زاخۆ 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-25-15:32:00 - کۆدی بابەت: 7700
زاخۆ 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

زاخۆ یاخود زاخۆیا دەلال (بە عەرەبی: زاخو، بە ئینگلیزی: Zakho)، ناوەندی پارێزگای دهۆکە و سەر بە ناوچەی بادینانە، دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری عێراقەوە، لە ڕێگەی دەوازەی "ئیبراهیم خەلیل"ـەوە سنووری باکووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی تورکیا و ئەو دەروازەیە دە کیلۆمەتر لە زاخۆوە دوورە، سنووری نێوان تورکیا و زاخۆ گەورەترین ‌سنووری وشکانی هەرێمی کوردستانە، زاخۆ هاوسنوورە لەگەڵ شاری مووسڵ و بە دووریی 114 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورە، هەروەها 25 کیلۆمەتر لە وڵاتی سووریاوە دوورە، ڕووباری "خابوور" لە ڕۆژئاواوە بە ناوچەکەدا تێپەڕ دەبێت، زاخۆ دووەم گەورەترین شارۆچکەی دهۆکە و نزیکەی 71 گەڕەک لەخۆدەگرێت.

دانیشتوان 

ژماری دانیشتوانی زاخۆ بەپیی کۆتا سەرژمێرییەکانی عێراق 350.000 کەس بوون، دانیشتوانی ئەم شارە کوردن و بە شێوەزاری کرمانجی و بادینی قسە دەکەن، زۆرینەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن لەسەر ڕێبازی سووننەن، ژمارەیەک لە پەیرەوانی ئایینی مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی لە چەند گوند و ناوچەیەکی ئەو شارە بوونیان هەیە.

مێژووی زاخۆ

ـ بەپیی پێشبینییەکانی مێژوو، لە کۆنەوە زاخۆ هاوشێوەی دوورگەیەکی بچووک بووە لەسەر ڕۆخی ڕووباری خابوور.
ـ لە نووسراوە کۆنەکانی یۆنانیییەکان ناوی زاخۆ هاتووە.
ـ بەشێک لە بەڵگە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە لە ساڵی 1779 یەکەمین ڕەبەن و مژدەهێنەری مەسیحی بە ناوی "دۆمینیکی سۆلدینی" لە زاخۆ نێژراوە، هەتا ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوویش مەسیحییەکان سەردانی گۆڕەکەیان دەکرد، گۆڕەکەی وەکوو مەزارگای لێهاتبوو و مەسیحییەکان بە شوێنێکی پیرۆزیان دادەنا. 

واتای ناوەکەی

هەندێک لە زمانناسان پیان وایە زاخۆ واتای هێز و تواناییە و بە ناوی چیای "زاخ"ـەوە ناونراوە، هەندێکی تر پێیان وایە کە سەرکردەی زەینفۆن بە ناوی "زاخاریۆس" بەو ناوچەیە تێپەڕ بووە و بۆیە ئەو ناوچەیە ناونراوە "زاخا" بەپێی تێپەڕبوونی کات ناوەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە بە "زاخۆ"، بۆچوونێکی تریش هەیە کە زمانناسان خستوویانەتەڕوو ئەویش ئەوەیه کە ڕەچەڵەکی ناوی زاخۆ دەگەڕێتەوە بۆ وشەی ئارامی سریانی "زاخۆسا/زاخوثا" کە واتای "سەرکەوتن"ـە.

شوێنەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ

ـ پردی دەلال: پردا دەلال ناسراوە بە پردی عەباسییەکان یاخود پردی مەزن، لە شوێنە دێرینەکانی زاخۆیە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی بیزەنتییەکان لە ساڵی 1527 ئەم پردە لە بەردی هەڵکۆڵاو بنیاتنراوە، پانییەکەی 4.70 مەترە و درێژییەکەی 140 مەترە، بە بەرزی 16 مەتر لەسەر ڕووباری خابوور دروستکراوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری ناوداری زاخۆ.
ـ قشڵەی زاخۆ: دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری خابوورەوە، ئەم قشڵەیە ناوەندی میرنشینی بادینان بووە، و لە ساڵی 1921 دووبارە بنیاتنراوەتەوە.
ـ مزگەوتی گەورەی زاخۆی: لە ساڵی641ـی زایینی لە دوای فەتحی ئیسلامی بۆ ناوچەکە ئەم مزگەوتە بنیاتنراوە.
ـ تاڤگەی شرانش: ئەم تاڤگەیە بە دووریی 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی زاخۆ، تاڤگەیەکی دڵگیری ناوچەکەیە و لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی 23 پلەی سەدی تێپەڕ ناکات، بۆیە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ.


سەرچاوەکان



1792 بینین