ناوهڕۆك
ناساندن
مامۆستا هاوڕێ محەمەد ناسراو بە مامۆستا هاوڕێ قیامەت (بە ئینگلیزی: Hawre muhammad) مامۆستا و بانگخواز و ووتاربێژی ناوداری کوردستان، لەدایکبووی ساڵی 1969ـی شاری سلێمانییە و قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە سلێمانی تەواو کردووە، قۆناغی زانکۆی لە زانکۆی سەڵاحەدینی شاری هەولێر تەواو کردووە، پیشەی مامۆستایی و ووتاربێژی لە زۆر شوێن کردووە، وەکوو مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان وانەی وتووەتەوە.
زۆرێک لە کتێبە ئایینییەکانی خوێندووەتەوە نموونەی کتێبەکانی "ئیمامی غەزالی" کە هەر لە تەمەنی لاوییەوە ئاشنای ئەم کتێبانە بووە.
ژیانی تایبەتی
مامۆستا هاوڕێ خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و لە ئێستادا دانیشتووی شاری هەولێرە، هەروەها مامۆستا هیچ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارناهێنێت و هیچ پەیجێکی تایبەت بە خۆی نییە.
هۆکاری نازناوی هاوڕێ قیامەت چییە؟
هەر لە سەرەتای ئەزموونی وتاردانی لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، مامۆستا هاوڕێ گرنگییەکی زۆری بە باس و بابەتەکانی ڕۆژی دوایی و قیامەت داوە، بە تایبەتی بابەتەکانی مردن و ژیانی ناو گۆڕ، وردەکارییەکانی ڕۆژی دوایی، پرسی دۆزەخ و بەهەشت، لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی نیشانە و بەڵگەکانی ڕۆژی دوایی، بۆیە هەر لە سەرەتای ناوداربوون و بڵاوکردنەوەی وتارەکانی نازناوی "هاوڕێ قیامەت"ـی لەلایەن گوێگرانێوە پێبەخشراوە، هاوکات مامۆستا بە پشتبەستن بە دەقی قورئانی پیرۆز و فەرموودە قودسییەکانی خودا و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ، لەگەڵ کتێبە گرنگەکانی ئەو بوارە و وتەی هاوەڵاندا باسەکانی ڕوون دەکاتەوە و ڕاڤە و شیکارییان بۆ دەکات، شێوازی وتاردان و وانە وتنەوەی کاریگەر و سادەیە و وتارەکانی هەموو کەسێک بە ئاسانی لێی تێدەگات، بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە وانە و وتارەکانی بڵاودەکاتەوە و کەسێکی باوەڕپێهێنەرە، لە وتارەکانیدا بوێرە و گوتەکانی بە بەڵگەی دروست پشتڕاست دەکاتەوە، هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە گوێگرەکانی مامۆستان، بە تایبەتی چینی گەنجانن.
بەرهەمەکانی
بەرهەمی تۆمارکراوی وانە و ووتاروتنەوی ئایینی زۆر و هەمەجۆرن، هەروەها خاوەن دوو کتێبە کە بریتیین لە:
ـ کتێبی نیشانەکانی ڕۆژی دوایی و ڕووداوەکانی پێش هاتنی: شەش جار ئەم کتێبەی مامۆستا لە چاپدراوەتەوە
ـ کتێبی زنجیرەی فەرموودە قوودسییەکان: ئەم کتێبە کۆکراوەی دووهەزار فەرموودە و فەرماییشتی خودای گەورەیە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەی بۆ کردوون.