ناوهڕۆك
سەد وێنەکەی مێژوو
گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".
ناوی وێنە | هەڵاتنی زەوی |
ناوی وێنە بە فەرمی | Earthrise |
ڕیزبەندی | هەشتەم |
جۆر | گەردوونناسی، زەویناسی |
مێژوو | ١٩٦٨ |
وێنەگر | William Anders, NASA |
هەڵاتنی زەوی
لە ٢٤/١٢/١٩٦٨ لە دوای ٧٥ کاتژمێر و ٤٨ خولەک و ٤١ چرکە لە هەڵدانی مووشەکی ئەپۆلۆ ٨، لە کەیپ کێنۆڤڕاڵەوە کە یەکەمین مووشەک بوو بە دەوری مانگدا بسوڕێتەوە، هەریەک لە فرانک بۆرمان و جیم لۆڤڵ و بیڵ ئەندرێس لە دەوروبەری سەری ساڵ دەگەنە نزیکی مانگ و ١٠ خول بە دەوری مانگدا دەسوڕێنەوە تا ئەوەی ڕووناکییەکی شین و سپی پەنجەرەکەی یەکێک لە لایەکانی کەشتییە ئاسمانییەکە پڕدەکاتەوە.
لەوکاتەدا ئەندرێس دەڵێت: "ئۆی خودایە! سەیری ئەوە بکەن، ئەوە زەوییە دێتە سەرەوە، واو ئەوە زۆر جوانە".
لەدوای ئەم قسەوە ئەندرێس وێنەیەکی ڕەش و سپی زەوی دەگرێت و لۆڤڵ پەلاماری ڕەنگەکان دەدات بۆ ئەوەی یەکەمین دەرکەوتنی زەوی لە خولگەی مانگەوە بە ڕەنگەوە بگرن، بەڵام زەوی نابینێت و پێی وایە لەدەستیان داوە، دوای ئەوە سەیری پەنجەرەکانی دیکە دەکات و جارێکی دیکە زەوی دەبینێت و دەڵێت ئەوەتا دۆزیمەوە و بە پەلە ئەندرێس وێنەیەکی دەگرێت، لۆڤڵ بە پەرۆشییەوە پێی دەڵێت "گرتت؟" و ئەویش بە بەڵێ وەڵامی دەداتەوە.
ئەوە دەبێتە یەکەمین دەرکەوتنی زەوی بە ڕەنگەوە لە بۆشایی ئاسمان کە بە کامێرای هاسيلبلاد- EL 500 ئەوکات گیراوە.