ناوهڕۆك
ناساندن
ئیکوادۆر (بە ئینگلیزی: Ecuador، بە عەرەبی: الإكوادور)، بە فەرمی کۆماری ئیکوادۆر، وڵاتێکە لە باکووری ڕۆژاوای ئەمریکای باشوور، لە باکوورەوە لەگەڵ کۆڵۆمبیا، لە ڕۆژەڵات و باشوورەوە لەگەڵ پیرۆ و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە. هەروەها ئیکوادۆر دوورگەکانی گالاپاگۆس لە زەریای هێمن لەخۆ دەگرێت کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای بەشی سەرەکی کیشوەرەوە دوورە. لەگەڵ ئەوەشدا پایتەختی وڵات و گەورەترین شاری کویتۆیە.
زانیاری گشتی
ناو | ئیکوادۆر یان کۆماری ئیکوادۆر |
پایتەخت و گەورەترین شار | کویتۆ |
زمانی فەرمی | ئیسپانی |
ڕووبەری گشتی | ٢٥٦٫٣٧٠ كم٢ |
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا | ١٧٫٢٨٩٫٥٥٤ کەس |
چڕیی دانیشتووان | ٦٩/كم٢ |
سەربەخۆبوون لە ئیسپانیا | ٢٤ـی ئایاری ١٨٢٢ |
سەربەخۆبوون لە گران کۆڵۆمبیا | ١٣ـی ئایاری ١٨٣٠ |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
کۆدی تەلەفۆن | ٥٩٣+ |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | مەسیحی |
یەکەی دراو | دۆلاری ئەمریکی USD |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠١٩ | ١٠٦٫٢٨٩ بلیۆن دۆلار |
مێژوو و گرنگی وڵاتەکە
ناوچەکانی ئیکوادۆری مۆدێرن سەردەمانێک شوێنی نیشتەجێبوونی چەندین گرووپی ڕەسەن بوون کە وردەوردە لە ماوەی سەدەی پازدەهەمدا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ئینکادا یەکخران و یەکیانگرت. خاکی ئیکوادۆر لە ماوەی سەدەی ١٦ـدا ئیسپانییەکانی لێ نیشتەجێ بوو و لە ساڵی ١٨٢٠ـدا وەک بەشێک لە گران کۆڵۆمبیا سەربەخۆیی بەدەستهێنا، دواتر و لە ساڵی ١٨٣٠ـدا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەرکەوت. بوونی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە لە ناوچەکەدا کاریگەری لەسەر هەمەجۆری دانیشتووانی وڵاتەکە هەیە. زمانی ئیسپانی زمانی فەرمیی دانیشتووانە و لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت، بەڵام ١٣ زمانی ڕەسەنی دیکەش لە ناوچەکەدا قسەیان پێ دەکرێت.
ئیکوادۆر وڵاتێکی گەشەسەندووە و پشت بە ڕۆنبەرد و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت. وەک کۆمارێکی دیموکراسی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەبرێت. ئەم وڵاتە ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، مێرکۆسور، پرۆسور و بزووتنەوە بێلایەنەکانە. ئیکوادۆر یەکێکە لە ١٧ وڵاتە هەمەجۆرەکانی جیهان و نیشتیمانی زۆرێک لە ڕووەک و ئاژەڵە نیشتیمان نشینەکانە، وەکوو ئەو ڕووەک و ئاژەڵانەی کە لە دوورگەکانی گالاپاگۆسن. سەرەڕای ئەوەش بەپێی ئامارەکانی سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و سیاسەت، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٦، ڕێژەی هەژاری لە ٣٦٫٧٪ بۆ ٢٢٫٥٪ دابەزیووە و گەشەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی هەر کەسێک لە سەدا ١٫٥ بووە، بە بەراورد بە دوو دەیەی پێشوو کە لە سەدا ٠٫٦ بووبوو.
دانیشتووان
دانیشتووانی ئیکوادۆر لەڕووی نەتەوەییەوە هەمەچەشنە و لە خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٢١ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئیکوادۆر ١٧٫٧٩٧٫٧٣٧ کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا گەورەترین گرووپی نەتەوەیی وڵاتەکە مێستیزۆکان بوو، کە ڕەگەزیان تێکەڵە و بە ڕەچەڵەک هیندی ئەمریکی و ئەورووپین، بە شێوەیەکی گشتی لە کۆلۆنیالیستە ئیسپانییەکانن، دەشێت لە هەندێک حاڵەتدا ئەم زاراوەیە ئەمریکییەکانیش بگرێتەوە کە لەڕووی کولتوورییەوە زیاتر کاریگەری ئیسپانییان لەسەرە و نزیکەی ٧١٪ـی دانیشتووانی ئیکوادۆر پێک دەهێنن. سپی پێستەکانی ئیکوادۆر (سپی پێستی ئەمریکای لاتین) کەمینەیەکن کە ٦٫١٪ـی دانیشتووانی ئیکوادۆر پێک دەهێنن و بە پلەی یەکەم لە دەوروبەری ناوچە شارستانییەکاندا نیشتەجێن. هەرچەندە دانیشتووانی سپی پێستی ئیکوادۆر لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا بە شێوەیەکی سەرەکی نەوەی ئیسپانیا بوون، بەڵام لە ئێستادا لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە کۆچبەرانی ئەورووپییەوە سەرچاوەیان گرتووە کە زۆرینەیان لە ئیسپانیاوە هاتوون لەگەڵ خەڵکی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سویسرا کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون. جگە لەوەش، دانیشتووانێکی کەمی جوولەکە ئەورووپییەکان (جوولەکەکانی ئیکوادۆر) لە وڵاتەکەدا هەن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە شاری کویتۆ و تا ڕادەیەکی کەمتر لە گوایاکیل جێگیرن. هەروەها ئیکوادۆر خاوەنی دانیشتووانێکی کەمی بە ڕەچەڵەک ئاسیاییە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوای ئاسیاوە هاتوون، وەک وەچەکانی کۆچبەرانی لوبنانی و فەڵەستینی کە لەڕووی ئابوورییەوە دەوڵەمەندن و یان مەسیحین یان موسڵمانن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە وڵاتدان کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی و چینین، کە باووباپیرانیان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا وەک کرێکاری کانگە و کرێکاری کێڵگە و ماسیگر هاتوونەتە ناوچەکە. ئەمریکییەکان ٧٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. مێستیزۆ گوندنشینەکان لە پارێزگا کەنارییەکانی ئیکوادۆر نیشتەجێن و ٧٫٤٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. سەرەڕای ئەوەش ئەفریقییە-ئیکوادۆرییەکان دانیشتوویەکی کەمینەی ئیکوادۆرن و ٧٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ٥٫٠٠٠ کەسی ڕۆمانی لە ئیکوادۆر دەژین.
ئایین
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی نیشتیمانی سەرژمێری و ئاماری ئیکوادۆر، ٩١٫٩٥٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە ئایینیان هەیە، ٧٫٩٤٪ـی دانیشتووان بێدین و ٠٫١١٪ـی دانیشتووان گوماناوین لە بوونی خوا. لەنێو ئەو کەسانەی خاوەن ئایینن، ٨٠٫٤٤٪ـی دانیشتووان شوێنکەوتەی ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی، ١١٫٣٠٪ سەر بە ئایینی پرۆتستانتی ئینجیلین، ١٫٢٩٪ـی خەڵکی ئیکوادۆر ئەندامی بزوتنەوەیەکی مەسیحین بە ناوی گەواهی یهوا و ٦٫٩٧٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینەکانی دیکەن (بە شێوەیەکی سەرەکی جوولەکە، بوودیی و قەشەی هاوچەرخ).
کەشوهەوای ئیکوادۆر
لەبەر ئەوەی ئیکوادۆر کەوتۆتە سەر هێڵی ئیستوا، زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکە جگە لە سیێرا، کەشوهەوایەکی خولگەیی شێداریان هەیە. ئاو و هەوای وڵات بەپێی بەرزی لە ئاستی دەریا و هەرێمەکان دەگۆڕێت. بە شێوەیەکی گشتی کەشی ناوچە نزمەکانی کەنار دەریا لە بەشی ڕۆژئاوای ئیکوادۆر گەرمە و پلەی گەرمی ٢٥ پلەی سەدیە. ناوچە کەنارییەکان کاریگەری تەوژمەکانی زەریایان لەسەرە و لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و نیساندا گەرم و باراناوین.
کەشوهەوای کویتۆی پایتەخت و کەشوهەوای ناوچە بەرزەکان نیمچە خولگەیین. تێکڕای پلەی گەرمی لە ڕۆژدا ٢١ پلەی سەدییە و بە گشتی لە شەودا بۆ ١٠ پلەی سەدی دادەبەزێت. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٨ پلەی سەدییە. لە شارەکەدا دوو وەرزی هەیە، ئەوانیش بریتین لە وشک و باراناوی. وەرزی وشک لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا ئەیلوول بەردەوام دەبێت و وەرزی باراناوی یان تەڕ لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئایار دەخایەنێت.