ناوهڕۆك
پێکهاتەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیەکەت چین؟
هەوڵ بدە دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتیەکەت شی بکەیتەوە بۆ چەند بەشێک.. هەوڵ بدە لەنێو سێ جاری دواییدا کە لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا دووچآری شەرم و دڵەڕاوکێ بوویت، لە تیانوسی تێبینیەکانتدا ئەم زانیاریانە تۆمار بکە:
1- ئەو بارودۆخە کامە بوو کە بوویە هۆی دڵەڕاوکێ و شەرم کردنت؟
2- هەستە جەستەییەکانت لە کاتی شەرم کردنەکەتدا چی بوون؟
3- ئەو بیرو باوەڕ و بۆچوونانەت کامانەبوون کە بوونە هۆی شەرم کردنت؟
4- ئەی ڕەفتارە شەرم هێنەرەکانت لەو کاتانەدا چی بوون؟
کاتێ ئەو زانیاریانە لە تیانوسی تێبینیەکانتدا تۆمار دەکەیت، هەوڵ بدە بە ڕاناوی قسەکەر دەریان ببڕیت، چونکە بەو شێوەیە پرسیار و وەڵامەکان تەنها تایبەت دەبن بە خۆتەوە، لە هەموو مەشقەکانی نێو ئەم پەرتوکەدا بەهەمان ڕیتم بڕۆ بەڕێوە. یانی پرسیارەکان بەم شێوازەی خوارەوە بنوسەرەوە:
1- ئەو بارودۆخە کامە بوو کە بوویە هۆی دڵەڕاوکێ و شەرم کردنم؟
2- هەستە جەستەییەکانم لە کاتی شەرم کردنمدا چی بوون؟
3- ئەو بیرو باوەڕ و بۆچوونانەم کامانەبوون کە بوونە هۆی شەرم کردنم؟
4- ئەی ڕەفتارە شەرم هێنەرەکانم لەو کاتانەدا چی بوون؟
بە واتایەکی تر: چیم کرد بۆ پاراستنی خۆم لە دوو دڵی؟ (بۆنمونە: ئایا خۆم دوور خستەوە لە دۆخێکی دیاریکراو؟ کارم کرد بۆ سوککردنی ڕێژەی ئەو ترسەی گیانمی داگرتبوو؟)
کارلێکی نێوان ئەو سێ پێکهاتە چین؟
هەرسێ پێکهاتە (جەستەیی و ئیدراکی و ڕەفتاری)یەکانی دوو دڵی، پێکەوە کارلێک دەکەن. هەستی دوو دڵی بە هەستکردنێکی جەستەیی (وەک لەرزینی دەستەکان) دەست پێ دەکات، ئەم دەست لەرزینەش بەڕۆڵی خۆی دەبێتە هۆی بزواندنی گەلێ هۆکار و بیروباوەڕی شەرمهێنەر (بۆ نمونە وەک ئەوەی بڵێ: ئەگەر خەڵکی هەست بە لەرزینی دەستم بکەن، ئەوا گومان دەبەن کە من کەسێکم خاوەنی ڕەفتار و سروشتی نامۆم) هەروەها هەست بە دوو دڵی دەکەیت بەهۆی هەندێ ڕەفتاری شەرمهێنەرەوە (وەک چوونەدەرەوە لە ئاهەنگێک لە پاش 5 خولەک لە دەست پێکردنی!).
وەلێ پرۆسەکە بە بیرۆکەیەک دەست پێ دەکات. بۆ نمونە: ئەگەر بیر و بۆچوونت وابوو جەماوەرەکەت چێژ لە نمایشەکەت وەرناگرن، ئەوا ئەم بۆچوونە هەندێ ئاکاری جەستەیی لەلای تۆ پەیدا دەکات، وەکو: ئارەق کردنەوە و خێرابوونی ترپەکانی دڵ، ئینجا ئەم ئاسەوارانەش بیرۆکەی دڵەڕاوکێ هێنەری بەهێزتر دروست دەکەن، تاکو دواجار بڕیار دەدەیت بەیەکجار واز لە بۆنەکە بهێنیت.
سەرلەبەری خولەکەش بە خۆ دوورخستنەوە لەو دۆخە دەست پێ دەکات کە تۆ لێی دەترسیت، یان بە جۆرێک لە ڕەفتاری خۆپارێزی دەست پێ دەکات. هەرچەندە ئەم ڕەفتارانە لەماوەی کورتدا کاریگەری خۆیان هەیە لە سڕینەوە و سوککردنی هەستەکانی دوودڵی و شەرمدا، کەچی زۆرجار دەبنە هۆی زیندوبوونەوەی هەستکردن بە دوودڵی لەماوەی دووری ئایندەدا، چونکە بووەتە هۆی ڕێگرتن لەوەی تۆ فێرببیت بەشێوەیەکی بشتر و جیاوازتر لەو دۆخە تێبگەیت کە ڕات کردووە لێی!
لە ڕاستیدا تا چەندا لە بارودۆخێکی ناخۆش ڕابکەیت، بەو ئەندازەیەش خۆت دوور دەخەیتەوە لە ڕاهاتن لەگەڵیدا.. (تەنها لە خۆت بپرسە: ناڕەحەتترین ڕۆژت کامەیە بۆ ڕاهاتن بە کەش و هەوای کارکردن؟ دەبینی زۆربەی خەڵک لە وەڵامدا دەڵێن: یەکەم ڕۆژی کارکردن)!.
ئەو کەسانە کێن کە بەدەست دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن؟
هەموان جاروبار لە هەندێ بۆنەی کۆمەڵایەتیدا هەست بە شەرم و دڵەڕاوکێ دەکەین.. (جیری سینفیڵد)ی ئەکتەری کۆمیدی بەناوبانگ دەڵێت: ( بە گوێرەی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان، خەڵکی بە پلەی یەک لە قسەکردن دەترسن لەبەردەم جەماوەردا ، بە پلەی دوویش لە مەرگ دەترسن. سەرنج بدە مردن بە پلەی دووەم دێت! ئەمەش بەلای کەسێکی ئاساییەوە یانی ئەگەر ناچار بکرێ بچێت بۆ پرسەیەک ، ئەوا پێی باشترە لەو پرسەیەدا خۆی لەناو تابوتەکەدا بێت، وەک لەوەی بە زیندوویی بچێتە پرسەکەوە) ئەم بەرەنجام گیرییەی (سینفیڵد) جێگەی گومانە، بەڵام ئاشکرایە دڵەڕاوکێ و شەرم دوو هەستی جیهانین.
بۆ نمونە: لەپاش ئەوەی (د. فیلیپ زیمباردۆ)ی پسپۆڕی دەرونی و هاوڕێکانی زنجیرەیەک ئامار و تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا، دەرکەوت %40 ی بەشداربووەکان شەرمکردنی خۆیان بە هەستێکی درێژخایەن لە قەڵەم داوە، واتە شەرمەکە لە ژیانیاندا بووەتە گرفت. لە ڕێژەی ئەو %60 ی مابوونەوە، دەڵێن: زۆربەی خەڵك لە نێو هەندێ بارو دۆخدا شەرم دەکەن، یاخود دەڵێن: پێشتر شەرممان کردوە. تەنها %5 ی خەڵک گوتویانە هەرگیز شەرممان نەکردوە!.
لە لێکۆڵینەوەیەکی (سەنتەری توێژینەوە و چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ) دا، دەرکەوت دەرهاویشتە جەستەییەکانی دوودڵی کۆمەڵایەتی لای خەڵکە ئاساییەکە یەکسانە. لە لێکۆڵینەوەیەکیشدا زۆربەی خەڵک پشتڕاستی ئەوەیان کردەوە کە جارو بار لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا دووچاری ئاسەواری جەستەیی شەرم دەبنەوە. ئاسەوارە جەستەییە زۆر بڵاوەکانیش بریتین لە : ترس، شڵەژان، سوورهەڵگەڕانی ڕوخسار، قسەتێکەڵ کردن، پەلەبوونی لێدانەکانی دڵ، هەستکردن بەوەی شتێک بە قورگەوە نوساوە، ئارەقکردنەوە، لەرزین، زەردەخەنە کردن، کۆنترۆڵنەکردنی قسەکان یاخود قسەکردن بە شێوازی نەگونجاو.