ناوهڕۆك
کریستاڵ (مێتامفێتامین)
کریستاڵ کە پێشی دەوترێت مێس و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (Methamphetamine)، ماددەیەکی هۆشبەری بەهێزە و توانای ئالوودەکردنی بەرزە و کار لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ دەکات، کریستاڵی مێس جۆرێکی دەرمانە کە پێکهاتەیەکی شووشەیی هەیە و ڕەنگی شینێکی کاڵ یاخود سپییە و تامی تاڵە، کریستاڵ بە شێوەیەکی کیمیایی پێکهاتەکەی وەک ئەمفێتامین (amphetamine) وایە کە دەرمانێکە بەکاردێت بۆ چارەسەری ئەو منداڵانەی کە جووڵەیان زۆرە و سەرنجیان کەمە و هەروەها بۆ چارەسەری نەخۆشی کەمخەوی بەکاردێت.
مێژووی دۆزینەوەی کریستاڵ
ئەمفێتامین پێش کریستاڵ (مێتامفێتامین) دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەمجار لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەمفێتامین لە ساڵی ١٨٨٧ لەلایەن کیمیاگەرێکی ڕۆمانییەوە بە ناوی لازار ئێدلیانو دۆزرایەوە و ناوی نا فینایڵ ئایزۆپرۆپیل ئەمین (phenylisopropylamine)، ماوەیەکی کورت دوای ئەم دۆزینەوەیە کریستاڵ دۆزرایەوە لە ساڵی ١٨٩٣ لەلایەن کیمیاگەرێکی ژاپۆنییەوە بە ناوی ناگای ناگایۆشی.
لە ساڵی ١٩٣٨ بەدواوە کریستاڵ بە شێوەیەکی بەربڵاو دەفرۆشرا لە وڵاتی ئەڵمانیا وەک دەرمانێکی بێڕەچەتە و لەژێرناوی پێرڤتین، ئەم دەرمانە لەلایەن هەموو لقەکانی ڤێرماخت (هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیای نازی) بەکاردەهات لەبەر کاریگەرییە هاندەرەکانی بە تایبەت بۆ زیادکردنی هەستی بەئاگابوون، کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانە زۆر خراپ بوون بە شێوەیەکی هێزە چەکدارەکان لە ساڵی ١٩٤٠ بە تەواوی وازیان لە بەکارهێنانی هێنا، لە ساڵی ١٩٤١ بەکارهێنانی قەدەغەکرا بە بڕیاری پزیشک، هەروەها بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی بە هەموو شێوەیەک لەلایەن حکومەتەوە جڵەوی بەسەردا گیرا، مێژووناس و نووسەر لوکاز کامینسکی دەڵێت: (سەربازێک کە ڕاهاتبوو لەکاتی چوونی بۆ بەرەکانی جەنگ پێرڤتین بخوات، بەڵام کە قەدەغەکرا و وازی لێهێنا بۆ ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ نەیتوانی هەستێتەوە، ئازارێکی زۆری دەچەشت بەهۆی وازهێنانی لەو دەرمانە، هەروەها زیاتر وەک خوێنمژێک دەردەکەوت نەک مرۆڤێکی ئاسایی و جەنگاوەرێکی مەزن، ئەو دەبوو کاریگەرییە لاوەکییە ئازاربەخشەکان تێپەڕێنێت)، هەندێک لە سەربازەکان زۆر توندوتیژ دەبوون، لە یاساکانی جەنگ لایاندەدا، هەروەها هێرشیان دەرکردە سەر بەرپرسەکانی خۆیان.
لە ساڵی ١٩٥٠ دەرمانی ئۆبێترۆڵ لەلایەن کۆمپانیای دەرمانی ئۆبێترۆڵەوە دۆزرایەوە وەک چارەسەری قەڵەوی ناسێنرا و یەکێک بوو لە یەکەمین براندی دەرمانسازی بەرهەمی مێتامفێتامین، لەبەر کاریگەرییە دەروونی و هاندەرەکانی مێتامفێتامین لە ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠ ئۆبێترۆڵ بوو بە دەرمانێکی باناوبانگی کێش دابەزاندن، لە کۆتاییدا کە کاریگەرییە هۆشبەرەکانی دەرمانەکە زانرا حکومەت بە وردی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مێتامفێتامینی ڕێکخست.
بەکارهێنانەکانی کریستاڵ
لە بواری پزیشکیدا
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیکسترۆمێتامفێتامین هایدرۆکلۆراید لەژێر ناوی بازرگانی دێسۆکسین بەکارهێنانی ڕێگەی پێدرا لەلایەن (ڕێکخراوی ئەمریکی تایبەت بە خواردن و دەرمان) بۆ مەبەستی چارەسەری قەڵەوی و ئەو منداڵانەی کە جووڵەیان زۆرە و سەرنجیان کەمە، لەهەمان کاتتدا ئەم ڕێکخراوە هۆشداریدا دەربارەی کاریگەرییە خراپەکانی زۆر بەکارهێنانی ئەم دەرمانە.
بۆ چێژوەرگرتن
مێتامفێتامین زۆرجار بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن بەکاردێت لەبەر کاریگەرییە بەهێزە دەروونی و هاندەرەکانی هەروەها لەبەر ئەوەی هۆکارە بۆ زیادبوونی ئارەزووی سێکسی، بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەییەکی کەناڵی ناشناڵ جیۆگرافیک دەربارەی مێتامفێتامین، لەم بەڵگەنامەییەدا کەلتورێکی نەخوازراوی باو لە نێوان گەنجاندا باسکراوە کە پێی دەوترێت (چێژوەربگرە و ئاهەنگ بگێڕە) کە بنچینەی ئەم ئاهەنگ گێڕانە چالاکی سێکسی و بەکارهێنانی کریستاڵە، بەکارهێنەرانی ئەم کەلتورە زۆربەی زۆری هاوڕەگەزخوازی نێرینەن و بەکارھێنەری کریستاڵن، کە بە شێوەیەکی سەرەتایی لە ڕێگەی سایتەکانی ژووانبەستنی ئینتەرنێتەوە یەکتر دەناسن و سێکس دەکەن، بەهۆی بەهێزی کاریگەرییە هاندەر و زیادکەرەکانی ئارەزووی سێکسی و کاریگەرییەکانی لەسەر دواخستنی ئاوهاتنەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی چەندجارەیدا ئەم کاریگەرییە سێکسییانەی کریستاڵ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی کریستاڵ بۆ ئەم مەبەستە زۆر توندە و یەکێک لە کاریگەرییە دیارەکانی بریتییە لە خەوزڕانی توند، کەلتوری نەخوازراوی باوی (چێژوەربگرە و ئاهەنگ بگێڕە) لە چەند شارێکی وەک سان فرانسیسکۆ و نیویۆرک باوە.
ڕێگاکانی بەکارهێنانی کریستاڵ
- کێشان.
- قوتدان (بەشێوەی حەب).
- هەڵمژین.
- دەرزی لێدان (تۆزی کریستاڵەکە لەناو گیراوەی ئاو و کحولدا دەتوێنرێتەوە و بە دەرزی وەردەگیرێت).
لەبەر ئەوەی کاریگەرییەکانی زۆر بەهێزە و بە زووی نامێنێت، خەڵکی زۆرجار ژەمی زۆر و یەک لە دوای یەک لەم دەرمانە وەردەگرن تاکوو کاتی هەستکردن بە کاریگەرییە خوارزراوەکان زیاتربکەن، ئەم بەشەی سووڕی خواردنی مێتامفێتامین پێی دەوترێت ڕێخۆشکردن، کە تیایدا بەپێی خواستی کەسەکان تاکوو بتوانن زۆرترین ڕێژەی کریستاڵ وەردەگرن بۆ ئەوەی کاریگەرییە خوازراوەکانی درێژە پێبدەن، هەربۆیە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم شێوازەی بەکارھێنان توندتر و قوڵترن، ئەم کەسانە زۆرجار ئارەزووی قسەکردنیان زۆرە و وزەیەکی جیاوازیان هەیە لە کاتی ئەم سووڕەدا، هەروەها هەست بە باشی و دڵخۆشییەکی زۆر دەکەن، بێگومان جگە لەم کاریگەرییانە چەندین کاریگەری نەخوازراوی زیانبەخش تووشی بەکارهێنەر دەبێت وەک، هەستی خۆبەکەم زانین و توڕەیی و بێتاقەتی و چەندین کاریگەری دیکە.
کریستاڵ چۆن کار لە مێشک دەکات؟
کریستاڵ بڕی ماددەی کیمیایی دۆپامین لە مێشکدا زیاددەکات، دۆپامین ماددەیەکی کیمیایی خۆشیهێنەرە و ڕۆڵی هەیە لە جووڵەی لەش و هاندان و دووپاتکردنەوەی کاری سیستمی پاداشتی مێشک، توانا زۆرەکەی کریستاڵ بۆ خێرا دەردانی ڕێژەیەکی بەرز لە دۆپامین لە بەشەکانی سیستمی پاداشتی مێشک بە تەواوی هۆکارە بۆ حەزی وەرگرتنی زیاتری ئەم دەرمانە و وا لە بەکارھێنەر دەکات کە بیەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە، واتە کاتێک کاریگەرییەکانی کریستاڵ نامێنێت مێشکی کەسی بەکارهێنەر ناتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی دۆپامین دەربدات، ئەمەش وای لێدەکات بیەوێت کریستاڵ بەکاربهێنێتەوە تاکوو بگات بە هەمان ئەو هەستی چالاکی و دڵخۆشییەی ڕاستەوخۆ دوای بەکارهێنانی کریستاڵ هەیبووە، هەروەها وای لێدەکات بیەوێت ژەمی زیاتر و زیاتر لەو دەرمانە هۆشبەرە بەکاربهێنێت.
کاریگەرییە کورتخایەنەکانی بەکارهێنانی کریستاڵ
وەرگرتنی بڕێکی کەم لە کریستاڵ دەتوانێت وەک هەر ماددەیەکی هۆشبەری دیکە کاریگەری هەبێت وەک:
- زیادکردنی هەستی بە ئاگایی و خەوزڕان و چالاکی جەستەیی.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
- خێرایی هەناسەدان
- ناڕێکی لێدانی دڵ
- زۆربوونی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
کاریگەری درێژخایەنی بەکارھێنانی کریستاڵ
- ئەو کەسانەی کریستاڵ لە ڕێگەی دەرزی لێدانەوە وەردەگرن مەترسی تووشبوونیان بەو نەخۆشییانە زۆرە کە لە ڕێگای دەرزییەوە دەگوازرێنەوە وەک نەخۆشی ئایدز و ڤایرۆسی جگەری جۆری B و C، ئەم نەخۆشییانە لە ڕێگای بەرکەوتن بە خوێن یاخود هەر شلەیەکی دیکەی لەشی تووشبووەوە دەگوازرێنەوە و دەتوانن لەسەر کەلوپەلەکانی بەکارهێنانی دەرمان بمێننەوە.
- کریستاڵ دەتوانێت شێوازی بیرکردنەوە و بڕیاردانی کەسی بەرامبەر بگۆڕێت و وای لێبکات ڕەوشتی مەترسیداری هەبێت، وەک سێکسی هەڕەمەکی کە بەهەمان شێوە هۆکارە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە گوازراوانەی لە ڕێگای خوێن یاخود شلەی لەشەوە دەگوازرێنەوە.
- توشبوون بەو کێشانەی مێشک کە پەیوەندییان بە بیرکردنەوە و تێگەیشتن و فێربوون و بیرەوەرییەوە هەیە.
- دابەزینی نا ئاسایی کێشی لەش.
- ئالوودەبوونی توند.
- خراپ بوونی ددانەکان و توشبوون بە چەندین کێشەی دیکەی تایبەت بە ددان.
- زۆر وشکبوونەوەی پێست، دروستبوونی کێم بەهۆی زۆر خووراندنی پێست.
- بێتاقەتی.
- گۆڕانی پێکهاتەی مێشک و فەرمانەکانی.
- سەرلێتێکچوون.
- کێشەی کەمخەوی و خەوزڕان.
- نواندنی ڕەوشتی نائاسایی و توندوتیژی.
- بە ڕقدا کەوتن، واتە لەناکاو و بەبێ هۆکار متمانەی بە دەروروبەری نامێنێت.
- وڕێنەکردن، واتە هەستکردن و بینینی شتانێک کە لە ڕاستیدا بوونیان نییە.
زۆربەی ئەم گۆڕانکارییانەی مێشک لەوانەیە ئاسایی ببنەوە دوای ساڵێک یان زیاتر لە وازهێنان لە کریستاڵ، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری دیکە لەوانەیە دوای ماوەیەکی زۆریش ئاسایی نەبنەوە.