ئایا دەتوانیت بە گەدەی بەتاڵەوە قاوە بخۆیتەوە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-31-02:36:00 - کۆدی بابەت: 10813
ئایا دەتوانیت بە گەدەی بەتاڵەوە قاوە بخۆیتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا دەتوانیت بە گەدەی بەتاڵەوە قاوە بخۆیتەوە (بە ئینگلیزی: Should you drink coffee on an empty stomach، بە عەرەبی: هل يجب أن تشرب القهوة على معدة فارغة). قاوە لەناو خەڵکیدا خواردنەوەیەکی پەسەندکراوە، تەنانەت لە هەندێک وڵات لەدوای ئاو بە پلەی دووەم دێت لە زۆر بەکارهێنانیدا. بێجگە لەوەی ماندووێتی کەم دەکاتەوە و هۆشیاری مرۆڤ زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری لەسەر هەست و ئەرکی مێشک و ئەنجامدانی ڕاهێنان دروست دەکات. هەروەها یارمەتی دابەزاندنی کێشی لەش دەدات و لەش لە هەندێک نەخۆشی وەک شەکرەی جۆری دوو، ئەلزەهایمەر و نەخۆشییەکانی دڵ دەپارێزێت. زۆربەی کەس ئارەزووی خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا دەکەن، بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت. لەوانەیە یەکێک بیت لەو کەسانەی بە دوای ئەو وەڵامەدا دەگەڕێن کە خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی دروست دەکات یاخود نا.

ئایا قاوە کێشەی هەرسکردن دروست دەکات؟

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، قاوە بەهۆی تاڵییەکەیەوە دەبێە هۆی چالاکبوونی بەرهەمهێنانی ترشی گەدە. زۆر کەس پێیان وایە خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ دەبێتە هۆی هەستکردن بە ناڕەحەتی گەدە، سووتانەوە و کزانەوە، برینی گەدە، هێڵنجدان، گەڕانەوەی ترشەڵۆکئ گەدە بۆ گەروو و هەروەها کێشەی هەرسکردنیش. لەم حاڵەتەدا لەبەرئەوەی لە گەدەد هیچ خۆراکێکی تر بەردەست نییە تاکوو دیواری گەدە لە زیان گەیاندن بەهۆی ترشەڵۆکی گەدەوە بپارێزێت، لە ئەنجامدا کەسەکە هەست بە ناڕەحەتی دەکات. هەندێک کەس هەستیاریییان بەرامبەر خواردنەوەی قاوە هەیە، تەنانەت ئەگەر دوای ژەمەکان قاوە بخۆنەوە دووچاری هەندێک نیشانە دەبنەوە کە دەکرێت کەسەکە بێزاربکات. هەوڵبدە لەدوای خواردنەوەی قاوە سەرنجی کاردانەوەی جەستەت بدەیت، ئەگەر دووچاری هەندێک نیشانە بوویتەوە، لە خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ دووربکەوە. 

ئایا  قاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی فشار؟

یەکێکی تر لەو بابەتانەی قسەی لەسەر دەکرێت، ئەوەیە کە خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ، کە بە هۆڕمۆنی فشار ناسراوە. هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ لەلایەن ڕژێنەکانی سەروو گورچیلەوە بەرهەم دەهێنرێت و یارمەتی ڕێکخستنی کرداری زیندەپاڵ، پەستانی خوێن و ئاستی شەکری خوێن دەدات. بەڵام بەرزبوونەوەی ئەم هۆڕمۆنە بە ڕێژەیەکی زیاد لە پێویست کێشەی تەندروستی بۆ کەسەکە دروست دەکات، وەکوو پوکانەوەی ئێسک، بەرزە پەستانی خوێن، شەکرەی جۆری دوو، هەروەها نەخۆشییەکانی دڵ. لە حاڵەتی ئاساییدا، لە کاتی هەستان لەخەو ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە زیاد دەکات، دواتر نزم دەبێتەوە و لە کاتی خەوتندا دووبارە ڕێژەکەی زیاد دەکاتەوە. خواردنەوەی قاوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەم هۆڕمۆنە، لەبەرئەوە ئەگەر لە بەیانیاندا بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە، لە کاتێکدا کە ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە بەرزە ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە بۆ ماوەیەکی کاتییە و واتە هەمیشەیی نییە. بەزۆری بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەکانی جەستە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە دروست دەبێت. 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی تر

خواردنەوەی قاوە چەند زیانێکی تری هەیە، بێگوێدانە ئەوەی بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە یان بە تێری. بۆ نموونە دەکرێت دوای ماوەیەکی زۆر، ئالوودەی خواردنەوەی قاوە ببیت، لە کاتێکدا هەندێک کەس بەهۆکاری بۆماوەیی لەدوای خواردنەوەی دووچاری هەستیاری دەبنەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قاوە لە ڕووی کیمیاییەوە پیکهاتەی مێشک دەگۆڕێت. زیادەڕەوی لە خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خێرابوونی لێدانی دڵ. هەروەها تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی سەرئێشە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە هەندێک کەسدا. لەبەر ئەم هۆکارە شارەزایان پێشنیار دەکەن، بە شێوەیەکی سنوردار قاوە بخورێتەوە و بە نزیکەی ٤٠٠ میلیگرام لە ڕۆژێکدا. خواردنەوەی قاوە بە گەدەی بەتاڵ یاخود بە تێری هێج کاریگەرییەک لەسەر توندی ئەم نیشانانە دروست ناکات. لەبەرئەوەی کاریگەرییەکەی بۆ نزیکەی حەوت کاتژمێر دەمێنێتەوە، بۆیە دەکرێت سوڕی خەو بشێوێنێت بە تایبەتی ئەگەر نزیک کاتی خەوتن بخورێتەوە. هەروەها لەکاتی دووگیانیدا خانمان پێشنیار دەکرێن کە لە خواردنەوەی قاوە دووربکەونەو، لەبەرئەوەی توانای تێپەڕاندنی وێڵاشی هەیە و کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی ١٦ کاتژمێر لەسەر دایکەکە و کۆرپەلەکە دەمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



444 بینین