ناوهڕۆك
سەرەتا
سەردەمی ڕۆمانتیسیزم و مافی ئافرەتان (بە عەرەبی؛ العصر الرومانسية وحقوق النساء، بە ئینگلیزی؛ Romanticism era and womens rights) چاخ یان سەردەمی ڕۆمانتیسیزم بە سەردەمێکی هەستیار دادەنرێت بۆ ئافرەتان لە نێو کارە وێژەییەکاندا بە تایبەتیش لە بەڕیتانیادا، ئەم ڕەوتە بۆ دژایەتی کلایسیزم و نیۆکلاسیزم هاتە کایەوە.
ناوەڕۆک
رۆمانتیسیزم کە جۆرە بیکردنەوەیەکی نوێی وێژەیی بوو، کە لە دژی کلاسیزم و نیو کلاسیزمەوە دروست بوو. سەرەتای دەرکەوتنی رۆمانتیکیەکان لە بەریتانیا بۆ ساڵی ١٧٨٠ دەگەڕێتەوە کە سەرەتا لە کارەکانی (Wordsworth) ڕەنگیداوە، کە بە باوکی رۆمانتیسیزمی وێژەی ئینگلیزی دادەنرێت. سەردەمی رۆمانتیکیەکان سەردەمێکی کورتخایەن بوو لە نێو چاخەکانی ئەدەبی ئینگلیزیدا ئەگەر چی تاک تاک هۆزانڤانی رۆمانتیکی تا ئەم سەردەمەش هەر ماوە بەڵام وەکو چاخ سەردەمەکەی کورتخایەن بوو. ئافرەت لە پاڵ سروشت یەکێک بوو لە بابەتە گرنگەکانی نێو هۆنراوە رۆمانتیکیەکان ژمارەیەکی یەکجار نووسینیان لەسەر نووسیوە، بەڵام شارەزایانی بواری وێژە پێیان وایە هۆزانڤانە رۆمانتیکیەکان لە نووسینەکانیان هیچ گرنگیەکیان بە مافی ئافرەت نەداوە.
هۆکاری ئەم بیرکردنەوەیە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، کە هەمیشە لە نووسین و هۆنراوەکانیان ئافرەتیان وەکو کەرستەیەک بۆ جوانکردنی هۆنراوەکانیان بەکاردەهێنە. شارەزایان پێیان وایە دەبوو هۆزانڤانان لەو سەردەمە هەوڵی گەیاندنی خەم و ئازاری ئافرەتەکانیان دابووایە لە هۆنراوەکانیان. دۆخی ئافرەتان لەو سەردەمە، کە لەلایەن کۆمەڵگاوە زیندانی کرابوون و مافی دەنگدانیان نەبوو باس بکەن، بەڵام هۆزانڤانە رۆمانتیکیەکان لە جیاتی ئەمە باسی جوانی ئافرەت و ئەفراندنی بونەوەری خەیاڵی لە شێوەی ئافرەت کە پەری دەریا بوو یاخود شازادەیەکی خەیاڵی وە نیشاندانی ئافرەت لە نێو هۆنراوەکانیان وەکو کەرەستەیەک بۆ جوانترکردنی هۆنراوەکانیان.
هەر بۆیە ژنخوازی بووە یەکێک لە پایەکانی هۆنراوەی ڕۆمانتیکی بە جۆرێک تەنانەت هۆزانڤانە ئافرەتەکانی ئەو سەردەمەی وەکو (ماری شێڵی، دۆرۆسی، ئیلیزابێز بارێت، هتد) ناچاربوون بە هەمان شێوە لە هۆنراوەکانیان هەمان پایە بگەینن بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە هۆزانڤانی رۆمانتیک سەیر بکرێن. هەر هەمان ئەو هۆزانڤانە ئافرەتانەی لەسەرەوە ناومان هێنان بە دەست خراپی مافی ئافرەت لەو سەردەمە دەیان ناڵاند زۆربەیان بەرهەمەکانیان سەرەتا بەناوی خۆیانەوە بڵاونەکردەوە، چونکە لەلایەن کۆمەڵگاوە لەبەر ئەوەی ئافرەت بوون دەکەوتنە بە ڕەخنەی توندەوە، بەڵام ئاوایش هەندێکیان کەم کەم هەوڵی ئەوەیان دەدا لە هۆنراوەکانیان داوای مافی خۆیان بکەن. سەردەمی رۆمانتیکیەکان زۆری نەخایند بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری هۆزانڤانە رۆمانتیکیەکان کە دابەش کراون بەسەر دوو نەوە تەمەنیان کەم بوو، بە گشتی شارەزایان پێیان وایە ساڵی ١٨٣٧ ساڵی کۆتایی چاخی رۆمانتیکیەکان بوو.