هێرۆیین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-04-17:08:00 - کۆدی بابەت: 6503
هێرۆیین

ناوه‌ڕۆك

هێرۆیین چییە؟

هێرۆیین دەرمانێکی هۆشبەرە لە مۆرفین دروست دەکرێت و پێشی دەوترێت دایئەسیتایل مۆرفین (diacetylmorphine) یان دایامۆرفین (diamorphine)، مۆرفین ماددەیەکی سروشتییە کە لە بەری ڕووەکی خەشخاشەوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەم ڕووەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە باشوری ئاسیا و مەسکیک و کۆڵۆمبیا دەچێنرێت، ماددەی هێرۆیین تۆزێکی ڕەنگ سپی یان قاوەییە و هەندێکجار بە شێوەی ماددەیەکی لکێنەری ڕەنگ ڕەش بەرهەم دەهێنرێت کە پێی دەوترێت هێرۆیینی ڕەشی قەتران (black tar heroin)، دایامۆرفین لە بواری پزیشکیشدا بەکاردێت وەک ئازارشکێن لە کاتی منداڵبوون یان جەڵتەی دڵ.

مێژووی دۆزینەوەی هێرۆیین

ماددەی هۆشبەری هێرۆیین لە ساڵی ١٨٧٤ زایینی دۆزرایەوە، بەڵام مێژووی دۆزینەوەی سەرچاوەی دروستکردنی هێرۆین کە ڕووەکی خەشخاشە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ٥٠٠٠ ساڵی پێش زایین، دەوروبەری ساڵانی ١٨٠٥ زایینی دەرمانسازێکی فەڕەنسی بەناوی فیدییێک سێتەنەر (Friedrich Sertürner) ئەوەی دۆزییەوە کە چۆن پێکهاتە چالاکەکانی وەک مۆرفین لە تلیاک جیابکرێتەوە، پاشان مۆرفین بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردەهات وەک ئازارشکێن چونکە نەدەزانرا کە دەبێتە هۆی ئالوودەبوون، مۆرفین بە درێژایی جەنگی شارستانییەتی ئەمریکا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهات بۆ کەمکردنەوەی ئازاری برینداربووانی جەنگ، لە ساڵی ١٨٧٤ کیمیاگەری ئینگلیزی چاڕڵز ڕۆمنی (Charles Romney) ڕێگایەکی داهێنا کە تێیدا مۆرفینی لەگەڵ چەند ترشێکی جیاواز تێکەڵدەکرد بۆ بەرهەمهێنانی ماددەیەکی نوێ بە ناوی دایئەسیتایل مۆرفین (diacetylmorphine) کە پێشی دەوترا دایامۆرفین (diamorphine) یان هێرۆیین، ئەم ماددەیە هەمان پێکهاتەی مۆرفینی هەیە بەڵام دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە بەهێزترە لە مۆرفین.

ڕووەکی خەشخاش (ئەفیون)

ڕووەکی خەشخاش ڕووەکێکی بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشە بۆ ڕازاندنەوەی باخچە بەکاردێت و گوڵەکانی جیاوازن لە ڕەنگ و شێوە و قەبارەدا، ئەگەر بڕێکی کەم لەم جۆرە ڕووەکە لە باخچەی ماڵەکاندا بوونی هەبێت ئاساییە و ڕێگە پێدراوە لە ڕووی یاساییەوە، ڕووەکی خەشخاش چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و هەر جۆرێک لە شیرەکەیدا ڕێژەی جیاواز لە مۆرفین و کۆدیین بوونی هەیە.

کەپسولەکانی تۆوی خەشخاش زۆرجار وشک دەکرێنەوە و بۆ کاری ڕازاندنەوە بەکاردێن بەڵام لە هەمان کاتددا کۆدیین و مۆرفین و چەند ماددەیەکی دیکەی نیمچە تفتیان تێدایە، هەروەها دەتوانرێت لە ئاودا بکوڵێنرێت و وەک چایەکی تاڵ بخورێتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ کەسی بەکارهێنەر بێهۆش دەکات، ئەگەر بەری ڕووەکی خەشخاش وازی لێ بهێنرێت تاکوو بە تەواوی پێدەگات، دەتوانرێت وردبکرێت و بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی کەم لە دەرمانی مۆرفینان کە لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت، هەروەها جگە لە مۆرفینان بەری ڕووەکی خەشخاش لە دروستکردنی چەندین دەرمانی دیکەدا بەکاردێت لە بواری پزیشکیدا.

بەکارهێنانی هێرۆیین لە بواری پزیشکیدا

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهێنانی هێرۆیین لە بواری پزیشکیدا قەدەغەکراوە، بەڵام لە وڵاتی بەریتانیا هێرۆیین لە دروستکردنی دەرمانی بەهێزی ئازارشکێندا بەکاردێت لەژێر ناوی دایامۆرفین، کە بەشێوەی دەرزی لە ڕێگای ژێرپێست، ماسولکە، دەمار، نێو بڕبڕەیی پشت یان لووت وەردەگیرێت، ئەم دەرمانە زۆربەی کات وەک ئازارشکێنێکی بەهێز وەردەگیرێت سەرەڕای زیانەکانی کە بریتین لە چەندین کێشەی دەروونی، کێشەکانی دڵ، ئازاری بەردەوام و سەرئێشەی بەردەوام، لە وڵاتانی تردا لەم حاڵەتانەدا لەبری دایامۆرفین مۆرفین یاخود دەرمانی دیکەی بەهێزی ئازارشکێن بەکاردێت، لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕێکخراوی تەندروستی و کلینیکی نێودەوڵەتی ڕێبەرییەکی تایبەتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە بەکارهێنانی دایامۆرفین کرابوو وەک ئازارشکێنی دوای نەشتەرگەری، بۆ خانمان دوای بەکارهێنانی ئازارشکێنی دوای نەشتەرگەری وەک هێمن کەرەوە و کەم کەرەوەی ئازار پێویستە بە لایەنی کەمەوە هەر کاتژمێر جارێک چاودێری ڕێژەی خێرایی هەناسەدان و کەم بوونەوەی ئازارەکەی و هێمنبوونەوەی کەسی وەرگر بکرێت، بۆ دەرمانی دایامۆرفین پێویستە ئەم چاودێری کردنە تاکوو ١٢ کاتژمێر بەردەوام بێت و بۆ مۆرفین پێویستە تاکوو ٢٤ کاتژمێر بەردەوام بێت، دایامۆرفین بە شێوەیەکی بەردەوام و بەربڵاو لە بواری هێمنکەرەوەدا بەکاردێت لە وڵاتی بەریتانیا، کە لە ڕێگای دەرزی ژێرپێستەوە دەدرێت لە نەخۆش و زۆرجار لەرێگای ئامێری ئاڕاستەکەری سرنجەوە دەدرێت لە نەخۆش ئەگەر نەخۆشەکە نەیتوانی گیراوەی مۆرفینەکە قوت بدات، هۆکاری ئەوەی کە دایامۆرفین باشترە لە مۆرفین ئەوەیە کە دایامۆرفین توانای توانەوەی زیاترە بۆیە بەهێزترە بۆ وەرگرتن لە رێگای دەرزییەوە و بڕێکی کەمی کاریگەرییەکی زۆرتری دەبێت لەسەر ئازار بە بەراورد بە هەمان بڕ لە مۆرفین.

ڕێگاکانی وەرگرتنی هێرۆیین بۆ چێژوەرگرتن

- کێشان: یەکێک لە ڕێگاکانی وەرگرتنی هێرۆیین لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بریتییە لە کێشانی هێرۆیین، بەکارهێنەران لەسەر ڕووکارێک کە لە چینێکی تەنکی کانزای تەنەکە دروستکراوە هێرۆیینەکە گەرم دەکەن و پاشان دووکەڵەکەی هەڵدەمژن، ئەم ڕێگایە هەندێکجار پێیدەوترێت (ڕاوکردنی ئەژدیهاکە).
- دەرزی: یەکێکی تر لە ڕێگاکانی وەرگرتنی هێرۆیین لە ڕێگای دەرزی لێدانەوەیە، بەکارهێنەر هێرۆیین لە ئاودا دەتوێنێتەوە و پاشان لە ڕێگای دەرزییەوە وەریدەگرێت، ئەم ڕێگایە زۆر ترسناکە و دەبێتە هۆی ئالوودەبوونی توند و زۆرجار مردن.
- هەڵمژین: ڕێگای سێیەمی وەرگرتنی هێرۆیین بریتییە لە هەڵمژین لە ڕێگای لووتەوە، کە تۆزی هێرۆیین لەسەر ڕوپۆشێک بڵاو دەکرێتەوە و پاشان لە ڕێگای لووتەوە هەڵدەمژرێت.

ئالوودەبوون بە هێرۆیین

هێرۆیین هۆشبەرێکی زۆر بەهێزە کە بە قوڵی کاردەکاتە سەر سیستمی پاداشتی مێشک، ئەم کاریگەرییە بەهێزەی هێرۆیین هۆکاری بەربڵاوی و زۆر بەکارهێنانی ئەم ماددەیەیە لەلایەن ئالوودەبووانەوە، هێرۆیین دەلکێت بە سیستمی پاداشتی مێشکەوە بۆ بەرهەم هێنانی ماددە کیمیاییە خۆشیهێنەرەکانی وەک دۆپامین و ئیندرۆفین، بە نزیکەیی لە نێوان هەر چوار کەسێکدا کە هێرۆیینیان بۆ یەکجار بەکارهێناوە یەکێکیان ئالوودەبووە، لە بارودۆخی ئاساییدا مێشک ئەم ماددە کیمیاییانە لە کاتی کاردانەوەیەکدا دەردەدات کە پێویست بێت بۆ بەردەوامی ژیان وەک خواردن و یارمەتیدانی مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئازار، دوابەدوای وەرگرتنی هێرۆیین بە خێرایی دەلکێت بە مێشکەوە بۆ چالاککردنی دەردانی ئەم ماددانە لە سیستمی پاداشتی مێشکدا، لەئەنجامدا کەسی بەکارهێنەر ئالوودە دەبێت و ناتوانێت بەبێ هێرۆیین ئارام بگرێت، هەروەها نیشانەکانی ئالوودەبوون وادەکەن لە کەسی ئالوودەبوو کە زۆر قورس بێت بۆی تاکوو وازی لێبهێنێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ.

نیشانەکانی کەسی ئالوودەبوو

  • بەردەوامە لەبەکارهێنانی هێرۆیین سەرەڕای زانین و دەرکەوتنی کاریەگەرییە خراپەکانی هێرۆیین لەسەری.
  • هەوڵدەدات وازبهێنێت بەڵام شکست دەهێنێت و ناتوانێت بەسەر خۆیدا زاڵ ببێت.
  • هەمیشە ئارەزووی خواردن دەکات.
  • حەزێکی لە ڕادەبەدەری دەبێت بۆ هێرۆیین.
  • خواستی بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی هێرۆیین لە ڕۆژێکدا و دەست کردن بە وەرگرتنی هێرۆیین لە ڕێگای دەرزی لێدانەوە نیشانەی بەهێزی ئالوودەبوونە بە هێرۆیین.
  • کە کەسێک ئالوودەبوو سەرەتا بەکارهێنانی هێرۆیین بە ڕێگایەکی هەرزان دەزانێت بۆ چێژبینین دواتر وەک خوویەکی پێویستی لێدێت بۆ بەڕێکردنی کاری ڕۆژانەی.

کاریگەری کورتخایەنی هێرۆیین

ئەو کەسانەی هێرۆیین بەکاردەهێنن وتویانە کە دوای بەکارهێنانی لە ناخەوە هەستییان بە خۆشییەکی بێ شومار و بەختەوەری کردووە، بەڵام کاریگەرییە خراپەکانی زۆر لەوە زیاترە کە تەنها خۆشیهێنەر بێت، کاریگەرییە کورتخایەنەکانی هێرۆیین ئەمانەن:

  • وشکبوونەوەی قوڕگ و ناودەم.
  • گەرم داهاتنی لەش.
  • هەستکردن بە قورسی دەست و قاچەکان.
  • ڕشانەوە و سەرگێژخواردن.
  • خووران و وشکبوونەوەی پێست.
  • بێ ئاگایی و تەمبەڵی.

کاریگەری درێژخایەنی هێرۆیین

ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ هێرۆیین بەکاردەهێنن زۆربەی ئەم نیشانەنایەن تێدا دەردەکەوێت:

  • خەوزڕان
  • خراپ بوونی دەمارەکانی ئەو کەسانەی کە بە دەرزی لێدان هێرۆیین وەردەگرن، هەروەها تێکچوونی شانەکانی ناو لووتی ئەو کەسانەی کە بە هەڵمژین وەریدەگرن.
  • ژەهراویبوونی دڵ و پیس بوونی بۆرییەکانی دڵ.
  • قەبزی و ئازاری گەدە.
  • تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە و جگەر.
  • زیان گەیاندن بە سییەکان و ئاوسانی سییەکان.
  • کاریگەرییە دەروونییەکانی وەک بێزاری و تەمبەڵی و کەسایەتی دوور لە کۆمەڵگا.
  • لاوازبوونی ئارەزووی سێکسی لە پیاواندا.
  • تێکچوونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.


سەرچاوەکان



859 بینین