مەخموور

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-16-21:31:00 - کۆدی بابەت: 10683
مەخموور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەخمور (بە ئینگلیزی: Makhmur، بە عەرەبی: مخمور) یەکێکە لە شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، سەر بە پارێزگای ھەولێرە و ناوەندی قەزای مەخموورە. لە ڕووی جوگرافییەوە شارۆچکەی مەخموور بەدووری ٦٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری ھەولێر.

زانیاری گشتی

شارۆچکەی مەخموور
وڵات عێراق
ھەرێم ھەرێمی کوردستان
پارێزگا ھەولێر
قەزا مەخموور
دەسەڵات
قایمقام ئیبراھیم شێخ اللە ئیبراھیم 
بەرزایی
 
٢٥٤ مەتر
ژمارەی دانیشتووان
 (٢٠١٨)
 • سەرجەم ٢٢٢,٧٧٦
سەرناوی دانیشتووان مەخمووری
زمان و ئایین
 • زمان کوردی (سۆرانی و کورمانجی) و عەرەبی
 • ئایین ئیسلامی سوننە مەزهەب

لە ڕووی جوگرافییەوە

دووری لە شارەدێی گوێر ٥٣ کیلۆمەترە، لە شارەدێی قەراج ١٤ کیلۆمەتر دوورە، لە شارەدێی دیبەگە ٣٠ کیلۆمەتر، لە شارەدێی مەلاقەرە ٢٨ کیلۆمەتر، لە شارەدێی گەیارە ٢٨ کیلۆمەتر، لەلای ڕۆژاوای شارەدێی شەرگات ٦٠ کیلۆمەتر دوورە، لەلای ڕۆژھەڵاتی مەخموور شارەدێی سەرگەڕان ھەیە بە دووری ٥٥ کیلۆمەتر. چیای بلباس (قەرەچۆغ) دەکەوێتە ناوەراستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە خۆرھەڵاتی باکووری.

قەزای مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی ھەیە لە ڕووی کشتوکاڵیەوە بەتایبەت بۆ گەنم و جۆ، ھەروەها خاوەنی سایلۆی گەورەیە.

قەزای مەخموور دەكەوێتە سەر هێلی پانی ٣٥ پلە و ٤٣ بۆ ٤٤ـی هێڵی درێژی گۆی زەوی، ئاوهەواكەی گەرمە، ئاوی ژێر زەوی ناسازە و بۆ خواردنەوە ناشێت، بۆیە لەسەرچاوەی زێی گەورە ئاو بۆ مەخموور دابین كراوە. بۆ ناحیەی قەراجیش لە زێی گەورە ئاو دابینكراوە. بۆ دیبەگەش لە پڕۆژە ئاوی دیبەگە لە گوندی منارەی دەشتی مركیە ئاو دابینكراوە. بۆ ناحیەی گوێریش لە زێی گەورە ئاو دابینكراوە.

ناوی مەخموور

وشەی مەخموور لە "مغمور" وەرگیراوە، واتای بەھاری ھەیە بە گوڵی جوان و ڕەنگاورەنگ وتراوە، ھەروەھا ھەندێکی تر دەڵێن مغمور لە واتایەکی تریش ھاتووە، چونکە زەوییەکەی نوقم بووە بە ئاو لە کاتی لافاوەکانی لە چیای قەرەچۆغ، لە لایەکی تریشەوە دەڵێن وشەیەکی تورکییە لە قوماشی مغمور وەرگیراوە کە بە تێپەربوونی کات بووە بە مەخموور.

مێژووی مەخموور 

مەخموور یەکێکە لە شارۆچکە کۆنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر و سەرەتای دروستبوونی بۆ سەردەمی چاخە کۆنەکانی بەر لە مێژوو دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام ئاوەدان بووە و مرۆڤی لێ ژیاوە، ئەوەش بە پشتبەستن بەو پاشماوە مێژووییانەی لە دەڤەرەکە دۆزراونەتەوە زانراوە. مەخموور ھەمیشە ناوەندی بڕیاردان و حاکمی سنوورەکە و دەوروبەری بووە، هەروەها مەخموور کراوە بە پایتەختی دەرکردنی بڕیارەکان لە دەڤەرەکە. لە سەردەمی عوسمانییەکان و ئینگلیزەکان لە عێراق، مەخموور ناوچەیەکی گرنگ بووە و چەند بنکەیەکی سیاسی و سەربازی لێ دامەزراوە، وەک سنوورێکی گرنگ ڕۆڵی بینیوە لە ڕووداوە سیاسییەکان و چارەکردنی کێشەکان.

مەخموور بە فەرمانی پاشایەتی ژمارە ٤٥٨ لە ٢٥ـی ئازاری ساڵی ١٩٢٧ لە پلەی ناحیە بۆ قەزا بەرزدەکرێتەوە، لەسەر پارێزگای ھەولێر قائیمقامیەتی قەزای مەخموور دەکرێتە، عەبدولڕەحمان سەعید بابان وەک یەکەم قائیمقام دەست بەکاربووە. ئەو قەزایە تا ساڵی ١٩٩٦ سەر بە پارێزگای ھەولێر بووە، بەڵام دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خرایە سەر پارێزگای نەینەوا کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە یەک دوورن.

پرۆسەی بەعەرەبکردنی مەخموور

بەعەرەبکردنی قەزای مەخموور بەھۆی گرنگی بوونی لە ڕووی جوگرافی، سیاسی، نەتەوەیی و ھەبوونی ماددە جۆربەجۆرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوییەکەی بەتایبەتی نەوت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان ھەوڵی زۆریان بۆ داگیرکردنی سنوورەکە داوە.

ئەم دەڤەرە بە تەواوی گوند و ناحیەکانییەوە بۆ چەندین جار بەر شاڵاوەکانی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن کەوتوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی دەسەڵاتی حیزبی بەعسیش ئەو سنوورە زیاتر کەوتە ژێر پلانی بەعەرەبکردن، بەعس تەواوی ھەوڵەکانی بەگەڕخست بۆ گۆرینی جوگرافیا و دیموگرافیای سنوورەکە، ھەر لەم ھەوڵەیدا چەند گوندێکی لە ناحیەی قەراج و ناحیەی دیبەگەی دابڕاند و خستییە سەر ناحیەی سەڕگەرانی پارێزگای کەرکووک، سەرەڕای ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ سنوورەکە و گۆڕینی ناوی گوند و شوێنە گشتییە کوردییەکان بۆ ناوی عەرەبی، ھاوکات خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغەکرا و کرا بە زمانی عەرەبی.

لە پاش ٩ـی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ پرۆسەی ئازادی گەلانی عێراق و ڕزگاربوونی دەڤەرەکە، هەوڵی گەڕاندنەوەی باری ئاسایی مەخموور درا.  لە پاش دامەزراندنەوەی قائیمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکان و یەکە ئیدارییەکان، یەکەم ھەوڵیش کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەخموور بوو کە خوێندن بکاتەوە زمانی کوردی.

لە ماوەی شەڕی داعشدا

لە ماوەی شەڕی ٢٠١٤ـی داعشدا، شارۆچکەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا، پێش ئەوەی جارێکی تر لەلایەن ھێزە کوردییەکانەوە وەربگیرێتەوە.

 لە وەڵامدا میلیشیایەکی مەدەنی خۆبەخش بۆ بەرگریکردن لە شارۆچکەکە دروستکرا. دواتر شارۆچکە کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ژێر دەستی پێشمەرگە وەرگیرایەوە.

لە میانەی ململانێی کورد و عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، لە جەرگەی شارۆچکەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبوو، بە پشتیوانی حەشدی شەعبی، تاوەکوو لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

کەمپی ئاوارەکانی مەخموور 

لە قەزای مەخموور کەمپی ئاوارەکانی مەخموور ھەیە کە لە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە. نزیکەی ١٢ ھەزار پەنابەری کورد، کە لە شەڕی ناوخۆی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ھەڵهاتوون، لەم کەمپە پەنابەرانەدا دەژین.

ھاوکات کەمپی کوردەکانی باکووری کوردستان لە بەری ڕۆژاوای شارۆچکەکە بەدووری سێ کیلۆمەتر نیشتەجێن، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە مەخموورن، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی ھەرێم سەرپەرشتی دەکرێن. کە وەک ئیدارەیەکی گشتی بەرێوەبەر و فەرمانگەی ھەیە و نزیکەی ١٢,٠٠٠ کەسی تێدا دەژیت کە لە ساڵی ١٩٩٨ـوە لەو قەزایە نیشتەجێن. ئەو کەمپەش لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر کار و پڕۆژەی بۆ ئەنجامدراوە، لە ڕووی خوێندن، پەرورەدە، تەندروستی، ئاسایش و ھەلی کارەوە حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵی بۆیان ھەیە.

ڕووبەر

ڕووبەری قەزاکە ٣٥٢٬٠٠٠ دۆنمە و ڕێژەی ٨٪ـی کۆی گشتی ڕووبەری پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت. ڕووبەری قەزای ناوەندیش ٨٨٠ کیلۆمەتری دووجایە. قەزای مەخموور سێ ناحیە لەخۆ دەگرێت ئەوانیش قەراج (باقرت)، گوێر و کەندێناوە (دیبەگە)ـیە، لە ساڵی ١٩٩٦ دوای لکاندنی قەزاکە بە پارێزگای نەینەوا، ڕژێمی بەعس گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحیەی کەندێناوەی بۆ عەرەبەکان لە بەروای ١٦ـی ئەیلوولی ١٩٩٦ کردە ناحیە و ناوی نا عەدنانییە، ئەوەش بەناوی عەدنان خەیروڵای کوڕە خەزوری سەدام حسێن بوو کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ لە فڕۆکە لە پلانێکی سەدام و بەعس کەوتە خوارەوە و لە ئاسمانی ئەم گوندە گیانی لەدەست دا. 

نەتەوەکانی مەخموور

لە ڕووی نەتەوەیییەوە بەشێوەیەکی سەرەکی زۆرینەی دانیشتووانی سنوورەکە کوردن، بەڵام بەھۆی ھۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتەیەکانەوە چەند گوندێکی عەرەب لە ناوچەکە دروست بوون، بەتایبەتی لە ھەردوو ناحیەی قەراج و ناحیەی گوێر و ناوەندی قەزای مەخموور.

ئایین

لەڕووی ئاینییەوە خەڵکی سنوورەکە ئیسلامی سوننە مەزھەبن، بەدەیان کەسایەتی و زانای ئایینی لەم سنوورە سەریان ھەڵداوە وەک ڕێبەرێکی ئایینی ڕۆڵیان بینیووە، چەندین تەکیە و خانەقاش لە سنوورەکە ھەبووە و ھەیە، جێگەی ئاماژە پێدانە دوو گوندی سنووری ناحیەی گوێر لە کوردە کاکەییەکانن. لە ساڵانی سەدەی نۆزدەیەم جووش لە سنوورەکە هەبووە، بەڵام دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و چوونەوەی جولەکەکان بۆ ئیسرائیل، ئێستاش پەیوەندییان بە سنوورەکە ھەیە و سەردانی دەکەنەوە.

وەرزش

لە ڕووی وەرزشییەوە گەنجانی مەخموور گرنگی پێدەدەن، لە یارییە وەرزشییە فۆلکلۆرییەکان تاکوو یارییە جیھانییە باوەکان خاوەن یاریزانی پێشەنگ بوون، یانەیەکی وەرزشی، ناوەندێک، بنکەیەکی وەرزشی، چەندین یاریگای وەرزشی و یاریگایەکی گەورەی ھەیە. ھاوکات زیاتر لە ١٥٠ تیپی میلیشی ھەیە. 

کشتوکاڵ

لەڕووی کشتوکاڵییەوە خاکی قەزای مەخموور بەشێوەیەکی گشتی زۆر بە پرشتە و خاکێکی قاوەیی و تۆخە و زەویەکانی دێمەکارن، گەنم و جۆ بە پلەی یەکەم دەچیندرێت و بێستان و شینایشی لێدەکرێت، ئاوهەواکەشی نیمچە گەرمەسێرە.

ئاژەڵداریش بنەمایەکی تری کاری کشتوکاڵی و بژێوی جوتیارانی سنوورەکەیە کە بەپلەی یەکیش بەخێوکردنی مەڕ و بزن، مانگا و پەلەوریش بەخێو دەکرێت. زەوی دێمی کشتوکاڵی و بەراویشی لەسەر زێی گەورە و زێی بچووک هەیە. ھاوکات لە ھەردوو زێ سامانێکی زۆری ماسی ھەیە و ڕاودەکرێن.

بەشی ھەرە زۆری کشتوکاڵی بە شێوەی (دێمی) بەپشت بەستن بەئاوی باران تیێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان پشت بە بیرەکان دەبەستن بۆ کاری کشتوکاڵ، بۆ نموونە گوندی کونە سیخوڕە لە دەشتی قەراج بە نزیکی حەوت کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەی مەخموور دوورە، ڕووبەری گوندەکە نزیکەی ٥٠٠٠ دۆنم زەوییە، بە شێوەی ئاودان لە ڕێگای بیرە پێشکەوتووەکان کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەو گوندانەی کەوتونەتە نزیک زێی بچووک یان زێی گەورە یان نزیک ڕووباری دیجلە، کە بە شێوەی بەراو کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن.

ڕۆشنبیری و کولتووری

لە ڕووی ڕۆشنبیری و کولتوورییەوە قەزای مەخموور بە حەیران و بابەتە فۆلکلۆرییەکان و ڕۆشنبیرییەکانەوە دەوڵەمەندە. مەخموور یان دەشتی کاکی بە کاکی (قەراج و کەندێناوە) بە مەڵبەندی لە دایکبوونی حەیران و بەستە دادەنرێت. چەندین ڕۆشنبیر، نووسەر، شاعیر و ھونەرمەندی دیاری کورد لەم دەڤەرە لەدایکبوون و ژیاون، لەم ڕۆژگارەشدا خاوەن کەسایەتی دیار و ڕۆشنبیرە.

فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری قائیمقامیەتی قەزای مه‌خموور

  • به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی شاره‌وانی مه‌خموور  
  • به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی سایلۆی مه‌خموور  
  • فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی  
  • تێبینه‌رایه‌تی ئەوقافی مه‌خموور  
  • تێبینه‌رایه‌تی تاپۆی مه‌خموور  
  • پۆسته‌ و گه‌یاندن  
  • بەڕێوەبه‌رایه‌تی پەروەردەی مه‌خموور  
  • به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی کشتوکاڵ  
  • سه‌نته‌ری منداڵ پارێزی  
  • فەرمانگەی به‌یته‌رنه‌ری  
  • که‌رتی ته‌ندروستی مه‌خموور  
  • به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی کتێبخانه‌ی گشتی  
  • فه‌رمانگه‌ی ئاوی مه‌خموور  
  • فه‌رمانگه‌ی کاره‌بای مه‌خموور  
  • بانکی ڕەشید  
  • وه‌رزش و لاوانی مه‌خموور


سەرچاوەکان



199 بینین