ناوهڕۆك
کۆتایی ژیان
ژیانی دوایی یان دوای مردن (afterlife) لە فەلسەفە و ئایین و ئەفسانە و خەیاڵەکان جیاواز لێکدانەوەی بۆ کراوە و دەکرێت، جیهانی کۆتایی کە لەدوای مردنەوە دەست پێدەکات جێگای مشتومڕی چەندین هەزار ساڵەی مرۆڤەکان بووە کە ئایا چۆنە و چی دەبێت، یان ئەوەی کە جەستەی مرۆڤ و مێشکی لەگەڵی دەبێت یان تەنیا بە ڕۆح لەوێ دەبێت، بەپێی بیروڕا گشتییەکان دەربارەی ئەم بابەتە لایەنی سەرەکی کە مرۆڤ تێیدا دەژی لەدوای مردنی لەوانەیە بەشێکی لاوەکی یان هەموو ڕۆح بێت بە تەواوی، کە کەسایەتی ئەم مرۆڤە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و ئەگەر هەیە کە سەرووسروشتی یان سروشتی و ئاسایی بێت.
ئایینی ئیسلام پێماندەڵێت کە لەدوای مردن مرۆڤەکان هەموو کۆدەکرێنەوە و لێپرسینەوەیان لێدەکرێت دەربارەی ئەو ژیانەی گوزەراندوویانە و کاریان تێدا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی هەمووکەس ماف و سزای خۆی وەربگرێت و هیچ کەسێک کە لە دنیای یەکەم مافی خوراوە لەوێ نەهێڵرێت بەسەر ستەمکارەکەیدا تێپەڕێت و لێی بسەنرێتەوە، مرۆڤ لە ئایینی ئیسلام لە ڕۆژی داهاتوو ژیانێکی هەمیشەیی دەژی و هەرگیز تەواوبوونی نابێت، چ لە دۆزەخ بێت یان لە بەهەشت.
بیروڕاکانی مرۆڤ و بیرکردنەوە فەلسەفی و ئیلحادیەکانیش بە چەند ئەنجامێک گەیشتوون کە ئەنجامی نەرێنین بۆ ڕۆحی مرۆڤ و هەوڵدانی لەم جیهانەی یەکەم، چونکە گەر مرۆڤ لە کۆتاییدا بەرەو نەمان بڕوات هیچ شتێک نییە هەوڵی بۆ بدات و پێویست ناکات خۆی هیلاک بکات.
جۆرە جیاوازەکانی میتافیزیک
بە گشتی ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هەیە باوەڕیان بەوەیە ژیانێک لەدوای مردن بوونی هەیە، ئەو ئایینانەی دیکەش کە خوداناپەرستن مەیلیان بۆ ژیانی دوای مردن هەیە بەڵام ناڕاستەوخۆ باسی دەکەن و ناوی خودا ناهێنن، سدوقییەکان کە بەشێک بوون لە جولەکەکان باوەڕیان وابووە خودا بوونی هەیە بەڵام ژیانی دوای مردن بوونی نییە.
ئایینەکانی مەسیحی و ئیسلام باوەڕیان بە بوونی جیهانێک لەدوای مردن هەیە، بەڵام بتپەرست و خاوەن بیرە گیانگۆڕکێکان باوەڕیان وایە مرۆڤەکە لەدوای مردنی ڕۆحی دەڕواتە جەستەیەکی دیکە و دووبارە دەست بە ژیان دەکاتەوە.
بەهەشت و دۆزەخ
بەهەشت، جەننەت یان تیان و ڤالهالا یان سامرلەند، شوێنێکی هەمیشەیی ئایینیی باڵایە کە بونەوەری وەک خودا و فریشتە و پەری و کەسە پیرۆزەکانی تێدایە، بە باوەڕی ئایینی ئیسلام مرۆڤ لەدوای مردن بەپێی کردەوەکانی یان دەخرێتە بەهەشت، یان دەخرێتە پێچەوانەکەی کە دۆزەخە، کە ژیانێکی هەمیشەیی تێدا دەگوزەرێنن و هەرگیز لێی نایەنە دەرەوە، لە بەهەشت تەواوی پێغەمبەران و فریشتە و کەسە چاکەکانی ڕووی زەوی کە لە هەرکاتێک ژیابن، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی لەدوای ئەوان ژیاون و خوداپەرست بوون و یاساکانیان جێبەجێکردووە بۆ هەمیشە دەمێننەوە، کە قورئان دەڵێت هیچ شوێنێک وەک ئەوێ نییە و لە جوانیدا نە چاو بینیویەتی و نە مێشک بیری لێکردۆتەوە.
دۆزەخ نزمترین ئاستی سەروو حەوت ئاسمانەکانە و شوێنی سزادان و ئەشکەنجە و بازنەی کوشتن و دووبارە زیندووکردنەوەیە، ئەمیش بە هەمان شێوەی بەهەشت بۆ مرۆڤەکان و پەرییەکان دیاری کراوە و ئەو کەسانەی یاساکانی خودایان پێشێل کردووە و مافی خەڵکییان خواردووە لەوێ بۆ هەمیشە دەمێننەوە و هەرگیز لێی نایەنە دەرەوە.
گیانگۆڕکێ
گیانگۆڕکێ بیرکردنەوەیەکی ئایینی یان فەلسەفییە کە باوەڕی وایە مرۆڤ لەدوای مردنی جەستەی دووبارە دەست بە ژیان دەکاتەوە بەڵام لە جەستە و شوێنێکی دیکەدا، بەم جێگۆڕکێیەی ڕۆحیش دەڵێن گیانگۆڕکێ یان تناسخ، کە بەڕای ئەوان ژیان بازنەیەکە و ڕۆح چەندین جار لە چەند جەستەیەکدا ژیانی خۆی دەگوزەرێنێت، ئایینەکانی هیندستان و دەوروبەری خاوەنی ئەم بیرکردنەوەیەن وەک: "بودیزم، هیندۆز، جاینیزم، سیک"، بیرۆکەی گیانگۆڕکێ لەلایەن زۆرکەسی دیکە لە مێژوودا باسکراوە وەک سوقرات و فیساگۆرس و ئەفڵاتوون، لەگەڵ ئەوەی بەشە سەرەکییەکانی ئایینی ئیبراهیم باوەڕیان بە گیانگۆڕکێ نییە و باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ هەیە وەک ئیسلام و مەسیحیەت و جولەکە، بەڵام چەند ئایینێک هەن کە لە پۆلێنی ئایینی یەکتاپەرستین و ئاماژەیان بە بیرۆکەی گیانگۆڕکێ کردووە، وەک کابالا و عەلەوییەکان و کاتارەکان و دروزەکان، ڕوسیکروسیانیزمەکان.
میسڕی کۆن
ژیانی دوای مردن یەکێک بوو لە گرنگترین باس و خواسەکانی میسڕی کۆن و خاوەن یەکێک لە کۆنترین تێڕوانینەکانی مێژووە، میسڕییە کۆنەکان باوەڕیان وابوو کاتێک مرۆڤ دەمرێت بەشێک لە جەستەی کە کەسایەتی و ڕۆحیەتی دەگات بە پادشای مردووەکان، لەوکاتەدا کە جەستەی مردووەکە لە زەوی دەمایەوە، ئوزیرێسی کوڕی خوداوەندی ئاسمان و خوداوەندی زەوی بەرپرسی لێپرسینەوەی دادگای مردووەکان بوو.
بەبڕوای میسڕییە کۆنەکان تەنیا کەسێک دەیتوانی پاداشت لە ژیانی دوای مەرگ وەربگرێت کە دڵێکی بێگوناھ و توانای خوێندنەوەی جادووەکان و نهێنییەکانی کتێبی مردووەکانی هەبووبێت. ئەگەر دڵی کەسەکە سووکتر بووایە لە پەڕی باڵندە ئەوە دەیتوانی تێبپەڕێت، بەڵام ئەگەر قورستر بوایە لەلایەن (ئاموت)ـی ئەهریمەنەوە دەخورا.
لەگەڵ مردووەکەدا خواردن و زێڕ و کەلوپەلی گرانبەها و کتێبی مردووەکانیان دەخستە گۆڕەکەیەوە، هەروەها باوەڕیان وابوو گەر کەسێک مۆمیایی نەکرێت ناتوانێت بڕواتە ژیانی دوای مەرگ و دەبێت بخرێتە نێو شوێنێکی پارێزەر.