ناوهڕۆك
سەرەتا
قەڕنابیت (بە عەرەبی: قرنبیط، بە ئینگلیزی: Cauliflower) لە پۆلێنی ڕووەکە ڕەقەکانە، لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەچێنرێت و بەربڵاوە، شێوەی هاوشێوەی گوڵێکی گەورەیە و چەند پەپکە گوڵێکی سپی پێوەیە، بە بڕی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە و لە دەوری گوڵەکان گەڵای گەورەی شێوە بازنەیی ڕەنگ سەوز هەیە، لە کەشێکی سارد دەڕوێت و بە دیاریکراوی لە پلەی 16ـی سیلیزیدا، پێویستە خاکەکەی تەڕ و شێدار بێ و ڕێژەی نایترۆجینی بەرز بێت. بەپێی توێژینەوە زانستییەکان قەرنابیت بەراورد بە ڕووەکەکانی تر ڕێژەی فسفۆر تێیدا بەرزە، هەروەها ڕووەکێکی دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسان و پێکهاتەی کبریتی.
بە کاڵی و بە کوڵاوی و بە برژاوی دەخورێت، لە دروستکردنی چەند خۆراکێک پێکهاتەی سەرەکەییە نموونەی ترشیات و خواردنە شۆرکراوەکان و زەڵاتە و شۆربا.
قەرنابیت و بڕۆکلی لە هەمان پۆلێنی خۆراکین، بەڵام لە ڕەنگ و تام و پێکهاتەی خۆراکی جیاوازن.
سوودە تەندروستییەکانی قەرنابیت
- ئاسانکردنی کاری هەرس: قەرنابیت بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ و ئاو لە پێکهاتەکەیدا هەیە، ئەم دوو پێکهاتەیە یارمەتی ئاسانکردنی هەرس دەدەن و تەندورستی کۆئەندامی هەرس دەپارێزن.
هەروەها یارمەتی گەشەکردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵە دەدات، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەوکردنی ڕیخۆڵەکان. - دژی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکانە: بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە دژەئۆکسانەکان لە قەرنابیتدا، یارمەتی پاراستنی خانەکان لەش دەدەن و ماددە ئۆکاسنە زیانبەخشەکانی خانەکان کەم دەکەنەوە.
لە چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەرکەوتووە کە قەرنابیت دژەئۆکسانی جۆری Indole-3-carbinol تێدایە کە لە هەریەک لە بڕۆکلی و کەلەرم بوونی هەیە و ڕێگری لە دروستبوونی چەند جۆرێکی شێرپەنجەی لەش دەدات نموونەی، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی پەنکریاس. - بەهێزکردنی یادەوەری: بەهۆی بوونی ماددەی "کۆلین" لە قەرنابیتدا یارمەتی بەهێزکردنی ژیری و یادەوەری دەدات و کوالێتی خەو باشتر دەکات، هەروەها بەهۆی پێکهاتە خۆراکییەکانیەوە یارمەتی زیاتر گەشەکردنی خانەکانی مێشک دەدات و ڕێگری لەبیرچوونەوە دەکات.
- بەهێزکردنی ئێسک: بەهۆی بوونی ڤیتامین کەی لە قەرنابیتدا، ئێسک لە کێشەکانی وەکوو ئێسکەنەرمە و شکاوی دەپارێزێت.
- ڕێکخستنی سوڕی خوێن: بەهۆی پێکهاتەی ڕیشاڵەوە، قەرنابیت یارمەتی ڕێکخستنی سوڕی خوێنی لەش دەدات و یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کێشەکانی ئەو بوارە نموونەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ.
- ڕێکخستنی ڕێژەی ئەنسۆلین: پێکهاتە خۆراکییەکانی قەرنابیت یارمەتیدەرن لە ڕێکخستنی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە لەشدا.
- یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات: بەهۆی بوونی ماددەی ڕیشاڵ و کەمی کالۆری قەرنابیت هەستی تێری دەبەخشێت، بۆیە لە زۆرێک لە ڕیجیم و سیستمە خۆراکییە تەندروستییەکاندا قەرنابیت پێکهاتەیەکی سەرەکییە و پەسەندە.
پێکهاتەی خۆراکی قەرنابیت
بڕی هەر 100 گرامێک لە قەرنابیتی کاڵ ئەم پێکهاتە خۆراکییانە لەخۆدەکرێت:
ئاو | 92.07 گرام |
وزە | 29 کالۆری |
پرۆتین | 1.16 گرام |
چەوری | 0 گرام |
کاربۆهیدرات | 4.65 گرام |
ڕیشاڵ | 1.2 گرام |
شەکر | 2.33 گرام |
ڤیتامین C | 24.4 ملیگرام |
ڤیتامین K | 16.6 ملیگرام |
فۆلک ئەسید | 61 مایکرۆگرام |
فسفۆر | 47 ملیگرام |
پۆتاسیۆم | 320 ملیگرام |
مەگنسیۆم | 16 ملیگرام |
کالسیۆم | 24 ملیگرام |
کاریگەری لاوەکی و زیانەکانی قەرنابیت
سەرباری سوودە تەندروستییەکانی قەرنابیت، بەهۆی بوونی ڕیشاڵ تێیدا زیادەرۆیی کردن لە خواردنی کاریگەری لاوەکی هەیە و بۆ چەند کەسێک زیانی هەیە، گرنگترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی بریتیین لە:
ـ دروستبوونی هەستیاری
ـ بۆ ئەوانەی کێشەیان لە ڕیخۆڵە و قۆڵۆن هەیە ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنی بکەن زیانی بۆیان هەیە
ـ ئەگەر بە سوورکراوەیی زیادەڕۆیی لە خواردنی بکرێت زیان بە گەدە دەگەیەنێت و کرداری هەرس قورس دەکات و سوودە تەندروستییەکانی کەم دەبێتەوە
ـ لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا قەرنابیت دەبێتە هۆی بەکڵۆبوونی خوێنی لەش