ناوهڕۆك
ناساندن
جەنگی پاکستان و هیندستان ١٩٤٧-١٩٤٨، یان جەنگی کەشمیری یەکەم (بە ئینگلیزی: Indo-Pakistani War of 1947–1948، بە عەرەبی: الحرب الباكستانية الهندية ١٩٤٧–١٩٤٨) ململانێیەکی چەکداری نێوان هیندستان و پاکستان بوو لەسەر ویلایەتی شازادەی جامو و کەشمیر لە ١٩٤٧ تا ١٩٤٨، هەروەها یەکەمین جەنگی چوارجەنگی نێوان هەردوو وڵات بوو. پاکستان دوای چەند هەفتەیەک لە سەربەخۆیی خۆی بەخێرایی کۆمەڵێک میلیشیای لە وەزیرستانەوە ڕەوانەی ناوچەکە کرد بۆ ڕێگریی لە چوونەپاڵی جامو و کەشمیر بۆ هیندستان. کۆتاییە بێ ئەنجامەکانی جەنگەکە بەردەوام کاریگەری لەسەر جیۆپۆلەتیکەکانی هەردوو وڵات هەیە.
هاری سینگ، مەهاراجەی جامو و کەشمیر، لەلایەن دانیشتوانە موسڵمانەکانییەوە لە ناوچەی پۆنچ ڕووبەڕووی ڕاپەڕینێک بوویەوە و کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژئاوای پاشایەتییەکەی لە دەست دا. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧ میلیشیای هۆزەکانی پەشتوونی پاکستان سنووری کەشمیریان بەزاند و هاتنە ناوەوە. ئەم میلیشیا خێڵەکییە ناوخۆییانە و سەربازە نافەرمییەکانی پاکستان بۆ داگیرکردنی سرینگاری پایتەخت هاتن، بەڵام لە کاتی گەیشتنیان بۆ باراموڵا تاڵانیان کرد و وێرانکارییان دروست کرد. مەهاراجا هاری سینگ داوای یارمەتی لە هیندستان کرد و یارمەتی پێشکەش کرا، بەڵام بەو مەرجەی ببێتە بەشێک لە هیندستان.
سەرەتا جەنگ لە (١٩٤٧/١٠/٢٢) لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ویلایەتی جامو و کەشمیر دەستی پێکرد. دوای ئەوەی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧ دەوڵەتەکە چووە پاڵ هیندستان، سوپای هیندی بەرەو سریناگاری پایتەختی وڵات پێشکەوت. ئەفسەرانی فەرماندەیی بەریتانیا سەرەتا چوونە ناو شەڕەوەی سوپای پاکستانیان ڕەتکردەوە. دواتر وردە وردە سنوورێک بەناوی (هێڵی کۆنتڕۆڵ) دروست بوو و لە ٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ بە فەرمی ئاگربەستی یەکجاری ڕاگەیەندرا.
پاشخان
پێش ساڵی ١٨١٥ ئەو ناوچەیەی کە ئێستا بە "جامو و کەشمیر" ناسراوە لە ٢٢ دەوڵەتی سەربەخۆی بچووکی (١٦ هیندوو و شەش موسڵمان) پێکهاتبوون کە لەو ناوچانە وەرگیرابوون لەژێر دەسەڵاتی پاشای ئەفغانستان بوون، لەگەڵ کۆمەڵێک دەسەڵاتداری ناوخۆیی بچووک. ئەمانە بە کۆمەڵ بە "ویلایەتەکانی گردی پونجاب" ناودەبران. ئەم دەوڵەتە بچووکانە کە لەلایەن پاشاکانی ڕاجپۆتەوە بەڕێوەدەبرێن، بەشێوەیەکی جیاواز سەربەخۆ بوون، کە لە سەردەمی ئیمپراتۆری ئەکبەرەوە سەر بە ئیمپراتۆریەتی موگاڵ بوون یان هەندێک جار دەوڵەتی کانگرا لە ناوچەی هیماچاڵ کۆنتڕۆڵیان دەکردن. دوای کشانەوەی مەغۆل، نائارامی کانگرا و داگیرکارییەکانی گورخاس، ویلایەتەکانی گردەکە بە شێوەی یەک لەدوای یەک کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی سیکەکان بە سەرکردایەتی ڕانجیت سینگ.
یەکەم جەنگی ئەنجلۆ-سیخ (١٨٤٥-١٨٤٦) لە نێوان ئیمپراتۆریەتی سیخ و کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵات ڕوویدا کە سەروەری بەسەر کەشمیر بەخشی. لە پەیماننامەی لاهۆری ساڵی ١٨٤٦، سیخەکان ناچار بوون ناوچەی (گۆلۆندۆر دەواب) لە نێوان ڕووباری پیس و ڕووباری سۆتلیگ ڕادەست بکەن و داوای قەرەبوویەکیان بە بڕی ١.٢ ملیۆن ڕووپیە لێ کرا. چونکە نەیانتوانی بەئاسانی ئەم بڕە پارە زۆرە کۆبکەنەوە، کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵات ڕێگەی بە پارێزگاری دۆگرا، گوڵاب سینگ دا کە کشمیر لە شانشینی سیخ وەربگرێت لە بەرامبەر پێدانی ٧٥٠ هەزار ڕوپیە بۆ کۆمپانیاکە. گۆلاب سینگ بوو بە یەکەم مەهاراجای دەوڵەتی شازادەی تازە دروستبووی جامو و کەشمیر، ئەو دەوڵەتێکی دامەزراند کە پشتاوپشت فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتەیان دەکرد، دووەم میرنشینی گەورە بوو لە ماوەی دەسەڵاتی بەریتانیادا، تاوەکوو لە ساڵی ١٩٤٧ هیندستان سەربەخۆیی بەدەست هێنا.
ساڵانی ١٩٤٦-١٩٤٧ سەرهەڵدانی کۆمەڵەی ئیسلامی هەموو هیندستان و ناسیۆنالیزمی ئیسلامی بەخۆیەوە بینی کە داوای دەوڵەتێکی جیای بۆ موسڵمانانی هیندستان دەکرد. ئەم داوایە لە ڕۆژی کار (١٦ی ئابی ١٩٤٦) شێوەیەکی توندوتیژی گرتە بەر. لە ئەنجامدا لە ٣ی حوزەیرانی ١٩٤٧دا بڕیارێک درا بۆ دابەشکردنی هیندستانی بەریتانیا بۆ دوو دەوڵەتی جیا، یەکێکیان پاکستانە کە لە ناوچە زۆرینە موسڵمانەکان پێکدێت و دۆمینیۆنی هیند کە بەشەکانی تری ناوچەکان پێکدێنێت. پارێزگاکانی پونجاب و بەنگالیش بەسەر هەردوو دەسەڵاتە نوێیەکەدا دابەش کران، لەو ماوەیەدا ١١ ملیۆن کەس لەنێوان هەردوو پارێزگا گوێزرانەوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی توندوتیژیی تائیفییەوە گیانیان لەدەستدا. جامو و کەشمیر کە لە نزیک پارێزگای پونجاب بوون، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی پونجاب هەبوو.
ڕێکەوتی دیاریکراو بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەروەری نوێ مانگی حوزەیرانی ١٩٤٨ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ترسی زیادبوونی توندوتیژی نێوان گەلە فرەئایینەکە، لۆرد ماونتباتن، جێگری پاشای بەریتانی، ڕێکەوتی ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٤٧ی کرد. ئەمە تەنها ٦ هەفتەی پێ بەخشین بۆ تەواوکردنی هەموو ڕێکخستنەکانی دابەشکردن. پلانی سەرەکی ماونتباتن ئەوەبوو تاوەکوو حوزەیرانی ١٩٤٨ وەک بڕیاردەری سەرەکی هەردوو دەوڵەت بمێنێتەوە. بەڵام بێت محەمەد عەلی جیناحی سەرکردەی پاکستان ڕازی نەبوو، هەر بۆیە ماونتباتن تەنیا وەک پارێزگاری گشتی هیندستان مایەوە، لە کاتێکدا پاکستان محەمەد عەلی جەناحی وەک بڕیاردەری گشتی خۆی هەڵبژارد. وادانرا کە تاوەکوو ١٥ـی ئابیش تەواوکردنی کاری هێزە چەکدارەکان تەواو نەبێت بۆیە دوای گواستنەوەی دەسەڵاتەکانیش هێشتا فەرماندە بەریتانییەکان مانەوە. سەرۆکەکانی خزمەتگوزاری لەلایەن حکوومەتەکانی نوێیەکانەوە دەستنیشان کران و لێیان بەرپرسیار بوون. بە گشتی کۆنتڕۆلکردنی کارگێڕی نەک کۆنترۆلی کرداری سپێردرا بە فیلد مارشاڵ کلاود ئۆشینلیک کە بە "فەرماندەی گشتی" ناودەبرا و بەرپرسیاربوو لە ئەنجوومەنی بەرگری هاوبەشی تازە پێکهێنراو لە نێوان هەردوو وڵاتدا. هیندستان جەنەراڵ ڕۆب لۆکهارتی وەک فەرماندەی سوپا دانا و پاکستانیش جەنەراڵ فرانک مێسرڤی دەستنیشان کرد.
بوونی ئەفسەرە بەریتانیەکان لە هەردوو لای شەڕ لە ماوەی جەنگەکە، شەڕی هیند و پاکستانی ساڵی ١٩٤٧ی کردە شەڕێکی سەیروسەمەرە. ئەو دوو ئەفسەرە لە پەیوەندی تەلەفۆنی ڕۆژانەدا بوون و شوێنی بەرگری هاوبەشیان وەردەگرت. وەک ئەوەی بوترێت کە: "تۆ دەتوانیت لێیان بدەیت، بەڵام زۆر بەقورسی نا، ئەگەرنا هەموو جۆرە کاردانەوەیەک ئەگەری ڕوودانی هەیە" ئەمەش بۆ پارێزگاری لە حکوومەتەکانیان. رۆی بۆچەر لە هیندستان سەرکەوتوو بوو، بەڵام گرەیسی خۆی بەدەستەوەدا و ڕێگەی دا ئەفسەرە بەریتانییەکان لە جەنگەکەدا شانبەشانی پاکستانییەکان بەکار بهێنرێن، تەنانەت فەرماندەیەکی بەریتانی لەکاتی جەنگدا کوژرا.
پەرەسەندنەکانی جامو و کەشمیر (ئاب -تشرینی یەکەمی ١٩٤٧)
بە سەربەخۆیی دەوڵەتە باڵادەستەکان، ڕۆڵی پارامۆنتەکانی بەریتانیا بەسەر دەوڵەتە شازادەکاندا کۆتایی هات. بە شازادەی ویلایەتەکان وترا بچنە پاڵ یەکێک لە دوو دەوڵەتە نوێیەکە. مەهاراجا هاری سینگ لە جامو و کەشمیر لەگەڵ سەروەزیرانی خۆی ڕام چاندرا کاک بڕیاری دا کە بەشداری لە هیچکام لە وڵاتە نوێیەکان نەکات و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت. هۆکارەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمانی دەوڵەت ئاسوودە نابن بۆ چوونە پاڵ هیندستان و کەمینەکانی هیندوو و سیکیش لە مەترسیدان ئەگەر دەوڵەت بچێتە پاڵ پاکستان.
لە ساڵی ١٩٤٧، دەوڵەتی شازادەی جامو و کەشمیر کۆمەڵەیەکی فراوانی نەتەوەیی و ئایینی لەخۆدەگرت. پارێزگای کەشمیر لە دۆڵی کەشمیر و ناوچەی موزەفەرئابادی زۆرینە موسڵمان پێک دەهات کە زیاتر لە %٩٠ـی موسوڵمان بوون. پارێزگای جامو کە لە پێنج پارێزگا پێکهاتووە، دابەشبوونێکی نزیکەی یەکسان بە هیندۆس و موسڵمانانی هەبوو، زۆرینەی سیک و هیندووەکان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات بوون (ئۆدامپور، جامو و ڕیسی) و زۆرینەی موسوڵمانان لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا (میرپور و پۆنچ) بوون. ناوچەی لاداخی شاخاوی (وەزارات) ڕێژەیەکی زۆر بووزی تێدابوو، ناوچەی بەڵتستانیش ڕێژەیەک زۆر موسوڵمانی لەخۆی دەگرت. ناوچەی گیلگەیت لە باکوور زۆرینە موسڵمان بوو و ڕاستەوخۆ لەلایەن بەریتانیەکانەوە بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ مەهاراجە بەڕێوەدەچوو. ماوەیەک پێش گواستنەوەی دەسەڵات، بەریتانییەکان ناوچەی گیلگەیتیان گەڕاندەوە بۆ مەهاراجا، کە پارێزگاری دوگرای بۆ ناوچەکە و وەک فەرماندەی هێزە ناوخۆییەکانی بەریتانیا دەستنیشان کرد.
بزووتنەوەی سیاسی زاڵ لە دۆڵی کەشمیر، (کۆنگرەی نەتەوەیی) بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدوڵڵا باوەڕی بە سیاسەتی عیلمانی هەبوو. ئەو حیزبە لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی هیند هاوپەیمان بوو و پێی وابوو بەشداری لەگەڵ هیندستان بکات. هاوکات موسڵمانانی جامو پشتیوانییان لە کۆمەڵەی موسڵمانانی هەموو هیندستان کرد و پێیان باشبوو بچنە پاڵ پاکستان. هیندووەکانیش لە پارێزگای جامو بە تەواوی پێیان باشبوو بچنە پاڵ هیندستان. لەگەڵ ئەم هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەدا، بڕیارەکەی مەهاراجا بۆ بە سەربەخۆیی مانەوە بە ئاشکرا زۆر وردبین بوو.
پلانی ئۆپەراسیۆنی گۆلمارگ
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی هیندستان، سوپای پاکستان پلانێکی لە سەرەتای ٢٠ی ئابەوە ئامادەکردووە بەناوی ئۆپەراسیۆنی گۆلمارگ، ئەمەش بە چەند ڕۆژێک دوای سەربەخۆیی پاکستان. پلانەکە بە ڕێکەوت بۆ ئەفسەرێکی هیندی بەناوی پێشڕەو (ئۆ ئێس کالکات) لە هەفتەی یەکەمی ئەیلوولدا ئاشکرا کرا.
پێشبینی دەکرا لە ١٨ی تشرینی یەکەمدا بگەنە خاڵی سەرەتای ئەبۆت ئاباد و لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا بپەڕنەوە بۆ جامو و کشمیر. چاوەڕوان دەکرا ١٠ لەشکر لەڕێگەی موزەفەڕ ئابادەوە هێرش بکەنە سەر دۆڵی کەشمیر. لەگەڵیشیاندا ١٠ لەشکری تر لە هێرشبەرانی پاکستان بڕۆنە جامو. سەرهەنگ شێرخان، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، لەگەڵ سەرهەنگ ئەکبەرخان و خانزادە، بەرپرسی ئەو هێرشە بوون. فەوجی کاڤالری ئەرکی کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ "شەڕڤانانی ئازادی" گرتە ئەستۆ و هێزەکان کران بە سێ باڵ:
باڵی باشوور لەلایەن جەنەراڵ کیانی، باڵی ناوەندی کە لە راولپیندی جێگیرە و باڵی باکوور لە ئەبۆتئاباد. تا ١ی تشرینی یەکەم، فەوجی کاڤالری ئەرکی پڕچەککردنی هێزە یاخیبووەکانی تەواو کرد، بەجۆرێک کە تاوەکوو تەواوبوونی جەنگ هیچ کەموکوڕییەک لە بوونی چەکدا نەبوو.
تاوەکوو ١٣ـی ئەیلوول پەشتوونە چەکدارەکان گوێزرانەوە بەرەو لاهوور و روالپیندی، بە چەندین گوێزەرەوەی دابینکراو لەلایەن حکوومەتەوە چەندین چەکدار گوێزرانەوە بەرەو ناوچە دیاریکراوەکان.
سەرچاوە پاکستانییەکان هەر پلانێکیان بە ناوی ئۆپراسیۆنی گوڵمرگ یان گوڵمارگ ڕەتکردۆتەوە. بەڵا شوجاع نەوازی نووسەر ئاماژە بە لیستی ٢٢ هۆزی پەشتوون دەکات کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا لە داگیرکردنی کەشمیر تێوەگلاون.
جەنگ
ڕاپەڕینی پۆنچ (حوزەیرانی ١٩٤٧ - تشرینی یەکەمی ١٩٤٧)
لە ناوچەی پۆنچ ژمارەیەکی زۆر سەربازی پێشوو هەبوون کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لە سوپای هیندستانی-بەریتانیا خزمەتیان کردبوو. زۆربەی ئەو سەربازانە بە ڕەچەڵەک سودهانی بوون کە لەمێژبوو پەیوەندییەکی خراپیان لەگەڵ سیستەمی بنەماڵەی دۆگرا هەبوو. لە ٢١ی نیسانی ١٩٤٧، ماهاراجا هاری سینگ سەردانی ڕاکوکۆتی کرد و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی پێشوو لە کاروانێکدا بە چەکەکانیانەوە دەرکەوتن. ئەمە زنجیرەیەک هێرشی بەرگریکاری لەلایەن هاری سینگەوە دروست کرد بۆ چەککردنی دانیشتوانی ناوچەکە و سەپاندنی کۆنتڕۆڵی سەربازی توندتر. لەکاتی سەردانەکەی مەهاراجەدا ٦٠ هەزار سەربازی پێشووی پاسەوانی نیشتمانی لە ناوچەی پۆنچ هەبوون کە بڕیاربوو هێرش بکەنە سەر سوپای دۆگرا لەکاتی پێویست. لە کاتی جەنگدا ئەم گروپە لە مۆری ئەنجوومەنێکی جەنگیان پێکهێنا و زۆرترین تەقەمەنیش لەلایەن ئەوانەوە لە دارا ئادەم خیلەوە بە قاچاخ دەبردرا. ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی وەزیرستانی سەر بە ناوچە خێڵەکییە فیدڕاڵییەکان، لە ڕێگەی پەیوەندیە ناوخۆییەکان و سوپای پاکستانەوە نێردرانە ناوچەکە.
شەڕی یەکەم
ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم هێرشێکی دیکە لە کەرتی موزەفەڕ ئاباد دەستی پێکرد. هێزەکانی حکوومەت لە ناوچە سنوورییەکانی سەرانسەری موزەفەڕ ئاباد و دومیل جێگیر بوون بەڵام بە خێرایی لەلایەن هێزە خێڵەکیەکانەوە تێکشکێندران، کە زۆرینەی لە هێزە ئیسلامییە یاخیبووەکان بوون. بەمەش ڕێگا بەرەو پایتەخت کراوەبوو. لەنێو هێرشبەراندا چەندین سەربازی چالاک لە سوپای پاکستان لەژێر فەرمانی هۆزەکاندا هەبوون و لەلایەن سوپای پاکستانەوە یارمەتی دەدران. لە بری ئەوەی بەرەو سرینگار پێشڕەوی بکەن پێش ئەوەی هێزەکانی میرنشینەکە کۆببنەوە یان بەهێز بکرێن، هێزە داگیرکەرەکان بەردەوام بوون لە داگیرکردنی شارەکان لە ناوچە سنوورییەکان و چەندین کاری تاڵانکردن و تاوانیان دژی دانیشتوانی ناوچەکان ئەنجام دا.
ئۆپەراسیۆنی هیندی لە دۆڵی کەشمیر
دوای چوونە ناوەوە، هیندستان بە کەلوپەلەوە سەربازەکانی بۆ سریناگار بە فەرماندەیی سەرهەنگ دیوان ڕەنجیت ڕای نارد. بەوەش هێزەکانی دەوڵەتی میری کە لە دەوروبەری شارەکە بەرگرییان دامەزراندبوو و لە دەوروبەری شارەکە هێزە یاخیبووەکانیان تێکشکاند بەهێز کران. هەڵمەتەکانی بەرگری یەکەم بریتی بوو لە بەرگریکردنێکی بەرچاو لە بادغەم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو پایتەخت و فڕۆکەخانە لە شەودا. هێزە خێڵەکیە تێکشکێندراوەکان هەوڵیان دا لانیکەم بچنە ناو باراموڵا و ئۆری و ئەو شارانەوە، بەڵام ئەوانیش داگیرکران. لە دۆڵی پۆنچ هێزەکانی هۆزەکان بەردەوام بوون لە گەمارۆدانی هێزەکانی میرنشینەکە. لە گلگیت، هێزە سەربازیەکانی میرنشینەکە، کە بە ئاشکراکەرانی گلگیت ناسرابوون چوونە پاڵ هێزە هۆزە داگیرکەرەکان، کە کۆنترۆڵی ناوچەی باکووری میرنشینەکەیان گرتە دەست. هەروەها هێزەکانی چیترالیش لەژێر دەسەڵاتی موزەفەر مەلیک مەهتار چیترال چوونە پاڵ پاکستانەوە و بەشدارییان کرد.
هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەمارۆی پۆنچ
دوای داگیرکردنی ئوری و پارامۆلا هێزەکانی هیندستان پێشڕەوییان بەرەو هێزی هۆزەکان وەستاند و داوایەکی هاوکارییان بەرەو باشوور ڕەوانە کرد بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر پۆنچ دوای گەمارۆدانی. هەرچەندە لە کۆتاییدا لەگەڵ گەیشتنی ئاگادارییەکانیش، بەڵام گەمارۆکە هەڵنەگیرا. ئاگادارییەکانی دووەم بۆ شاری کوتلی هات بەڵام بەهۆی نەبوونی بەرگرییەوە چۆڵ کرا. هاوکات میرپور لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٤٧ کەوتە دەست هێزە یاخیبووەکان. ژنانی هیندوو لەلایەن هێزە خێڵەکییەکانەوە ڕفێندران و بردران بۆ پاکستان و لە یانە لەشفرۆشییەکانی ڕاوالپیندی فرۆشران. نزیکەی ٤٠٠ ژن لە میرپور خۆیان کردە ناو بیرەکانەوە بۆ خۆکوشتن بۆ ڕێگری لەوەی نەفڕێندرێن.
کەوتنی جەهانگیر و هێرشەکانی ناوشیرا و ئۆری
هۆزەکان هێرشیان کردە سەر جەهانگیر و داگیریان کرد پاشان بەبێ ڕووبەڕووبونەوە هێرشی کردە سەر نوشیرا و دواتر زنجیرەیەک هێرشی سەرنەکەوتووی کردە سەر ئۆری. لە باشوور، هێرشێکی ناجدی هیندی هەبوو بۆ پاراستنی چامپ. لەم قۆناغەی جەنگدا هێڵی پێشەوە دەستی بە جێگیربوون کرد و هێزی زیاتری هیندی بۆ خزمەتکردن بەردەست خرا.
ئۆپەراسیۆنی ڤیجای: دژەهێرش بۆ سەر جەهانگیر
هێزەکانی هیندستان بۆ داگیرکردنی جەهانگیر و ڕاجۆوری لە باشوور هێرشێکیان دەستپێکرد. لە دۆڵی کەشمیر هێزەکانی هۆزەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر سەربازگەی ئۆری و باکووری سکاردۆ لەلایەن هێزەکانی گلگەیتەوە گەمارۆ درا.
هێرشی هیندی لە بەهاردا
بەهۆی ئەوەی هێزە خێڵەکییەکان بەردەوام بە یارمەتی پاکستان هێرشیان دەکردە سەر هێزە هیندییەکان، هیندییەکان هێرشیان کردە سەر جەهانگیر. هیندییەکان هێرشیان کردە سەر دۆڵی کەشمیر و تیسوێڵیان داگیرکرد. هێزەکانی گلگەیتیش لە کارگیل ئەو سەربازانەی کە ئاگادارکردنەوەیان بە سکاردۆ دەگەیاند دەستگیر کرد.
ئۆپراسیۆنەکانی گوڵاب و ئیرازی
هیندییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردن لە کەرتی دۆڵی کەشمیر لە باکوور و کیران و گۆریسیان داگیرکرد. هەروەها هێرشێکی پێچەوانەیان لەسەر تیثوال شکاند. هەروەها هێزە گەمارۆدراوەکانی پۆنچ بە شێوەیەکی کاتی دەستیان کردەوە بە پەیوەندی کردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە. هێزەکانی جامو و کەشمیریش توانییان هێرشی هێزەکانی گلگەیت لەسەر سکاردۆ بشکێنن.
ئۆپەراسیۆنی بایسۆن
لە ئابی ١٩٤٨، هێڵەکانی پێشەوە وردەوردە جێگیر دەبوون، بەڵام گەمارۆی پۆنچ بەردەوام بوو. ئۆپەراسیۆنی بایسۆن کە پێشتر پێی دەوترا "ئۆپەراسیۆنی مراوی" لە ئابی ١٩٤٨ دەستی پێکرد. چەندین تانک لە سەر پردەکان گواسترانەوە بۆ سریناگار و ئامادەکاری کرا بۆ هێرش. لە ١ـی تشرینی دووەم تیپی زرێپۆش بە هاوکاری دوو فەوجی ڕێژنگ هێرشیان دەست پێکرد و هێزە پاکستانییەکانیان ناچار کرد بەرەو ماتایان و دراس بکشێنەوە. تیپەکە تا ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم لە کارگیل مایەوە لەگەڵ سوپای هیندی، لە کۆتاییدا ڕکابەرەکانیان ڕوو لە باکوور بەرەو سکاردۆ کشانەوە. هێزەکانی پاکستان لە ١٠ی شوباتی ١٩٤٨ هێرشیان کردبوویە سەر سکاردۆ، بەڵام هێرشەکانیان لەلایەن سەربازانی هیندیەوە شکێنرا، ئەم هێرشانەش بۆ چەندین مانگ بەردەوام بوو. لە ١٤ی ئابدا، جەنەڕاڵی هیندی (شێر یۆنگ تاپا) ناچاربوو خۆی بەدەستەوە بدات و سکاردۆ ڕادەستی سوپای پاکستان بکات و بەوەش ساڵێک گەمارۆی درێژ کۆتایی هات.
ئۆپەراسیۆنی دەشت؛ کۆتاییی گەمارۆی پۆنچ
هیندییەکان لە هەموو ناوچەکان دەستیان کرایەوە و پێشکەوتن، لە کۆتاییدا پۆنچ لە گەمارۆیەک کە زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو ڕزگاری بوو. هێزەکانی گلگەیتیش لە بەرزاییەکانی هیمالایە شکێنران کە چەندین ماوەبوو بەرەوپێشچوونی باشیان تۆمار دەکرد. هیندییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٤٨ بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای زۆرترین هۆکار و شێواز بۆ گەیشتن بە کارگیل پێش ئەوەی ناچاربن بوەستن بەهۆی کێشەی خزمەتگوزاری و پێداویستییەوە، لەو ماوەیەشدا لە زۆجیلا پەڕینەوە و توانییان دراس داگیر بکەن.
وەستانی شەڕ
دوای دانوستانە درێژەکان لەسەر ئاگربەست، هەردوو وڵاتەکە ڕێککەوتن. مەرجەکانی ئاگربەست بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٣ی ئابی ١٩٤٨ بوو و لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٩دا جێبەجێ کرا. بڕیارەکە پاکستانی ناچارکرد هێزەکانی بکشێنێتەوە (فەرمی و نافەرمی و خێڵەکییەکان)، هاوکات ڕێگەی بە هیندستان دا بۆ هێشتنەوەی کەمترین هێزەکانی لە میرنشینەکە بۆ هێشتنەوەی یاسا و ئاسایش. دوای ئەمانەش بەپێی بڕیارەکە دەبێت ڕیفراندۆمێک ئەنجام بدرێت تاوەکوو چارەنووسی ناوچەکە دیاری بکات.
کۆتایی
بەپێی ئامارەکان هیندستان براوەی جەنگی یەک ساڵەی دۆڵی کەشمیر بوو و توانی سێ بەشی ناوچەکە داگیر بکات. ژمارەی کوژراوانی هیندستان لە جەنگەکە ١,١٠٤ بۆ ١,٥٠٠ کەس و ٣,١٥٤ بریندار بوو، لەکاتێکدا پاکستان ١,٥٠٠ بۆ ٦,٠٠٠ کەسی لەدەستدا و ١٤,٠٠٠ برینداری هەبوو.