ناوهڕۆك
ناساندن
ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنیە (بە عەرەبی: إسماعيل هنية، بە ئینگلیزی: Ismail Haniyeh) کە بە ئەبوو عەبد ناسراوە، سیاسەتمەدارێکی فەلەستینی و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس) و سەرۆک وەزیرانی دەیەمین حکوومەتی فەلەستینە. دوای ئەوەی حەماس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین لە ساڵی ٢٠٠٦دا زۆرینەی ڕەهای بەدەستهێنا، بوو بە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین، بەڵام مەحموود عەباسی سەرۆکی فەلەستین دوای ڕووداوەکانی (حسم العسکري) مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لە کارەکەی دووریخستەوە و بۆیە بە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی لەکارلادراوی فەلەستین دادەنرا.
بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و سەرۆکوەزیرانی دەیەم حکوومەتی فەلەستین |
|
---|---|
لە ماوەی ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٦ بۆ ١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ | |
زانیاریی کەسی | |
ناوی لەدایکبوون | ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنیە |
لەدایکبوون |
٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٦٣ چادرگەی شاتیئـ، غەززە |
ئایین | ئیسلام |
حیزب | بزووتنەوەی حەماس |
ژمارەی منداڵ | ١٣ |
ژیان
ئیسماعیل هەنیە لە ٢٣ی ئایاری ١٩٦٣ لە کەمپی پەنابەرانی شاتیئـ لەدایکبووە و دایک و باوکی خەڵکی عەسقەلانن. لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٩٨٧ لە زانکۆی ئیسلامی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبی بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩ دکتۆرای فەخری لە زانکۆی ئیسلامی وەرگرتووە.
هەنیە لە چوارچێوەی "بلۆکی ئیسلامی"دا دەستی بە چالاکی کرد، کە نوێنەرایەتی قۆڵی خوێندکارانی ئیخوان موسلمینی دەکرد، و دواتریش بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی-حەماس لێیەوە سەریهەڵدا و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٤ وەک ئەندامی ئەنجوومەنی خوێندکارانی زانکۆی ئیسلامی لە غەززە کاری کردووە. پاشان لە ساڵی دواتردا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی خوێندکارانی گرتە ئەستۆ، لەم ماوەیەدا زانکۆ جیاوازییەکی توندی لە نێوان بلۆکی ئیسلامی و لاوانی فەتحدا دەکرد. دوای تەواوکردنی خوێندن وەک یاریدەدەری وانەبێژی لە زانکۆ کاری کردووە، پاشان کاروباری کارگێڕی گرتە ئەستۆ.
زیندانی
لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی حەماس لە ساڵی ١٩٩٢ دوورخرایەوە بۆ مەرجولزهور (مرج الزهور) لە سنووری لوبنان و فەلەستین و ماوەی ساڵێک لەوێ مایەوە.
چالاکی
دوای مانەوەی ساڵێک لە دەربەدەری، گەڕایەوە غەززە و وەک ڕاگری زانکۆی ئیسلامی غەززە دەستنیشانکرا. ساڵی ١٩٩٧، وەک بەرپرسی نووسینگەی شێخ ئەحمەد یاسین، سەرکردەی مەعنەوی حەماس دەستنیشان کرا. پێگەی لە حەماس لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئەقسادا بەهێزتر بوو بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ شێخ ئەحمەد یاسین و تیرۆرکردنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە. لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ سەرۆکایەتی لیستی گۆڕانکاری و چاکسازی کرد کە لە دووەم هەڵبژاردنی یاسادانانی فەلەستین لە ساڵی ٢٠٠٦دا زۆرینەی بەدەستهێنا. لە ١٦ی شوباتی ٢٠٠٦دا حەماس بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەلەستین کاندیدی کرد و لە بیستەمی ئەو مانگەدا دەستنیشانکرا. لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٦، حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند گەر سەربازە دیلەکەیان بەناوی (جلعاد شالیت) ئازاد نەکرێت ئیسماعیل هەنیە تیرۆر دەکرێت.
لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٧، هەنیە لەلایەن مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکینەکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس، دەستیان گرت بەسەر کۆمەڵێک دەزگای ئاسایش لە غەززە. ئەو لە پۆستی خۆی لە کەرتی غەززە وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی لەکارخراو بەردەوام بوو تاوەکوو متمانە بە حکوومەتێکی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە درا.
لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩ و لە میانی مەراسیمی دەرچوونی پۆلی بیست و هەشتەم لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە، ئیدارەی زانکۆ، دکتۆرای فەخری و مەدالیای ڕێزلێنانی پلە یەکیان بە ئیسماعیل هەنیە بەخشی، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەری دۆزی فەلەستین.
هەوڵی تیرۆرکردن
هەنیە لە سێ هەوڵی تیرۆری شکستخواردوو کراوەتە ئامانج، دوو هەوڵی بزووتنەوەی فەتح و یەکێکیشیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژی، هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتی حەماس هێرشێکی ئیسرائیلی ئەنجامدا و تێیدا هەنیە دەستی بە سەختی بریندار بوو. هەروەها لە ساتی تیرۆرکردنی ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی حەماسدا بە سووکی بریندار دەبێت.
لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ و لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی شەڕی فەتح و حەماس، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی درایە بەر فیشەک و ئۆتۆمبێلێکیان سووتا. هەنیە هیچ زیانێکی پێنەگەیشت و سەرچاوەکان لە حەماس ڕایانگەیاندووە کە ئەمە هەوڵێک نەبووە بۆ تیرۆرکردنی، هەروەها سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین ڕایانگەیاند کە هێرشبەرەکان کەسوکاری چالاکوانێکی فەتحن کە لە کاتی پێکدادان لەگەڵ حەماسدا کوژراوە.
لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە رێگەی پێنەدرا بچێتە غەززە، دوای گەڕانەوەی لە گەشتێکی نێودەوڵەتیدا، ئەو دەروازەیە لەلایەن چاودێرانی ئەورووپاوە بە فەرمانی عەمیر پێرێتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داخرابوو. لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦دا، دوای ئەوەی کاروانەکەی لەکاتی پەڕینەوە لە دەروازەی ڕەفەح لە نێوان میسر و کەرتی غەززەدا تەقەیان لێکرا، تووشی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوویەوە بەڵام شکستی هێنا. حەماس هێزەکانی پاسەوانی کۆماری ژمارە ١٧ی بزووتنەوەی فەتح بە سەرۆکایەتی محەمەد دەحلان تۆمەتبار کرد کە ئەو کاتە ئاسایشی ئەو دەروازەیەیان لەدەستدابوو.
لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٤ و لە کاتی شەڕی (العصف المأکول)، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک ماڵەکەیان لە کەمپی پەنابەرانی شاتیـئـ لە ڕۆژاوای شاری غەززە بۆردومان کرد، کە بووە هۆی وێرانکردنی تەواوەتی خانووەکە.