کەعبەی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-06-15:47:00 - کۆدی بابەت: 9300
کەعبەی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەعبەی پیرۆز و ماڵی خوا یان مزگەوتی حەڕام (بە عەرەبی: الكعبة المشرفة، بيت الله الحرام، بە ئینگلیزی: The Kaaba) ڕووگە و قیبلەی موسڵمانانە، یەکەمین ماڵ و مەنزڵگەی سەر زەوییە کە بۆ خواپەرستی تەرخانکرا، ناوچەیەکی ئاسوودەبەخشە بۆ دەروون و ڕۆحی سەردانکەرانی، حاجیان بە مەبەستی حەجکردن دەچنە سەردانی و عەمرەکارانیش لە بەجێگەیاندنی عەمرە سەردانی ماڵی خوا دەکەن.

شوێنی جوگرافی

کەعبە شێوەیەکی شەش پاڵوویی هەیە و بە بەرگێکی ڕەش داپۆشراوە، دەکەوێتە ناوەندی مزگەوتی حەڕامەوە و بە چەقی گۆی زەوی دادەنرێت. هاوکات دەکەوێتە شاری مەککەی وڵاتی سعوودییەوە، بەهۆی ئەوەی شاری مەککە بە شاخ و کێوی بڵند دەوردراوە، کاتێک باران دەبارێت ئاوی بارانەکان لەسەر شاخەکانەوە بەرەوە شارەکە دێن و لافاو دروست دەکەن، واتا ناوچەیەکی نزمە و شوێنی جوگرافییەکەی یارمەتیدەرە لە دروستبوونی لافاوی بەهێز.

ناو و واتاکەی

چەند بۆچوونێک هەیە لەسەر ناوەکەی، ڕاستترینیان ئەوەیە کە لە زمانی عەرەبیدا ڕەچەڵەکی وشەی "کەعبە" بریتییە لە "مکعب" کە واتای شەش پاڵووە، چونکە شێوەکەی شەش پاڵووییە بۆیە ئەو ناوەی پێدراوە.
ناوە باوەکانی تری کەعبەی پیرۆز بریتین لە:

  • "بیت العتیق" کە واتای "ماڵی دێرین"ـە
  • "البیت" واتای ماڵ دەبەخشێت
  • "المسجد الحرام" واتای "مزگەوتی حەڕام"ـە

مێژووی دروستکردنی کەعبەی پیرۆز

بەشێک لە زانایانی ئیسلام بە گەڕانەوە بۆ گێڕانەوەی هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ و فەرموودەکان، پشتڕاستی دەکەنەوە کە پێغەمبەر ئادەم یەکەم کەس بووە کە بە فەرمانی خوا و بە هاوکاری فریشتەکان بناغەی کەعبەی پیرۆزی داناوە و دروستیکردووە.

چەند سەدەیەک دواتر و لە سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم، دووبارە خوای گەورە فەرمانی بە بنیاتنانەوەی کەعبە کرد، پێغەمبەر ئیبراهیم بە یاوەری ئیسماعیلی کوڕی بە بەردی پتەو کەعبەی پیرۆزی بەرزکردەوە تاکوو گەیشتە ئاستێک کە توانای نەما دەستی بە بەرزییەکەی بگات، بۆیە داوای لە ئیسماعیلی کوڕی کرد كە بەردێکی بۆ بهێنێت تاکوو بچێتە سەری و کاری بنیاتنانەکە تەواو بکات. لە ئێستادا ئەو بەردە هەر لە نزیکی کەعبە ماوە بە "شوێنگەی ئیبراهیم/مەقامی ئیبراهیم" ناسراوە.
دوای سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم، دوو هۆزی ناوداری دێرینی عەرەبی بە ناوەکانی "عەمالیق یان کەنعانییەکانی ڕۆژهەڵات" و "جەرهەم" نیشتەجێی مەککە بوون، بەهۆی شوێنی جوگرافی مەککە چەند جارێک بەهۆی لافاو و بارانەوە کەعبەی پیرۆز زیانی بەرکەوتووە، لەلایەن دانیشتووانی ئەو دوو هۆزەوە کەعبە نۆژەنکراوەتەوە.

لە سەردەمی قوڕەیشییەکاندا بەهۆی دووبارەبوونەوەی لافاو و بارانی زۆرەوە، ئەوان بڕیاریاندا لە چەند لایەکەوە دووبارە کەعبە بنیادبنێنەوە. ئەم دووبارە بنیاتنانەوەیه بە پێنج ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی و لە ساڵی 605ـی زایینی ڕوویدا، لەکاتی نۆژەنکردنەوەدا گۆڕانکارییان لە بەرزی و پێوانەکانی کەعبەدا کرد. بەرزی کەعبە لە نۆ باڵ (10.28 مەتر)ـەوە کرا بە 18 باڵ (20.57)، هاوکات دەرگای بەشی ڕۆژئاوایان داخست و تەنها یەک دەرگایان لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە هێشتەوە، شوێنی دەرگاکەیان لەسەر ئاستی زەوی بەرز کردەوە و بۆ یەکەم جار بنمیچیان بۆ دروستکرد.

لەو ساڵەی کە پێغەمبەر ﷺ لەدایکبووە 53 ساڵ پێش کۆچی و لە ساڵی 571ـی زایینی، پادشای یەمەن "ئەبوڕەهە" بە سوپایەکی گەورەوە ویستی هێرش بکاتە سەر کەعبە و بیڕۆخێنێت، بەڵام هێرشەکەی سەرکەوتوو نەبوو و خودا بەرپەرچیدایەوە و کەعبە پارێزراو بوو، بەو ساڵەش دەوترێت "ساڵی فیل".
لە سەردەمی قوڕەیشییەکان کەعبە ببووە مۆڵگەی بتپەرستی و جۆرەها بت لەناوە و دەرەوەی هەڵواسرا بوون، لە فەتحی مەککە بتەکان تێکشکێندران و کەعبە لە بتەپەرستی پاککرایەوە.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی "عەبدوڵڵای کوڕی زوبێر" بەشێک لە کەعبەی پیرۆز لە ڕووداوێکدا سووتا، بۆیە بەشێکی ڕووخا و لەو بناغەیەی کە پێغەمبەر ئیبراهیم دروستیکردبوو دووبارە بنیادنرایەوە، "بەردی ئیبراهیم" برایه بەشی ناوەوە و ئاستی بەرزی کەعبە زیادکرا، هەردوو دەرگاکانی کەعبە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کرانەوە و بۆ ئاستی زەوی نزم کرانەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە "عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان"ـی ئومەوییەکان بڕیاری دووبارە نۆژەنکردنەوەی کەعبەی پیرۆز دەرکرا، بڕیاری دا کە "بەردی ئیبراهیمی" لە کەعبە بهێنێتە دەرەوە و یەک دەرگای هێشتەوە و ئاستەکەی بەرز کردەوە، بەڵام گۆڕانکاریی لە ئاستی بەرزی کەعبە نەکرد.

لە سەردەمی عوسمانییەکان لە ساڵی 1630 بەهۆی لافاوەوە دیواری باکووری کەعبە ڕووخا، هەردوو دیواری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش زیانیان بەرکەوت، سوڵتانی عوسمانی ئەو سەردەمە "موڕاد خانی چوارەم" بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دەرکرد کە نزیکی شەش مانگی خایاند.

لە سەردەمی ئال سعوودەوە گرنگییەکی زیاتر بە کەعبە دراوە، لە ساڵی 1997 هەموو بەشی ناوە و دەرەوەی کەعبە بە تەواوی نۆژەنکرانەوە، بنمیچی کەعبە، هەر سێ ستوون و دیوارەکانی ناوەوە، کاشی زەوی و پلیکانەکانی کەعبە و حیجری ئیسماعیلی بە تەواو نوێ کرانەوە.

پێکهاتە گرنگەکانی کەعبەی پیرۆز

ئەو بەشانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە کەعبەن

بریتیین لەو بەشانەی کە لە چوارچێوەی کەعبەدان و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە کەعبەوە پێکهاتوون لە:

  1. بەردە ڕەشەکە: بریتییە لە بەردێکی لوسی شێوە گۆیی، بەپێی گێڕانەوەکان ئەم بەردە لەلایەن جوبرەئیلەوە لە بەهەشت هێنراوەتە سەر زەوی و دراوە بە پێغەمبەر ئیبراهیم، ڕەنگی سپی بووە بەڵام بەهۆی تاوانی مرۆڤەکانەوە ڕەنگەکەی گۆڕاوە بۆ ڕەشێکی تۆخی مەیلەوسوور. ئەم بەردە تیرەکەی 30 سانتیمەترە و چوارچێوەیەکی زیوی کە ئەستوورییەکەی 10 سانتیمەترە دایپۆشیوە، بۆ یەکەم جار ئەو چوارچێوەیە لەلایەن "عەبدوڵڵای کوڕی زوبێر"ـەوە دانراوە. ئەم بەردە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی گۆشەی ناوەوەی کەعبە، ئاستی بەرزییەکەی لەسەر زەوییەوە 1.5 مەتره.
  2. مولتەزیم: ئەو بەشەیە کە کەوتووەتە نێوان گۆشەی بەردە ڕەشەکە و دەرگای کەعبەوە، بەو ناوەوە ناونراوە چونکە ئەو کەسەی کە تەوافی کەعبە دەکات دەتوانێت دەست لەو بەشە بدات، واتای "المُلتزَم" لە عەرەبیدا بریتییە لە پێوەی دەنووسێت یان پێوەبەستراو و پەیوەست.
  3. دەرگای کەعبە: دەرگایەکە لە ئاڵتوون دروستکراوە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کەعبە لەنێوان مولتەزیم و بەردە ڕەشەکەیە. پانی دەرگاکە 1.90 مەترە و درێژییەکەی 3.10 مەترە، ئاستی بەرزییەکەی لە زەوییەوە 2.25 مەترە، بۆیە پلیکانەیەکی تایبەتی هەیە کە لە دار و زیو دروستکراوە لە کاتی کردنەوەی دەرگاکە بەکاردەهێنرێت، هاوکات ئەم دەرگایە قفڵ و کلیلی تایبەتی هەیە کە لە کاتی پاککردنەوی بەشی ناوەوەی کەعبە و لە بۆنە تایبەتەکان دەکرێتەوە.
  4. بەردی ئیسماعیل: ئەو دیوارەیە که دەکەوێتە باکووری کەعبەوە و شێوەکەی نیوە بازنەییە.
  5. دەرچەی ئاوی باران: (بە عەرەبی: المیزاب) دەکەوێتە بەشی باکووری کەعبەوە، بۆ دەرچوونی ئاوی باران دانراوە، ئاوەکە دەڕژێتە سەر بەردی ئیسماعیل. یەکەم کەس کە ئەم دەرچەیەی بۆ کەعبە دروستکرد قوڕەیشییەکان بوون، لە ئێستادا لە ئاڵتوون دروستکراوە و درێژییەکەی 1.95 مەترە و پانییەکەی 26 سانتیمەترە، بەرزی هەردوو لاتەنیشتەکەی 23 سانتیمەترە.
  6. ڕوکنی یەمانی یان گۆشەی یەمانی: ناودارترین گۆشەی کەعبەیە، ئەو کەسەی تەواف دەکات دەتوانێت دەست لەو بەشە بدات و چاکەی بۆ دەنووسرێت. هۆکاری ناونانی ئەم بەشە بەهۆی ئەوەیە کە نیشانەیە بۆ ئاڕاستەی یەمەن، هاوکات دەکەوێتە بەشی باشووری کەعبەوە، لە کۆندا عەرەبەکان هەر شتێک بەرەو ئاڕاستەی باشوور بووایە وشە "یمن"ـیان بۆ بەکاردەهێنا.
  7. شازروان: ئەو چوارچێوە زیوییەیە کە سێ لای کەعبەی لە بەشی بناغەی کەعبەوە داپۆشیوە، ئەم چوارچێوەیە یارمەتی پتەوکردنی زیاتری تەلارەکان دەدات و هاوشێوەی ستوونە کە یارمەیدەرە لە جێگیرکردنی بناغەی تەلارەکان.

بەشە جوداکانی کەعبە

ئەو شوێنانەیە کە هەر پەیوەستن بە کەعبەوە بەڵام لە ڕووبەری دەوروبەری کەعبەن و لێی جودان بریتین لە:

  1. مەقامی ئیبراهیم یان شوێنگەی ئیبراهیم: بریتییە لەو بەردەی کە شوێن پێی پێغەمبەر ئیبراهیمی پێوەیە و لە کاتی دروستکردنی کەعبەدا پێی لەسەری داناوە تاکوو دەستی بە ئاستی بەرزیی کەعبە بگات. لە دوای کۆتاییهێنان بە تەوافی حەجکردن و عەمرەدا پێویستە لە پاش ئەو مەقامەوە دوو ڕکات نوێژ بکرێت. شێوەی بەردەکە چوارگۆشەییە و ڕەنگی لەنێوان ڕەش و سپییەکی زەردکارە و درێژییەکەی نزیکەی نیو مەترە. 
    تاکوو سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب شوێنگەی ئیبراهیم بە دیواری کەعبەوە نووسابوو، بەڵام حەزرەتی عومەر جێگەیەکی تایبەتی بۆ دیاری کرد و لە کەعبەی جیاکردەوە. تا سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام شوێن پێی پێغەمبەر ئیبراهیم بەسەر بەردەکەوە مابوو، بەڵام بەپێی کات شۆێنەکەی دیار نەماوە و کاڵبووەتەوە. 
  2. ئاوی زەمزەم: ئەم بیرە بە دووریی 18 مەتر لە شوێنگەی ئیبراهیمەوە دوورە و دەکەوێتە بەشی باشوورییەوە، ئاوی زەمزەم ئاوێکی پیرۆزە و موسڵمانان لەدوای کۆتایی هێنان بە تەوافکردن و بەجێهێنانی دوو ڕکات نوێژی پاش شوێنگەی ئیبراهیم، پێویشتە لەو ئاوە بخۆنەوە.
  3. سەفا و مەروا: دوو بەردی گەورەن کە شاخێکی نزیک مزگەوتی حەڕام پێکدەهێنن و دەکەونە بەشی باکووری مزگەوتی حەڕامەوە. لە نێوان سەفا و مەروادا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە کە پانییەکەی 40 مەترە و درێژییەکەی 390 مەترە، حەوت جار هاتووچۆکردن لە نێوان سەفا و مەڕوا ڕوکنێکی واجبی پڕۆسەی حەج و عەمرەیە.

پێوانە گرنگەکانی کەعبەی پیرۆز

کەعبە شێوەیەکی شەش پاڵوویی هەیە لە بەردی ڕەق و پتەو دروستکراوە، بەرزییەکەی  15 مەتره و درێژی لاکانی نایەکسانن و هاوتەریب نین، بەشی لای مولتەزم درێژییەکەی 12.84 مەترە، نێوان گۆشەی یەمانی و بەردە ڕەشەکە 12.11 مەترە، نێوان هەردوو گۆشەی یەمانی و گۆشەی شامی 11.52 مەترە.

بەرگی کەعبەی پیرۆز

گرانبەهاترین قوماش کەعبەی پیرۆزی داپۆشیوە، بەرزی قوماشەکە 14 مەترە و لە 16 پارچە پێکهاتووە و بە نەخشی ئیسلامی شێوە چوارگۆشەیی بچووک ڕازێندراوەتەوە.
قوماشێکی ڕەشی لە ئاوریشم دروستکراو هەموو کەعبە دادەپۆشێت، پشتوێنێکی ڕەنگ زێڕین کە ئایەتی قورئانی و ویردی لەسەر نووسراوە و چەند دەستەواژەیەکی وەکوو "يا حي يا قيوم، يا رحمن يا رحيم، الحمد الله رب العالمين" لەنێو نووسینەکان هەیە.
ساڵانە یەک جار بەرگەکەی دەگۆڕدرێت، لە ڕۆژی نۆی موحەڕەمی هەموو ساڵێکی کۆچی کە ڕۆژی عەرەفە دەکات پڕۆسەی گۆڕینی بەرگی کەعبە جێبەجێ دەکرێت.
ساڵانە جارێک کەعبەی پیرۆز لە پڕۆسەی "شۆردنی کەعبە" بەشی ناوەوە و درەوەی دەشۆردرێت، بە بەکارهێنانی ئاوی زەمزەم و گوڵاو و عەتری گرانبەها پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.

بەشی ناوەوەی کەعبە

لە بەشی ناوەوەی کەعبەی پیرۆز ژوورێکی چۆڵ هەیە کە بە سێ ستوونی لە دار دروستکراو پاڵپشتی بنمیچی کەعبە دەکەن و بە بەردی مەڕمەڕ دەوردراون، بەرزییەکەیان نۆ مەترە و بە نەخشی ئاڵتوونی ڕازێندراونەتەوە، لە سووچەکەیدا پلیکانەیەکی تەسک ھەیە ڕێگە ئەدات سەر بکەویتە سەرەوە، کە ساڵانە یەکجار سەردەکەون پیایدا بۆ گۆڕینی بەرگی کەعبە. زەوی کەعبە لە ناوەڕاستەوە بە کاشی سپی داپۆشراوە.


سەرچاوەکان



1572 بینین