ناوهڕۆك
ناساندن
کۆیلایەتی (بە ئینگلیزی: slavery، بە عەرەبی: عبودية) ئەو ڕەوشەیە کە مرۆڤ تیایدا خاوەنی مرۆڤێکی ترە، لەو کەسانە پێکهاتوون کە بێ بەش بوون لەسەرجەم مافە مرۆڤایەتییەکان، کۆیلەکان بە کاڵا دادەنران و هیچ مافێکی سەرەتاییان نەبوو لە بازاڕی کۆیلەکاندا وەک شمەک دەکڕان و دەفرۆشران و بازرگانیان پێوە دەکرا، لە ڕووی یاساییەوە بە موڵک و ماڵ دادەنران. کۆیلایەتی بە نزیکەی لە هەموو کیشوەرەکاندا بوونی هەبووە ئاسیا، ئەورووپا، ئەفریقا و ئەمریکا، بە درێژایی مێژوویەکی درێژ تۆمارکراوە.
سەرهەڵدانی کۆیلایەتی
کۆیلایەتی لە دەرئەنجامی دۆزینەوەی کۆمەڵێک ئامێری بەرهەمهێنان پەیدابووە کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرهەمداری هێزی کار. لە ڕووی مێژووییەوە یەکەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی چینایەتییە کە زۆر توند و دڵڕەقانە بووە، پاش پەیدابوونی پیشەکان ئاڵوگۆڕ پەرەی سەند پارە زۆر بوو جیاوازی چینایەتیی زیادی کرد خاوەن سامانەکان توانیان زۆرینەی بێ سامانەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە کاریان پێ بکەن و بیان چەوسێننەوە و هەژارەکان ناچاربوون کە ئامێر و پێداویستیەکانی دەوڵەمەندەکان بەکاربهێنن و کاریان پێ بکەن بۆ ئەوەی بژین بەڵام هەژارەکان نەیاندەتوانی ئەوەی لەسەر شانیانبووە بەرامبەر بە دەوڵەمەندەکان جێ بە جێی بکەن بۆیە ناچاربوون زەویەکانیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان و پاشان خۆیان بفرۆشن لە بەرامبەر ئەو کارەی کە ناتوانن بۆ دەوڵەمەندەکانی بکەن و لە بری دانەوەی قەرزەکانیان بەشێکی زۆریان ببن بە کۆیلە. سەختە سەرەتای سەهەڵدانی کۆیلایەتی دیاری بکەین بەڵام مێژوونوسان سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم کارە نامرۆڤانەیە دەگەڕێننەوە بۆ نزیکەی ۱۱٫٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، کۆیلایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەناو گەلانی جیهاندا بڵاوبوویەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کۆن لە هیندی کۆن، چینی کۆن، میزۆپۆتامیا و میسڕی کۆن، لە ڕۆژئاوای کۆن لە ڕۆمانی، یۆنانی کۆن و ڕۆژئاوای کۆن. هەروەها لە سەرەتای سەدەی ١٦ کۆیلایەتی لە ئەورووپا بڵاوبوییەوە و پرتوگالییەکان یەکەم کەس بوون دەستیان بە هێنان و کڕینی کۆیلە لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە کرد. نزیکەی ۱۱ ملیۆن کەس لە ئەفریقاوە بە زەریای ئەتڵەسییدا دەهێنران بۆ ئەمریکا و بازرگانییان پێوە دەکرا. زۆرینەی ئەو ئەفریقیانەی دەنێردران بۆ ئەمریکا کاریان لەسەر چاندنی بەروبوومی لۆکە یان برنج دەکرد، زۆرینەی کۆیلەکان ئافرەت و منداڵ بوون کە ناچار بوون هەموو کارێکی قورس بکەن بۆ ئەوەی بژین.
ژیانی کۆیلەکان
ژیانی کۆیلەکان قورس و دژوار و پڕ ئازار بووە، بە بەردەوامی کارکردن و خواردنی خراپ کە هەندێک جار ئەو خواردنانەی دەیانخوارد بۆ ئاژەڵانیش گونجاو نەبوون. لە ناو ژووری زۆر بچووک و کۆن دەژیان هەندێک جار کەلوپەلیشیان نەبووە. ئەوانەی خەریکی کشتوکاڵ بوون لەسەر کێڵگەیەکی گەورە لەگەڵ چاودێرێکی خراپ دەژیان کە پارەیان پێدەدرا بۆ ئەوەی زۆرترین کار بە دڵڕەقانەترین شێوە بە کۆیلەکان بکەن. پاشان یاسای کۆیلەکان خرایەڕوو کە لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاواز بووە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی تێیدا هاتووە بە بێ ڕەزامەندی خاوەنەکەی کەسێک ناتوانێت بازرگانی بە کۆیلەی کەسێکی ترەوە بکات، خاوەن کۆیلە مافی تەواوی بەسەر کۆیلەکەیدا هەبووە کە دەکرا لە قوماردا بدۆڕێندرێن، وەک ئاسایش پێشکەش بە کەسێکی تر بکرێت یان وەک دیاری لە کەسێکەوە ببەخشترێته کەسێکی تر. کۆیلەکان ڕێگەیان پێنەدراوە هیچ جۆرە چەکێک لای خۆیان بهێڵنەوە لە کاتی گرتنی هەر چەکێک کۆیلە 39 قامچی لێدراوە، ڕەشپێستەکان وەک شایەتحاڵ لە کەیسی سپیپێستەکاندا وەرنەگیراون، پەروەردەکردنی کۆیلەکان ڕێگەپێنەدراو بووە هەر کەسێک کۆیلەیەکی فێری خوێندنەوە و نووسین کردبێت سزا دراوە. هاوسەرگیری کۆیلەکان بە یاسایی دانیپێدانەنراوە بۆیە خاوەن کۆیلەکان سەربەست بوون لە جیاکردنەوەی خێزانەکان و بازرگانی پێوەکردنییان.
کاری کۆیلەکان
کاری کۆیلەکان کارێکی ناکارامە و بێ بەها نەبووە چەندەها کاری جیاواز و قورس و لێزانانە و پڕ بەرهەمیان کردووە، لەوانە کشتوکاڵی لۆکە، تووتن، برنج و شەکر کە کاری سەخت و ماندووکەر بوون، هەروەها دارتاشی، خشتکاری، کاری کێڵگە، ئاسنگەری، چەرخچی، پێستەخۆشکەر، دروومان، قەساب، دروستکەری قاپ، دروستکەری کابینە، کانزاکاری و زیوگەری هەندێک بوون لە کارە گرنگەکانیان، ژمارەیەکی زۆریشیان وەک بەلەمەوان، کارگوزار، چێشتلێنەر، گوێزەرەوە، ڕستن و چنین کاریان دەکرد.
لە ماوەی ساڵانی ١٨٥۰ کاندا نیو ملیۆن کۆیلە لە شارەکانی باشوور دەژیان و لەکارگەی ڕستن و چنین، جلوبەرگ، ئاش و توتن کاریان دەکرد، هەروەها وەک جلشۆر و لەنگەرگە. هەندێکی تریان وەک داربڕ و لەسەر بەلەمی لای ڕووبارەکان کاریان دەکرد، زۆربەشیان خەریکی دروستکردنی ڕێگا و بان بوون.
لە کێڵگەییەکی ئاساییدا لە ڕۆژێکدا ١٠ کاتژمێر لە بەرەبەیانەوە تا ئێوارە شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و لە کاتی چاندن یان دروێنەکردندا بۆ ماوەی ١٥ بۆ ١٦ کاتژمێر لە لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکاندا دەمانەوە و کاریان دەکرد.
دەسەڵاتدارەکان کرێکاریان لە تەواوی کۆمەڵگەی کۆیلایەتیی پێکهێنابوو لە گەنج، پیر، تەندروست و پەککەوتە. منداڵانیشیان لە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵی کاریان پێدەکرا وەک کاری زبڵ کۆکردنەوە و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە و یارمەتیدان لە چێشتخانە. منداڵانی تریش پەلەوەرەکانیان بەخێو دەکرد و پارچە داریان بۆ سوتەمەنی کۆدەکردەوە و ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕاند. منداڵانی تری تەمەن ٧ بۆ ١٢ ساڵان کاری قورسیان پێ دەکرا. کۆیلە بەتەمەنەکان یان کەمئەندامەکان کاری ڕستن و چنین و جلوبەرگیان دەکرد. لەبەر ئەوەی کۆیلەکان هیچ هاندانێکی ڕاستەوخۆیان نەبوو بۆ کردنی کاری قورس خاوەن کۆیلەکان سزای قورسیان دەدان و بە زۆر کاریان پێدەکردن، هەروەها هەندێک لە خاوەن کۆیلەکان ڕێگەیان بە کۆیلەکان دەدا بەرهەمهێنان و نوێگەری بکەن و خەڵاتی باشترینەکانیان دەکرد.
هەڵوەشان و نەمانی کۆیلایەتی
کۆیلایەتی بە چەند قۆناغێکی جیادا تێپەڕیوە و چەندین ڕاپەڕین و ڕابوونی کۆیلەی تێدا تۆمارکراوە، بە کاریگەری چەندین هۆکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە یەکجاری لەناوچووە، پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان لە سەردەمی کۆیلایەتیدا لە ڕووی ئابووری و نوێگەری و بەرەوپێشبردنی دەوڵەت زۆر سست و لەسەرخۆ بووە چونکە کۆیلەکان بەرژەوەندییان نەبووە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا نەشیان دەویست و لە تواناشیاندا نەبووە بە پێچەوانەوە بەردەوام لە نزمبوونەوەدا بووە، هێرش و پەلاماری گەلانی چواردەوری دەوڵەتە کۆیلەدارەکان بووە هۆکارێک بۆ هەرەسهێنانی چەندین دەوڵەتی کۆیلەدار. لە ساڵی ١٧٩١ نیو ملیۆن کۆیلە بە ڕاپەڕین و شۆڕش لە هایتی خۆیان ڕزگارکرد. لە ناوەڕاستی سەدەی 19ـەهەمدا کۆیلایەتی لە ئەمریکا بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن و هاوردەکردنی کۆیلە لە ساڵی ١٨٠٧ لە ئەمریکا و بەریتانیا قەدەغەکرا، جەنگەکانی ئازادی لە ئیسپانیا و ئەمریکا کۆتایی بە کۆیلایەتی هێنا. لە ساڵی ١٨٣٣ نزیکەی ٧٨٠،٠٠٠ کۆیلە لە بەریتانیا ئازاد کران و قەرەبووی خاوەن کۆیلەکان کرایەوە. لە ساڵی ١٨٦٣ـدا لە ماوەی جەنگی خوێناوی ناوخۆی ئەمریکادا کە کۆیلەکان بۆ ئازادی خۆیان دەجەنگان سەرۆک ئەبراهام لینکۆڵن بڕیاری دەرکرد و ڕایگەیاند کۆیلەکان پێویستە لەمەودوا ئازاد بکرێن، سەرەڕای هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کۆیلایەتی کۆتایی بە کۆیلایەتی نەتەوەیی نەهات بەڵام بیری ملیۆنەها ئەمریکی گۆڕی، لە ڕاگەیاندنەکەشدا ڕێگە بە ڕەشپێستان درا بچنە سوپای یەکێتیی و هێزی دەریایی، ئازادکراوەکانیان ڕاهێنا بۆ ئەوەی ببنە جەنگاوەر. لە کۆتایی جەنگەکەدا ۲۰۰٫۰۰۰ سەربازی ڕەشپێست جەنگیان بۆ ئازادی و یەکیەتی کرد.
پاشان لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٦٥ دەستووری سیازدەهەم وەک بەشێک لە دەستووری ویلایەتە یەکگرتوووەکان پەسەندکرا و کۆیلایەتی هەڵوەشاندەوە، دەستبەجێ زیاتر لە ۱۰٠٫٠٠٠ کۆیلە ئازادکران. ساڵی ١٨٨٦ لە کوبا و ساڵی ١٨٨٨ لە بەڕازیل کۆیلەکان ئازادکران و بە شێوەیەکی گشتی کۆتای بە کۆیلایەتی هات. لە ماوەی سەدە و نیوێکدا کۆیلایەتی وەک پێشێلکردنی ئایینی مەسیحی و زەوتکردنی مافەکانی مرۆڤ دەنرا.