ناوهڕۆك
گەورەی کۆمیدیای کوردی
ماهیر حەسەن (بە عەرەبی: ماهر حسن، بە ئینگلیزی: Mahir Hassan)، لە ١٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ لە شارۆچکەی عەربەت لە پارێزگاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە ساڵی ١٩٨٥ بەشی شانۆی تەواوکردووە، هەر لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و زیاتر لە ٢٠٠ بەرهەمی هەیە.
ساڵی ١٩٨٣ دەبێتە باشترین نواندنکار لە شانۆیی "قاتێک جلت وەرگرت".
یەکەمین بەرهەمی شانۆیی "چینی چاوی چەوساوەی کرێکاران بە دەستی ئاغا و دەرەبەگدا" بووە و بەناوبانگترین بەرهەمەکانیشی بریتین لە (یاخیبوونی ستار، هەمەڕەنگ، پەتریپۆت، ماڵەکەی مەعروف، بەخت ڕەش، گەردەلوول، فەنتەڵۆس، کەشکۆڵ).
کاری بەرهەمهێنانی بۆ ١٣ بەرهەمی شانۆیی کردووە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تیپی هونەری ڕەنگاڵە، و لە ٥٠٠ بەرهەمی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوتووە، خاوەنی ١٠ فیلمی سینەماییە و ساڵی ٢٠٢١ـیش لە فیلمی ٠٩ بەشداربووە.
زۆرینەی کات لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا دەردەکەوێت و پێکەوە دوانەیەکی هونەری کۆمیدییان دروستکردووە و گەورەترین دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ درامای ماڵەکەی مەعروف کە ماهیر حەسەن خۆی کاری نووسینی بۆ دراماکە کردووە.
دوور لە کۆمیدیا کەسێکی خەمخۆر و ژینگەپارێزە و لە زۆرینەی چالاکییە مرۆییەکاندا دەردەکەوێت.
ژیانی تایبەتی
ساڵی ١٩٨٨ هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو منیرە پێکهێناوە و خاوەنی ٢ کوڕ و ٢ کچە، خۆی دەڵێت ژیانی منداڵی زۆر سەخت بووە و ٣٠ کاری کردووە لە تەمەنێکی کەمدا، کە لە پۆستێکیدا بەمشێوەیە ڕیزیان دەکات:
1- پسکیت و بنێشت و جۆرەکانی شیرینی
٢ -محەلەبی فرۆشتن
٣ - ئەزبەرید فرۆشتن
٤ - شەکلەمە فرۆشی
٥ - پەشمەک فرۆشی
٦ - دەنکە ھەنار فرۆشتن
٧ - کالیارو ترۆزی فرۆشتن
٨ - گووڵە بەڕۆژە فرۆشی
٩ - شوتی فرۆشی
١٠- لیمۆ فرۆشتن
١١- مۆز فرۆشی
١٢- یانسیب دانان
١٣- بلیت فرۆشی
١٤- ترشیات فرۆشتن
١٥- جگەرە فرۆشتن
١٦- توحفیات و فەرشی بچوکی ئێرانی
١٧- حەماڵی
١٨- شیش بەستن
١٩- گەچکاری
٢٠- بۆیاخچێتی دیوار
٢١- شاگردی دیوار دانان
٢٢- کارکردن لە سایلۆی سلێمانی لە ١٢ـی شەو بۆ ٨ـی بەیانی.
٢٣- کارکردن لە نانەواخانە لە دووی شەو بۆ بەیانی.
٢٤- ئاسنگەری لە گەنجینەی قەدەم خێر
٢٥- شاگرد چێشتخانە
٢٦- شاگرد بەرگدروو
٢٧- دەلاکی
٢٨- مەسکەت و لەبزینە فرۆشی لە حەفتاکان.
٢٩- کاری دامەزراندنی ئامێری سینەما لە ساڵی ١٩٨٠ و ١٩٨١.
٣٠- کاری ھونەری لە پشتی شانۆ و پاککردنەوەی سەر شانۆ.