ناوهڕۆك
مێژووی سەرهەڵدانی کوردۆلۆجی
پێشەکی کودۆلۆجی یان کوردناسی زانستێکی ئەوروپیە؟!، چونکە زانا و مێژوونوسە ئەوروپییەکان یەکەم کەس بوون بایەخیان بە کورد داوە و لەسەر کوردستانیان نووسیوە. واتە پێش ئەوەی کورد خۆی خۆی بناسێت و لە خۆی بدوێ ئەوان ناساندویانە و لیی دواون، تەنانەت کتێبێکی گرنگی وەک شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، کە کوردێک لە ساڵی ١٥٩٦ ی میلادی نووسیویەتی باس لە مێژووی کورد دەکات، هەر ئەوروپیەکان بوون یەکەمجار لە ڕوسیا و فەڕەنسا لە ساڵی ١٨٢٦ دا بایەخی دەستنوسەیەکەیان بۆ ڕوونکردینەوە، پاشان لە کتێبێکی سەربەخۆدا بە چاپیان گەیاند و بووە سەرچاوەیەکی بەردەست بۆ کورد.
سەرەتاکانی زانستی کوردۆلۆجی دەگەڕێتەوە بۆ گەڕاڵ و کوردناسە بیانییەکانەکان نەک بۆ نەتەوەی کورد خۆی، بە واتایەکی تر کوردناسان بەر لە کورد لە کوردیان کۆڵیەوەتەوە. ئەو هەموو توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتانەی بیانییان لەسەر کوردیان نووسیوە بەشێکی گرنگ لە کەلەپور و کلتوری کرد پێکدەهێنن.
لە سەرەتادا زانستی کوردۆلۆجی بەشێک بووە لە زانستی ڕۆژهەڵاتنانی کە لە ساڵێ ١٣٢١ لە لایەن ئەنجومەنی کەنیسەی ڤییەنناوە دامەزراوە، تا ئەوەی کە لە کۆتایی سەدەی (١٩) وە، وەردە وردە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە زانستی ڕۆژهەڵاتناسیی جیابووەتەوە، لەو ساتەوە زانکۆکانی ئەوروپا (بە تایبەتی لە ئەکادیمیاکانی ڕوسیا و لە زانکۆکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەرمەنستان و بەڕیتانیا و سوید) وەک بەشێکی سەر بە لێکۆڵینەوەی زانستی ڕۆژهەڵاتناسی دەخوێندرێت. بەم پێیە، لە سەرەتادا کوردناسی لە زانکۆکانی هەریەک لەو وڵاتە سەربەخۆ نەبووە، واتە (بەشێک بووە لە زانستی ڕۆژهەڵاتناسی)، بۆیە کاتێک گەڕاڵ و ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەکان توێژینەوەیان لە بارەی میللەتانی ترەوە وەک (تورک و فارس و عەرەب) ئەنجام دابێت، ئەوا لە سنووری کارەکانیاندا، چەند لاپەڕەیەکیان بۆ باسکردن لە باری میللەتی کورد و خاکی کوردستانەوە تەرخان کردووە، بەڵام تەنها وەک چەند خێڵ و هۆزێک ناویان بردووە، نەک وەک میللەتێکی خاوەن کیانی سەربەخۆ.
دواتر و لە ساڵی (١٩٥٩)دا، بۆ یەکەمجار لە ڕوسیا، بەشی لێکۆڵینەوەی کوردناسی لە زانکۆی (سانت پترسبۆرگ) کرایەوە، لەو مێژووەوە ئەم بەشە بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا.