ناوهڕۆك
سەرەتا
دڵکونی (بە ئینگلیزی: Septal defect) حاڵەتێکە کۆرپەی لەدایکبوو کەموکوڕی لە بەربەستەکانی نێوان ژوورۆچکەکانی دڵیدا هەیە، ئەمەش واتە دیوارەکانی دڵی کونی تێدایە.
ژوورۆچکەکانی دڵ چۆن کاردەکەن؟
• دوو ژوورۆچکەی بەشی سەرەوەی دڵ پێیان دەترێت گوێچکەڵەکانی دڵ
• دوو ژوورۆچکەی بەشی خوارەوەی دڵ پێیان دەوترێت سکۆڵەکانی دڵ
• خوێنی کەم ئۆکسجین لە تەواوی جەستەوە دێت، دەچێتە ژوورۆچکەکانی بەشی ڕاستی دڵ (گوێچکەڵەی ڕاست، سکۆڵەی ڕاست).
• خوێنی تێر ئۆکسجین لە سییەکانەوە دێت، دەچێتە ژوورۆچکەکانی چەپی دڵ (گوێچکەڵەی چەپ، سکۆڵەی چەپ).
لە دڵی کەسێکی ئاساییدا دیوارەکانی دڵ ڕێگری لە تێکەڵبوونی خوێنی کەم ئۆکسجین و خوێنی تێر ئۆکسجین دەکات، بەڵام کەسێک کە نەخۆشی دڵکونی هەیە کەموکوڕی لە دیوارەکانی وادەکات خوێنی ڕاست و چەپی دڵ تێکەڵ ببێت، بوونی کونێک لە نێوان سکۆڵەکان یان گوێچکەڵەکان وادەکات دڵ فرمانی خۆی بە ناڕێکوپێکی ئەنجام بدات، سییەکان ڕێژەیەکی زۆری خوێنی پڕئۆکسجین دابین دەکەن، ئەمەش وادەکات دڵ و سییەکان زیاد لە پێویست کاربکەن.
دڵکونی گوێچکەڵەیی و دڵکونی سکۆڵەیی چییە؟
- دڵکونی گوێچکەڵەیی: ئەم جۆرە دڵکونییە واتە ئەو بەربەستەی کە گوێچکەڵەی ڕاست و چەپی دڵ جیادەکاتەوە کونێکی نائاسایی تێدایە.
- دڵکونی سکۆڵەیی: ئەمەش جۆرێکی ترە لە دڵکونی بەهۆی هەبوونی کونێک لە بەربەستی نێوان سکۆڵەیی ڕاست و چەپی دڵ ڕوودەدات.
گرنگترین هۆکارەکانی توشبوون بە دڵکونی
• زۆربەی کات زگماکییە، هۆکاری نەخۆشییەکە دیار نییە.
• کۆنیشانەی داون یان مەنگۆلی (Down syndrome)، نیوەی ئەو کۆرپانەی توشبووی دیاردەی داونن دووچاری نەخۆشیی دڵکونی دەبنەوە.
• خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان و جگەرەکێشان لە ماوەی سکپڕیدا.
• قەڵەوی و شەکرە کاریگەری خراپ دەخەنە سەر تەندروستی کۆرپەلە لە ماوەی سکپڕی.
• مێژووی خێزانی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی دڵ و دڵکونی.
نیشانەکان
کونی زۆر بچووک لە دڵدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەگەر قەبارەی کونەکە گەورەبوو کۆمەڵە نیشانەیەک دروستدەکات، نیشانەکان لە منداڵ:
• ناڕێکی لە لێدانی دڵ
• هەناسەدانی خێرا
• کەموکوڕی لە گەشەدا
• کێشە لە کاتی خواردن
نیشانەکان لە هەرزەکار و پێگەشتووان
• ماندوویی
• بەهێز و خێرا لێدانی دڵ
• بێتوانایی وەرزشکردن
• جەڵتەی مێشک
پشکنین و دیاریکردنی دڵکونی
کاتێک پسپۆڕی دڵی منداڵان گومانی هەبوونی دڵکونی دەکات لە منداڵ، شلەمەنییەک کە وای لێدەکرێت بڵق بکات دەکرێتە ناو خوێنهێنەری کەسەکەوە و لە ڕێگەی هێڵکاری دەنگدانەوەی دڵەوە (echocardiogram) پزیشک لە توشبوون بە نەخۆشییەکە دڵنیا دەبێتەوە.
چارەسەرەکان
کاتێک کونی دڵ قەبارەکەی بچووکە زۆربەی کات پێویستی بە چارەسەر نییە بە مەرجێک نیشانەی لە منداڵدا دروست نەکردبێت و نەبێتە هۆی تێکدانی جۆری ژیانکردنی منداڵ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبێت چاودێری بکرێت. لە هەندێک منداڵدا لە کاتی گەشەکردن کونەکە دادەخرێت و نامێنێت، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە کونەکە لە بەشە ماسوولکەییەکەی بەربەستی دڵ بێت. ئەگەر قەبارەی کونەکە گەورەتر بێت لە ٨-١٠ میللیمەتر منداڵەکە پێویستی بە نەشتەرکاری دەبێت، ئەگەر کونەکانی دڵ نەتوانرا دابخرێت زیان بە سییەکان دەگەیەنێت. باوترین چارەسەرەکان لە ڕێگەی قەستەرە و نەشتەرکاری دڵی کراوەوە دەکرێت.
تەندروستیی منداڵ دوای چارەسەرەکان
زۆربەی منداڵە توشبووەکان بە دڵکونی تەنها پێویستیان بە یەک نەشتەرکاری هەیە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لە ژیانی منداڵەکان دروست دەکات، منداڵەکان دوای نەشتەرکاری توانای خواردنیان باشتر دەبێت و چالاکییان زیاتر دەبێت، بەڵام هێشتا لەلایەن پسپۆڕی دڵەوە پێویستیان بە چاودێریکردن هەیە.