دەرەبەگایەتی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-11-01:38:00 - کۆدی بابەت: 8207
دەرەبەگایەتی

ناوه‌ڕۆك

سیستمی دەرەبەگایەتی چییە؟ 

دەرەبەگایەتی یان سیستمی دەرەبەگایەتی (بە ئینگلیزی: feudalism، بە عەرەبی: إقطاعية) سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنانی سیاسیی دەسەڵاتدارییە لە نێوان پاشا و خانەدانەکان، لەسەر بنەمای موڵکایەتی تایبەتی بۆ زەوی لەلایەن دەرەبەگەکانەوە بونیاتنراوە لەگەڵ ڕەتاندنی چینی وەرزێر (مسکێن)، شێوازی سیستمی دەرەبەگایەتی خاوەنی چەندەها یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیەتی، لە سەرەتاکانی سەدەی پێنجەمی زایینییەوە لە ڕۆژئاوای ئەورووپا سەریهەڵداوە. 

دەرەبەگایەتی سیستمێکی پاشایەتی چینایەتی بوو فەرمانڕەوایەتی دەگەڕایەوە بۆ پاشا، بە شێوەی قوچەکی کە پاشا سەرەوەی قوچەکەکەی گرتووە پاشان قەشەکان، خانەدانەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان، سوارچاکەکان و دەرەبەگەکان، مسکێنەکان. دەرەبەگەکان خاوەنی زەوییەکان بوون مسکێنەکانیش ئەو کەسانە بوون کاریان لەسەر زەوییەکاندا دەکرد و لەوێ دەژیان. لە بەرامبەر بەکارهێنانی زەوی و ژیانیان لە ناو زەوی دەرەبەگەکەدا مسکێنەکان کاریان بۆ دەکردن. 

سەرهەڵدانی سیستمی دەرەبەگایەتی 

بە شێوەیەکی گشتی سەرهەڵدانی دەرەبەگایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی پێنجەمی زایینی لە ڕۆژئاوای ئەورووپا سەری هەڵداوە و بە زۆربەی گەلانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. پاشان لە زۆریک لە وڵاتانی ئەورووپی لە سەدەکانی ناوڕاستدا سیستمی دەرەبەگایەتی لە ئینگلتەرا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و پورتوگال سەریهەڵدا، دەوڵەتی دەرەبەگایەتی لە ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدەی حەوتەمی زایینی کە سەرجەمیان دەوڵەتانی دیموکراتی ئایینی بوون.

تایبەتمەندییەکانی سیستمی دەرەبەگایەتی 

زەوی بنەمای سەرەکی بەرهەمهێنان بووە لە کۆمەڵگای دەرەبەگایەتیدا، دەرەبەگەکان هەم خاوەنی زەوییەکە و هەم خاوەنی مسکێنەکانیش بوون، چەند جۆرێک موڵکدارییەتی زەوی لەم سیستمەدا باو بوو، ئەو پارچە زەوییە بچووکەی کە خانویەکی تێدابوو موڵکی جوتیار یان مسکێن بوو کە مافی هەبووە بەرهەمی ئەو پارچە زەوییە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی خۆی بەکاربهێنێت. خاوەندارێتی زەوییەکان بۆ دەرەبەگەکان دەگەڕایەوە کە وەرزێرەکان کاریان تێدا دەکرد دەرەبەگ خاوەنی زۆرینەی بەروبوومەکە بوو کەمێکی دەمایەوە بۆ دابینکردنی ڕۆژانەی خۆیان. زەوییە کشتوکاڵیەکانی تری وەک دارستان و لەوەڕگا و جۆرەکانی تری زەوی موڵکایەتییان بۆ دەرەبەگ دەگەڕایەوە بەڵام هەمووان دەیانتوانی بەکاریبهێنن و زیاتر بۆ مەبەستی لەوەڕاندن بەکاربراون.

دەسەڵاتەکان لە سەردەمی دەرەبەگایەتی 

پاشا

پاشا خاوەنی هەموو خاک و زەوییەکان بوو بەڵام بە تەنها نەیدەتوانی کۆنتڕۆلیان بکات بۆیە زەوییەکانی بەسەر دەرەبەگەکاندا دابەشکرد و کاریان بۆ دەکرد، لە بەرامبەردا بەڵێنی دڵسۆزییان بە پاشا دەدا و سەربازیان بۆ پاشا دابین دەکرد، کاتێک پاشا دەمرد کوڕەکەی جێگەی دەگرتەوە و فەرمانڕەوایەتی پشتاوپشت بوو. 

قەشە

قەشە سەرۆکی کڵێسای باڵا بووە لە شانشینەکەدا، ناوچەیەکی بەڕێوەدەبرد کە پێی دەوترا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی قەشە. کڵێسای کاسۆلیک دەسەڵاتێکی بەهێزی هەبووە لە زۆربەی بەشەکانی ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست ئەمەش دەسەڵاتی قەشەی بەهێز دەکرد، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو کەنیسە خاوەنی ١٠٪ـی باجی خەڵکەکە بوو ئەمەش قەشەی دەوڵەمەند دەکرد. 

خانەدانەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان

خانەدانەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان کاریان بۆ پاشا دەکرد و زەوییەکانیان بەسەر دەرەبەگەکاندا دابەشدەکرد، کاری ئەوان بەڕێوبردنی سوپا بۆ خزمەتکردنی پاشا بووە، ئەگەر خاوەنی سەرباز و سوپا نەبوونایە دەبوایە باجیان بە پاشا بدایە ئەم باجەش پێی دەوترا پارەی قەڵغان.

سوارچاکەکان و دەرەبەگەکان

دەرەبەگەکان زەوییەکانیان بەڕێودەبرد و کاریان بە مسکێنەکان دەکرد، ئەوانیش سوارچاکی پاشا بوون دەکرا لە هەر ساتێکدا بێت لە لایەن پاشاوە بۆ جەنگ بانگ بکرێن. دەرەبەگ خاوەنی هەموو شتێک بووە لەسەر زەوییەکان جوتیارەکان و بەروبومەکان و گوندەکانیش. 

وەرزێڕ یان مسکێن

زۆربەی ئەو کەسانەی لە سەدەکانی ناوڕاستدا دەژیان مسکێنەکان بوون کە ژیانێکی سەختیان هەبوو سەرەڕای تێپەڕاندنی کارەکانی خۆیان کاری بێگار و کاری زۆرەملێ و لە ڕادەبەدەریان پێدەکرا. هەندێکیان بێ بەرامبەر دەتوانرا بازرگانی خۆیان بکەن وەکو دارتاشی و نانەوا و ئاسنگەری، ئەوانی تریان زیاتر وەک کۆیلە بوون خاوەنی هیچ شتێک نەبوون و شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کاریان بۆ دەرەبەگ دەکرد و خۆراکی پێویستیان هەبوو بۆ مانەوە.

هەندێک لەو وڵاتانەی خاوەن سیستمی دەرەبەگایەتی بوون

دەرەبەگایەتی بە شێوەیەکی گشتی بە ناو گەلانی جیهاندا بڵاوبووەوە، سیستمی دەرەبەگایەتی لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامیدا سەری هەڵدا بە تایبەتی هەردوو دەوڵەتی ئومەوی و عەباسی دوو دەوڵەتی ئایینی عەرەبی دەرەبەگی بوون هەروەها لە ناوچەکانی عێراق، ئێران، میسڕ و شام سەری هەڵدا، لە ئەورووپا ئیتاڵیا بەهێزترین  وڵاتی سیستمی دەرەبەگایەتی بوو، فەڕەنسا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی، ڕووسیا، ئەرمینیا، هیندستان، پاکستان، بەنگلادیش، چین، تبت و ژاپۆن بە سیستمی دەرەبەگایەتیدا تێپەڕیون.

هەڵوەشان و نەمانی سیستمی دەرەبەگایەتی 

چەندەها هۆکار بوونە هۆی هەڵوەشان و نەمانی سیستمی دەرەبەگایەتی، سێ لە گرنگترین هۆکارەکان گۆڕانکاری سیاسیی لە ئینگلتەرا لە سەدەی ١٢ بۆ سەدەی ١٣ هۆکارێکی گرنگی هەڵوەشانی دەرەبەگایەتی بوو و بڵاوبوونەوەی پەتایەک کە کاریگەری لەسەر هەموو ئەورووپا هەبوو و چەندەها جەنگی بەردەوام یەکێک لە گرنگترین جەنگەکان جەنگی سەد ساڵەی ساڵەی نێوان ئینگلتەرا و فەڕەنسا بوو کە ١١٦ ساڵی خایاند. بە شێوەیەکی گشتی لە سەدەی ١٤ سیستمی دەرەبەگایەتی لە ئەورووپا بەرەو هەڵوەشانەوە چوو، لە سەرەتاکانی سەدەی ١٦ لە زۆربەی بەشەکانی ئەورووپا کۆتایی هات و دوای شۆڕشی سەدەی ١٨ـی فەڕەنسا لە فەڕەنساش کۆتایی بە سیستمی دەرەبەگایەتی هات، لە ڕۆژهەڵاتیش دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی تا دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم بەردەوام بوون.


سەرچاوەکان



1558 بینین