ناوهڕۆك
ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی و هۆکارەکانی
دەوڵەتی سەفەوی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەسەڵاتێکی بەهێز و فراوانی لە ناوچەکەدا پەیدا کرد و هەوڵیدەدا لەسەر حسابی دەوڵەتی عوسمانی ناوچەی دەسەڵاتی خۆی فراوانتر بکات. لەم بارودۆخەدا سیاسەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی بەرامبەر کورد لەسەر سێ تەوەر بناغە داڕێژرابوو کە ئەوانیش:
١- نەهێشتنی دەسەڵاتی سەردارە خۆجێییەکانی کورد و دانانی سەرانی (قزڵباش) بە خۆیان و هۆزەکانیانەوە لە جیگەیان، لەمەوە سەردارەکانی کورد زیاتر دۆستی عوسمانییەکان بوون، چونکە سیاسەتی عوسمانییەکان بەرامبەر بە کوردەکان بە بەراورد بە سەفەویەکان نەرمتر بوو.
٢- ناچارکردنی خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان بۆ دەست هەڵگرتن لە مەزهەبی سوننی و چوونە سەر مەزهەبی شیعە، کە ئەمەش بە لای کوردەکانەوە قبووڵ نەبووە. بەکارهێنانی ئەو پەڕی توندوتیژی بوو، چاوترساندنی خەڵک و سەرکوت کردنی بێبەزەییانەی هەموو جۆرە بەرهەڵستیەک، یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی زیاتر لەسەر خاکی کوردستان بووە، چونکە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجی بووە و کەوتووەتە نێوان هەردوو دەوڵەتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم ناوچانە (کوردستان) ناوچەیەکی کشتوکاڵی گەورە بووە، هەروەها ڕێگەیەک بوو لە نێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا بەکاردەهات، هەروەها ناوچەیەکی سەربازی گرنگیش بوو بەوەی کە ناوچەیەکی تەخت بووە و خاوەنی هێزێکی مرۆیی زۆر بووە و هەروەها هۆکاری مەزهەبیش گەلێک گرنگ بووە.