تاوانی ئەلیکترۆنی

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-25-14:43:00 - کۆدی بابەت: 6037
تاوانی ئەلیکترۆنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاوانی ئەلیکترۆنی (بە ئینگلیزی: Cybercrime) بریتییە لە تاوانێک کە کۆمپیوتەر یاخود نێتۆرک لەخۆدەگرێت، دەکرێت کۆمپیوتەرەکە لە ئەنجامدانی تاوانێکدا بەکارهێنرابێت یان کۆمپیوتەرێک ئامانجەکەبووبێت، تاوانی ئەلیکترۆنی ئاسایش و باری دارایی و تەندروستی تاک دەخاتە مەترسییەوە. 
چەندین نیگەرانی هەیە دەربارەی تاوانی ئەلیکترۆنی کاتێک زانیاری تایبەت دەدزرێت یان بڵاودەکرێنەوە، کە زۆربەیان کێشەی یاسایین، بەشێوەیەکی گشتی کەسە حکومییەکان و ناحکومییەکان تاوانی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدەن، وەک سیخوڕی کردن، دزیکردن و چەندین تاوانی تر کە لەدەرەوەی سنوورەکان ئەنجام دەدرێت، ئەو تاوانە ئەلیکترۆنیانەی کە لە نێوان دوو سنووری جیاواز ئەنجامدەدرێت پێیاندەوترێت جەنگی ئەلیکترۆنی، وارێن بەفێت وەسفی تاوانی ئەلیکترۆنی دەکات و دەڵێت "یەکەمین کێشەی مرۆڤایەتییە"، هەروەها دەشڵێت "مەترسی ڕاستەقینەی هەیە بۆ مرۆڤایەتی".
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ساڵی 2014 لەلایەن کۆمپانیای پارێزگاری (McAfee) بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دەرکوتووە کە زیانی ساڵانەی ئابووری جیهانی بەبۆنەی تاوانی ئەلیکترۆنییەوە نزیکەی 445 ملیار دۆلارە، لە ڕاپۆرێکدا کە لە ساڵی 2016 لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی پارێزگارییەوە بڵاوکرایەوە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات کە بەبۆنەی تاوانی ئەلیکترۆنییەوە زیانی ئابووری لە ساڵی 2021ـەوە دەگاتە بڕی 6 تریلیۆن دۆلار ساڵانە.
لە ساڵی 2012 نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار برا لە تاوانێکی ئەلیکترۆنیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

جۆرەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی 

بەبۆنەی کەمبوونەوەی تاوانە باوەکان، گۆمەڵگا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە لە تاوانی ئەلیکترۆنیدا، هەروەها چەند جۆرێکی جیاوازی تاوانی ئەلیکترۆنی هەیە کە بریتین لە:

تاوانەکانی فریودانی دارایی - Financial fraud crimes

فریودان لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەوە بریتییە لە بەهەڵە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ بەدەستهێنان یاخود بوونە هۆی لەدەستدانی شتێک، فریودان دەبێتە هۆی سوودبینین لەڕێگەی:

دەستکاریکردنی ڕێگەپێنەدراو، ئەم ڕێگەیە شارەزایی کەمی دەوێت و ڕێگەیەکی باوە کە فەرمانبەران بەکاریدەهێنن بۆ دزین، کە فەرمانبەرەکان هەڵدەستن بە داغڵکردنی داتای نادروست یان گۆڕینی زانیارییەکان بۆ مەبەستی تاکەکەسی.
گۆڕین، لەناوبردن، شاردنەوە یان دزینی دەرچوویەک (output)، کە ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنرێت بۆ شاردنەوەی ئاڵوگۆڕ یان کڕینی ڕێگەپێنەدراو.
دەستکاری کردن یان سڕینەوەی داتایەک کە پێشتر هەڵگیردرابێت.

چەند جۆرێکی تری فریودان هەیە کە پەیوەندی بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەوە هەیە وەک فریودانی بانک، بەکارهێنانی نایاسایی کارتی بانکی، دزینی ناسنامە، سیخوڕی کردن هەروەها دزینی زانیای نهێنی.

تیرۆریزمی ئەلکترۆنی

تیرۆریزمی ئەلکترۆنی بریتییە لە ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریزمی لەڕێگەی بەکارهێنای کەرەستەی ئەلیکترۆنی یاخود سیستمی کۆمپیوتەری، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەی کە (تەقینەوەیەک لە بۆنەی فڵاندا ڕودەدات) بە تیرۆریزمی ئەلکترۆنی دادەنرێت، هەروەها چەند چالاکییەکی هاککردن هەیە کە دووچاری کەسێک یان خێزانێک دەبێتەوە، کە لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دەرخستی تونا و هێز، ئەمەش بەهەمان شێوە پێیدەوترێت تیرۆریزمی ئەلکترۆنی.
تیرۆرستی ئەلیکترۆنی بریتییە لە کەسێک کە وا دەکات لە کەسێک یان ڕێخراوێک بە بەگوێکردن و ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەیەوێت لەڕێگەی بەکارهێنانی هێرشی ئەلکترۆنییەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانەی کە لە نێتۆرک یان کۆمپیوتەری کەسەکە یان ڕێخراوەکەدا هەیە.

هەڕەشەی ئەلیکترۆنی – Cyberextortion

هەڕەشەی ئەلیکترۆنی کاتێک ڕوودەدات کە وێب سایتێک یان خزمەتگوزارییەکی ئیمەیڵ یان کۆمپیوتەر سیستمێک هەڕەشەی لێدەکرێت یان هێرشی دەکرێتەسەر بە بەکارهێنانی هێرشی نەهیشتنی خزمەتگوزاری (DOS Attack)، کە تێیدا هاکەرەکان داوا لە کۆمپانیا یان کەسەکە دەکەن کە پارەیان پێبدات لەبەرامبەر ناهێشتنی هێرشەکە یان بە بیانووی پارێزگاریکردن لێیان، بەپێی وتەکانی (FBI) هەڕەشەکانی ئەلیکترۆنی لە زیادبووندایە و مانگانە زیاتر لە 20 کەیس تۆماردەکرێت، هاککەران زیاتر هێرشی نەهێشتنی خزمەتگووزاری (Denial of service attack - DOS) بەکاردەهێنن، بەڵام هێرشی تریش بەکاردێت وەک (doxing) کە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی داتا و زانیارییە تایبەتەکانی کە لە وێب سایت و داتابەیسەکاندا هەڵدەگیرێت، نموونەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بریتییە لەو هێرشەی کە لە ساڵی 2014 کرایە سەر کۆمپانیای پلەی ستەیشن.

مامەڵەکردنی سێکسی ئەلیکترۆنی

مامەڵەکردنی سێکسی ئەلیکترۆنی (بە ئینگلیزی: Cybersex trafficking) بریتییە لە گواستنەوەی قوربانیان و پاشان بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆییان کە کاری نەشیاو دەکەن یان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، لەم شێوازە مامەڵەکردنەدا ئەو کەسانەی کە تاوانباران مەبەستیانە دەڕفێنرێن، هەڕەشەیان لێدەکرێت و هەڵدەخەڵەتێنرێن پاشان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێک کە پێیدەوترێت حەشارگەی سێکسی ئەلیکترۆنی (بە ئینگلیزی: cybersex dens) ئەم حەشارگانە دەکرێت لە هەر شوێنێکدا بن کە تاوانباران دەیانەوێت، هەروەها ئەم حەشارگانە پڕن لە کەرەستەی ئەلیکرۆنی وەک کۆمپیوتەر، تابلێت و مۆبایک هەروەها هەمیشە ئەم شوێنانە هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە کە هێرشکەران بەکاریدەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕەکاندا، وەک ماڵپەڕەکانی سۆشیال میدیا، کۆنفڕانسە ڤیدیۆییەکان، پەڕەکانی ژوانبەستن هەروەها وێب سایتەکانی (وێبی ڕەش - dark web)، تاوانبارەکان و پلان داڕێژەرانی ئەم جۆرە کارە دراوی ڕەمزی (Cryptocurrency) بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی پارەکانیان، چونکە دراوی ڕەمزی ناسناوی کەسەکە دەشارێتەوە و بە نهێنی دەمێنێتەوە.

نموونەیەکی مامەڵەکردنی سێکسی ئەلیکترۆنی بریتییە لە کەیسی (Nth room case) لە کۆریای باشوور.

جەنگی ئەلیکترۆنی

وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگاداری ئەوەیە کە بواری ئەلیکترۆنی و ئینتەرنێت گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویستە لەژێر چاودێریدا بێت، چونکە وڵاتان دەتوانن وەک چەکێک بەکاریبهێنن، یەکێک لە نمونەکان بریتییە لە هێرشی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن ڕووسیاوە کرایە سەر ژێرخانی ویلایەتی ئێستۆنیا لە ساڵی 2007، بۆیە شارەزایان لەوە دەترسن کە ئەم جۆرە هێرشانە لە داهاتوودا ببنە شتێکی ئاسایی لەنێوان وڵاتاندا کە ئەمش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی جەنگی سەربازی لەنێوان وڵاتەکاندا.


سەرچاوەکان



3022 بینین