سویچ (نێتۆرک)

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-12-15:39:00 - کۆدی بابەت: 5293
سویچ (نێتۆرک)

ناوه‌ڕۆك

نێتۆرك سویچ چییە؟

نێتۆرك سویچ بریتییە لە ئامێرێكی نێتۆركین كە لە چینی دووەمی (OSI model) كار دەكات، چەندین پۆرتی هەیە و ژمارەیان لە 5 دەستپێدەكات و دەگاتە 52 پۆرت، هەروەها سویچ هەڵدەستێت بە وەرگرتنی پاكێت لە ڕێگەی یەكێك لە پۆرتە فیزیكییەكانیەوە پێیدەگات و دەینێرێت بۆ ئەو شوێنەی كە پاكێتەكەی بۆ نێردراوە.

سویچ یەكێكە لە ئامێرە بڵاوەكانی بواری نێتۆرك، كە چەندین جۆری هەیە لەوانە:

(ethernet, Fiber Channel, Asynchronous Transfer Mode (ATM), InfiniBand)

بەڵام زۆربەی سویچەكانی كە ئێستا بەكاردێن ethernet بەكاردەهێنن.

چۆنییەتی كاركردنی نێتۆرك سویچ

كاتێك ئامێرێك دەبەسترێت بە سویچێكەوە، سویچەكە هەڵدەستێت بە ناسینی ماك (MAC) ئەدرێسی ئامێرەكە، كە بریتییە لە كۆدێك كە لەسەر هەموو كارتی نێتۆرك (NIC)ـی ئامێرێك هەیە، پاش ئەوەی سویچەكە بە ماك ئەدرێسی ئامێرەكان ئاشنابوو بەكاریان دەهێنێت بۆ ناسینەوەی ئەو زانیاریانەی كە لە داتاكەدا هەیە و هەروەها بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنەی كە دەبێت داتاكەی بۆ بنێردرێت.
كاتێك ئامێرێك هەڵدەستێت بە ناردنی داتا بۆ ئامێرێكی تر سویچ هەڵدەستێت بە خوێندنەوەی ئەو زانیاریانەی كە لەسەر داتاكە هەن بۆ ئەوەی بزانێت كە بۆ چ پۆرتێكی بنێرێت تا بگات بە شوێنی مەبەست، چونكە سویچەكان قەبارەی جیاواز و هەروەها ژمارەی پۆرتی جیاوازیان هەیە.
هەرچەندە سویچەكان لە چینی دووەمی (OSI model) كار دەكەن بەڵام دەتوانن لە چینی سێهەمدا كاربكەن، كە ئەمەش پێویستە بۆ پشتگریكردنی (VLAN).
بۆ كەمكردنەوەی پێكدادان و هێواشكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە بە ناو سویچەكەدا هاتووچۆ دەكەن لە هەمانكاتدا، زۆربەی سویچەكان تایبەتمەندی (full-duplex)ـیان هەیە، كە یارمەتیان دەدات لە یەك كاتدا چەند زانیارییەك بگوازنەوە و هەروەها هەموو (bandwidth)ـی سویچەكە بەكاربهێنرێت.

جۆرەكانی سویچ

سویچەكان قەبارەی جیاوازیان هەیە بەپێی ئەو ژمارەی ئامێرەی كە دەتەوێت لێی ببەستیت، هەروەها ئەو خێراییەی كە دەتەوێت، بۆ ئۆفیس و شوێنە بچووكەكان دەتوانیت سویچێكی چوار بۆ هەشت پۆرتی بەكاربهێنیت، بەڵام بۆ ڕێخراو و كۆمپانیا گەورەكان چەندین سویچ بەكاردەهێنرێت كە 128 پۆرتی هەیە.
سویچەكان خێرایی جیاوازیان هەیە كە بە پێی پێویستی كارەكە دەگۆڕێت كە بریتین لە:

  • Fast ethernet كە خێراییەكەی (10/100 Mbps)
  • Gigabit ethernet خێراییەكەی بریتییە لە (10/100/1000 Mbps) 
  • 10 Gigabit كە خێراییەكەی (10/100/1000/10000 Mbps)
  • هەروەها هەندێك هەیە كە خێراییەكانیان دەگاتە (40/100 Gbps)

سوێچ لەڕووی كاركردنەوە چەند جۆرێكی جیاوازی هەیە كە بریتین لە:

سویچی بەڕێوەنەبراو (Unmanaged switches)

ئەم جۆرە سویچانە سادەترین جۆرن، كە ناتوانرێت دەستكاری تایبەتمەندییەكانی بكرێت، واتا هەر لە دوای كڕین ئامادەیە بۆ بەكارهێنان و هیچ شتێكی پێویست نییە، سوودی ئەم سویچانەی بریتییە لە هەرزانی نرخەكەی، بەڵام كەمی خزمەتگوزارییەكانی وایلێكردووە كە بۆ ڕێخراو و كۆمپانیا گەورەكان سوودی نەبێت.

سویچی بەڕێوەبراو (Managed switches)

ئەم جۆرە سویچانە چەندین تایبەتمەندی هەیە كە زیاتر لە كۆمپانیا و كارە گەورەكاندا بەكاردێت، سویچی بەڕێوەبراو ڕووكاری (CLI) هەیە كە بەكاردێت بۆ بەڕێوەبردنی سویچەكە، هەروەها پاڵپشتی پڕۆتۆكۆڵی (SNMP) دەكەن كە بەكاردهێنرێت بۆ دۆزینەوەی كێشەكانی كە لە نێتۆركەكەدا هەیە.
سویچی بەڕێوەبراو پاڵپشتی (VLAN) و (IP Routing) دەكەن و هەروەها لە جۆرەكانی سوێچەكانی تر پارێزراوترن و سەلامەت ترن.
بەبۆنەی ئەم هەموو تایبەتمەندییانەوە كە سویچی بەڕێوەبراو هەیەتی وایكردووە كە نرخەكەی گران بێت.

سویچی زیرەك (intelligent switches)

ئەم جۆرە سویچە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە كە سویچی بەڕێوەنەبراو نییەتی هەروەها هەندێك تایبەتمەندی سویچی بەڕێوەبراو نییە، بۆیە دەتوانین بڵێیت كە ئەم لەڕووی تایبەتمەندییەوە ئەو سویچە دەكەوێتە نێوان سویچی بەڕێوەنەبراو و سویچی بەڕێوەبراو، هەروەها ئەم جۆرە سویچانە نرخیان لە سویچی بەڕێوەبراو كەمترە بەڵام بەهەمانشێوە تایبەتمەندییەكانی، سویچی زیرەك زیاتر بۆ نێتۆركی ئەو كۆمپانیا بچووكانە باشە كە توانای داراییان نییە بۆ دابینكردنی سویچی بەڕێوەبراو.


سەرچاوەکان



1157 بینین