

بەرزی دەنگی بیستۆکەکەت:  لە کاتێکدا گوێگرتن لە هەندێک دەنگ ڕێگەیەکی باشە بۆ ئارامی مێشک. بەڵام ئەگەر بیستۆکەکەت دەنگی بەرز بێت، لەوانەیە زیان بە بیستنت بگەیەنیت تەنانەت ئەگەر کاتییش بێت. گەر بۆ ماوەی ٣٠ خولەکیش بێت دەبێتە هۆی تێکچوونی بیستن. کاتێک زیان بە بیستنت دەگەیەنێت، دەکرێت ببێتە هەمیشەیی. لە کاتێکدا لەدەستدانی بیستن کێشەیەکی ترە، بەڵام ئەو کەسانەی لەدەستدانی بیستنیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاترە. هەندێک لە توێژەران گریمانە دەکەن ئەمە لەبەر ئەوە ڕوودەدات، کە مێشک زۆر کار لەگەڵ دەنگە بەرزەکان بۆ بیستن دەکات، کە ناتوانێت یادەوەرییەکانی ئەو شتانەش هەڵبگرێت کە دەبیسترێت. بۆیە ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە کە گوێ لە هەندێک دەنگ بە دەنگێکی سەلامەت و نزم دەگریت، لە یەک کاتدا زیاتر لە یەک بۆ دوو کاتژمێر بەردەوام نەبیت.

بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە تاریکیدا: ئەگەر کاتێکی زۆر لە تاریکیدا بەسەر ببەیت، مێشکت بەشی پێویست تیشکی خۆری بەر ناکەوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی وەکوو تێکچوونی هەستی وەرزی و خەمۆکی. ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە کە هەموو ڕۆژێک تیشکی خۆر بەرت دەکەوێت، ناوبەناو بچۆ دەرەوە.

پشتگوێخستنی کێشە تەندروستییەکانت: ئەگەر کێشەیەکی تەندروستیت هەیە، گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت و چارەسەر وەربگریت. پشتگوێخستنی کێشە تەندروستییەکان دەبێتە هۆی کێشەی جدیتر، لەوانەش تێکچوونی مێشک. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە بەرزی فشاری خوێنیان چارەسەر نەکراوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە زیاترە. هەروەها چارەسەرنەکردنی خەمۆکی و نەخۆشی شەکرە دەتوانێت زیان بە مێشکت بگەیەنێت. ئەگەر دەتەوێت مێشکت تەندروست بێت، دڵنیابە کە سەردانی پزیشک دەکەیت بۆ هەموو کێشە تەندروستییەکانت.

نەبوونی کارلێکی کەسی: گفتوگۆکردن سوودی بۆ مێشکت هەیە. پرۆسەی ئەوەی کە دەبێت بیرکردنەوە و هەستەکان ڕێکبخەیت، دواتر بیانگۆڕیت بۆ زمان لە هەمان کاتدا واتای ئەو وشانە ڕێکبخەیت کە لەو کەسانەوە دێن کە قسەیان لەگەڵ دەکەیت، ڕاهێنانێکی سەرنجڕاکێش و سوودبەخشە بۆ مێشکت. گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسێکی تردا بیرەوەری و زانین باشتر دەکات. هەروەها ئاستی بەرزی کارلێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توانای مێشک. 


سەرچاوەکان



236 بینین