ناوهڕۆك
سەرەتا
شاری سەقز (بە عەرەبی: سقز، بە فارسی: سقز، بە ئینگلیزی: Saqqez)، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێکە لە کۆنترین و مێژووییترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گەنجینە و گۆزە و شوێنەواری مێژوویی هەزاران ساڵە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە و لە مۆزەخانە گەورە و بەناوبانگەکانی جیهاندا کۆکراونەتەوە و دەپارێزرێن.
سەقز چوار ناوچەی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە ناوچەی ناوەندی، ناوچەی زێویە، ناوچەی ئیمام و ناوچەی سرشیو. لە ناوچەکانی دەوروبەری سەقز دەیان شوێنی مێژوویی و کۆنی وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو و قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی قەپڵانتو هەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ پێش هاتنی ئارییایییەکان. لەدوای دامەزراندنی حکوومەت بەشێوازی مۆدێرن لە ئێراندا بەهۆی پێنەگەیشتن و نەدانی کەلوپەلی پێویست لەلایەن ڕژێمی حاکمەوە گوندنشینەکان بۆ گوزەرانی ژیانیان زۆرتر ڕوویان کردووتە شاری سەقز.
وڵات | ئێران |
---|---|
پارێزگا | کوردستان |
شارستان | سەقز |
ھاوناو | ھۆکاری مێژوویی |
بەرزایی | ١٤٣٠ مەتر (٤،٦٩٠ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• سەرجەم | ٢٣٦٬٠٠٠ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلامی سوننە |
کۆدی تەلەفۆن | ٠٨٧ |
ناو
ناوی سەقز لە ناوی هۆزی سەکە، یان سەکا، یان سێکز، ماوەتەوە و سەقز هەمان ساکزە. ئەم شارە بۆ ماوەی سەدان ساڵ پایتەختی سەکاکان و ماددەکان و مانناکان بووە. لە کاتی دەسەڵاتی ماناکان ناوی ئەم شارە ئیزیرتا بووە بەڵام دوای هێرشی سەکاکان و گرتنی ناوچەکە بە ساکز یان سەکاکز ناونرا. دوای هێرشی هەڤەخشترە پاشای ماد، کە توانی سەکاکان بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سەکاکان ببنە بەشێک لە مادەکان، ئەم شارە بە ناوی سەقز مایەوە. شاری سەقز هەروەها پایتەختی (مانایییەکان) پێش سەکاکان بووە.
جوگرافیا
سەقز لە شوێنێکی کوێستاناویدا هەڵکەوتووە و بەم هۆیە کەشوهەوای کوێستانی هەیە و لە هاویندا ڕۆژانی گەرم و شەوانی فێنکی هەیە. بەڵام لە زستاندا هەوایەکی ساردی هەیە.
سەقز لە باکوور بۆ بۆکان و مەهاباد، لە ڕۆژهەڵات بۆ بیجار و زەنجان، لە ڕۆژاوا بۆ بانە و باشووری کوردستان و لە باشوور بۆ دیواندەرە و سنە ڕێگای هەیە. ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم شار و گوندەکانی سەقز بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمی ٢٣٦،٠٠٠ کەس و ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شارەکە ١٧٠٠٠٠ هەزار کەسە.
دەرووبەری شاری سەقز چەندین کێوی بەرزی تێدایە، کە بریتیین لە نەکەرۆز، وەزەنە، رووش، وەنەوشە، ئاڵمەڵوو و مێرگەنەخشینە و زنجیرە چیای چلچەمە نزیک گوندەکانی ئیساقاوا و کانامەت. کێوەکانی شاری سەقز هەر وەکوو بەشەکانی تری کوردستان دەوری سەرەکییان لە ژیانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیدا هەیە.
ڕووبارێک کە بە ناو شاری سەقز تێپەڕ دەبێت یەکێکە لە سەرچاوە و لقە گرنگەکانی ڕووباری زێڕینەیە و بە ڕووباری سەقز ناوی دەبەن کە بەهۆی گەورەبوونی شارەکەوە دەورووبەری ڕووبارەکە پربووە لە پارک و ماڵ و شەقام. ئەو ڕووبارە شار دەکات بە دوو بەشەوە.هەروەها بۆ کێبەرکێ لە بەرامبەر داگیرکەراندا چیاکانی سەقز سەنگەرێکی پۆڵایین بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانییان لە ئەم ناوچەیە. لە ڕووبارەکانی سەقز ماسی سپی و ماسی جۆراوجۆر دەژین. ماوەیەک لە ڕووبارەکانی ئەم ناوچەیەدا گەرای ماسییە جۆراوجۆرەکان پەروەردە دەکرا، کە ئەمە بووە هۆی دروست بوونی جۆری زیاتری ماسییەکان.
مێژوو
پێش ئیسلام
سەقز بە ناوەکانی ئیزیرتا و ئسکیت و دواجار ساکز، شار و ناوەندی هەرە گرنگی حکوومەتەکانی ماننا و سەککا و مادەکان بووە و لە هێرشی دوژمنەکانیان بۆ ئەم حکوومەتانە دەبووە هۆی ئەوەی کە سەقز ببێتە ناوەندی جەنگ و تێکهەڵچوونەوەکان. بەڵام ئەم شارە بەدرێژایی مێژوو ئاوەدان ماوەتەوە و جێگەی ژیان و ناوەندی کولتوور و سیاسەت و بازرگانی ماوەتەوە. لەکاتی دەسەڵاتداری مادەکاندا، سەککان بە بەردەوامی هێرشیان دەکردە هەرێمی دەسەڵاتدارییان. سەکاکان هەندێکجار لەگەڵ ئاشوورییەکان دەبوون بە هاوپەیمان و هەندێک جاریش لەگەڵ مادەکان هاوپەیمانییان دەبەست و بە دژی ئاشوورییەکان شەڕیان دەکرد. پاش هێرشکردنی سەر لە نوێی ئاشوورییەکان بۆ سەر مادەکان، خشتیرییەی سەرکردەی ماددەکان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئاشوورییەکان، پەیمانێکی گەورەی هاوپەیمانی لەگەڵ مانایییەکان و سەکاکان بەست و بە کردەوە بەرەیەکی گەورەی شەڕی دژ بە ئاشوورییەکان دامەزراند.
مێژووی سەقز لە دەوروبەری ساڵی ٦٥٠، دەسەڵاتی پاشایەتی مادەکان، دەوڵەتێکی گەورە و بەهێز و هاوسەنگ لەگەڵ مانایییەکان و ئورارتوو و عیلامییەکاندا بوو. دوای سەکاکان، کیمێرییەکان کە یەکێکی ترن لە هۆزە بیابان نشینەکانی باکووری قەوقاز بوون، هێرشیان کردە سەر ئەم ناوچەیە کە ئێستا بە کوردستان دەناسرێت و لەسەر ڕێگەی خۆیان دەسەڵاتی دەوڵەتی ئورارتوویان، لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ و ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی، لەناوبرد.
هووخشترە، گەورەترین پاشای مادەکان لە ١٠ ساڵی یەکەمی فەرمانڕەواییدا، توانی پەیوەندی خۆی لەگەڵ پاشای سەکاکان بە ناوی (پڕۆتۆسیس)، بە هاوپەیمانیێکی گەورە پەرە پێبدات. هووخشترە، سوپاکەی بە دوو بەشی پیادەی چەکدار کراو بە شمشێر و سواری چەکدار کراو بە تیروکەوان دابەش بکات و دەوڵەتێکی بەهێز بنیات بنێت. مێژووی سەقز لە دەورانی حوکمڕانی هووخشترە، دوای ئاگاداربوون لە بەستنی هاوپەیمانییەتی لە نێوان سەکاکان و ماددەکاندا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە سەکاکانی بۆ ڕۆژاوای دەوڵەتی ماد، بە زۆر کۆچیان پێکرا و ئەم ناوچەیە بەناوی ئەوانەوە بە ساکز یان سێکز ناوبانگی دەرکرد و ئێستاش بە سەقز ناودەبرێت.
ئەم شارە بە ناوی (ئیزیرتا)، لە یەکەمین یەکگرتنی مادەکاندا، پایتەختی ماددەکان بووە. سەرکردەکانی دەوڵەتی ماد لە دەروبەری شاردا کۆمەڵێک قەڵا و سەنگەریان، دروست کردبوو کە گرنگترینیان زێویە و ئادامائیت بوو لە گوندی قەپڵانتوو. لەوکاتەدا سارگێنی دووەم، پادشای ئاشوورییەکان هێرشیکردە سەر مادەکان و دوای سەرکەوتن بە سەریاندا ئیزیرتا، زێویە و ئادامیت بە دەستی سوپاکەی وێران کران.
ناوچەی سەقز یەکێکە لە کۆنترین و مێژووییترین شوێنەکان. لە کاتی مادەکاندا سەقز ناوی (ئەسکیت) بووە. دوای هێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان و داگیرکردنی سەقز، ناوی ئەو ناوچە دەگۆڕن بە (ساکز) یان (سەکاکز). دوای ٣٠ ساڵ هووەخشترەی پاشای ماد توانی هێرش بکاتە سەر لەسوپای دوژمنەکانی و وڵاتە داگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر حکوومەتی ماد، بەڵام ناوی سەقز هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دوای ئیسلام
دوای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە، لە سەرەتادا کوردستان لە نێوان چەند ئاغایەکدا دابەش کرا و دەسەڵات بەدەست ئەوانەوە بوو. یەکێک لە هۆزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەسەر بەشێکی زۆری کوردستان حوکمڕانیان کرد کە ئەردەڵانەکان بوون. هەر چەن شاری سەقز کەمتر لەژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکاندا بوو بەڵام ئەردەڵان یەکێک لە هۆزە هەرە گرنگەکانی کوردستان بووە کە ئێستاش لەو بنەماڵە هەر ماوە. لە دوای هاتنی ئیسلام لەبەر سنووریی بوونی ناوچەکە هەرکاتە و کەسێک لە حکوومەتێکەوە دەسەڵاتداربووە. ماوەیەک ئیمپڕاتۆریەتیی عوسمانی، ماوەیەک ئێرانییەکان. لە چەن سەد ساڵی ڕابردووشدا یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر ناوچەکە.
مێژووی هاوچەرخ
لە شۆڕشی سمکۆ، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا و بە تایبەت خەباتی ڕزگاریخوازی ساڵەکانی ١٩٧٩ تاکوو ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی شار و گوندەکانی سەقز قوربانییان داوە. بۆ نموونە هومایۆن ئەردەڵانی خەڵکی سەقز لە میکۆنۆسی ئەڵمانیا لەگەڵ سادق شەرەفکەندی کوژرا. کۆماری کوردستان تا باکووری شاری سەقزی لەخۆ گرتبوو. لە پێکهێنان و پاراستنی ئەو کۆمارە خەباتگەرەکانی سەقز دەوری گرنگیان هەبوو.
لە ساڵانی ١٩٦٠ـەوە بەدواوە، کوردستان بەگشتی بووە شوێنی پێکهاتنی بزووتنەوە سیاسییەکان. هەروەها سەقزیش بەشداریی هەبووە. کۆمەڵە یەکێک بوو لەو بزووتنەوانە کە لە بواری سیاسەت و خەباتی چەکداری چالاک بووە و بەشێکی گرنگ بووە لە خەباتی خەڵکی کورد بۆ مافە ڕەواکانیان. حەمە حسەین کەریمی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، خەڵکی شاری سەقز بووە.
هەروەها حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە خەباتی گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ دەورێکی گرنگی هەبووە، لە شاری سەقز لایەنگری زۆری هەیە کە لە ڕۆژانی ٢٢ پووشپەڕی هەموو ساڵێک، کە ڕۆژی تیرۆری دکتۆر قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە، خەڵکی شاری سەقز، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان، شار بە تەواوی دادەخرێت.
شوێنەوار
لە هێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان زۆرینەی قەڵاکان و بیناکانی ئەوسەردەمە ڕووخێنران کە ئێستاش وێرانەی هەندێکیان لە دەوروپشتی شاری سەقز ماوتەوە. قەڵای زێویە کە لە نزیکی سەقزدایە بە وتەی (گیرشمن) خەزێنەی پاشایەتی ماناییەکان بووە.
پێش پێکهاتنی ئیسرائیل و بەڕێکەوتنی جوولەکەکان بۆ ئەو وڵاتە، بە سەدان بنەماڵەی جوو لە سەقز و دەوروپشتی ژیانیان دەبردە سەر. لە چەندین کتێبدا هاتووە کە بە دۆزینەوەی چەندین کاسە و گۆزەی بەنرخ لە بواری مێژووناسییەوە، بە دەیان جار لەلایەن چەندین بازرگانی جوو و بە هاوکاری دەزگا حکوومییەکانەوە هەوڵی دۆزینەوە و بردنی ئەو نهێنییە بەنرخانەیانداوە.
یەکێکی تر لە شوێنە مێژوویییەکانی سەقز، ئەشکەوتی کەرەفتووە، کە هەر لە نزیکی زێویەدایە. کەرەفتوو ئەشکەوتێکی سرووشتییە بەڵآم گۆڕانکارییەکانی مرۆڤی سەردەمی کۆنی تێدا ئاشکرایە. بەپێی ئەو نووسراوەی لە زێویەدا دۆزراوەتەوە، لە نێوان قەڵای زێویە و کەرەفتوو شەڕێک ڕوویداوە و بە زەحمەتێکی زۆر کەرەفتو داگیرکراوە.
هەندێک لە شوێنەوارەکانی تری سەقز
- مزگەوتی دوومنارە
- مزگەوتی شێخ مەزهەر
- مزگەوتی تورجان
- حەمام حاج ساڵە
- کاروانسەرای تاژەوانچی
- قەڵای کوڵتەپە
- مزگەوتی تەمربەیگ
- بازاڕ سەقز
گەڕەکە بەناوبانگەکان
سەقز لە دوو بەشی کۆن و تازە پێکدێت، لە ساڵانی پێش لە شۆڕشی ئیسلامییدا خەڵکی ناو شاری سەقز لە بەشی کۆنی ئێستادا دەژیان و پیشەیان ئاسنگەری و بازرگانی بوو.
گەڕەکە کۆنەکانی سەقز
ناوقەڵا، بازاڕ سەرۆ، ساحلی، دەباغی، کاروانسەرای تاژەوانچی، حەمام شێخ، حەمام خان، کەوەسوار، کانی ئاشقان، کانی گەرمکاو، سەر پەچە، کانی حەمەو بەو.
گەڕەکە تازەکانی سەقز
حەماڵاوا، قەرەچیاوا، شەهرەک دانژگا، بەردبڕان، تەپ ماڵان، تازاوا، کەریماوا، سەرچنار، ماڵە گولان، شاناز، سەعدی، سیلۆ، ڕوودەکی، تەپەی شافیعی.