بیناسازی میزۆپۆتامیاكان
دانیشتوانی دۆڵی دوو ئاوان لە بیناکردنی پەرستگا و زەقورە بەناوبانگ بوون، بۆ بیناکردنی قوڕ و بەرد و خشتی سووریشیان بەکارهێناوە و بە نەخش و نیگاری سەر دیوار و کەمەرە و وێنەکێشانی ڕەنگاوڕەنگ دەیانڕازاندەوە، پاشماوەی پەرستگا و کۆشکەکان لە لای دانیشتوانی دۆڵی دوو ئاوان بەڵگەی گەشەسەندنی هونەری (بیناسازییە) لەو سەردەمە. خەڵکی سادە و ئاسایی خانووەکانیان لە قوڕ دروست دەکرد، زیاتر لە ژووری پچووک پێکدەهات، هەروەها (کا و دار و قوڕ) بەکار دەهات بۆ ئەوەی سەرەکەی پێ بگرن، خانووەکە سەرەتا وەک شێوەی (کەپری لاکێشەیی) بوو، پاشان شێوازی بانی ڕاست بەکارهات و چەند پایەیەک دانران بۆ وەشانی دیوارەکان، دەرگای خانووەکان لە دار دروست دەکران و پەنجەرەی بچووکی هەبوو بۆ هاتنە ژوورەوەی ڕووناکی، پیناسازییەکان ڕۆژهەڵاتی بوون بە شێوەیەک کە ژوورەکان و کۆگاکان لەتەک یەک بوون، لە ناوەندیشیاندا گۆڕەپانێک هەبوو، هەروەها خەڵکی ئەوکات ڕەچاوی ئاو و هەوایان کردووە لە دروستکردنی ئەم خانوانەدا، تاوەکو لە سەرەتای زستان و لە گەرمای هاوین بیانپارێزێت.