ناوهڕۆك
هەنگەکان چۆن لە یەکتر تێدەگەن؟
کاتێک هەنگێک گوڵێکی شیلە دار دەدۆزێتەوە، چۆن هاوڕێکانی ئاگادار دەکاتەوە؟
چۆن جۆری گوڵەکە و دووریەکەی و ئاڕآستەکەیان پێ ڕادەگەیەنێت؟
ئەو ڕێگەیەی کە هەنگەکە زانیارییەکانی پێ ڕادەگەیەنێت زۆرترین سەرسوڕهێنەرەکانی سروشتە. دەبێت بزانین زمانی هەنگ غەریزەیەکە تیایدا و وەرگیراو نییە، کاتێک هەنگ دەگاتە تەمەنێکی دیاری کراو ئۆتۆماتیکیەن فێری ئەو زمانە دەبێت. زمانی هەنگ زمانی سەماکردن و بۆنەکانە، کاتێک هەنگێک هەڵاڵەیەک یان شیلەیەک دەدۆزێتەوە، دەگەڕێتەوە شآرەکەی خۆی و دەست دەکات بە سەما کردن لە ئەڵقەی بازنەیی تەسکدا. بە سەماکەی هەنگەکانی تر دەوروژێنێت و پێیان دەڵێت شیلە یان هەڵاڵە ''لقاح''یەکی دۆزیوەتەوە.
هاوڕێکانیشی بە بۆنەکەدا دەزانن چی دۆزیوەتەوە و دەبێت چی بکەن، ئەگەر سەمای هەنگەکە گەڕاوەکە گورج و گۆڵ بوو، ئەوە مانای وایە ڕێژەیەکی زۆر خۆراکی دۆزیوەتەوە و ژمارەی ئەو هەنگانەش، دەوروژێن بۆ ئەوەی لەگەڵیدا دەرچن زیاتر دەبن.
بەوەش هەنگی گەڕاوە توانی چەند نامەیەک بە هاوڕێکانی بگەیەنێت، چۆن سەماکە دەڵێت شیلە و هەڵاڵەکە بۆ هەموانە، بۆنی خودی هەنگەکەش جۆری گوڵەکە دیاری دەکات. هەموو ئەمانە بەسەر ئەو گوڵانەدا جێبەجێ دەبێت، کە تەنیا ماوەی سەد یارد لە شارەکەیانەوە دوورە.
هەنگێک ئەگەر گوڵێک لە دووری سەد یارد زیاتر بدۆزێتەوە، ئەوا دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی و سەماکەی بە جۆرێکی تر دەکات. لە جیاتی خول خواردنەوە لە ئەڵقەیەکی بچوکدا، لەم حاڵەتەدا شێوەیەک دروست دەکات لە ژمارە هەشتی ئینگلیزی دەچێت و هەردوو ئەڵقەی ژمارەکەش بە هێڵێکی ڕاست پێکەوە دەبەستێت، لە کاتێکدا سکی و کلکی بە لاکەی تردا دەجوڵێتەوە، جگە لەمانە، سەمای کلکی بە هەنگەکانی تر دەڵێت: دوورییەکەی چەندە و بە چ لایەکدا بفڕن.
ژمارەی نوشتانەوەکانی لە خولەکێکدا دوورییەکەی دیاری دەکات، هەرچەندە شوێنەکەی دورترین ژمارەی ئەو شێوەی ٨ی دروست دەکات کەمتر دەبێتەوە بۆ نموونە: ئەگەر ژمارەی نوشتانەوەکانی ١١ نوشتانەوە بێت لە خولەکێکدا ئەوا دوورییەکەی ٢٧٠٠ مەترە، بەڵام ئەو هێڵە ڕاستەی کە لە نێوان دوو ئەڵقەکەدا دروستی دەکات زۆر بە وردی ئاڕاستەی ئەو شوێنە دیاری دەکات کە گوڵەکانی لێیە. هەنگ بە گوێرەی شوێنی خۆر لە ئاسماندا ئەو هێڵە دروست دەکات، بە جۆرێک کە هەنگەکانی تر بتوانن لە گۆشەی ڕآستەوە یەکسەر بۆ دەرچن.