ناوهڕۆك
مەینەتی دابەش و داگیرکاری کوردستان
بەشی زۆری نووسەر و مێژوونوسانمان و هەتا لە پڕۆگرامی خوێندنی باڵای ئێستای کوردستانیش بە دەروازەیەکی زۆر چەوت دێنە ناو باسی کێشەی سیاسی کورد، یەکەم دابەشی سیاسی کوردستان بۆ جەنگی چاڵدێرانی نێوان عوسمانی و سەفەوی ساڵی ١٥١٤ز دەگێڕێتەوە، دەبنە پشتیوانێکی ئەو بۆچوونە چەوتەی کە لە سەرەوە باسکرا، لە سیستەمی ئیمپراتۆرەکان (لەوانەش میرنشینە کوردیەکان و ئەیوبییەکان..) سنوری نەتەوەیی و جوگرافیی و ڕەسمیان نەبووە، هەڵبەتە هەتا توانای فراوان بوونیان هەبووبێ پێشڕەویان کردووە، لە شوێنێک وەستاون کە چیتر نەیانتوانیوە بچنە پێش، ئەوە سیفەتی ئیمپراتۆریەکان بووە، سنوریان لە ژێر پێی دواسەربازیان بووە، ئینجا چاڵدێران جەنگێک بوو بە درێژایی بەیەکگەیشتنی عوسمانلی و سەفەی لە کەنداوی فارسەوە هەتا دەریای قەزوین، لەو جەنگەدا تورکمان و فارس و عەرەبیش دابەش بوون، چی کەوتە نێوانیان نەک هەر کورد.
دوای چەند جاری تر نەخشەی ئەو ناوچانە بەپێی توانای ئیمپراتۆریەکان گۆڕاوە، ڕەنگە مێژووی ٢٩/٨/١٨٥٢ ڕاستتر بێت، کاتێ گەشتی لیژنەی هاوبەشی ئێرانی-عوسمانی-ڕوسی-بەریتانی لە کەنداوی فارسەوە دەستی پێ کرد هەتا سەرووی ئەرارات بۆ دەست نیشانکردنی سنوری نێوانیان و مۆر کردنی ڕێککەوتن، یان ڕێکەوتنەکەی ١٨٢٣ـی نێوانیان کە بە ڕێکەوتنی ئەرزڕۆم ناسرا.
خۆ لە ساڵی ١٩٠٥ عوسمانی ناوچەی کوردستانی ئێرانی هەموو گرتەوە، واتە لە پاش و پێش چاڵدێران کوردستان دابەشکرایە و یەکی گرتۆتەوە و بە ئاراستەی جیاجیا وەک میللەتانی تری جیهان، جا بۆ ئەو چاڵدێرانە بوویتە سەرەتای مەینەت و دابەشی کوردستان، (تۆماس بوا) لە کتێبی بەناوبانگی (تأریخ الأکراد) لە ل١٩١-١٩٣ زۆر دوورە لەو بۆچوونە و دەڵێ: لە دوای چاڵدێرانیش کورد لە بارێکی دەسەڵاتداری زۆر چاک بووینە، چەندین دەوڵەت و ئیمارەتی بەهێز و سەربەخۆ و سوپا و ئەنجومەن و سکەی تایبەتیشیان هەبووە، نیشانەی هەرە گەورەی سەربەخۆییسان ئەوە بووە وەک (تۆماس بوا) دەڵێ، لە جیاتی (خەلیفە) دوعا بۆ (میر)ـی کورد دەکرا لە گوتاری ئایینی هەینی دا، ئەو ڕاسیە زۆربەری مێژوونووسە بیانی و کۆنەکانی ئیسلامی و کوردی دووپاتی دەکەنەوە، هەموو عەرەب ٦٣ میرنشین و دەوڵەتیان هەبووە لە دوای ئیسلام بوون کەچی کورد ٦٤ـی هەبووە، ئەو بارودۆخە سەربەخۆییەی کورد بەردەوام بوو هەتا سەروبەری داڕمانی خەلافەت و سەرهەڵدانی بەربەرەی فکری نەتەوەگەری و عەلمانی لە نێو عوسمانی دا، کە لە سەرەتای سەدەی (١٩) دەست پێ دەکا بە ناوی (چاکسازی)، لە ساڵانی ١٨٦٥ زیاتر ئاشکرا بوو بە دروست کردنی (کۆمەڵەی تورکی لاو-جوان تورک)ـی عەلمانی و دوای دروست بوونی (اتحاد الترقي) لە ١٨٨٩ز لە یادی ١٠٠ ساڵەی شۆڕشی فەڕەنسیدا، ئینجا گرتنە دەسەڵاتی یان لە سالی ١٩٠٨ و تا لە ساڵی ١٩٢٤ بە یەکاری خەلافەتیشیان هەڵوەشاندەوە و لەجێی دا کۆماری عەلمانی تورکیان دروست کرد بە ڕابەڕایەتی کەمال ئەتاتورک.
کەواتە ئەو مێژووەی دابەشی کورد لە چاڵدێران هەڵەیە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە کورد و کوردستان لە ڕیکەوتنەکەی سایکس-بیکۆ ١٩١٦ دابەشکرا، دوای لە کۆنگرەی قاهیرەی ١٩٢١ و لۆزانی ١٩٢٣ پەیڕەو کرا و دابەش کرا. لەگەڵ نەخشەکەی ئەتاتورک تێکی کردوە و کوردیش کەوتە ژێردەستە و مەینەتی، ئەوەی دەیەوێ بە وردی لە بناغەکانی کێشەی کوردی بگات، با لەو نێوانە بەخەستی بکۆڵێتەوە، وەڵامی هەموو پرسیارە نەمرەکانی دەست دەکەوێ، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە سەرکەوتنی عەلمانیەت بەسەر خەلافەت گورزێکی کوشندە بوو هەم لە ئیسلام و هەم لە میللەتی کوردیش، بۆیە بە سروشتی خۆی کێشەی کورد دەبێتە کێشەیەکی ناوەرۆک ئیسلامی مادەم دژەکانی و دۆستەکانیان، ڕێگا و ئامڕازەکانیان، دەروازە و کلیلەکانی، خاڵی لاواز و بەهێزیان، یەک کلیل و یەک چارەنووسە، هەر بۆیەش بە دەگمەن میللەتێکی تر نییە ئەوەندە لایەنە نیشتمانی و نەتەوەییە دڵسۆزەکانی و ئیسلامیەکانی کوردستان لێک نیزک بن ئەگەر بزانن، لە کاتێکا ئەو لێک نزیکیە بەو پلەیە لە نێوان نەتەوەگەریە تورکەکان و ئیسلامیەکانیان نییە، هەروەها لە نێوان عەرەبە نەتەوەگەری و ئیسلامیەکانی ئەوانیش نیە.
زیاتر بۆ مەبەستە چەند خاڵێکی بەراوردی خێرا لە نێوان باری سیاسی کرد لە پێش خەلافەت و دوای خەلافەت هەڵدەبژێرین، یان بە مانایەکی تر باسی سیاسی کورد لە سەردەمی خەلافەت و لە سەردەمی عەلمانیەت.