سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوور - apartheid

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-24-19:31:00 - کۆدی بابەت: 4807
سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوور - apartheid
مێژوو

سیاسەتی ڕەگەزپەرستی (apartheid)

پارتی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨دا دەسەڵاتی گرتە دەستەوە، دەستی دا بە تۆماری چەند یاسایەک دوو چاوەکی ڕەچەڵەکی. ئەم یاسایانە لەسەر زوڵم و نابەرامبەری و دووچآوەکی داڕێژرابوون، هەموو خەڵکی ئەفریقا بە چوار بەش دابەش کرابوون، سپی (بەرەی سپی پێستە کۆچەرە ئەوروپییەکان)، ڕەنگین پێستەکان (ئەوانەی کە ڕەچەڵەکیان لە دوو یان چەند تۆرەمەی جیاواز بوو)، ئاسیاییەکان و ڕەش پێستەکان، کەمینەی سپی پێست کە لە ١٣٪ـی خەڵکی ئەفریقایان پێک دێنا بەسەر هەموو ئەفریقادا دەسەڵاتیان هەبوو، ئەوانەی کە سپی پێست نەبوون، مافی دەنگدان و ناردنی نوێنەریان بۆ پەرلەمان نەبوو، دوو چاوەکی ڕەچەڵەکی لە هەموو توێژەلانی کۆمەڵگادا بەڕێوە دەبرا.

ئەو جیاوازییانەی دەكران لە چیدابوون؟

وەکو :

  • جیاکردنەوەی ئاودەستەکان
  • وێستگەی شەمەندەفەر
  • قوتابخانەکان و پارک و سەیرانگاکان

ملیۆنەها ڕەش پێست لە ناوچەگەلێکدا کە زاگەیان پێ دەگووتن و لە دەرەوەی شاردا بوون جێگیر کرابوون. زۆربەی زۆری ئەم ڕەش پێستانە کرێکاری کانی زێڕ و ئەڵماس بوون و ژیانێکی زۆر ئەستەمیان هەبوو. سیستەمی ئاپارتاید (سیاسەتی ڕەگەز پەرستی)، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی خۆی سوودی لە پۆلیس و دەزگا حکوومییەکان وەردەگرت و هەرچەندە خەڵکانێکی زۆر بەرهەڵستی ئەم سیاسەتانە دەبوون، بەڵام کەمترین ڕەخنە و بەرەنگاری دەبووە شەڕ و کوشتارێکی خوێناوی. پاش ساڵەها سەرکۆنە و لۆمە و پاوانی ئابووری و کلتووری و بەرەنگاری خەڵکی ناوخۆ، سیستەمی ئاپارتاید بەرەبەرە لاواز بوو. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٩دا (F. W. Clark) بوو بە سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، ئەم وڵاتە تووشی قەیران و کۆسپ و تەگەرەیەکی گەورە هاتبوو. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٠ دا دەستی ئاشتی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، گرنگترین پارتی دژ بە ئاپارتاید، ڕاکێشا و نیلسۆن ماندێلا کە ڕێبەری ئەم پارتە بوو، پاش ٢٧ ساڵ لە بەندینخانە ڕزگار کرد، پاش ئەوەی وتووێژێکی دوور و درێژ و ئەستەم لە نێوانیاندا ڕوویدا تا لە ٢٧/٤/١٩٩٤دا کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا زۆرترین بەشی دەنگەکانی (٦٢٪)ـی بەدەست هێنا و ماندێلا بوو بە یەکەمین سەرۆک کۆماری ڕەش پێستی ئەفریقای باشوور کە پاش ئاپارتاید هاتبووە سەر کار.

لە سیستەمی ئاپارتاید منداڵێك کە لە دایک دەبوو نە وەکو مرۆڤێک، بەڵکو وەکو سپی پێست، ڕەش پێست یاخود ڕەنگێکی تر دەهاتە دونیاوە هەموو هەلومەرج و ئاسانکارییەکانی کۆمەڵگا تایبەت بە بەشی ١٣٪ سپی پێست بوو و خەڵکی تر لە زۆربەی ئەو هەل و مەرجانە و تەنانەت لە زۆر پێداویستی سەرەتاییش بێ بەش بوون، ڕەنگی پێست دەورێکی گرنگی لە شێوازی خوێندن لە قوتابخانە و یاری و خۆراک و پۆشاک و زۆر ڕەهەندی تر دەبینی.


سەرچاوەکان



457 بینین