ناوهڕۆك
کێ کارەبای دۆزییەوە؟
مرۆڤ هەزاران ساڵ پێش ئێستا لێکۆڵینەوەی لەسەر کارەبا کردووە، بەڵام تا ئێستا نەیزانییوە چییە! ئێستا بڕوا وایە کە ماددە بە هەموو شێوەکانیەوە، پێکهاتووە لە گەردیلەی ورد، کە کارەبای هەڵگرتووە. بەپێی ئەم بیردۆزەش بە سادەیی دەتوانرێت بوترێت کە بریتییە لە جوڵە و لە ئەلکترۆنات و گەردیلەی تری شەحن کراودا.
وشەی کارەبا (Electricity) لە زمانی ئینگلیزیدا سەرچاوەکەی وشەی ئەلکترۆن (Electron)ی ئەغریقییە.
ئایا دەزانن وشەی ئەلکترۆن لە یۆنانی کۆندا مانای چی بووە؟
بە واتای (کەهرەمان) هاتووە، ئەمەش تێبینی دەکرێت، کە ئەغریقییەکان شەش سەد ساڵ پێش لەدایک بوونی عیسای مەسیح (علیە السلام) ئەوەیان زانیوە، بە لێکخشاندنی کەهرەمان دەتوانێت شتێ تر بۆ خۆی ڕابکێشێت.
مرۆڤ تا ساڵی ١٦٧٢ دا لە بواری لێکۆڵینەوە کارەباییدا پێش نەکەوت، تا لەو ساڵەدا پیاوێک بە ناوی (ئۆتۆفۆن گوێریک) توانی بارگیەکی بەهێزتر لە کارەبا بەرهەم بهێنێت. بە سوڕاندنەوەی گۆیەکی گۆگردی بە خێراییەکی زۆر.
لە ساڵی ١٧٢٦دا (ستیڤن گرای) دۆزییەوە کە هەندێک مەوادی کانزایی کارەبا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوێزێتەوە. خەڵکیش ناویان لەو مەوادانە نا (گەیەنەرە کارەباییەکان).
هەوەها (گرای) ئەوەشی دۆزییەوە کە هەندێک مەوادی تر وەکو شوشە و گۆگرد و دار و مۆم کارەبا ناگوێزنەوە. ناوی (نەگەیەنەرەکان)یشیان لەم مەوادانە نا.
هەنگاوی گرنگ و داهاتوو لە ساڵی ١٧٣٣ دا لە بواری کارەبادا نرا کاتێک (دۆفینی) فەڕەنسی بارگە سالب و موجەبەکانی لە کارەبادا دۆزییەوە. لەو کاتەدا گومانی ئەوە کرا ئەو دوو جۆرە بارگەیە دوو جۆری جیاواز بن لە کارەبا.
بەڵام (بنجامین فرانکلین) یەکەم کەس بوو هەوڵی دا تەفسیری ماهیەتی کارەبا بکات.
کورتەی بیرۆکەکەشی ئەوە بوو: هەموو مەوادەکان لە سروشتدا شلەیەکی کارەباییان تێدایە لە کاتی لێکخشاندندا هەندێک لەو شلەیە دەگوێزێتەوە بۆ سەر مەوادی تر. ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین ئەو شلەیە ئەلکترۆناتی سالبە.
گرنگترین پێشکەوتنی زانستی لە کارەبادا دەشێت لەگەڵ دروست کردنی یەکەمین پیل دا بووبێت، کە لە ساڵی (١٨٠٠) دا (ئەلیساندرۆ ڤۆڵتا) دای هێنا.
ئەم پیلە یەکەمین سەرچاوە بوو کە بە بەردەوامی کارەبای دایە دونیا و دونیای بەرەو دۆزینەوەی گرنگ لە بەکارهێنانی کارەبادا ڕێنومایی کرد.