ناوهڕۆك
بناغە مێژووییەکانی دروست بوونی حیزب
ئێمە ناتوانین بە وردی واتای (حیزب) بگەین، ئەگەر لە پڕۆسە مێژوویەکەی دروست بوونی نەگەین، لەگەڵ ئەم پرسیارانە:
بۆچی حیزب بە درەنگی مێژووەوە دروست بوو، بۆ لە سەرەتادا دروست نەبوو؟
پەیوەندی چی یە لە نێوان دیاردە مێژووییەکانی کۆمەلایەتی و دەزگا سیاسیەکان؟
ڕەوتی مێژووی کۆمەڵ و جەمسەرەکانی لە کام لە بۆ کام لا دەخزێت لەو دەزگایانە: خێڵەکی، نەتەوایەتی، چینایەتی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی...؟ وە مانای چی دەگەیەنێ؟
کامیان ستونین و کامیان ئاسۆیین؟
ئایا ڕەوتی مێژوو لە ستوونی بەرەو ئاسۆییە یان بە پێچەوانە؟
ئایا حزب توخمێکی ئاسۆییە یان ستوونی یە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و گەیشتن بە فکرەی حیزب پێویستمان بەو چەند خاڵانەی خوارەوە هەیە:
١- سەرەتای کۆمەڵ
زۆر هەوڵ دراوە بە دروستی دیمەنێکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شێوەی ژیان و ئیدارە و ئاین و ئەخلاق و باری سیاسیی و ئابووری ئادەمیزادی کۆن بدۆزرێتەوە، هەر زانا و مەدرەسەیەک بە دیدی خۆی ڕوانیەتی، بە تایبەت (مورگان- لە کتێبی: المجتمع القدیم) و (ئەنجلس- لە کتێبی اصل العائلە والملکیە الخاصە والدولە) و زۆی تریش پێیان وابووە کۆمەڵگە لەسەرەتادا کۆمەڵە نەفەرێکی ڕاوکەری بێسەروبەر و بێ یاسا و بێ جێ و ڕێ و خێزان بوونە، منداڵ بە دایکی ناسراوە (ئەو دایک سالاریەی کە ئێستا هەندێ عەلمانی کوردستانیش بانگەشەی بۆ دەکەنەوە لەو بۆچوونە هەڵدەقوڵێ)، ئەو بۆچوونە لە دواییدا لە ڕووی زانستی شکستی هێنا، هەرچەندە بەشێک لەو زانایانەش پێیان وابوو (ڕژێم) و خێزان و بنکە و سەروو هەر هەووە، بەڵام ڕای ئیسلام هەر ئەوە بووە لە ڕێی (پەیام) و (حرام و حلال) بناغەی هەموو یاسا و ئیدارە و شارستانیەک دامەزراوە، دیارە نکوڵی لەوە ناکرێت کە کۆمەڵە خەڵکێک کە لە ڕووناکی پەیام یاخی بوونە لە تاریکی ژیاون، ڕێبەزی تەتەوریەکان هەردەم ئەو دیاردە شازانە (تعمیم) دەکەن، بەڵام هەوو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی ژیانی سەرەتای زۆر سادە بووە، ئادەمیزاد هەموو ئیعتیمادێکی لەسەر سروشت بووە، پەیوەندی هەرە فراوان و توندوتۆڵەکە پەیوەندی خێزانی بووە بە بنەماڵە، ئەو پەیامە بووە هۆی ئەو ئادەمیزادە کۆنەی لە دڕندە کردۆتە هاریکار و ڕەوشت دار، پەیامەکانیش لە ئاستی بنەماڵە و ناوچەیەکی بچووک بووە، ئینجا دوای چووە ئاستی خێڵ و ناوچە و کۆمەڵگا، پەیامەکان فراوان تر بوون چاکتر لە:
١- ئەحوال شەخصی ٢- ئەحوالی خێزانی، ٣- ئەحوالی بنەماڵە، ٤- پەیوەندی بنەماڵە بە بنەماڵەیەکی تر، ئینجا بە خێڵەوە... تا دوای بۆ هەموو جیهان.
بڕوایەکەش هەر خواپەرستی و یەک خوایی بووە واتە (دین التوحید) نەک وەک (مارکسیەکان، دانتی، فیۆرباغ، بەشێکی زۆر لە فەیلەسووف و زاناکان) دوای بۆچووبوون گوایە ئاینی سەرەتایی (فرەخوازیی) بووە ئینجا وەرچەرخخاوە بۆ یەک ئاینی، لەوەش زیاتر (د جورج حنا) دەڵی یەهودی یەکەمین ئاینە کە تاک خواییە، بەڵام (ولیام شمید) دوای پێچەوانەی سەلماند و ووتی یەکەم جار یەک خوایی بووە ئینجا زۆرداری بەشەر فرە خوایی هێنایە کایەوە.
بەو شێوەیە لە سەرەتای تەمەنی کۆمەڵگە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و ستونیەکان کاریگەر بووینە، فاکتەرە ئاسۆیی و عەقڵیەکان لاواز بووینە، ئەرکی پەیام بە کورت و پوختی بریتی بووە لە خێراکردنی وەرچەرخانەکانی فاکتەرە ستونیەکان بۆ عەقڵی و ئاسۆییەکان، حزبایەتی ئەو سەردەم زادەی عەقڵ نەبووە، حزبایەتیەکی پەیامی بووە، بۆیە ناونرابوو (حزب اللە)، حزبی بەرامبەریش ڕەگەزی پەلامار و دڕندەیی بووە، بۆیە ناونرابوو (حزب الشیطان) بووە، چونکە (شەیتان) یەکە بانگێشەی ڕەگەزایەتی و ڕەچەڵەکایەتی کردووە کە وتی (ڕەچەڵەکی من لە ئاگرە و ئی ئادەم لە قوڕ).
٢- فەلسەفەی پێشکەوتن
کۆڵەکەی بنچینەیی فەلسەفەی مادی بریتیە لە جوڵەی مادە، ئەو جوڵەیەش مانای گەشە و پێشکەوتن وەرگرێ، فیکۆ یەکەم فەیلەسووف بوو ئەو جۆرە جوڵە و گەشەیەی بە (سپرینگی) لە خواروو بۆ سەروو وەسف کرد، شۆپنهاوەر دەڵی سروشت مادەیە، مادەش تەنها ئەو کاتە مانای دەبێ کە گەشە بکا و بەرهەمی هەبێ، بۆیە سروشت بە تێکڕایی لە گەشەی بێ ووچانە، ئەنجلس بە ڕەهایی تر دەڵی: ئەو گەشەیەی بەهۆی پڕۆسەی (نفی النفی) دێتە دی ئەوە گەشەیەکی کراوەیی پێشکەوتوو دەبێت، هەموو ئەوانە لە فەلسەفەی هیگڵ لە ڕێسایەکی فلسفی موکوم کۆکراوە بە ناوی جوڵەی دیالێکتیکی (بوون- دژ- پێکهاتەیەکی باڵاتر) یان (الشی، ضدە، مرکب الأعلی)
پێشکەوتن سیفەتێکی تایبەتی یە بە ئادەمیزاد (هو الذي انشأکم من الأرض واستعمرکم فیها) هود:٦١. بە پێچەوانەی ڕای سەرجەم مادییەکان سروشت و مادە دەگۆڕێن، بەڵام پێش ناکەوێ، واتە ئاسن نابێتە زێڕ لە خۆوە، ئاو لە خولی سوڕانی نابێتە جیوە، درەختی سێو نابێتە مۆز، ئەو تێڕوانینانە هەڵە دەرچوون، ویستیان بە هۆی پڕۆسەی (گەشەسەندن و پێشکەوتنی سروشت) تەفسیری گەردوون و پەیدابوونی ژیان و کۆمەڵیش بکەن بەبێ بوونی دروستکەر، گوایە چەند یاسایەکی سروشتی بایۆلۆجی ئەو ئەنجامە دەدات، وەک یاسای:
١- ناکۆکی.
٢- نفي النفي.
٣- وەرچەرخانی گۆڕانە چەندایەتیەکان بۆ چۆنایەتیەکان.
٤- هەڵهێنان.
٥- گەشەی هەڵبژاردنی سروشتی.
ڕاستییەکەی ئەوەیە ناکۆکی و پێشکەوتن لە سروشت نییە ((ما تری فی خلق الرحمن من تفاوت))سورە الملک:٣. گۆڕانكێکی بازنەیی داخراو هەیە، واتە دەجوڵێ، هەر بۆ نموونە لەو ئاو (شلە- هەڵم- سەهۆڵ- شلە)، ڕووەک (دەنکۆڵە- شەتڵ- بەر- دەنکۆڵە)، هەتا لایەنی بایۆلۆژیەکەی ئادەمیزادیش هەروا بازنەیی یە (ئادەمیزاد- نوتفە- کۆرپەلە- مناڵ- پێگەیشتوو- ئادەمیزاد).
(لامارک) خۆیشی و (داروین)ـیش لەوە بەهەڵەدا برد گوایە ئەو پڕۆسە بازنەیە ئەگەر زۆرجار دووبارە بێتەوە لەو بازنەیە دەردەچێت، داروین وتی ئەوەی بە دەستکرد بە ماوەیەکی کورت دەکرێ هەڵبژاردنی سروشتی بە ماوەیەکی درێژ پێی دەکرێ. بەڵام ئێستا لە دوای دۆزینەوەی (ئەندازەی جینەکان-الهندسە الجینیە) هیچ گومانی زانستیش نەما کە ئەو پرۆسەیە ملیۆن ملیۆن جار دووبارە بێتەوە لە بازنەکە دەرناچێت و ئاوەکە نابتە نەوت و گەنمەکە نابتە گوڵەبەڕۆژە، ئادەمیزاد نابتە (جن) یان (کەڵەشێر) یان گیاندارێکی نوێ، بۆیە سیفەتی پێشکەوتن پڕ بە مانای عەقڵی ئادەمیزاد دێت، کاتێ (سلبی و ئیجابی) و (خێر و شەڕ)، چاک و خراپ، خۆش و ناخۆش، حەسانەوە و ماندووبوون، چەوسانەوە و دادگەری، برسی و تێری، هەق و ناهەق، .... مانایەن هەبێت ئینجا پێشکەوتن مانای دەبێت، لە خراپەکان بەرەو چاکەکان، واتە بۆ ئادەمیزاد لە سواریەوە بۆ ئۆتۆمبێل و فڕۆکە پێشکەوتنە، ئیجابییە، خۆشە، بەڵام بۆ ڕووەک، شاخ، ئاو... چەوسانەوە و دادگەری ق هەق مانای چ دەبەخشێت و چ پێشکەوتنێکە؟ دوای لەسەر چ پێوانەیەک (زێڕ) لە (ئاسن) پێشکەوتووترە؟ ئەوە تەنها پێوانەی (نسبی) مرۆڤە. کەواتە تەنها کۆمەڵگەیە پێش دەکەوێ بەهۆی عەقڵ و داهێنانەکانی، ئەویش هەردوو هۆکاری دەرەکی و ناوەکی لە نۆرە کاریگەری بنچینەییان دەبی لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنەکە، کاتێ هۆکارە ناوەکیەکان نۆرەیان دێت لە قۆناغەکانی جوامێری و گەشە و پێشکەوتن دەبنە بنچینە، ئا لێرەوەش زەمینەی حزبایەتی لە گەشەی کۆمەڵگە چەکەرە دەبێ، وەک دوای دەردەکەوێ.
٣- کاری هۆکارە دەرەکی و ناوەکیەکان لەسەر گەشەکردن
لە ڕاستیدا وەک کۆمەڵ زۆر ڕا و بۆچوونی لەسەرە لە بارەی : ئاخۆ کام ئەندامی لەشی بزوێنەرەکەیتی، ئیدی هەر لە (گەدە، جنس، مانەوە- بقاء- خوێن، ڕەچەڵەک، دەوروبەر، هەست بە ناتەواوی، پایە، سامان، پێشبڕکێ- منافەسە، خۆدەرخستن، عەقڵ...) تا دەگاتە (سروشت) وەک ڕوونیشە ئیسلام (عەقڵ) بە هۆکاری بنچینەیی دەزانێک، هەر سەرنجێکی سادەش ئەوەتا هەموو ئاژەڵ و گەدە و جنس و دەورووبەر و ... هەیە، کەچی گەشەسەندنی نی یە.
کۆمەڵ و ئادەمیزادیش بە تاک و کۆ هۆکارەکانی گەشەسەندنی دووبەشی سەرەکین:
أ- کۆمەڵە هۆکاری دەرەکی.
ب- کۆمەڵە هۆکاری ناوەکی.
جا ئایدیاڵەکان پێیان وایە هۆکاری دەرەکی بنچینەییە، مادیەکانیش (بە تایبەتی مارکسیەکان) بە پێچەوانەی یەکەم لایان وایە هۆکارە ناوەکیەکان بنچینەیە و دەرەکیەکان تەنها یارمەتیدەرێکە، هەرچی نەخشەی فکری ئیسلامیشە بەو شێوەیە:
أ- هۆکارە دەرەکی و ناوەکیەکان لە هەر پڕۆسەیەکی گەشەسەندن لە سەرەتا تا کۆتایی لە پلەی پێویستە (عانل ضروری)، هیچیان بە تەنها (هۆکاری کۆتای- عامل الکافی) نیە.
ب- لە سەرەتادا هۆکارە دەرەکیەکان بنچینەن تا ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بێت زیاتر ئەکەوێتە سەر هۆکاری ناوەکی و تا لە کۆتاییدا (بنچینەییایەتیەکە) لە هۆکاری دەرەکی دەسێنێتەوە.
واتە هۆکارەکان خۆشیان چەسپاو نین و دەگۆڕێن بە ڕێژەیەکی پێچەوانە هەریەکەیان پێوەریشە بۆ ئەوەی تر- وەک مەسەلەی پڕی و بەتاڵی پەرداخەکە - جا ئەگەر ئەو ڕێژە بگۆڕێ بەرەو پڕی ئەوا بەتاڵیەکەی کەم دەبێتەوە، ئەوەیان (هۆکاری دەرەکی یە) و (پڕبوونەکەش ناوەکی یە)/
با بزانین ئەو ڕێسا سروشتیانە چەندە لەسەر کۆمەڵیش پەیڕەو دەبێ.
٤- کۆمەڵ و ئادەمیزاد
أ- کۆمەڵ: ئەو رێسایانەی سەرەوە تەنیا فەلسەفی نین، بەڵکو یاسای ئەنسترۆپۆلۆژی و زانستی مێژوویشن، بەپێێ ئەو ڕێسایانە کۆمەڵ بە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی فرەئاڕاستەدا گۆڕاوە و وادەگۆڕێ، دەتوانین لەسەر ئەو بنچینەیە زیاتر دڵیا بین کە باری کۆمەڵی کۆن لە سەرەتادا بەو شێوەیە بووە (لە ڕووی هۆکارە دەرەکیەکان):
١- زۆری پەیام و موعجیزەی هەستیاری.
٢- کاری سروشت لەسەر کۆمەڵ زیاتر بووە لە ئێستا.
٣- پێویستی تاک و خێزان بە بنەماڵە و خێڵ بۆ پارێزگاری لە دوژمن و کارەساتە سروشتییەکان و فاکتەرە دەرەکیەکان.
٤- ئاسۆی فکری کۆمەلایەتی تەسک بووە، چونکە هەر زنجیرە دیاردەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی دووباوە بۆوەی بە میراتی فیکری بۆ دەماوە.
٥- ئەندازەیەک لە قەدەغە و (حرام و حلال)ی هەبوو بەپێی کۆمەڵە ڕێسایەکی ئەخلاقی کە لەو پەیامەوە بۆی مابۆوە. ئەگەر ڕاستەوخۆش پەیام نەبووبێ.
٦- هێزی ماسولکە (یەکلاکەرەوە) تر بووە لە هێزی (عەقڵ).
بەڵام دوای گۆڕان گەشەسەندنی کۆمەڵ، ئێستا لە ڕووی هۆکاری نەوەکی بەو شێوەیە:
١- پچڕانی پەیامی ئاسمانی و بوونی بە یەک بەرنامەی چەسپاوی سەرتاسەری.
٢- کەمتر ئیعتیماد لەسەر ڕەوتی سروشت، و پەیدا بوونی کارکەری ناوەکی وەک (پیشەسازی و کارخانە و دەزگا و ...) پەیوەندی جارانی کۆمەڵ لەگەڵ سروشت ڕاستەوخۆ بوو، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە بە هۆی ئامێر و ئامرازە، لە ئەنجامدا زیاتر کۆنترۆڵی سروشت کراوە، ئەوەش مانای سیفەتی بوونی مرۆڤ بە (خەلیفە) لەسەر زەوی، تەنها سەر زەوی، ویچووی پەیوەندی یەزدان بە بوونەوەت کە ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو لە ڕێی یاساکانی سروشتە (کە لە قورئان بە زاراوەی -امر- گوزارشتی کردووە)، ئاواش مانای خەلیفایەتی مرۆڤ ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سروشت کارنەکا بەڵکو لە ڕێی ئامراز، لەگەڵ زیاد بوونی ئامراز زیاتر کۆنترۆڵی سروشت دەکا، بەڵام هەرگیز ناگاتە کۆنترۆڵی تەواو، ڕێک ئەو سنوورە بریتیە لە مەودا و مەدای شارستانی مرۆڤ.
٣- گەشەی ئینتیمای مرۆڤ بۆ کۆمەڵە بەشەریەکان لە خێزان بۆ بنەماڵە بۆ خێل بۆ نەتەوە وا بەرەو جیهان گەرێتی (عولمە) بەڕێوەیە.
٤- ئاسۆی گشتی فکری کۆمەڵایەتی زۆر فراوان بووە لە بازنەی تەسکی نیمچە میرات و ستونیەوە دەرچوو بە تەواوی پێی ناوەتە فاکتەرە ئاسۆییەکان.
٥- هێزی ماسولکە ئێستا یەکلاکەرەوە نییە بەڵکو وەرچەرخا بۆ چالاکی عەقڵ و نەخشە و بەرنامە و پلان...
٦- کۆتایی هاتنی (موعجیزە) و کارتێکەرە هەستییەکانی و وەرگەڕانی بۆ چالاکی و بەڵگەی عەقڵی، واتە گۆڕان لە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و ستوونیەکان بەرەو ئاسۆیی و سیاسی.
ب- ئادەمیزاد: بنچینەی ئەو گۆڕانکاریەی مێژووی کۆمەڵ لە تاک دەست پێدەکات و دوای کۆمەڵیش بە دەوری خۆی جارێکی تر کار لە ئادەمیزاد دەکاتەوە، بەو شێوە ماکینەی گۆڕان و گەشەسەندن دروست دەبێت، ئەو گەشەسەندنە دەپێورێ بە بڕی هەڵوەشاندنەوەی ئینتیمایە ستونیەکان بەرەو ئینتیمایە ئاسۆییەکان، ئادەمیزاد خۆی پێکهاتووە لە کۆمەلێک ئینتیمای ستونی و ئاسۆیی:
١- پەیداکەر ئاسۆییە، وەک بوونی ئاینێک و کۆمەڵەیەکی سیاسی و مەدرەسەیەکی فکری...
٢- میراتیەکان، ستووونی، بوونی لە بنەماڵەیەک و خێڵێک و نەتەوە و خاکێک و نەژاد و جنسێک...، ئەوانە میراتین و بەدەر لە ویست و ئارەزوووەکانی خۆی، گۆڕان و گەشەی کۆمەڵ مانای گۆڕانی فاکتەرە ستونیەکان بەرەو ئاسۆیی، با بزانین ئەو گۆڕانکاریە مێژوییەی لە سەرەتای کۆمەڵی کۆنەوە بەسەر ئادەمیزاد دا هاتووە چەندە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، تا ئەوڕۆ سەرەنجامەکانی بەو شێوەیە:
١/ لە ڕووی فیسیۆلۆجیەوە، لە جەستەوە بۆ فیکر... واتە بڕێک ووزەی ماسولکەی گۆڕاو بۆ وزەی فیکری. لە ئینتیمایەکانی میراتەوە (وەک بنچینەی ناسنامەی) گۆڕاوە بۆ ئینتیماییەکانی وەرگیراو (مکسب)، واتە جاران ئینتیماییەکانی بنەمالەیی و خێڵەکی زاڵ بوو بەسەر ئینتیماییەکانی فیکری و سیاسی، ئێستا گۆڕاوە تا ڕادەیەکی زۆر هێزی ئەو ئینتیمایە هەڵوەشایتەوە و شلۆق بووە.
٢/ لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە بە تەریبی لەگەڵ (گۆڕانەکانی ناوەکی تاک) ئەو وەرچەرخانانە هاتۆتە دی، هەموو زانا و پسپۆڕەکان ڕێکن لەسەری، بەلام هەر یەکە بە جۆرێک گوزارشی دەکەن، هەنێکیان هەڵدەبژێرێن:
- ابن خلدون: بداوە- خێڵەکی- دەوڵەت.
- مارکسیەت: دڕندایەتی- بەندایەتی- دەرەبەگی- سەرمایەداری- سۆشیالیستی- شیوعیەت.
- ئۆگست کۆنت: لاهوتی- میتافیزیکی- زانست.
- فریزەر: جادوو- ئاین- زانست.
- کۆندرسیی: مرۆڤی سەرەتایی- قۆناغی بەخێوکردن- کشتوکاڵی- شارستانی یۆنانی- شارستانی ڕۆمانی- قۆناغی ناوەڕاست- دەرەبەگایەتی- داهێنانی چاپ- شۆڕشی فەڕەنسی- دوا قۆناغ کە مرۆڤ بە تەنیا دەستی بە گەشە کرد.
- تۆینبی: هاتنەکایەوە- گەشە- داڕووخان- پارچە پارچەبوون- وێران
- تەتەریەکان: دڕندایەتی- خێڵەکی- ئیمپراتۆریەتی- پادشەیەتی- کۆماری.
- ئیسلام: نبوە- راشدین- میرات- دیکتاتۆری- گەڕانەوە بۆ ئیسلام
ئەو بۆچوونانە سەلامەت نین لە تێبینی و سەرنجی یەکتر، بەڵام ئەوەی لامان گرنگە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئینتیمای ئادەمیزاد بەرەبەرە لە میراتەوە بەرەو موکتەسبە، لە تەسک بۆ فراوان، لە فیسیۆلۆجیا بۆ ئایدۆلۆژیا، لە ڕەچەڵەک بۆ فیکر، لە کلاسیکەوە بەرەو مەدەنیەت... بە کورتی لە ئینتیمایە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو ئینتیمایە سیاسیەکانە، واتە لە ستونیشەوە بەرەو ئاسۆیی، تا پێشکەوێت ئینتیمای نوێێ زیاد کردووە و دەکا، باڵاترین ئینتیمای مومکین (مەبادیئە- سیاسەتی ئەخلاقی) کە ئەوەش (فیترە)ـی ڕاستەقینەی ئادەمیزاد و نزیکترین وێستگەیە لە پەیام، کە هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە ئەو مەبادیئانەی بۆ ئادەمیزاد و کۆمەڵ داڕشتووە، بەو شێوەیە گەشەکردنی سروشتی کۆمەڵ و ئادەمیزاد بەرەو دادگەری و بڕاوییە، لەوەوە ئیسلامی و زانایانی ئیسلام وای بۆ دەچن سێکوچکەی (شەریعەت- فیتر- عەقڵی ڕاستەقینە) یەکتر پاسادان دەکەن، ئەوەش چارەنووسی هەموو ئادەمیزاد لەسەر ئەو زەویە ((ولقد کتبنا فی الزبور من بعد الذکر أن الأرض یرثها عبادی الصالحون)) یەکەم (حتمیە تاریخیە) کە قورئان پێشبینی کردووە کە سەرەنجامی جیهان بەرەو ئاین و بیروڕایە.
بەم شێوەیە بەرەبەرە کۆبوونەوەی (کوتلە بەشەریەکان) لەسەر بنچینەی خوێن و ڕەگەز و کۆمەلایەتی کلاسیکی دەگۆڕێت بۆ کۆبووەوە لەسەر بنچینەی سیاسی و بیروباوەڕ و ئایین و دەستووری ئاسۆیی هەروەک لە توێژینەوە نوێکانیش وای لێ دەخوێنرێتەوە، هەتا لە تیۆری (ململانێی شآرستانی) هندکتونیش.