ناوهڕۆك
سەرەتا
گوڵەبەیبوون (بە ئینگلیزی: Daisy flower) جۆرە گوڵێکی وردە کە ڕەنگی سپی و زەردە، ناوەڕاستەکەی وەک خۆرێکی زەردە و پەڕە ناسکەکانی دەوروبەری سپیین. گوڵەبەیبوون یەکێکە لە گوڵە ناسراوە زۆر باوەکان و بۆ زۆر مەبەست بەکاردێت. جگە لە جوانییە سروشتییەکەی و بۆنە تایبەتەکەی لە چەند بواری دروستکردنی دەرمان و جوانکاری پێست و قژیشدا بەکاردەهێنرێت، خانمان دەتوانن بە بەکارهێنانی گوڵەبەیبوون ڕەنگی قژیان بگۆڕن.
ڕێگاکانی بەکارهێنان
بەکارهێنانی گوڵەبەیبوون بۆ ڕەنگکردنی قژ ڕێگایەکی سروشتییە، بەهۆی بوونی پێکهاتەی فلاڤۆنۆیدەکان (flavonoids) تێیدا دەتوانێت بە هێواشی قژ کاڵ بکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە قژ بگەیەنێت.
سەرەتا واباشە پێش بەکارهێنانی قژت بەباشی بشۆیت، دواتر قژت دابهێنە.
چای گوڵەبەیبوون
دوای شۆردنی، قژت بە چای گوڵەبەیبوون تەڕ بکە و قژت وشک مەکەرەوە بەهیچ شتێک و بهێڵە بە سروشتی خۆی وشک ببێتەوە، ئەم ڕێگایە بۆ ماوەیەک چەند جارێک دووبارە بکەرەوە بەمشێوەیە وردە وردە ڕەنگی قژت کاڵ دەبێتەوە و مووەکانیش بەهێز دەبن و ڕووتانەوەی قژ کەمتر دەکات.
گوڵەبەیبوون و سابوون
پێنج کەوچکی چێشت تۆزی گوڵەبەیبوون لەناو یەک پەرداخ ئاودا دابنێ تاکوو دەکوڵێت، دواتر دایبنێ تاکوو سارد دەبێتەوە، پاشان کەوچکێکی چێشت سابوونی شلی تێبکە و بەباشی تێکەڵی بکە، بەم گیراوەیە قژت مەساج بکە و دوای کاژمێرێک قژت بە ئاوی شلەتێن بشۆ.
گوڵەبەیبوون و ئۆکسێنەری قژ
بڕێک لە ئۆکسێنەری قژ کە بەشێوەیەکی باو بریتییە لە ژوور ئۆکسیدی هایدرۆجین (ئۆکسجین) (بە ئینگلیزی: H2O2) و چوار کەوچکی چا گوڵەبەیبوون تێکەڵ بکە و چاوەڕێ بکە تاکوو ٢٠ خولەک، دواتر بیدە لە قژت بۆ ماوەی یەک بۆ دوو کاتژمێر و پاشان بیشۆ.
گوڵەبەیبوون و خەنە
خەنە یەکێکە لە ڕێگا باوەکان بۆ ڕەنگکردنی قژ بەشێوەیەکی سروشتی، لە زۆر کۆنەوە ئەم ڕێگایە بۆ ڕەنگکردنی قژ بەکارهاتووە، دەتوانیت خەنە لەگەڵ زۆر ماددەی تردا تێکەڵ بکەیت تاکوو ڕەنگەکەی جوانتر و جیاوازتر دەربکەوێت. دوو کەوچکی چێشت خەنە و چوار کەوچکی چێشت گوڵەبەیبوون تێکەڵ بکە و لە ناو پەرداخێک ئاودا بیکوڵێنە، دواتر بەم پێکهاتەیە قژت ڕەنگ بکە و دوای دوو کاتژمێر بیشۆ.
گوڵەبەیبوون و قاوە
تێکەڵکردنی قاوە لەگەڵ گوڵەبەیبوون ڕەنگێکی کاڵ و ڕوون دەدات بە قژەکە، ئەگەر قژت تەنک و ناسکە زۆر بەخێرایی ڕەنگ دەگرێت، بەم ڕێگایە دەتوانیت ڕەنگی قژت بکەیت بە زەردێکی ئاڵتوونی، بەڵام ئەگەر تاڵەکانی قژت ئەستوورە و درەنگ ڕەنگ دەکرێت، ئەوا بەم پێکهاتەیە ڕەنگی قژت دەبێت بە ئاڵتوونییەکی تۆخ.
گوڵەبەیبوون و ئاوی لیمۆ
یەکێکی ترە لە ڕێگاکان بۆ ڕەنگکردنی قژ بەڵام کاتی باشی دەوێت و قژت بەخێرایی ڕەنگ ناگرێت. بەپێی درێژی و پڕی قژت دەتوانیت لیمۆ بەکاربهێنیت، ئەگەر قژت کورتە لیمۆیەک بەسە و ئەگەریش درێژە دوو لیمۆ باشە، لیمۆکە مەبڕە و لەتی مەکە تەنها بەدەستت پەستانی بخە سەر تاکوو شل دەبێتەوە، ئاوەکەی بەکاربهێنە لەگەڵ گوڵەبەیبوون تێکەڵی بکە و پاشان بیدە لە قژت.
گوڵەبەیبوون و زەیتی بادەم و لیمۆ
دوای ئەوەی گوڵەبەیبوونەکە کوڵا بیخە ناو قاپێکەوە و کەوچکێکی چا زەیتی بادەم، یاخود زەیتی گوێزی هیندی و نیو لیمۆ تێکەڵ بکە و بیدە لە سەرت دوای تێپەڕینی ٣٠ خولەک قژت بشۆ.