ناوهڕۆك
ناساندن
تیتانیۆم (بە ئینگلیزی: Titanium) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە Ti و گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە 22. لە سروشتدا بەشێوەی توخمی سەربەخۆ بوونی نییە و زیاتر لەشێوەی ئۆکسیدەکەیدا بوونی هەیە، ئەم ئۆکسیدە کارلێکی کەمکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کانزای گۆڕاوی تیتانیۆم، کە کانزایەکی بریقەداری ڕەنگ زیوییە، چڕی نزمە و بەهێزە، توانای بەرگەگرتنی ژەنگی هەیە لە ئاوی دەریا و گیراوەی ئاوی و کلۆریندا.
مێژوو
تیتانیۆم لە ساڵی 1791 زایینی لەلایەن پیاوی ئایینی و زەویناسی تازەکار (ویلیام گریگۆر) لە بەریتانیا تێبینی کرا، گریگۆر توانی تێبینی بوونی توخمێکی نوێ لە خاوی ئیلمینایت (خاوێکی ڕەشی قورسە کە لە ئۆکسیدی ئاسن و ئۆکسیدی تیتانیۆم پێکهاتووە) بکات، هۆکاری ئەم تێبینی کردنەی ئەوەبوو کە کاتێک لمی ڕەشی دۆزییەوە و تێبینی کرد کە ئەم لمە بەهۆی هێزی موگناتیسییەوە کێش دەکرێت، پاشان دەستی کرد بە شیکردنەوەی لمەکە، توانی ئەوە بدۆزێتەوە کە ئەم لمە لە دوو جۆری جیاوازی ئۆکسید پێکهاتووە کە بریتی بوون لە: ئۆکسیدی ئاسن (کێشکردنی لمەکە بۆ موگناتیس بەهۆی ئەم ئۆکسیدەوە بوو) و ئۆکسیدێکی تری سپی کانزایی کە نەیتوانی پێناسەی بکات، لە ئەنجامدا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەم ئۆکسیدە پێناسە نەکراوە هیچ یەکێک لە ئەو کانزایانەی تێدا نییە کە پێشتر دۆزراونەتەوە، پاشان گریگۆر دۆزینەوەکەی لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاوکردەوە.
لە هەمان کاتدا، فڕانز جۆزێف هەمان ماددەی بەرهەمهێنا، بەڵام نەیتوانی پێناسەی بکات.
ئۆکسیدەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ساڵی 1795 لەلایەن کیمیاگەری ئەڵمانی (مارتن هێنریچ کلاپرۆت) دۆزرایەوە، کلاپرۆت بۆی دەرکەوت کە ئەم ئۆکسیدە توخمێکی نوێی تێدایە و ناوی نا (تیتانس). دوای ئەوەی کە زانی پێشتر گریگۆر ئەم ئۆکسیدەی دۆزیوەتەوە، نموونەیەکی لە خاوەکە هێنا و بۆی دەرکەوت کە تیتانیۆمی تێدایە.
کانزای تیتانیۆمی خاوێن بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1910 لەلایەن (ماتیو ئەی هەنتەر) ئامادەکرا، بە گەرمکردنی چوارە کلۆریدی تیتانیۆم (TiCl4) لەگەڵ سۆدیۆم لە پلەی گەرمی 700–800 پلەی سیلیزیدا لەژێر پەستانێکی زۆردا کە ناسراوە لە پڕۆسەی هەنتەر.
تایبەتمەندی
خشتەی خولی
گەردیلە ژمارە | 22 |
کۆمەڵە (خشتەی خولی) | کۆمەڵەی 4 |
خول (خشتەی خولی) | خولی 4 |
خشتۆک | d-block |
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی | [Ar] 3d2 4s2 |
فیزیایی
دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) | ڕەق |
پلەی توانەوە | 1668 پلەی سیلیزی |
پلەی کوڵان | 3287 پلەی سیلیزی |
چڕی | 4.506 g/cm3 |
وەک کانزایەک، تیتانیۆم بە بەرزی ڕێژەی بەهێزی بۆ کێشەکەی ناسراوە، کانزایەکی بەهێزە کە چڕیی کەمە و کەمێک کشۆکە. پلەی توانەوە بەرزەکەی (1668 پلەی سیلیزی) وای لێکردووە کە وەک کانزایەکی نەتواوە سوودی لێ وەربگیرێت، بە بەراورد بە کانزاکانی تر توانای گەیاندنی کارەبا و گەرمی کەمە و کێشکردنی موگناتیسی لاوازە. کاتێک تیتانیۆم سارد دەکرێتەوە بۆ پلەی گەرمی خوار 0.49 پلەی کڵڤن، توانای گەیاندنی کارەبای بە تەواوەتی زیاد دەکات و دەبێت بە یەکجارگەیەنەر (بە ئینگلیزی: Superconductive).
کیمیایی
هەروەک ئەلەمنیۆم و مەگنیسیۆم ڕووکاری تیتانیۆم و داڕشتەکانی بەخێرای و لەدوای بەرکەوتنی هەوا چینێکی تەنکی نادیار دروست دەکەن بۆ پاراستنی کانزاکە لە ئۆکسان و ژەنگکردن. کاتێک بۆ یەکەمجار ئەم چینە پارێزەرە دروست دەبێت ئەستوورییەکەی تەنها ١-٢ نانۆمەترە و بە هێواشی بەردەوامە لە گەشەکردن (1 نانۆمەتر= 109 مەتر) ، تاکوو لەماوەی چوار ساڵدا دەگاتە ٢٥ نانۆمەتر، ئەم چینە بەرگریی تەواو دەدات بۆ تیتانیۆم لە دژی ژەنگکردن. تیتانیۆم دەتوانێت بەرگەی ترشەکانی وەک ترشی گۆگردیک و هایدرۆکلۆریکی ڕوون و گیراوەی کلۆرین و زۆربەی ترشە ئەندامییەکانی تر بگرێت، بەڵام ئەگەر ئەم ترشانە بە خەستی بەر تیتانیۆم بکەون، لە ئەنجامدا تیتانیۆم ژەنگ دەکات. تیتانیۆم لە ڕووی جووڵەی گەرمییەوە کانزایەکی زۆر چالاکە و لە بەرگەهەوای ئاسایی و پلەی گەرمی کەمتر لە پلەی توانەوەکەیدا گڕ دەگرێت.
تیتانیۆم لە پلەی گەرمی ١٢٠٠ پلەی سیلیزیدا و لە هەوادا هەروەها لە پلەی گەرمی ٦١٠ پلەی سیلیزی و لە ئۆکسجینی خاوێندا کارلێک لەگەڵ ئۆکسجیندا دەکات، لە ئەنجامدا ئۆکسیدی تیتانیۆم دروست دەبێت.
تیتانیۆم یەکێکە لە ئەو توخمە کەمانەی کە لە گازی نایترۆجینی خاوێندا دەسووتێن، لە پلەی گەرمی ٨٠٠ پلەی سیلیزیدا کارلێک دەکات بۆ دروستکردنی نیتریدی تیتانیۆم.
بوونی لە سروشتدا
تیتانیۆم نۆیەمین بەردەستترین توخمە لە توێکڵی زەویدا، هەرواها حەوتەمین بەردەستترین کانزایە. تیتانیۆم لەشێوەی ئۆکسید لە زۆربەی ئەو تاوێرە ئاگرین و نیشتووانەی کە لە زیندەوەران و تەنە سروشتییەکانی ئاوەوە دروست بوون بوونی هەیە. لە کۆی 801 جۆری تاوێری ئاگرین کە لەلایەن زەویناسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە شی کراونەتەو، 784 تاوێر تیتانیۆمیان تێدابووە.
فەرمانی لە ڕووەکدا
میکانیزمێکی نەناسراو لە ڕووەکەکاندا دەکرێت تیتانیۆم بەکاربهێنێت بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی کاربۆهیدرات و گەشەکردن. ئەمەش دەکرێت هۆکاری بوونی تیتانیۆم بە ڕێژەی ١ بەش لە ملیۆن (ppm) ڕوون بکاتەوە.
بەکارهێنان
پیشەسازی بۆشایی ئاسمان
بەهۆی پلەی گەرمی داڕشتەی تیتانیۆم و بەرگری دژی ژەنگکردن، ئەم کانزایە لە دروستکردنی بەشەکانی فڕۆکەدا بەکاردێت. فڕۆکەی سەربازی لۆکهید ئێس ئاڕ-71 بلاکبێرد (بە ئینگلیزی: Lockheed SR-71 Blackbird) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1964 بەشێوەیەکی سەرەکی لە تیتانیۆم دروستکراوە، هەروەها بەهۆی تایبەتمەندی خێرایی و توانای دیزایینەکەی، خواستێکی زۆر لەسەربوو. لەسەردەمی پێشکەوتوودا کارگەکانی دروستکردنی فڕۆکە بەردەوامن لە بەکارهێنانی تیتانیۆم لە ئامێرە هەواییەکاندا بە مەبەستی زیادکردنی بەهێزی و کەمکردنەوەی کێش.
کەلوپەلی دەریاوانی
تیتانیۆم ئاستێکی بەرزی بەرگریکردنی دژی ژەنگکردن بە ئاوی دەریا هەیە، کە ئەمەش وای لێکردووە گونجاو بێت بۆ دروستکردنی پەروانە و ڕاگرەکەی و چەندین بەشی تری کەشتی کە بەرکەوتنی لەگەڵ ئاوی دەریادا هەیە.
وەرزش
ڕێژە بەرزەکەی هێز-بۆ-کێشی تیتانیۆم هۆکارە بۆ ئەوەی کە لە پیشەسازی وەرزشدا مەودایەک لە بەکارهێنانی هەبێت. ئەم ماددەیە لە کەلوپەلی وەرزشی وەک ڕاکێتی تێنس و لێدەردەسکی بەیسبۆڵ و داری یاری گۆڵف و چوارچێوەی پاسکیل و چەندین کەرەستەی تری وەرزیشدا بەکاردێت.
پیشەسازی پزیشکی
بەهۆی سستی و ناژەهرییەوە تیتانیۆم لە مەودایەکی فراوان لە بەکارهێنانی لە پیشەسازی پزیشکیدا هەیە، وەک: نەشتەرکاری چاندن و چاندنی ددان و کەلوپەلی نەشتەرکاری.
تەکنیکی گەرمی
تیتانیۆمی بە تۆزکراو (پاودەر) دەتوانێت پریشکێکی ڕووناکی سپی دەربکات، لەبەر ئەم هۆیەش لە یاری ئاگریندا بەکاردێت.
ڕەنگ
دووانە ئۆکسیدی تیتانیۆم توانای سپیکردنەوەی هەیە، لە دروستکردنی بۆیە و پلاستیک و هەویری دداندا بەکاردێت.
خشڵ
زیندەگونجاوی و بەرزی ڕێژەی بەهێزی-بۆ-کێش و بەرگریکردن دژی ژەنگی تیتانیۆم، هۆکارن بۆ بەکارهێنانی تیتانیۆم لە پیشەسازی خشڵدا و دروستکردنی زنجیری ملوانکە و ئەڵقە و بازن.