ناوهڕۆك
مێژووی کۆچکردن لە دەریای ئیجەدا
سەردەمانێکی زوو لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا هەندێک لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەش سوریا میوانداری پەنابەرانی ئەورووپایان کرد، هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و باڵکان کۆچیان کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دەریای سپی ناوەڕاست و تورکیا تێپەڕین بۆ دەربازبوون لە داگیرکاری نازی و سۆڤیەت لە سەختترین کاتی شەڕدا، بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەنابەران "MERRA" کە لە ساڵی 1942 لەلایەن بەریتانیەکانەوە دامەزراوە، نزیکەی 40 هەزار ئەورووپیان لە کەمپەکانی سوریا و میسڕ و فەلەستین جێگیر کرد، ئەوروپیەکان لە کەمپەکاندا مانەوە هەتا ئەو کاتەی شەڕ کۆتایی هات و پاشان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان یان چوون بۆ وڵاتێکی سێیەم.
بە گوێرەی PRI، لەکاتی گەیشتنی ئاوارە نوێیەکان، پشکنینی پزیشکییان بۆ کرا و ڕەوانەی خانە جیاکراوەکان کران کە بۆ خێزانەکان و منداڵە تەنیاکان و هەر تاکێکی پیاو و ژن لەناو کەمپەکە بەشێکیان بۆ دیاریکرابوو، لە ساڵی 1944 ئەو هاوڵاتیانەی لە دوورگەکانی یۆنانەوە دەهاتن بۆ کامپی حەلەب، دوای ئەوەی ئاسایشیان مسۆگەر بوو، دەیانتوانی بچنە دەرەوە و تێکەڵی کۆمەڵگا بن و بازاڕ بکەن، هەروەها وڵاتی ئێران میوانداری دەیان هەزار هاوڵاتی ژێردەستی وڵاتانی تەوەر کرد کە لە قەسابخانەی نازیەکان و کامپەکانی سۆڤیەت دەربازیان بووبوو و ژمارەیان لە نێوان ساڵانی 1939 تا 1941 لە 114 هەزار بۆ 300 هەزار کەس جیاواز بوو.
سەردەمی نوێ
دەریای ئیجه لە ساڵەکانی 2015 و 2016 بوو بە یەکێک لەو شوێنانەی کە زۆرترین جموجوڵی بەکۆمەڵی تێدا کراوە، کاتێک سەدان هەزار پیاو و ژن و منداڵ و خێزان لەو وڵاتانەی کە جەنگ وێرانی کردوون نیشتیمانی خۆیانیان جێهێشت و کۆچیانکرد، لەو وڵاتانەش سوریا و عێراق و یۆنان و وڵاتانی بەڵکان بوون، هاوڵاتیان بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکی پارێزراوتر لە وڵاتە ئەوروپیەکاندا ژیانی خۆیانیان دەخستە مەترسییەوە و کۆچیان دەکرد.
لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوڵاتی ئەوروپی لە کاتی گەیشتنی پەنابەرەکاندا هاوخەمی خۆیانیان پیشاندا، بەڵام یەکێتی ئەورووپا ڕێگا چارەی زۆری دۆزییەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئازادی جموجوڵکردن، هەروەها ڕێگیری لە مانەوەی ئەو پەنابەرە هاتووە نوێیانە دەکرا کە هاتبوونە دوورگەکانی یۆنان، کۆتا هەوڵ لە شێوەی ڕێکەوتنی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەرکەوت، ئەو ڕێکەوتنە کە سروشتی نامرۆڤانە و دڵڕەقی پێوە دیاربوو و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا نەدەسازا، بە شێوەیەکی بنچینەیی بڕیاریاندا پارەیەکی زۆر بدەن بە تورکیا لەبەرامبەر پێشوازی کردن لە پەنابەرەکان و هەڵسەنگاندنی داوای پەنابەرییەتی سنوردار لە دوورگەکانی یۆناندا و گەڕاندنەوە "دیپۆرتکردنەوە"ـی ئەوانەی کە داوای پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە.
یەکێتی ئەوروپا بڕێکی زۆر پارە و چەندین کەشتی پێشکەوتووی پاسەوانی بە وڵاتی تورکیا بەخشی بە مەبەستی چاودێریکردن و گەڕان و ڕزگارکردنی پەنابەرەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ تورکیا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پاسەوانانی کەناری دەریای تورکیا لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 26.000 کۆچبەر گیراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ تورکیا هەروەها 32.500 کۆچبەر بە دەریای ئیجەدا تێپەڕیوون بۆ ئەوروپا، لە کاتێکدا یەکێتی ئەورووپا پێیوایە بەو ڕێکەوتنەی کە کردوویەتی سەرکەوتوو بووە لە ڕزگارکردنی ژیانی چەندین هاوڵاتیدا بەڵام هێشتاش سنوورەکان هۆکاری مردنی چەندین کۆچبەرن، بە تەنیا لە ساڵی 2018 دا 174 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و لە ساڵی 2019 دا 71 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، لە کاتێکدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا وەکو پاڵ پێوەنان و خراپ ڕفتارکردن و توندوتیژی لەلایەن کەشتییە فەرمییەکانی سەر سنورەوە کەمی کردووە بەڵام هێشتاش پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤ لەسەر سنورەکان هەر ڕوو دەدات.
سەرەڕای ئەو کەشەی کە دروستیان کردووە بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ڕێگری کردن لە کۆچی هاوڵاتیان هێشتا چەندین خۆبەخش و چالاکوان هەن کە بە هاوسۆزییەوە لەگەڵ پەنابەرەکاندا کاردەکەن و منارە "ڵایتهاوس" یارمەتیدەرەکان بەکاردێنن و ڕۆژانە پەنابەرەکان ڕزگاردەکەن.