ناوهڕۆك
پەککەوتنی دڵ چییە؟
دەستەواژەی پەککەوتنی دڵ ڕەنگە وات لێ بکات بیر لەوە بکەیتەوە دڵت خەریکە دەوەستێت، لە ڕاستیدا مانای ئەوەیە کە دڵت وەکوو پێویست پاڵ بە خوێنەوە نانێت، دڵێکی تەندروست پاڵ بە خوێنەوە دەنێت بە هەموو جەستەدا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو بەشەکانی جەستە ئۆکسجین و خوێنی پێویستیان پێ دەگات، بە تیپەڕینی کات گەر توشبووی پەککەوتنی دڵ بیت، دڵ ناتوانێت داواکارییەکانی جەستە بۆ خوێن و ئۆکسجین دابین بکات.
ڕەنگە دڵ هەوڵی خۆگونجاندن بدات بە گەورەبوونی قەبارەی، زیادکردنی ماسولکەکان و خێراتر پاڵنانی خوێن، لوولەکانی خوێن ڕەنگە تەسکتر ببنەوە، هەروەها ڕەنگە جەستەت بڕی نێردراوی خوێن بۆ ئەندام و شانە کەمتر گرنگەکانی کەمتر بکاتەوە، بەڵام هیچکام لەم ڕێکارانە ناتوانن چارەسەری کێشەی پەککەوتنی دڵ بکەن.
جۆرەکانی پەککەوتنی دڵ
دەکرێت پەککەوتنی دڵ لایەکی دڵ یان هەردوولا بگرێتەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا سەرەتا لای چەپی دڵ لەکاردەکەوێت، پەککەوتنی دڵ دابەش دەکرێت بۆ چەند جۆرێک، وەک (پەککەوتنی دڵی چەپ "لای چەپی دڵ"، پەککەوتنی دڵی ڕاست "لای ڕاستی دڵ"، خوێنتێزانە پەککەوتنی دڵ).
پەککەوتنی دڵی چەپ (لای چەپی دڵ)
سکۆڵەی چەپ گەورەترە و پاڵ بە بڕێکی زیاتری خوێنەوە دەنێت، ئەم جۆرەشیان دابەش دەبێت بۆ دوو بەش، ئەوانیش:
- گرژبوونە پەککەوتن: کاتێک کە سکۆڵەی چەپ زۆر لاوازە بۆ پاڵنانی خوێن.
- خاوبوونەوە پەککەوتن: کاتێک سکۆڵەی چەپ زۆر ڕەقە، ناتوانێت خاو ببێتەوە و پڕ نابێت لە خوێن.
پەککەوتنی دڵی ڕاست (لای ڕاستی دڵ)
زۆرجار پاش پەککەوتنی دڵی چەپ ڕوودەدات، کە پەستانێکی زۆرتر دەکەوێتە سەری لە ڕێی سییەکانەوە و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی دڵی ڕاست.
خوێنتێزانە پەککەوتنی دڵ
کاتێک خوێن خاودەبێتەوە کاتیک دڵ جێدەهێڵێت و بە هێواشی دەگەڕێتەوە بۆ دڵ، ئەمەش هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی خوێن لە خوێنهینەرەکاندا و دەبێتە هۆی ئاوسان لە هەموو جەستەدا، دەکرێت ببینرێت لە لاقەکان و ئەژنۆدا، بەڵام دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە لە سییەکانیشدا ڕووبدات، کە دەبێتە هۆی کێشەی گەورەی هەناسەدان، لەم حاڵەدا ڕاستەوخۆ پێویستت بە گرنگیپێدانی پزیشکت هەیە.
هۆکارەکانی پەککەوتنی دڵ
چەندین هۆکاری پەککەوتنی دڵ هەن، لەوانە:
- نەخۆشی خوێنبەرەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ.
- بەرزە پەستانی خوێن.
- کێشەی زمانەکانی دڵ.
- تێکشکانی ماسولکەکانی دڵ.
- کێشەیەکی زگماکی دڵ.
- هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ.
- بەکارهێنانی ماددە ژەهراوییەکانی وەکوو کهول و ماددە هۆشبەرەکان.
- نەخۆشییەکانی تر، وەکوو: (شەکرە، ڤایرۆسی کەمبوونەوەی بەرگری مرۆڤ(HIV). کێشەکانی ڕژێنی سایرۆید).
نیشانەکانی توشبوون بە پەککەوتنی دڵ
هەندێک نیشانەی دیاری پەککەوتنی دڵ بریتین لە:
- هەناسە کورتی.
- هیلاکی و لاوازی.
- ئاوسانی پێیەکان و ئەژنۆکان و لاقەکان یان ئاوسانی سک.
- کۆکە و پژمەی بەردەوام.
- لێدانی دڵی خێرا یان ناڕێک.
- سەرگێژهاتن و وڕ بوون.
- پێویستی پیسایی کردن زیاتر لە ئاسایی، بەتایبەت کە شەواندا.
- دڵ تێکەڵهاتن، کەمی حەزی خۆراک.
دەستنیشانکردنی پەککەوتنی دڵ
بۆ دڵنیابوونەوە لە پەککەوتنی دڵ پزیشک پێویستی بە ئەنجامدانی:
- هەندێک تاقیکردنەوە لەسەر نەخۆش.
- پرسیارکردن دەربارەی مێژووی نەخۆشییەکە.
- پشکنین.
لە نمونەی پشکنینەکانیش بریتین لە:
- پشکنینی خوێن: ئاستی نائاسایی هەندێک ماددە دەکرێت فشاری سەر ئەندامەکان پیشانبدات لە ئەنجامی پەککەوتنی دڵ.
- نەخشەکێشانی کارەبایی دڵ ECG: کە چالاکی کارەبایی دڵ تۆماردەکات.
- تیشکی ئێکس بۆ سنگ: بۆ پیشاندانی قەبارەی دڵ و لێکدانەوەی ئەگەری گەورەبوونی، هەروەها داخرانی دڵ پیشاندەدات ئەگەر بوونی هەبێت.
- پشکنینی دەنگدانەوەی دڵ (echocardiography): کە شەپۆلەکانی دەنگ بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ڤیدیۆیی دڵ.
- پشکنینی ڕاهێنان: پێشی دەوترێت پشکنینی فشار، کە پێوانەی کارکردنی دڵ دەکات لەکاتێکدا پێویستی بە کارکردنی قورسە.
- دانانی کاسێتەری دڵ (قەستەرەی دڵ): لەم پشکنینەدا بۆیەیەک لە ڕێگەی بۆرییەکی بچووکەوە دەکرێتە لوولەکانی خوێنەوە، کە هەر داخران یان لاوازییەکی خوێنبەرەکان پیشاندەدات.
- ناوکەتیشکە وێنەگرتنی سکۆڵەکان: هەروەها پێشی دەوترێت MUGA scan، ماددە تیشکدەرەکان دەچنە ناو لوولەکانی خوێنەوە، دواتر ئامێرێک کە پێی دەوترێت کامێرای گاما وێنەی دڵ دەگرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردنی دڵ، بۆ زۆربەی حاڵەتەکان ئەم پشکنینە سەلامەتە، گورچیلەکان چارەسەری دەکەن، بەڵام ئەگەر کەسەکە دووگیان بێت یان پەرستاری بکات ئەوە پێویستە لەسەری ئەم پشکنینە ئەنجام نەدات.
چارەسەرەکانی پەککەوتنی دڵ
پەککەوتنی دڵ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو تەنها بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و یارمەتیدانی دڵە لە پاڵنانی خوێن، لە گرنگترین چارەسەرەکانیش:
گۆڕینی شێوازی ژیان
- پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست بۆ دڵ
- ڕاهێنانی ڕیکخراو
- بە ئامانجگرتنی کێشی تەندروست
- وازهێنان لە جگەرەکێشان.
دەرمانەکان
ڕەنگە پێویستت بە دەرمانێک یان زیاتر لەم دەرمانانە بێت وەکوو بەشێک لە چارەسەر، دەرمانە باوەکانیش بریتین لە:
- وەستینەرەکانی ئەنزیمی گۆڕینی ئەنجیۆتینسین ACEI
- میزپێکەرەکان.
- داخەرەکانی وەرگری بێتا.
- دیجۆکسین Digoxin.
نەشتەرگەری و ئامێرەکان
لە هەندێک حاڵەتدا نەشتەرگەری پێویستە، چەندین ڕێبازی چارەسەر دەکرێت یارمەتیدەر بن لە پەککەوتنی دڵ، ئەگەر حاڵەتەکە قورستر بێت ڕەنگە پزیشکەکە هەڵبستێت بە چاندنی ئامێرێک، وەکوو دژە دڵ ڕفیین defibrillator یان ئامێری یارمەتیدەری سکۆڵەی چەپ LVAD لە جەستەدا، جگە لەمانەش هەندێک جار چاندنی دڵ ڕەنگە باشترین هەڵبژاردە بێت، پزیشک بڕیار لەسەر رێبازی چارەسەرەکە دەدات.